بێ هەڵوێستى پارتى و یەكێتى نەبێت خۆفرۆشێكى وەك وخالدى خولە سور واناكات!!!
Saturday, 22/08/2009, 12:00
لە هەردوو سایتى (چاك نیوس)و(كوردستان پۆست)خوێندمەوە كە خالیدى خولە سور دەیەوێت (چاك)بداتە دادگا ،من باوەڕم بەوە هەیە كەهەموو كێشەیەك یاسا یەكلاى بكاتەوە و(هەموو تۆمەتبارێكیش تاوانبارنییە تایاسا تۆمەتەكەى بەسەردا ساغ نەكاتەوە).هەندێك لەكاتى خۆمم تەرخان كرد بۆ ئەوەى تێبگەم (شێخ خالد)بۆ چاك دەداتەدادگا ،بۆم ڕون بووەوە حەزرەتى یاشێخ دڵگرانە بەوەى ناوەندى چاك بەپشت بەستن بە لیستى ئەو ناوانەى كەلەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەكانەوە ڕاگەیەنراوەودادگا ئەمرى دەست گیر كردنیانى دەركردووە ناوەندى چاك ناوى بڵاو كردووەتەوە ،هەروەها وێنەى بڵاو كردووەتەوە،جارێ ئەگەر ناوەندى چاك بەم كارانە هەڵنەسێت ئەوا خیانەت لە خۆى و لە ئەندامەكانى و لە (نەهج)پرۆگرامى خۆى دەكات چونكە ناوەندى چاك هەر بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە مەیدان و كاردەكات،بۆیە سەنگ وپایەى ناوەندى چاك لە داكۆكى كردن لە كەس وكارى ئەنفال كراوەكان و كیمیاباران و ناساندنى پرسى جینۆسایدى گەلەكەمانە بەجیهان ، لە هەموو حاڵەتێكیشدا كەس وكارى ئەنفال كراوەكان و شەهیدان دەست خۆشى لە ناوەندى چاك دەكەن بۆ هەڵایسانى ئەم جەنگەو پشت و پەناو جەنگاوەرى ناوەندى (چاك)ن بەندە زیاد لە(30)كەسم لەو گەرمیانە ڕەش پۆشەدا ئەنفال كراون ، بەبیستنى ئەم هەواڵە توشى شۆك و هستریا هاتم و هەندێ جار دەگریام و هەندێ جاریش شێتانە پێدەكەنیم،گریان بۆ ئەو هەمووكەس وكارەم كە لە پێناوى ووڵات و نیشتماندا ئەنفال كران و ئیستا ئەوانەى كە كەس وكارەكانمانیان ئەنفال كرد سوكایەتى بە ووڵات و نیشتمان دەكەن و هەڕەشە دەكەن ،پێكەنینیش بەم دەسەڵاتەى كە بە دەریایەك خوێن دروست بووەو ئێستا لە بەردەمى حەزرەتى خالدى خولەسورو (هاوشێوەكانى خالد)دا بە چۆكدا هاتووە و هەندێ جار داكۆكیشى لێ دەكات و هۆكاریشە بۆ دروست كردن و بەهێز كردنى هەزاران مستەشارو جاش و خۆفرۆشى وەك و خالیدى خولە سوور ،ئاخر دەبێت ئیتر دەسەڵات موتلەقەن باوەڕى هەبێت كە لە هەر لە حزەیەكى تێك چونى ئەم وەزعەو ئەم ئەزمونەدا هەزاران كەس دەبن بەجاش (نایشارمەوە بەندەش هەندێ جار ولە هەندێ حاڵتى توڕەبوون و بینینى ئەم ڕوداوانەدا دەڵێم خۆزگە جاش بایەم،)چونكە بە هەموو پێوەرێك وەزعێك دروست بووە كە موستەشارو ئەنفال چیەكان بەڕێزترو بەهێز ترن لاى دەسەڵات ،ئەوان بەرپرسیارێتیان زیاترە لەلاى حزبەكان و لاى دەسەڵات لەكەس وكارى ئەنفال كراوەكان .پارتى و یەكێتى بەرپرسیارن لە هاتنە كایەى ئەم وەزعە ،ئەوان بەرپرسیارن لە نەمانى ئینتماى نیشتمانى و نەتەوەیى لاى تاكى كورد ،خلدى خولە سوررو سەدانى ترى وەك و خالد دەستیان لەشەهید كردنى دەیان پێشمەرگەو ئەندام ولایەنگرى پارتى و یەكێتى دا هەیەكە پارتى و یەكێتى بێدەنگن و بێوەفان بەرامبەر خوێنى شەهیدەكانیان ئیتر خەڵك چى ئومێدێكى پێیان هەبێت ،بۆیە باوەڕى تەواوم هەیە پارتى و یەكێتى ئەخلاقیاتى ئینسانى و نیشتیمانى و ئایدۆلۆژى خۆیان لەدەست داوە ،پارتى و یەكێتى بێ وەفاترین دووحزبى سەرئەم زەمینەن .یەكێتى و پارتى بەدروشمەكانى سەردەمى شاخیان هەزاران لاوى ئەم ووڵاتەیان لە پێناو بەرگرى لە كوردستاندا بەشەهید كردن دا ،بەڵام سەد حەیف ئیستا سوكایەتى بەئەنفال و شەهیدان دەكرێت وپارتى و یەكێتى نەك بێ دەنگن بەڵكو هەست دەكەم قاقا پێ دەكەنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست