باهەموومان ببین بەگەریلا
Thursday, 24/06/2010, 12:00
ئەز كاتێك گوێم لە ناوى (گەریلا)دەبێت هەمان نەشئەى ئەو لەحزەیە بەڕۆحمدا دێت كە لە هەشتاكاندا ناوى (پێشمەرگە)بەرگوێم دەكەوت..پێشمەرگە بەناوو واتاو قودسیەتى پێش ڕاپەڕینى ساڵى 1991نەك پێشمەرگە بە ناو واتاى ئێستاى_ ئەوەى ئێستا چەكدارەو لە كوردستان ناویان لێناوە پێشمەرگە بەندە ئەبەد(زۆربەیان) بە پێشمەرگە نازانم،لەبەر ئەوەى:-
1-ئینتیماى پێشمەرگە ئەوسا (وەك و گەریلاكانى ئێستا)تەنها بۆ نیشتیمان و نەتەوە بوو ،بەڵام ئێستا بۆ حیزب و بۆ گیرفانە.
2-پێشمەرگەى ئەوسا ئەوانە بوون كە چۆكیان بەبەعس دادەداو بەعسى و جاشیان دەكوشت،بەڵام ڕیزەكانى ئەمڕۆى پێشمەرگەپڕبوە لە جاش و مستەشارو خۆفرۆشەكانى جاران،.((1000ناوى مستەشاروجاشم لایە كە ئێستا پێشمەرگەو ئەفسەرو فەرماندەن)).
3-پێشمەرگەى ئەوسا هەموویان دیارو لە بەرەكانى جەنگدا بوون ،ئێستا هەزاران پێشمەرگەى نادیارو بندیوار هەیە.
4-پێشمەرگەى ئەوسا سروودى(دینمان ئاینمان هەرنیشتمان)یان دەووت،پێشمەرگەى ئێستا زۆربەیان سرودى (رۆح و ئیمانیان پارەو گیرفانە).دەڵێن.((لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو پێشمەرگانەى ئێستاش وەك و ئەوسا پێشمەرگەن)).
جیاوازى نێوان پێشمەرگەى(ئەوساو ئێستا)زۆرەو لەباسكردن نایە،مەبەستى من ئەوەیە باببین بەگەریلا بە ڕۆحیەتى پێشمەرگایەتى ئەوسا.
ئاخر بۆنەبین بەگەریلا لەكاتێكدا لەباكور دایكان و خوشكانمان شەهید دەكەن ،زمانمان لێ قەدەغەدەكەن،مێژوومان دوسوتێنن ،جل وبەرگى كوردى و لاوكمان لێ حەرام دەكەن،كانیاوەكانمان ووشك دەكەن ،ئۆكسجینى ووڵاتى خۆمان قەدەغەیە هەڵى مژین،ئەوان (توركەكان)سەدان ساڵە هێرشمان بۆدەهێنن و پاكتاومان دەكەن ،ئەگەر ئێمە لەبەرامبەر هەزارساڵ لەهێرشى ئەواندا یەك ڕۆژهێرش بەرین ئەوا ئێمە بەدڕندەو تیرۆرست دەزانن،ئێمە لەماردین سەربازێكى داگیرگەر بكوژین ئەوان دێن لەتەنیشتى زاخۆو لە برادۆست ژن و منداڵ شەهید دەكەن و گوندەكان بۆمباران دەكەن ،.كەى ڕوایە بەردێك لە ئاسمانى كوردستان و لە راستى ماردین بەرببێتەوەو توركێك بتۆپێنێت ئەوان هەڕەشەى داگیركردنى كەركوك و هەولێر بكەن ،.كەى ڕوایە ئەوان ژیان بەڕەوا بۆئێمە نازانن كەچى ئێمە بێین لەبنارى گۆیژە زەویان بەسەردا دابەش بكەین!!!،یان بەهەمان شێوە لە مهابات و سنە وورمێ كوڕە جوامێرو ئازاكانى (پژاك)دەست لە ئیتڵا عات دەوەشێنن،ئەوان دێن لەگوندەكانى سەربە ڕانیەو پشدەر وسیدەكان ژن و منداڵ دەكوژن،.
پێم وایە كارەساتە ئێمە بەردەوام خۆڵ لە چاوى خۆمان بكەین و دوژمنەكانمان وەك و خۆى نەناسین،توركیاو ئێران و سوریا دوژمنى سەرسەختى ئێمەن و كارێك كەلەدەستیان بێت و بتوانن ئەنجامى بدەن ئەوا لێ ى ڕاناوەستن ،ئیتر چ مانایەكى هەیە ئێمە لە خەیاڵى خۆماندا بەرگى دۆست لەبەرى دوژمنەكانمان بكەین ،كەى ڕەوایە ڕۆحیەتى(دەست گرتن بە كڵاوى خۆمانەوە بۆئەوەى-با-نەیبات)لاى تاكى كورد دروست بكەین ،.ئەى باشتر نییە ڕۆحى ڕوبەڕووبوونەوەو مقاومەت و بەرگرى لاى گەنجانمان دروست بكەین؟؟ئەى باشتر نییە هەموومان ببین بەگەریلا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست