ریكلامەكەی كەناڵی پەیام
Sunday, 14/07/2013, 12:00
لەراستیدا ناوەڕۆكی ئەم بابەتە دوورو نزیك پەیوەندی بە ئاینی ئیسلام ودین وپەیامی ئاینیەوە نیە، بەڵكو رونكردنەوەی جۆری ئیش كردنی حزبە ئیسلامیەكانی كوردستانە، لەناو پانتایی ئاین وبە ئەفغانستان كردنی كوردستانە. كە چۆن دەیانەوێت چەواشەكاری وگومڕایی بلاو بكەنەوە.
ئەگەر سەیری ریكلامێكی كەناڵی پەیامی دووی كۆمەڵی ئیسلامی بكەن وبە وردی سەرنج بدەن..بۆتان دەردەكەوێت كولتوری ئیسلامی سیاسی كوردستان چەندە مەترسیدارو دوور لەراستی وچەواشەكارییە. پوختەی ریكلامەكەی ئەوەیە كە كۆمەڵێك گەنج لەسەیرانن واتە گەشتیارن، دەخۆن ودەخۆنەوە، نێرگەلە دەكێشن، خەریكی گاڵتەوگەپ وگۆشت برژاندنن، مەستی خواردنەوەن، پاشماوەو خاشاكی خۆیان فڕێدەدەن وژینگە پیس دەكەن..دوای ئەوەی ئێوارە درەنگ دەگەڕێنەوە، بۆ رۆژی دوایی خێزانێك دێنە شوێنی ئەوان بۆ گەشت وسەیران، بێگومان سروشتی خێزانەكە ئیسلامی وسونەتیە؟؟ ئەوان جێگای گەنجەكان پاك دەكەنەوەو خاشاك وپاشەڕۆی ئەوان كۆ دەكەنەوە؟؟؟. ئینجا مەبەستەكەی ئەم حزبە ئیسلامیە لێرەوە دەست پێدەكات، كاتێك فەرموودەیەكی پێغەمبەری ئیسلام دەهێنێتەوە بەزمانی عەرەبی وئینجا واتە كوردیەكەی، كە ئەمەش پاشكۆكردنی كوردە بۆ گەلی عەرەب؟؟ لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەری ئیسلام دەڵێت خوایە ئێوە لەدوو نەفرەت لێكراوەكە نەبن..یاوەرەكانیشی دەڵێن مەبەست لە نەفرەت لێكراوەكان كێن؟ پێغەمبەریش دەڵێت ئەوانەی پاشەڕۆو خاشاك لەشوێنی گشتی وگەشتیاری وسەیران بۆ خەڵك بەجێدەهێڵن.
بەراستی ئەم فەرموودەیە مایەی لێوردبوونەوەیە، چونكە بابەتی ژینگەو گەشتیاری زۆر تازەیەو سەر بەجیهانی ئیسلامی نیەو ئەوروپی وئەمریكیە، لەلایەكی دیكەوە لەناو ئیسلام ژن بردنە دەرو دەشت وسەیران وگەشت حەرامەو نەزەرەو خراپە..ئینجا زەمانی پێغەمبەر هیچ سەوزایی وگەشتیاری وسەیران نەبووە لە مەككەو مەدینە، بیابان وگەرم ووشك و بێ ئاو بوونە،(بێگومان ئێستاش دوو شوێنی زۆر ناخۆشن لەرووی سەفەرو گەشت كردنەوە)..ئەوكاتە كولتوری ژینگەپارێزی وسەیران وگەشت نەبووە، چونكە مەككەو مەدینە تەواو سادەو ساكارو پڕ لم وبیابان بوون، بۆ نمونە سەیری فلمی (رسالە) بكەن، بۆتان دەردەكەوێت جگە لە كۆڵیتە خانوو، قوڕو لم ووشك وبرینیگی بیابان هیچی دیكە لەناو ئیسلام وشوێنی پێغەمبەر نەبووە..بۆیە هەقی خۆیەتی بپرسین ئەم فەرموودەیە چۆن وكەی ولەكوێ گوتراوە، ئایا بەراستی زەمانی پێغەمبەر ناوچەی سەوزایی وگەشتیاری وسەیران وسەفا هەبووە؟ ئەرێ شەرم ناكەن شتی ناڕاست بەناوی خودی پێغەمبەرەكەتانەوە بڵاودەكەنەوە.
لەلایەكی دیكە چۆن دەكرێت دوور لەرێنمایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار، ریكلام بۆ ژینگەو سەیران وناوچە گەشتیاریەكان بكرێت، دەبێت لە ریكلام رێنمایی وەزارەت جێبەجێ بكرێت، هاوكات مۆڵەتی هەبێت، لەگەلأ لۆگۆی سەرەكی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار. چۆن دەشێ بەناوی ئاینەوە بەم جۆرە كولتوری بەكابول كردن لەناو عەقڵ وبیركردنەوەو پەروەردەی ئێمە بڕوێندرێت. بەراستی ئیسلامی سیاسی خراپ كار دەكات ودەیەوێت كوردستان بكاتە ئەفغانستان وئاین لەحەمام وسەیران وسەماو گۆرانی وچوونە دەرەوەش بەرۆكی رۆحمان بەرنەدات، كە بێگومان دواجار ئەوەی زیان دەكات خودی ئاین خۆیەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست