کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ئەنفالدا ڕیسوابوین و ئێستاش هەر ڕیسواین

Tuesday, 14/04/2009, 12:00


لەساڵى 1988و لەكاتى كارەساتى ئەنفالدا تەمەنم تەنها (5)ساڵ دەبوو،لە بەر تاڵى كارەساتەكەو تراژیدیایى ئەنفال ،زۆربەى ڕووداوەكانى ساڵى 1988م لەیادە ،چونكە ڕوداو گەلێكى هێندە تاڵ بوو وێنەكان لە مێشكمدا چەسپیون و بۆ هەتاهەتایە لەبیر ناچن و لە زەینمدا دەمێنن ... لەبیرم دێت:---
*-ئەو ئێوارە یەى (پێم وابێ ئێوارەى 14/4/1988 بوو)خەڵكى سەدان گوند لە گوندى (كوڵەجۆى حاجى حمەجان) ى گەرمیان كۆببوینەوە ،سەدان ئیڤاو دەبابەو جەیش و جاش، ژن و منداڵیان باردەكرد لە ئیڤا و تراكتۆرەكان و بەرەو مەرگ بەریێیان دەكردن.
*-جاشى بەهەڵوێست و جاشى بێ هەڵوێستم بەچاوى خۆم بینى .بەهەڵوێستەكان خەڵكیان هان دەدا خۆیان دەربازبكەن و سوارى ئیڤاو تراكتۆرەكان نەبن،جاشى بێ هەڵوێستیش خەڵكیان پەل كێشى ناو ئیڤاكان دەكرد.
*- ئافرەتم بینى (نیوسەعات)بوو منداڵى ببوو كەچى خۆى و كۆرپە تەمەن نیو سەعاتیەكەى ئەنفال كران
*- مامە (حەمەى تۆفیق)ى ڕەئیس عەشیرەتى شاوەیسیم بینى لە بەرچاوى خەڵكەكەو جەیش و جاشەكان نەوتى كرد بەسەر ماڵەكەى داو ئاگرى تێ بەردا ،چونكە دڵنیابوو ئیتر ئەوماڵە بەماڵى ئەونابێت ،لەبەرئەوەش سووتاندى تاوەكو جاشەكان سود مەند نەبن لە بەتاڵان بردنى ماڵەكەى .مامە حەمە ماڵەكەى سوتاو خۆیى و خێزانى و كوڕوكچەكانى ئەنفال كران .
*-جاشم بینى جگە لەئەنفال كردنى ژن ومنداڵ وپیرولاو،مەڕوبەرخ و بزن و مانگاو مریشك و قەل و...هتد ئەنفال دەكردو بەتاڵانى دەبردن.
*- مەفرەزەى پێشمەرگەم بینى ئۆتۆمبیلەكانیان لەترسى هێلى كۆپتەردا لە قوڕگرتبوو،كەچى بەداخەوە بەردەمیان لەخەڵك گرتبوو نەیان دەهێشت خەڵك خۆى دەربازبكات ،بوونەهۆكارى ئەنفال بوونى(ئەوژمارەزۆرەى خەڵك)،
*-(5)مامم و(5)مامۆژن و (15)ئامۆزاى خۆمم لەگوندى (كوڵەجۆ) بینى سوارى ئیڤاكان بوون و بەبێ خواحافیزى كردن لەئێمە سەفەرى عەرعەریان كرد ونەگەڕانەوە.
*-شەهید (دارا) ى برامم بینى كیمیاوى لە بەرى قەرەداخ چاوەكانى ئەبلەق كردبوو .بۆ پشوودانێكى كورت مۆڵەتیان دابوو ،كەچى مستەشارێك بەچەك وڕەزنەوە تەسلیمى دەزگا داپڵۆسێنەرەكانى بەعسى كرد و تائێستاش دایكم چاوەڕوانى گەڕانەوەى دەكات .(گەرمیان)ى براشم تەمەنى یەك ساڵ بوو ئەوشەوەى لەكوڵەجۆ ڕامان كردو خۆمان حەشاردا لە شاخێكەوە لەباوەشى دایكم بەربووەوەو پشتى شكاو چەند ڕۆژێكى پاشتر وەفاتى كرد.
*-دووایى ئەوەى بەهەزار دەردەسەرى خۆمان دەربازكرد،چوینەكۆمەڵگاى(ێمود)ى ئەوكات و ناحیەى رزگارى ئیستا ،هەرشەوەى ماڵێك بۆخوا جێگەى دەكردینەوە(ماڵێكى خزممان شەوێك پیاوەكەیان توڕەبوو ووتى ئەنفالى ڕەش و ڕووتى سەگبابینە تێرجووێنى كردین وكردینیەدەرەوە) بەڕیسوایى وبەوشەوە خۆمان كرد بەماڵێكى تردا.
*- لە كۆمەڵگاى ێمود كەلاوەیەكمان پاك كردەوەو چوینەناوى و تاماوەیەكى زۆر خواردنمان نانى وشك وئاو بوو.
ئێستاش دووایى 21ساڵ لە ئەنفال كردنمان كەس وكارى ئەنفال كراوەكان لەگەرمیان بەسوك سەیریان دەكرێت و لەبەرامبەردا ئەو جاش و مستەشارانەى ئێمەیان ئەنفال كرد حیمایەیان هەیەو دیوەخانانەیان هەیە و لەكەلارو ڕزگارى نیشتەجێن و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت ... بۆیە پێم وایە ئێمەى كەس وكارى ئەنفال كراوەكان لەئەنفالدا ڕیسوابووین و ئێستاش هەرڕیسواین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە