ئەگەر شەرمت شکا و تەریق نەبوویتەوە، وەک کاوە ئەمین بنووسە!
Friday, 04/10/2013, 12:00
ئەوانەی کە ئەم دەعبا بە ناو تەتەوەییە ناناسن حەز دەکەم سەرەتا دەست بۆ پێناسەیەکی کورتی درێژبکەم، بۆتان ئاشکر بکەم، کە ئەم کابرایە ماوەیەکی زۆر لە سوید ژیانی بەسەر بردووە، ئیستا گەڕاوەتە لە دەزگای رووداوی نێچیرەڤان بارزانی کار دەکات.
ئەو کاتەی، کاوە ئەمین لە سوید بوو، وەک پاسۆکێکی عەیارە بیست و چواری نەتەوەیی خۆی نمایش و قسەی زلی دەکرد، وەک خەمخۆرێک بۆ ئێش و ئازاری نەتەوە ئەنفالکراوەکەی دەنگی بەرزدەکردەوە، وەک هەوادارێکی پەکەکەش خەمخۆری کوردی هەرچوارپارچەکە خۆی پیشان دەدا و دەچووە خۆپیشاندانەکانی پەکەکەوە، فرمێسکی بۆ هەڵدەڕشتن، بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گەریلاکان سەرسام بوو، ئیستاش، کە تەماشای وێنەکانی دەکەیت، کە لە ئەلبومەکانی خۆی دەریهێناون، بەتایبەتی ئەوەی سەرەوە، دەبینیت چۆن لە راژان لە ساڵی ١٩٨٧دا وەک هەڵقەلەگوێیەکی بنەماڵەی بارزانی شانازی بە رابردووی خۆیەوە دەکات، کە لەگەڵ گەورەترین خائینی کورددا وەستاوە و وێنەی گرتووە، ئەوسا تێدەگەیت، ئەم کابرایە هەموو گیانی درۆ و ساختەکاریی بووە، درۆی لەگەڵ بیری نەتەوەیی، لەگەڵ خەباتی پەکەکە و هەموو شتە جوانەکانی تردا کردووە، هەڵوێستی ئیستای لەگەڵ وێنەکانی رابردوویدا ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەم کەسە بوڵبوڵ نەبوو، بەڵکو تەیرە گولێکی بنەماڵەی بارزانیی بووە، رووی راستەقینەی خۆی دەرخست، رەنگە لە ژێرەوە زۆر شتی تریشی بۆ پارتی کردبێت، ئاخۆ ئەو کاتەی لە سویدیش بووە، چۆن چۆتە ناو شتە جوانەکانەوە و ناشرینی کردوون، لە ژێرەوە ئاخۆ چ کارێکی دیکەی ئەنجام دابێت!؟
ئەمڕۆ کاوە ئەمین یەکێکە لەو بۆقانەی تری دەسەڵات و پارتی، لە چرکەساتی پێویستدا هەوڵی جوانکردن و شەرعیەت بەتاوان و ناپاکیەکانی پارتی دەدات، بە ناشرینی دەپەیڤێت، دواین بابەتی لە رۆژنامەی رووداو نووسیوە، لە نووسینەکەدا هەوڵ دەدات ئەو پەیامە بەخەڵکی بدات، گوایە هەڵبژاردنەکان بێ غەل و غەش و ساختەکاری بووە، زۆربەی خەڵکی کوردستان دەنگی بە پارتی داوە! ئەم کاوە ئەمینە لە کۆتاییدا ئەو پەیامەمان دەداتێ، کە خەڵک چۆن دەنگی داوەتەوە بەپارتی، چونکە خزمەتی گەورەی نەتەوەییانەی کردوە، لە بواری نەوت و بەهیزکردنی پێگەی دەوڵەتبون، ئەندازیاری ئەم هەموو قارەمانێتییەش بۆ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕینێتەوە.
کاوە ئەمین وەکو وتمان لە ولاتی سوید دەژی و ماوەی ٣ ساڵە گەراوەتەوە لە دەزگای راگەیاندنی رووداو بەرپرسی بەشی سلێمانییە، بەلام وەک دەیان نووسەری تری دەسەلات کاری پەردەپۆشکردنی ناپاکی تاوانەکانی دەسەلاتە، لە کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا کاتی خۆی زۆر بێشەرمانە یەکێک بوو لەو دەنگە دەگمەنانە، کە دەیگوت پارتی سەردەشت عوسمانی تیرۆر نەکردووە، چونکە سەردەشت رۆژنامەنووس نەبووە.
کاوە ئەمین وەک زۆربەی کەسە دۆڕاو و هیچ لەبارانەبووەکان، کە لەناو کۆمەڵگای ئەوروپییدا جێگایان نابێتەوە، ئەمڕۆ بۆ پارە هاوشانی جەلادێکی پاراستنە لە داکۆکیکردنی پارتیی و بنەمالەی بارزانی، جیاوازی کاوە ئەمین و جەلادەکەی سەردەشت عوسمان تەنیا لە ڕۆلەکانیاندایە.
کاوە ئەمین ئەگەر تۆزێ موراڵی هەبووایە باش دەیزانی ئەوەی لە کوردستان پێی دەگووترێت هەلبژاردن، تەنیا گالتەکردنە بەخەڵک، چونکە لە هەموو ناوەندە چاودێرە جیهانیەکاندا، دوای هەر خولێکی هەلبژاردنی پەرلەمان، رەخنەباران دەکرێ بەهۆی ساختەکاری زۆر. بەدەر لەمە خۆشی و ملیۆنان کەسیش دەزانێ، پارتی بە ساختەکاریی و یارمەتی تورکیا ئەو هەموو دەنگە زۆرەی بۆ دزراوە و دەسەلاتی گرتۆتەوە دەست، ئەم ساختەکاریە میژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سالی ١٩٩٢ کە پارتی لەبادینان دەنگی مردوەکانیشی بۆ دەنگدان بەکارهێناوە، ئەو کاتە رێژەی دەنگدان لەدهۆک %١٢٤ بوو، جگە لەوە پارتی پارەیەکی خەیاڵی ئەم گەلەیان لە بەر دەستدایە، ئیرهابی سیاسی و نانبرین، کۆمپانیای زەبەلاحی راگەیاندن، میراتی پیاوەکانی رژێمی بەعس، دواکەوتویی کۆمەلگا ، هەروەها %٧٠ی سەرۆک جاشەکان کەوتوونەتە خزمەتی بنەماڵەی بارزانی.
کاوە ئەمین باش دەزانێت، کە حیزبەکەی بەدەنگی مردو ساختە و دووبارە و ساختەکاری بە کەڵەگایی %٢٧ دەنگدانی دزیوە، ئەمە جگە لەوەی لە خولی پێشوی پەرلەماندا دوای ئەوەی بەڵگەکانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە گۆڤاری لڤین بلاوکرایەوە، دەقی دان پیانانی ئەو مەکتەبە دەڵێ لە هەولێر %٢٠ و لە دهۆک % ٢٨ ساختەکاریمان لە دەنگداندا هەیە !
تۆیەک کە لە سوید گەڕاویتەوە بۆ کوردستان، ئەگەر کەمێک ویژدان و عەقڵی سیاسییت هەبوایە دەبوو ئەوەت بزانیایە، کە دوای ئەو هەموو ساختەکاریەی دەنگدان کەمێک شەرمت لە خۆت بکردایە، یان هەر هیچ نەبوایە بیدەنگ بوویتایە، کە پارتی براوە نییە، دۆڕاوە و داگیرکەر و دوژمنانی کوردستان بەزۆر وەکو سەرکەوتو سەپاندوویانەوە بەسەر ئەو میللەتەدا. ئەگەر پارتی ئەو ساختەکاری و پلەی سیاسی و ئیرهاب و دەنگی مردوی لێ دەربکرێت رووت و قوت دەبێتەوە. جگە لەمە ئەگەر پارەی نەوتی دزراو، ئاواش ویژدانی ئیوەی پێنەکردرایە، یەکێکی ویژدان داڕزیوی وەک تۆ نەدەبویتە پاسەوانی حزبێکی خێلەکی و بنەمالەیی و داکۆکیتان لێ بکەیت .
تۆ دەبێت شەرم لەخۆت بکەیت، کە لە سوید گەرایتەوە، ئاوا داکۆکی لەو بنەماڵەیە دەکەی، کە بەملیار دۆلار بودجەی ئەم گەلە بەرۆژی روناک دەدزن . چۆن شەرم ناتان گرێت، کە مناڵە هەرزەکارەکەی نێچیرڤان بارزانی وەک سیاسەتمەدار و ملیۆنێریک بەشداری لە کۆنگرەی لاوانی جیهاندا دەکات. چۆن شەرم ناکەن، کە دەسەلات و حزبێک خاوەنی زۆرترین فایلی تیرۆری سیاسیە لە ٥٨ سالەی تەمەنی دا. پارتێک، کە هیچ داگیرکەرێک نەماوە هەزاران مرۆڤ جاشی وەک ئیوەی پێش سوپای ئیران و تورکیا و عێراق نەخستبێ، پارتێک، کە لە بارزانی باوکیانەوە کاریان کوشتنی کوردی بەشەکانی تر و تەسلیمکردنەوە بەداگیرکەران بووە، چۆن ئێوە شەرم ناکەن، خۆشتان پێ نەتەوەییە و دەبیتە پاساوانی خائینترین بنەماڵەی دوژمن بە کورد،. چۆن شەرم ناکەی خۆت بەناو کەسیكی نەتەوەیی ئەژمار دەکەی کەچی حیزبەکەی هەزاران دەنگی کوردی کردە تورکمان. مرۆڤی نەتەوەیی ئەو کەسانەن چاو لەتاوان و ناپاکی هیچ داگیرکەر و دەسەلاتێک نانوقێنن، کە کۆمەلگا فەساد دەکات، هەڵبژاردن قێزەوەن ساختەکاریی بە کەلتور دەکات، شەرعیەت بەناپاکی دەدات، جەلاد دەکاتە قوربانی، دەسەلات دەکاتە بنەماڵەیی. برۆ نەفرەت لە تۆش، تۆ شایستەی ئاو و هەوای سوید نەبوی، کە دوای ٢٠ سال فیری مەدەنیەت و راستگۆیی نەبویت، تۆ هەر بۆ خیڵی بارزانی جوانی.
تێبینی بۆ خوێنەران:
کاتێک ئەو نووسینەی کاوەم دەخوێندەوە، خێزانەکەشم بانگ کرد بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە، کە تەواو بوو، ئەم قسەیەیی بۆ هات و پێی وتم: پێم سەیرە کەسێک ئەو هەموو سالە لە ئەوروپا بووبێت و وەکو پارتییەک بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەتایبەتی ئەو هەموو هەڵبژاردنەی سویدی دیبێت، ئەو گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردنی پارتی چاوپێکەوتبێت، کە هیچ سەنگ و جوانییەکی بۆ هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە، کەچی بێشەرمانە وتارێکی ئاواش بنووسێت،
وەک هەڕەشە کردنێکیش خیزانەکەم وتی ئەگەر تۆ وەک ئەو کاوە ئەمینە بوویتایە و تەسلیم ببیتەوە لە پێشدا دەبێت واز لە من بهێنیت، چونکە نامەوێت من خێزانی یەکێک بم ئەوەندە بێموڕاڵ بێت.
----------------------------------------------------
لە خوارەوە نووسینەکەی کاوە ئەمینی کۆنە پاسۆک و کۆنە هەواداری پەکەکە و پارتیباز و تەقلەبازی دەزگای رووداوی بنەماڵەی بارزانی بخوێنەرەوە، کە لەو لینکەی خوارەوە وەرمان گرتووە:
http://rudaw.net/sorani/opinion/031020131پارتی بردییەوە!
3/10/2013
كورد پەندێكی باوی هەیە دەڵێت "قولی رەش و سپی لە بواردا دەردەكەوێت". هەڵبژاردنی ئەمجارەش قاچ و قولی هەمووانی دەرخست. ئاخر ئەمجارە جیاوازتر لە جارانی پێشوو، هەریەكە بەجیا چوونە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی لە هەمووان زیاتر دەنگی بەدەستهێنا، پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە دەزگای راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن و "ئەهلی"یەكان نەك تەنیا لەكاتی بانگەشەكەدا، بەڵكو لە چوار ساڵی رابردوودا ئەوەی نەشدەگوترا، ئەوان بە پارتییان گوت! یەكێتی لە غیابی مام جەلالدا، كورمانج گوتەنی تووشی تەڤلی هەڤیەكی زۆر بوون و هەریەكەو لە ئاوازێكی لێدەدا، زۆر لایەن و تەنانەت یەكێتییەكان خۆشیان باس لەوە دەكەن كە دووربوونی مام، كەشتییەكەیانی لە پەلوپۆ خست و كاپتنەكان نەیانتوانی لەو گێژاوە دەریبێنن.
گۆڕانیش كە بنكەی جەماوەرییان هەمان جەماوەرە بزێوەكەی یەكێتییە، توانییان لە بازنەكەی خۆیاندا بمێننەوە، جەماوەری یەكێتی و گۆڕان وەكو جەماوەری پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی ئاشتی و دیموكراسیە و یەكتری تەواو دەكەن، ئاخر ئەگەرچی گۆڕان وای دەرناخەن كە لەسەر میراتی یەكێتی سیاسەت دەكەن، بەڵام دەیان كادیر و كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی قاچێكیان لەم لاو قاچێكی دیكەیان لە گردەكەیە، خەڵكانێكی زۆر بەتایبەتی ئەوانەی لەدەرەوەی گۆڕان و یەكێتی سیاسەت دەكەن، هەمیشە ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە ئەو دوو لایەنە، سێوێكن بەزۆر كراون بە دووكەرتەوە.
پارتی بەخشكەیی كۆمەڵێك كاری كردووە كە لە بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووی نەوەكانی كوردستانە. ئەوەی كە چاودێرە سیاسییەكان باسی لێوەدەكەن، كورد نەوتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان بەكاردەهێنن، كەس ناتوانێت لاریی لەوە هەبێت كە ئەوە بەرهەمی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانییە، هەروەها كردنەوەی دەیان كونسوڵخانەی بیانی و بووژاندنەوەی ئابووریی كوردستان و دابینكردنی ئاسایشی ئەم وڵاتە كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تاك تاكی ئەم گەلەوە هەیە، هۆكارێكی سەرەكییە كە پارتی توانیویەتی پێگەی جەماوەریی خۆی بپارێزێت و بگرە بەهێزتریشی بكات. بەهێزبوونی پێگەی پارتی كاریگەری لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دادەنێت، بەتایبەتی باكووری كوردستان، چونكە پارتی دەتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا كاریگەری ئەرێنی لەسەر توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان دابنێ.
ئێستا كە رێژەی دەنگەكان دیاری كراوە و پارتی یەكەمە، هەر پارتیش رادەسپێردرێت بۆ دامەزراندنی حكومەت، دەكرێت پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو پێكەوە كابینەی داهاتوو دابمەزرێنن، هێشتا پەیمانی نێوان یەكێتی و پارتی كۆتایی نەهاتووە، پارتی و یەكگرتوو ئەگەرچی لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوودا زۆرجار دانوشیان بەیەكەوە نەكوڵا بێت، بەڵام لە هەندێك خاڵدا یەكدەگرنەوە و جیاوازیەكانیان هێندە زۆر نییە كە رێگر بێت لە دامەزراندنی حكومەتێكی هاوبەش، خۆ ئەگەر حكومەتێكی بنكە فراوانیش دابمەزرێت كە لە بەرژەوەندی كوردستاندا بێت لە هەمووی باشترە، بەڵام هەر حكومەتێك پارتی تێدا نەبێت، لە نیوەی رێگاشدا بێت شكست دێنێت.
پارتی لەسەر ئاستی كوردستان یەكەم بوو، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ئەگەرچی كەمێك دەنگەكانیشی زیادی كردبێت، ئەوا هێشتا دۆڕاوە، هەروەك چۆن لایەنگرانی یەكێتی شكستی هەڵبژاردن بە سەركردایەتی یەكێتییەوە دەبەستنەوە، شكستی پارتیش لە سلێمانی لەئەستۆی سەركردایەتییە مەیدانیەكەی پارتیدایە، ئاخر بەرپرسەكانی پارتی مەگەر لە پرسەدا ببینرێن، لە هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی فەرهەنگی و ئەدەبیی ئەم شارەدا وجودیان نییە. پارساڵ لە یادی دامەزراندنی سلێمانیدا بە بەرپرسێكی پارتییان لە سلێمانی گوتبوو ئەوە بۆ بەشداریتان نەكردووە؟ لە وەڵامدا گوتبووی خۆ داوەتیان نەكردبووین. وەكو ئەوەی میوان بن لەم شارەدا!
هەرچۆنێك بێت، پارتی تا چوار ساڵی داهاتوو یاریكەری هەرە بەهێزی گۆڕەپانی سیاسی كوردستانە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە پشتێنی لێبكاتەوە و بە كەماڵی ئیسراحەت گەمان بكات، بەڵكو ئەم چوار ساڵە تەحەدایەكی گەورەیە بۆ ئەو حیزبە كە ئاخۆ دەتوانێت چەند ساڵی دیكە درێژە بە ماراسۆنەكەی بدات، چونكە گەل هیواكانی تەنیا بە رابردووەوە گرێنادات، بەڵكو ئایندەیەكی گەش و كوردستانێكی گەشاوەتری دەوێت، بە پێچەوانەوە چۆن تۆڵەیان لە یەكێتی كردەوە، ئاواش تۆڵە لە پارتی یان هەر حیزبێكی دیكە دەكەنەوە كە بەسەر پشتی خەڵكدا بازبازێن بكەن و لە تەلارە بەرزەكانەوە بە دووربین لێیان بڕوانن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست