پەرلەمانی فیدرالی، هەنگوینە ژەهراویەکە
Wednesday, 09/04/2014, 12:00
لە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی ١-٧مارسی ٢٠١٤دا تەجروبەی ئەمریکا بۆ دانانی سیستەمی دیموکراسی لە عێراقدا بە دووەم نمونەی پاشەکشەی سیستەمی دیموکراسی لە دنیای دوای ٢٠٠٠ەوە دادەنرێ بەوەی ئەم دیموکراسیەی بوش ڕەچەتەی ناجێگیریەک بوە بۆ عێراق کە لەپێناو شەڕی عێراقدا کردویەتی.بەڵام پرسیارێک لە دەنگدەر بکرێ لەکوردستاندا ئەوەیە کە دوای ئەم تەجروبەی ١٠ساڵە لەم دیموکراسیە فیدرالیەی عێراق بۆچی هێشتا خۆشباوەڕی بەدەوری پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەم سیستەمە فاشیلە هەیە و هۆکاری ئەم بەشداریە ئاکتیڤەی خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا چیە؟
بێگومان تێکەڵ بوونی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراقدا کاریگەری لەسەر ئاکتیڤ دەرکەوتنی خەڵک لەم پرۆسەی هەڵبژاردنانەدا هەیە ، بەڵام هێشتا ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ناداتەوە کە خەڵکی کوردستان بۆچی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی عێراقدا بەشدارە ،لەکاتێکدا لەدڵی ئەم فیدرالیەدا شەڕی مەزهەبی شیعەوسونە هیچ ئایندەیەکی بۆ ئەم عیراقە فیدرالیە نەهێشتۆتەوە و ئەگەری شەڕی بەغدادو هەولێریش لە ئەگەری مانەوەی فیدرالی کوردستان لەعێراقدا بەهێزترە؟
چەند مەسەلەی سەرەکی دەور دەگێڕن لەم بەشداربونەی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدرالی عێراقدا،یەکەمیان خۆبەستنەوەی دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانە بە مانەوە لە چوارچێوەی فیدرالیزمی ناجێگیری عێراق وناونانی بەشی ئەم دەسەڵاتە میلیشیا ییە یە لە داهات و پۆست و ئیدارە بە بەشی کورد لەم سێکوچکە مەزهەبی و قەومیەی دیموکراسی لە عیراقدا. دووەمیش گواستنەوەی ململانێی حزبەکانی کوردستانە بۆ بەغداد و هەوڵدان بۆ گۆڕینی هێزی نێوانیان لە ڕێگای کورسیەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ، بۆ ئەمەش هاندانی خەڵک ولایەنگرانی حزبەکان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا بەشێکە لەشەڕی ئێستای یەکلاکردنەوەی حکومەت و دەسەڵات لە کوردستاندا.
بێگومان لە قاڵبدانی ژیان و ئایندەی سیاسی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم فیدرالیزمە قەومیەدا سیاسەتێکی سەرکەوتوانەی ناسیونالیزمی کوردە بۆ ڕاگرتن و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتەکەی. لەماوەی ١٠ساڵی ڕابردودا حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەسایەی ئەم فیدرالیەتەدا بەوێنەی بازرگان و سەرمایەدارانی سیاسی گەورە بازاڕی کوردستانیان کردۆتە بەشی ئارام و سەرنج ڕاکێشی کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان و کەڵەکەی سەرمایەیان بۆ خۆیان مسۆگەرکردوە ، وە خەریکی ڕێکخستنی بازاڕی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و پەیوەست کردنەوەی بە بازاڕی نەوتی عێراق و جیهانەوەن. ئەم مۆدێلە لە سیستەمی ڕێکەوتنی قەومی و مەزهەبی کە بە نمونەی سەرنەکەوتووی دیموکراسی ئەمریکا دادەنرێ ، وە ناجێگیری لە عیراقدا بەرهەم هێناوە بەپێچەوانەوە بۆ بورژوازی کورد سەلماندنی مافی مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەو بووە بە ناونیشانی بەشی کورد لە عێراقدا .هەربۆیەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەو سەنگەرەیە کە زەمانەتی مانەوەی ئەم ئیمتیازاتە قەومیەی خۆی پێ تازە دەکاتەوە و دەنگدەری کوردستانیش لەژێرئاڵای بەشی کورد بەم دەستکەوتە نەتەوەییە بۆ دەورەیەکی تر پێ مەست دەکا.
لە کاتێکدا خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی کوردستان لەدوای هەڵبژاردن مایە بەتاڵ وەک دەورەی ١٠ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی دەسەڵات لە کوردستان ،هەمان دەسەڵات کە شەڕی نەوت وبودجە و دەستور و مادەی ١٤٠وپێشمەرگە پاکێجی شەڕی نەبڕاوەیەتی لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزی عێراقدا . کەچی لەهەگبەی ئەم فیدرالیزمەدا جگە لە ڕێگەی ململانێ و کێشە بەردەوامەکان و بازنەی بەتاڵی شەڕ وئاشتی لەگەڵ مەرکەزدا لەسەر ئەم بەشانەی دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ چاوەڕوانیەکی تر نیە. ڕیکلامی هەڵبژاردنەکانی حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا لەچوارچێوەی مسۆگەرکردنی بەشی حیزبەکانیان لە ژێر ناوی بەشی کورددا لەم فیدرالیە قەومیەدا دەخولێتەوە . ئەو جیاوازیانەی لە نێوان بەشی سازشکاروڕادیکالی ئەم بەرەیەی فیدرالیەدا هەیە پەیوەندی بە ململانێی ئەم حزبانەوەیە لەسەر دابەشکردنی داهات و دەسەڵات و پۆستەکانی ئەو بەشەی کورد دەستی دەکەوێت لەعێراقدا، ئەمەش هیچ لە ناوەرۆکی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزی شیعە و ململانێ لە سێکوچکەی شیعە و سونە وکورددا ناگۆڕێ.
ئەم ململانێیەی نێوان حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان کە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ٢٠١٣ و کاریگەریەکانی جەمسەرگیری ئێران و تورکیا لەسەر ئەم حزبانەی کوردستان دروست بووە ، ئێستا لە سەر پەرلەمانی عێراق توندتربوەتەوە و هەر حزبە دەیەوێ گۆڕانی هاوسەنگی لەبەغدا بکاتە پاڵپشتێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان. ئەمەش وەک فاکتەری دووەم دەور دەگێڕێ لەوەی کە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا وەک بەشێک لە پرۆسەی ململانێی سیاسی لەسەر ئاڵوگۆڕ لە کوردستاندا دەرکەوێ.
مارکس سەبارەت بە پۆلۆنیای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دەڵێ "ئەگەر ئۆتۆکراتی ڕوسیا بخەیتە سەر ئەرستۆکراتی پۆلۆنی ، زۆربەئاسانی دەسەڵاتی ڕەها بە سروشتی دەبینی"، لە کوردستانیش بەهۆی ئەوەی مالیکی و هێزی دیجلە خراوەتە پاڵ بارزانی و میلیشیاکانی یەکێتی وپارتی بۆیە دەسەڵاتی ڕەهاودیکتاتۆری ناسیونالیزمی کورد ١٠ساڵە ئاسایی وسروشتی خۆی دەنوێنێ. لەکوردستان مەسەلەی کورد لەگەڵ مەسەلەی ڕزگاربوون لەدەست ستەمی حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکان تێکەڵاوە. مێژووی ٢٣ساڵی ڕابردووی کوردستان مێژووی سەرکەوتنی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانە لە فریودانی خەڵکی کرێکارو ستەملێکراوی کوردستان لەژێرناوی پاراستنی کورد لەدەسەڵاتی شۆڤێنزمی مەرکەز. فیدرالیزمی قەومی و پەرلەمانی فیدرالی ئەو سەنگەرەیە کە ئەمڕۆ بەرگێکی دیموکراسیانەی کردۆتەبەر ئەم فریودانە قەومیە لە ژێر ناوی ئەوەی لە بەغداد حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان بەشوێن بەشی هەموو خەڵکی کوردەوەن نەک بەشی حیزبەکانیان . بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق شەرعیەتدانەوەیە بەم نوێنەرایەتی کردنەی حزبە ناسیونالیستەکان ، بەڵام ئەم بەشداریە بەهێندەی ١٠ڕاپەڕینی ١٧شوبات شەڕ وخەباتی چینایەتی کرێکار وخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دژ بە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەباتە دواوە و خەڵک دەکاتەوە بە لەشکری بێ کرێی دەسەڵات. جیابونەوە لەعێراق و کۆتایی هێنان بەم فیدرالیزمە قەومیە دەتوانێت بازنەی یاریکردنی دەسەڵات بە خەڵکی کوردستان بشکێنێت و ئەم دەسەڵاتە لە وەسیلەیەکی کاریگەر بۆ فریودانی خەڵکی کوردستان بێبەش دەکا.
مەسەلەی سێهەم کە بوەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان دیسانەوە بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بچن ئەوەیە کە ئەو ڕیژەی ٪٩٨ەی کە لەڕیفراندۆمی نافەرمی ساڵی ٢٠٠٥دا دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا ، نەبووە بە بزوتنەوەیەک لەمەیدانی سیاسیدا تا وەک ئەلتەرناتیڤ ئامادەبێ بۆ ئەنجامدانی رفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ کۆتایی هێنان بەڕێگای فیدرالیزمی قەومی و دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکان . ئامادەکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ گۆڕینی فیدرالی بە سەربەخۆیی لەڕێگای گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیونالیستەکانەوە دەبێ بۆ دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانە کە کێشەی ئازادی و یەکسانی لەگەڵ مەسەلەی کوردا بەیەکجاروپێکەوە چارەسەربکا.
پەرلەمانی عێراق ڕووپۆش و میکیاژی دەسەڵاتی میلیشیایی ئیسلامی شیعەیە کە نەک ناجێگیری بۆ کوردستان بەڵکو بۆ تەواوی عێراق و ناوچەکەی لە هەناویدا هەڵگرتوە. گۆڕینی هاوسەنگی نێوان یەکێتی وپارتی وگۆڕان و ئیسلامیەکان لە پەرلەمانی عێراقدا هیچ لە ناوەرۆکی ئەو پەرلەمانە ناگۆڕێ .پەرلەمانی عیراق و هەڵبژاردنەکەی وەک پەرلەمان وهەڵبژاردنی کوردستان خۆیان پاشکۆی هێزە میلیشیا دەسەڵاتدارەکانن و بەشێکن لەو سیستەمە میلیشیا سیاسیە کە بە کردەوە دیموکراسی لە عێراق بەشێوەی شەڕ وتیرۆر و پەلکێشکردنی ئێران وتورکیا و سازان لەگەڵ ئەمریکادا دەبەنە پێشەوە. ئەم سیستەمە نەک بە ڕێگەی دیموکراسی کێشەکانی عێراق و کێشەی نێوان بەغداد و هەولێری چارەسەرنەکردوە بەڵکو ئەو ڕێکەوتنەی لەسەر دابەشکردنی بودجە وپۆست وفیدرالی هەبوە تەنیا لەژێر فشاری ئەمریکا و هاوسەنگی هێزە میلیشیایەکاندا بوە. لەئێستادا دەبینین کە چۆن ئەم پەرلەمان و دیموکراسیەی عێراق بوەتە نمونەی گەورەی شکستی مۆدیلی دیموکراسی کە نیو- کۆنسەرڤەتیزمێکی وەک فۆکۆیامای گەیاندۆتە ئەو بێ ئومیدیەی بڵێ لە سەر بەردی ڕەق دیموکراسی ڕەگ دانکوتێ. بێگومان ڕەچەتەی ناجێگیریەک کە ئەم دیموکراسیە فیدرالیەی کە عێراقی پێ دەبرێت بەڕیوە پریشکی ئاگرەکەی بەرکوردستانیش دەکەوێ و ئایندەیەکی ناجێگیریشی بۆ دەهێنێ.
گۆڕینی ژمارەی کورسیەکانی حزبە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی عێراقدا تەنیا خزمەت بە گۆڕینی هاوسەنگی نیوان ئەم هێزانە دەکات . ئەگەر لە دوای ٦مانگ چاوەڕوانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەمانە هێشتا شەڕیانە لەسەر تاڵان وبڕۆی بەشە داهاتی نەوت وبودجە وبەرهەمی کاری کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت و دابەشکردنی دەزگاسەرکوتگەرە سیادیەکانی ناوخۆ وپاراستن و میلیشیاکانە ، دەبێت چ چاوەڕوانیەک لەم حزبانە لە پەرلەمانی عێراقدا بکرێت ؟ بێگومان جگە لە درێژەدان وقوڵکردنەوەی ئەم بنبەستی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم و قەیرانە سیاسی و ئابوریانەی ئەمڕۆ قەیرانی پێک نەهاتنی حکومەتی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆماروشەڕی موچە ونەوت وپێشمەرگە ومادەی ١٤٠یشی پێ زیاد دەبێت. ڕاستە فیدرالی وپەرلەمانی عێراق هەنگوینەکەی بۆ دەسەڵاتە وژەهرەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان.
هەربۆیە دەرس وەرگرتنی خەڵکی کوردستان لە تەجروبەی ١٠ساڵی کێشەکانی فیدرالی قەومی ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێگاچارەیەیە بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ، وە هاتنە مەیدانە بۆ بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی وجەماوەریە کە چارەنوسی سیاسی کوردستان لەدەست حزبە ناسیونالیستەکان دەربێنێ.
2014/04/06
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست