ئێوە لە سەنگەرى خۆتان و ئێمەش لەسەنگەرى خۆمان
Sunday, 31/01/2010, 12:00
مردنى لە ناكاوى (حەجاج) زۆر غەمناكى كردم،كەس و كارى ئەنفال كراوەكان ئەوەندەى ڕاستەو خۆو لە نزیكەوە ئازارو ئەشكەنجەو دڕندەیى (حەجاج)یان بینیووە ،هى على كیمیاویان نەبینیووە.بەپێچەوانەوە خنكاندنى على كیمیاوى لەناخەوە دڵخۆشى كردم ،پێم وایە هەموو كورد(جگەلە خۆفرۆش ومستەشارەكان)كەیف خۆش بوون..كەلە شاشەى(تى-ڤى)كانەوە خەڵكى گەرمیانم بینى بەبۆنەى لە سێدارەدانى على كیمیاوییەوە گوڵى سوریان لەسەر گۆڕى پیرۆزى كەس و كارەكانمان دادەنا زۆر دڵخۆش بووم.پارتى و یەكێتى و گۆران و شیوعى و یەكگرتووى ئیسلامییم بینى دوێنێ نیوەڕۆلە ناحیەى ڕزگارى دواى كەس وكارى ئەنفال كراوەكان كەوتبوون و گوڵیان لەسەر گڵكۆى پیرۆزى ئەنفال كراوەكان دادەنا ،زۆر دڵخۆش بووم و تابلۆیەكى جوان بوو.شادى و خۆشى براو خوشكەكانم لەهەڵەبجەلەناخەوە گەشاندمیەوە.ئاواتى من ئەوەیە لەكوردستان ئاستى هوشیارى نەتەوەیى و نیشتیمانى حزبەكان و جەماوەر بگاتە ئاستێك كەلە كەرنەڤاڵێكى جەماوەریدا یەك یەك مستەشارو تاوانبارانى ئەنفال دەستگیر بكەن وبیان دەن بەدادگا.. هەربەبۆنەى لە سێدارەدانى على كیمیاوییەوە دوێنێ (پورە ئامین)م بینى بارەگاى كۆمەڵەى داكۆكى لەكەس وكارى ئەنفال كراوەكانى گەرمیانى لەناحیەى ڕزگارى كردەوە، لەبەر خۆمەوە ووتم :-ئەى قوربانى ئەودەستانەت بم كە ئفتتاحى ئەو بارەگایەت پێ كرد،ئەم دادە ئامینە،بەقەدەر شاخى زەردەو بەقەدەر هەزاران مستەشارى خۆفرۆش،مەردوو بەغیرەتە.ئەم دادە ئامینە كاك ڕەوفى پیاوى ئەنفال كرا ئەركى بەخێو كردنى منداڵەكانى(ڕێبوارو بختیارو شنۆو شلێر)ى كەوتە ئەستۆ،بەم چاوانەى خۆم ئەم دادە ئامینەم دەبینى لەدووایى ئەنفال لە ناحیەى ڕزگارى بەیانى هەتا ئێوارە (كوڵە چنە،گسك فرۆشى،تۆڵە فرۆشى...هتد)دەكرد هەتا منداڵەكانى پێ گەیاند و ئێستا (ڕێبوارو شنۆ)مامۆستان و(بختیارو شلێر)یش قوتابى زانكۆ.ئەوەیە لێهاتووى ژنە بەهەڵوێستەكانى پاشماوەى ئەنفال ،حەقە بپرسین دادە ئامین دوواى ئەو هەموو ئازارچێژینەى دووایى ئەنفال ،ئێستاش بەوپەڕى باوەڕەوە بەبۆنەى سزادان و خنكاندنى كیمیاویەوە، گوڵ دادەنێت لەسەر گڵكۆى پیاوەكەى،بارەگا دەكاتەوە بۆداكۆكیكردن لەكەس وكارى ئەنفال كراوەكان....كەى ڕەوایە لەولاى ماڵ دادە ئامینەوە ماڵى (فتاح بەگ)بەحیمایە پارێزگارى لێ دەكرێت ،كەى ڕەوایە كەسێك بڕیارى دەستگیركردن و بڕیارى گرتنى هەبێت لەلایەن دادگاوە ئێستا بەبەرچاوى كەس وكارى ئەنفال كراوەكانەوە بسوڕێتەوە،.من زۆر دڵنیام سدام و بەرزانى برایى و على كیمیاویش ئەگەر زیرەكى نورى مالكى نەبوایە لە سێدارە نەدەدران ،دڵنیام هەزار ساڵى ماوە مامى بەڕێزمان تاڵەبانى ئیمزاى لە سێدارەدانى سولتان هاشم و حسین رەشید تكریتى بكات ،كەس وكارى ئەنفال كراوەكان و كیمیاباران بێ منەتین لە سەرۆك تاڵبانى و پێمان وایە نەك هەر ئیمزاى لەسێدارەدانى على كیمیاوى نەكردووە بەڵكو زۆر سەریان بەسەرى سەرۆك تاڵەبانى بنایە، دەكەوتە داكۆكى لە على كیمیاوى.ئەى ئەوەنییە سەرۆك تاڵەبانى كەسێكى وەك سوڵتان هاشم كە لەواقعداوبەگوێرەى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراقیش لەسەر دۆسیەى ئەنفال دەبێت لە سێ دارە بدرێت ،كەچى مام جلال دەڵێت:-(سوڵتان هاشم ئەستێرەى گەش و درەوشاوەى ئاسمانى عێراقە).ئەى جەنابى مەلابەختیار ناڵێت :-(فتاح بەگ بەر لێبوردنى گشتى بەرەى كوردستانى ساڵى1991كەوتووە ،بەبێ ئەوەى ئاگاى لەوە بێت فتاح بەگ تاساڵى2003و تاسەدام لەسەر حوكم بوو لەبەغدابوو رۆژانە لەبەغدادەوە بەتەن جوێنى بە شەهیدو ئەنفال و كوردو حزبەكان دەدا).قوربەسەرمان مام سەرۆكمانەو مەلا بختیاریش ڕۆشنبیرو فەیلەسوف..كەواتە هەزار ساڵى ماوە ماممان ئەمر بفەرموێت بەدەستگیركردنى (ئەوخۆفرۆشانەى)لەناوكەس وكارى ئەنفال كراوەكاندا دەسوڕێنەوە .دەمێكە گەیشتوومەتە ئەوباوەڕەى دەبێت دڵسۆزان و كەس وكارى ئەنفال كراوەكان و شەهیدان خۆیان قۆڵى لێ هەڵبماڵن وئەم واقعەى ئێستا بگۆڕن،دەبێت بە سەركردەكانمان بڵێین(ئێوە بێ وەفان،ئێوە ڕاستتان نەكرد،ئێوە جێگەى باوەڕنین ،ئێوەمان خۆش ناوێت،نامانەوێت سەلامتان لێ بكەین)بەڵام ئەگەر ئێوە دەتانەوێ ئاشت بینەوە وەرن(سوڵتان هاشم وحسێن ڕشید)لە سێدارە بدەن،ئەگەر دەتانەوێ ڕۆحى نیشتیمان پەروەرى و شۆڕشگێریمان بەردەوام بێت وەرن(ئەنفال چییەكان بگرن).ئەگەرنا ئێوەو ئەنفال چییەكان لە سەنگەرێك وئێمەش لە سەنگەرێك. پشتیوان گەرمیانى بهرپرسی مهلهفی تاوان باران له (چاك)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست