بورهان حمەخان سجن مەكەن،ئەوانە سجن بكەن كەدایك وباوكى بورهانیان ئەنفال كرد
Monday, 30/08/2010, 12:00
بەڕاستى حكومەتى هەرێم حكومەتێكى بێ ماناو هیچ و چوچە ئەوەى ئەم حكومەتە دەى كات بێ وێنەیە لە سەرئەم زەمینە،.لە جینۆ ساید كردنى جولەكەكان بەدەستى نازییەكان ئەفسەرێكى نازى ژمارەیەكى زۆر جولەكەى بێ تاوانى كوشتبوو ،ئەم ئەفسەرە دڕندەیەكى خراپ بوو ،لەم ساڵانەى دوایدا كوڕێكى ئەم ئەفسەرە هەست دەكات باوكى جەریمەیەكى گەورەى ئەنجام داوەو پێویستە سزا بدرێت ،بۆیە كوڕى ئەم ئەفسەرە هەر خۆى باوكى لەماڵەكەى خۆیدا بەند دەكات و لە ژوورێك داى دەنێت و هاتوو چۆو دەرو دەشت و خواردنى خۆش و مشروباتى بەلەزەتى لێ قەدەغەدەكات و گەمارۆیەكى باش دەخاتە سەرى و هەموو ڕۆژێك 15 خوللەك كوڕە دەچووە ژوورەوە بۆلاى باوكى و سەرزەنشتێكى باشى دەكردو پێ ى ڕادەگەیاند كە تادەمریت دەبێت ئەم سزایە بچێژیت . لە هەمووى گرنگ تر باوكەكە بەكوڕەكەى دەوت((تۆ دادوەرێكى زۆرباشى من ڕێز لە بڕیارەكانت دەگرم و هەست بە ئاسوودەى دەكەم كە سزایەكى عادیلانەم دەدەیت لە هەمبەر تاوانەكانم)).ئەم حكومەتە هیچ و پوچ و شەرمنەى ئێمە ناتوانێت بە قەدەر ئەو كوڕو باوكە ئەڵمانییە لێزان و شایستە بێت.ئەى هاوار خەڵكینە تەماشابكەن ((كوڕێك بەناوى بورهان خەڵكى ئەوگەرمیانە سوتاوو بەدبەخت و نەگبەتەى لاى ئێمەیە تەنها لەگوندەكەى خۆیان (گوندى توكن)364كەس ئەنفالكراوە ،ئەم كوڕە ئاخرشەڕە لەساڵى 1985دەبێتە پێشمەرگە،لەساڵى 1988 تادوافیشەك بەرگرى لەكوردستان دەكات وپاشان تەسلیم بەبەعس نابێت و دەچێتە ئێران،لەڕاپەڕینى 1991دێتەوەو تەماشادەكات ماڵیان كاول بووەو یەك كەس لە خانەوادەكەى دەربازى نەبووە((دایك و باوك و 6براو 2خوشكى)بەعس وجاشە چڵكاو خۆرەكان ئەنفالیانكردووە،دووایى ماوەیەك كاك بورهان دەچێتە دائیرەى نفوس وتەماشادەكات ناوى خۆى و خانەوادەكەى لەهیچ قەید و نفوسێكى عێراق وهەرێمى كوردستاندا نییەو باوك و دایكى عەقدى زەواجیان هەرنییەو نەكردووە،ئەوكات زۆر هەوڵ دەدات بۆ دەرهێنانى نفوس بێ سود دەبێت ،وەك ودەزانین لە نەوەدەكان و لەكاتى شەڕى ناوخۆ (كاتب نفوس و شورتەو ئاسایش و فەرمانبەرو عەشایەر))لە جەبهەى دێگەڵەو هەیبەت سوڵتان و كەپكى حەمەد ئاغاو كڵاو قاسم خەریكى rbg و bkc تەقاندن بوون و مەشغوڵ بوون بەشەڕى براكوژییەوە نەك ڕایى كردنى ئیشى یاسایى و دەرهێنانى نفوس بۆ خەڵك .بۆیە كاك بورهان بەناچارى ناسنامەى كوڕێكى مردوى ئامۆزاى هەڵدەگرێت ،بەهەرحاڵ ئەوە دووساڵە بورهان خەریكى ئەنجام دانى كارى یاساییەو هەرچۆنێك بێت لە مەحكەمە عەقدى زەواجى بۆ دایك وباوكە ئەنفالكراوەكەى دەركردوو خۆى كردەوە بە كوڕى دایك و باوكى ،بەڵام كێشە ئەوەبوو كاك بورهان (4)منداڵى هەبوو هەموویان لەسەر نفوسى ئامۆزاكەى نفوسى بۆ دەرهێنابوون واتا لە نفوسدا ئەم چوار منداڵە منداڵى بورهان نەبوون ،بۆئەوەى منداڵەكانى بخاتەوە سەرخۆى جارێكى تر چووەوە بۆدادگا ،ئەم جارەیان دادوەر بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك بڕیارى دا 20ڕۆژ تەوقیفى بكات،بەهەوڵى كۆمەڵەى داكۆكى لە كەس وكارى ئەنفالكراوەكان ،بەكەفالەت ئازاد كرا ،لە 14/4ى ئەم ساڵ كە سەرۆكى حكومەت و وەزیرى شەهیدان دەچن بۆ گەرمیان ،كۆمەڵەى داكۆكى لە كەس وكارى ئەنفالكراوەكان قسە لەگەڵ سەرۆكى حكومەت و وەزیرى شەهیدان دەكەن و بە نووسراو بەقسەكردنیش كێشەكەى كاك بورهانیان پێ ڕادەگەیەنن،هەردوو دكتۆرى بەڕێزیش(دكتۆر بەرهەم و دكتۆر مجید)دەڵێن بەسەر چاو ئێمە كێشەى كاك بورهان چارەسەردەكەین ،بەڵام هیچ كامیان ڕاستیان نەفەرموو ،ئەسڵەن لە شتێكیان نە پرسیەوە كەناوى كێشەى كاك بورهان بێت ،دەبێت سەرۆكى حكومەت و وەزیرى شەهیدان بزانن كە شورەییە بۆیان بورهانى تاقانەى دوایى ئەنفال ئێستا لە بەندیخانەیەو (4)مانگ حوكم دراوە،.باشە بەڕێز سەرۆكى حكومەتى هەرێم من لە تۆ دەپرسم:-
1- لە جیاتى كاك بورهان بۆ (میرى ئەنفال چیان فەتاح بەگ)بەند ناكەیت كە ئێستا ماڵى لەكەلارەو هەموو گەرمیانى ئەنفال كردووە.
2-ئەى بۆ تۆزێك حكومەتەكەت پاك ناكەیتەوە لەو هەموو مستەشارو ئەنفال چییەى كە دەستیان بە خوێنى ڕۆڵەكانى گەلەكەمان سورەو ئێستا بە مووچەو پارەى حكومەت دەژین .
3-ئەى بۆ چاوێك بە لیستى مووچەى حزبەكان و حكومەتدا ناخشێنیت و هێڵى سوور ناهێنیت بە ژێر ناوى ئەو هەموو ئەنفال چى و كورد كوژانەدا كەمانگانە مووچە لە حكومەتەكەى تۆو حزبەكاندا وەردەگرن .
4- ئەى بۆ گوێ ى وەزیرى شەهیدان ناگریت و پێ بڵى تۆ هەر خەریكى قسەى زلیت و عەمەل و نییەو ئاگاو لە وارسى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان نییە و حكومەتەكەى منت تووشى عەیب كردووە ،بڕۆرەوە بۆ ماڵى خۆتان دانیشە.
5-ئەى بۆ یەخەى پەرلەمان ناگریت و پێیان ناڵێیت ((مووچەى ئەندامەكانتان 7ملوێنە بۆچى لە ساڵێكدا 7جار لە و هەموو گیرو گرفتەى كەس وكارى ئەنفلكراوەكان ناپرسن و یاسادەرناكەن بۆ چارەسەركردنى كێشەكانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست