کۆسرەت رەسول، وەک بنەماڵەی بارزانی کار بۆ وەرگرتنی پلەی بەرز بۆ مناڵەکانی دەکات
Friday, 06/01/2012, 12:00
کۆسرەت رەسول لە زۆرشوێن و لە زۆر قسەکردندا وا خۆی بە ململانێکەرێکی سەرسەختی بنەماڵەی بارزانی دەزانێت، بەڵام ئەوەی سەیری رەفتارەکانی بکات هەست دەکات هاوشێوەی بارزانی کەسێکە قسە و کردارەکانی یەک نایەتەوە و بەردەوام لە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، لە نمونەی خۆی بە پاڵپشتی پێشمەرگە و خەڵکی نیشتمانپەروەر دەزانێت، بەڵام لە ژێرەوە گرنگی بە جاشەکان دەدات، کە دوایین هەڵوێستی دووروویی لەم بارەوە، خالیدی خولە سور پەردەی لەسەر هەڵماڵی، کاتێک ووتی: کۆسرەت لەگەل بارزانی قسەی کردوە تا هیچ سەرۆک جاشێک لە کوردستان نەدرێتە دادگا. لە کاتێکدا ئەو سەدان سەرۆک جاشە لە لایەن دادگای عێراقەوە لە سەر تاوانی ئەنفال بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی تری کۆسرەت، وەک بنەماڵەی بارزانی گرنگی بە مناڵەکانی خۆی ئەدات و لە سەروی خەڵکی قوربانیدەر و بە کەفائەت رایان دەگرێت، ئەمەش کاردانەوەی توندی لێهاتە ئاراوە کە دوایینی پۆلێک کادیری نزیکی خۆی بوو لەدوای کۆنگرە لێی هەڵگەرانەوە بەهۆکاری ئەوەی خۆیان پێ لە کورەکەی ئەو زیاتر خزمەت بە یەکێتیان کردیە.
بەڵێ کۆسرەت لە کۆنگرەی دوایی یەکێتی کاری بۆ کوڕەکەی کرد و یەکێک لەو دەنگە زۆرانەی کۆنگرەی هێنا، بێ ئەوەی خاوەنی هیچ، کەفائەتێکی کەسێتی بێت؟
کۆسرەت نەخۆشخانەیەکی کردۆتەوە بەناوی کوڕەکانی وەک ئەوەی تەنیا مناڵەکانی ئەو شەهید یان مردبن، لە کاتێکدا کۆسرەت بە سەدان هاوڕێی نزیکی لە نەبەردی زۆر قارەمانە دا، شەهید بوون!؟
کۆسرەت وەک بنەماڵەی بارزانی، مناڵەکانی خۆی سەرپەرشتی دەزگایەکی خێزخوازی دەکەن، هەروەک دەزگای خێرخوازی بارزانیی، کە هەموو دەزانیین پارەی ئەو دەزگایە و خزمەتگوزارییە داهاتی دزینی میللەتە.
سیمایەکی تری کۆسرەت وەک بنەماڵەی بارزانی مناڵەکانی کردۆتە سەرپەرشتی هێزە سەربازیەکانی، جیاوازیەکەشیان ئەوەیە، مناڵەکانی بنەماڵەی بارزانی هەر لە مناڵییەوە بە نەجمەی سەربازیی سەرشان لە دایک دەبن، بەڵام هی کۆسرەت بی نەجمە و دوای 18 ساڵییە، بەڵام وەک ئەوان بڕیاڕدەر و سەرپەرشتی کارە؟
کۆسرەت وەک بنەماڵەی بارزانی لە هەموو هاوکێشە و ململانێیەکدا تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیەوە سەیری مەسەلەکان دەکات. بە کۆمەڵێک دروشمی بریقەدار خەڵک چەواشە دەکات!؟
بە پێی دوایین هەواڵ ئێستا کۆسرەت رەسوڵ لە هەوڵی ئەوەدایە، کوڕەکەی بکاتە وەزیر لە کابینەی حەوتەم، بۆیە دەپرسیین: ئایا کۆسرەت رەسوڵ تۆ شەڕی بنەماڵەی بارزانی بە رەفتار دەکەیت، یان بە لاساییکردنەوە و شەخسی دەکەیت؟ ئایا هەموو ئەمانە تەنها بۆ چەواشەکردن و دوو رووییە؟ چۆنکە هاوشێوەی ئەوان عەقلی ئەمنیی و نادیموکراسی و گرنگییدانە بە پیاوی گەندەڵ و دز و خۆپەرست و چەواشەکار و لەگەڵ پلەدانی بەرز بۆ مناڵەکانتان!
کۆسرەت رەسوڵ بزانێت، یان نەزانێت، ئەمیش یەکێکە لەو تاوانبارانەی ناهەقی بەرامبەر بە خاک و بە نەتەوەکەی کردووە، بە ناشرینی دەچێتە مێژووەوە، دەستی دادگای گەل ئەگەر ئەمڕۆ نەیگاتێ، فریای منداڵەکانی دەکەوێت، چونکە منداڵەکانی شوێن پێی خراپەی باوکیان هەڵگ دەگرن، با ئەمان و هەموو ئەو مەسئولانەش بزانن کە چارەنووسی منداڵەکانیان لە پاشەڕۆژدا باشتر نابێت، تۆڵەی میللەت ئەمڕۆ نەبێ، لە پاشەڕۆژدا هەر لێیان دەکرێتەوە، چونکە بەردەوام خۆیان مندالەکانیان بیر لە خۆ دەوڵەمەندکردن، خراپەکردن، هەوڵدان بۆ پۆست و پایە دەکەن، ئازاری ئەو میللەتە دەدەن. ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ لە رابردوودا کردوویەتیی و بە ناوی پێشمەرگایەتییەوە پێمان دەفرۆشێتەوە، بە زیادەوە لە قوڕگی ئەو میللەتە هەژارەی دەرهێناوە، رۆژی خۆی میللەتیش لە قوڕگتان دەردەهێنێتەوە، بەڵام بە ئازارێکەوە کە بەو هەموو پارەیەی دەیدزن فریاتان ناکەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست