کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی دیموكرات، لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدا

Wednesday, 30/03/2011, 12:00







14 مانگ پێش ئێستە ئەم ڕاپۆرتەم بڵاوكردۆتەوەو پێشبینی ئەوەم كردووە كە پارتی لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە!!

پارتی حزبی تاكە كەس
پارتی دیموكراتی لە(16/8/1946) بەسەرۆكایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، بارزانی كەسێكی باڵا مام ناوەند بوو، دەموچاوێكی كاریگەری هەبوو، دوو برۆی چڕوو دوو چاوی رەشی هەبوو، كاتێك تەماشای بەرامبەری دەكرد، كاریلێدەكرد.
لەساڵی (1964) كۆمەڵەی بیرۆی راویاری لەپارتی جیابوویەوە، دەسەڵاتدارانی عیراق داواكانی ئێرانیان لەكەنداو جێبەجێكرد لەبەرامبەر ئەوەدا ئێران شۆڕشی كورد لەبەین بەرێ، ئەنجامی ئەوە رێككەوتنی شومی جەزائر لە(6/3/1975) لەنێوان (سەدام و شا) بەهاوكاری (سادات و مۆبۆدینی) سەرۆكی جەزائیری و بەپشتگیری كردنی (كەیسنجەر) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاتە بوون و ئاشبەتاڵ بەشۆڕشی مەلا مستەفا كرا.
لەساڵی(1979)دا پاش هەڵوەشاندنەوەی سەركردایەتی كاتی لەكۆنگرەی نۆیەمدا، پارتی دروستكرایەوە.
ئەم حزبە بەدرێژایی تەمەنی پاش مەلا مستەفا ئیدریس بارزانی و پاشان مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كردووە.
پێكهاتەی سەرەكی پارتی دیموكرات و جڵەوی ئەم حزبە بەدەست بنەماڵەی بارزانییەو تەنها ئەوان بوون دەسەڵاتداری یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان و لەپاش كۆچی دوایی مەلا مەستەفاو ئیدریس، تاكو ئێستا (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتییەو (مەسرور)ی كوڕی بەرپرسی دەزگای پاراستنی پارتییە وەك دەزگایەكی ئەمنی و دەسەڵاتدار لەناو پارتی، جگە لەو كوڕی ئیدریس بارزانی كە نێچیرەڤان بارزانییەن سەرۆكی حكومەت بووەو وەك كەسی دووەم لەپارتیدا چاوی لێكراوەو مەسرور كەكوڕی مەسعود بارزانییە، كوڕی سابیر بارزانیش لەڕووی بازرگانییەوە كۆڕەك تیلیكۆمیان خستۆتە بەردەستی، جگە لەمانە بارزانییەكانی ناو پارتی دەسەڵاتدارە یەكەمەكانی ناو پارتین لەهەر شوێن و ئۆرگانێكی ئەو حزبەدابن، بۆیە بەدرێژایی تەمەنی پارتی بارزانییەكان خاوەنی یەكەم و كۆتایی پارتی دیموكراتن، ئەمەش وایكردووە بنەماڵەیەك حكوكمی زۆرینە لەكوردستاندا بكات و حزبێكی داخراوی كەپتكراو بەرهەم بهێنێت كە لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا زۆر لەحزبە كوردییەكان تووشی لێكترازان هاتن و لەناوخۆی خۆیاندا رووبەڕووی رەخنەی توند بونەتەوە لەسەر ئەو پاوانكاریە سیاسی و ئابوورییەی لەناو حزبەكانیاندا بوونی هەیە.
پارتی دیموكرات رەنگە دواین حزب بێت كەڕووبەڕووی ئەو كرانەوەو ناڕەزایەتییە ئاشكرایەی ناوخۆی خۆی ببێتەوە.
بارزانییەكان بنەماڵەن نەك عەشیرەت
بارزانییەكان عەشیرەت نەبوون و بەشێك بوون لەزێبارییەكان و شێخ بوون و سەربەتەریقەتی نەقشبەندی بوون، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ناوخۆی خۆیانەوە لەگەڵ زێبارییەكان ناوچەكەیان جێدێڵن و گوندی (بلەو بارزان)دروستدەكەن و بەهۆی دەستدانە شۆڕش و سیاسەت، توانیان خۆیان بەسەر كوردستاندا بسەپێنن.
زێبارییەكان كەهەندێكیان لەناو پارتیدان و پلەی باڵایان هەیە، هەندێكی تریان بەهۆی ژن و ژنخوازیەوە لەگەڵ بارزانییەكان تێكەڵاوبوون و ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بەدووژمنی بنەماڵەی بارزانی دەزانن، (ئەرشەد زێباری)و (لەتیف زێباری)ین كەئامۆزای (وشیار زێباری و بابەكر زێبارین)و (حەمایل خان)ی ژنی (مەلا مستەفا) پووری هەموویانە.
(دڵدار زێباری) كەئەندامی سەركردایەتی پارتی دادی كوردستانی عیراقەو جێگری ئەرشەد زێباری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری موسڵە، پێیوایە بارزانییەكان عەشیرەت نین و بەهۆی تەریقەت و سیاستەوە بوون بەمەی ئەمڕۆ، زێبارییەكان كێشەیان لەگەڵ بارزانییەكان هەیەو لەكۆنەوە بەهۆی ملكەچ نەبوونی زێبارییەكان بۆ عەشیرەتی بارزانی ناكۆكی كەوتۆتە نێوانیان و خوێنی یەكتریشیان رشتووە.
پارتی خاڵی نییە لەكوتلەكاری
زۆر كەس پێیوایە پارتی حزبێكی داخراوەو لەناوخۆدا چەند جەمسەرو كوتلەیەكی جیاوازە، ئەوانەش بەشێكیان لەناو بنەماڵەی بارزانیدان، هەندێكی تریشیان لەدەرەوەی ئەو بنەماڵە خاوەنی كوتلەیەكی سەربەخۆن.
پارتی ماوەیەكی زۆرە كۆنگرەی ئەنجام نەداوە، هەوڵی ریفۆرم لەلایەن باڵێكی بەهێزی ناو پارتییەوە دەستی پێكردووەو چاوەڕوان دەكرێت ببێتە خاوەنی زۆرێك لەناڕەزایەتییەكانی ناو پارتی.
بەپێچەوانەوە (مەسعود ساڵەیی) ئەندامی مەكتەب سیاسی پارتی دەڵێت: لەپارتیدا مەبدەئی رەخنەو رەخنە لەخۆ گرتنی بنیاتنەرو رادەربڕین پەیڕەودەكرێت و هیچ دەستەبەندێكیش لەناو پارتیدا نییە، دیسان دەڵێم بەپێچەوانەی حەزو خەیاڵی هەندێك، بەڵام راوبۆچوونی جیا جیایش هەیەو مافی هەر كەسێكی ناو پارتییە هەر لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی تا دەگاتە هەر كادرو ئەندامێكی حزب، ئەوەش جەوهەری دیموكراتییەتەو هەركاتێكیش پارتی بارودۆخی بە لەبار هەڵسەنگاند، ئەوا كۆنگرەش دەبەسترێت.
زۆر لەچاودێرانی سیاسی باس لەوە دەكەن كەئەگەر پارتی دیموكرات لەناوخۆی خۆیدا ریفۆرم نەكات، ئەوا تووشی لێكترازانێك دەبێت بەوێنەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوەشی كەبۆ ئەم ریفۆرمە بەتواناو دەسەڵاتدارە نێچیرەڤان بارزانییە، چونكە گەنجێكی خاوەن توانای مادی و مەعنەویەو لەكەسە نزیكەكانی بنەماڵەی بارزانییەو ئەندامی مەكتەب سیاسییەو ساڵانێك سەرۆكی حكومەت بووەو ململانێی سەرۆكایەتی ئایندەی پارتی دەكات لەكۆنگرەدا.
لەم دواییەداو پاش هەڵبژاردنەكانی (تەمموزی 2009)، ئەم دەنگە لەناو پارتیدا بڵندتر سەریهەڵدا، لەو كاتەدا كەسەرۆكایەتی حكومەت لەنێچیرەڤان بارزانی وەرگیرایەوەو بەپێی رێككەوتنی ستراتیژى درایە د.بەرهەم.
چەندین ئەندامی سنووری لقی دوو دەستی لەكاركێشایەوە، چەند كادرێكی تری پارتی لەخانەقین دەستگیركرا لەسەر ئەوەی گومان دەكرێت دەنگیان بەگۆڕان داوە، جگە لەوە مووچە بڕین و لێپرسینەوەیەكی زۆر لەناو رێكخستنەكانی پارتیدا دەستی پێكرد بۆ بەرگرتن لەو شكستەی تووشی پارتی هاتووە بەتایبەت لەناوچەكانی دوور لەدەستی خۆی، هەرچەندە لەناوچەكانی دهۆك و زاخۆو سۆران و شەقڵاوەو سەڵاحەدین ئۆپۆزسیۆن دەنگی بەرچاوی هێنا، ئەمەش ئەوەی بەپارتی نیشاندا كەچیتر درووشمی (پێشڕەوی كورد پارتییە، سەرۆكمان بارزانییە) كۆتایی هاتووە.
پارتی ئاگاداری خوارەوەی خۆی نییە
(نەقیب ئەرسەلان) ئەندامی لقی شەشی پارتی دیموكرات لەئەوروپا باس لەوە دەكات كەماوەی (9) ساڵە لەو هەموو ئەو سەردانانەی بارزانی بۆ ئەوروپا لق و ئەندامانی لقی نەدیوەو تەنانەت ئەوەشی كەئاڕاستەی مەكتەب سیاسی و مەكتەب رێكخستنیان كردووە، نەگەیشتووە بەسەرەوە، بەجۆرێك كەپارتی لەئەوروپا لەكۆی (36) هەزار ئەندام كە(16) هەزاری خێزاندار بووە، بەرەو لەدەستدانی ئەندامانی لقەكەشی دەڕوات، بۆیە نەقیب ئەرسەلان پێیوایە ئەو سەردەمە بەسەر چووە كەتەنها كەسێك لەبری هەموویان بیربكاتەوەو بڕیاربدات.
دابڕانی پارتی لەچوونە سەری رەش و خۆجیاكردنەوە لەخەڵكی، دەستی پێكردووەو بەجۆرێكی لیێهاتووە ئەندامانی خوارەوەی پارتی دیموكرات بوونەتە سوتەمەنی سیاسەتی ئەو حزبە كەسیاسەتی بەڕێوەبردنی بێدەنگی و قبوڵكردنی هەموو شتێكی سەرۆكە.
سەركردەكانی پارتی زۆرینە خەڵكی بەتەمەنن و ماوەی سەركەوتنی گەنجیان بڕیوە بەجۆرێك كە وا بۆ (10) ساڵ دەچێت پارتی كۆنگرەی نەبەستووە، ئەمەش لەترسی ئەو نوێبوونەوە حەتمییەی كەپێویستە ئەنجامی بدات!
(سەلام عەبدوڵڵا) بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكرات باس لەوە دەكات كەپارتی دیموكرات پێویستە لەهەموو روویەكەوە گۆڕانكاری بكات، هەرچەندە ناوبراو ئەوە رەد دەكاتەوە كە لەحزبەكەی ئەودا ململانێ و ناكۆكی هەبێت.
دابڕانی نێوان مەكتەب سیاسی و سەرۆك و جەماوەری حزبەكەی بەجۆرێك تەشەنەی كردووە كە بەڕووخساری كادرەكانی پارتییەوە دیارە، ئێستا پارتی هێندەی خەریكی مەسەلەی سەرەوە پارێزی و بەهێزتركردنی پێگەی بازرگانی خۆیەتی، هێندە بەدەنگ ئەندامەكانی خوارەوەی ناچێت، بۆیە رێكخستنەكانی تووشی لێكترازان و ناڕەزایەتی زۆر هاتووەو ئەگەر كار بەوشێوە بڕوات، پارتی لەحزبی پێشڕەویەوە دەبێت بەحزبی سەركردە دەوڵەمەندە دوور لەخەڵكەكان.
جگە لەوە خەڵكی خۆیان هێندە بێ متمانەبوو لەسەركردایەتی پارتی كەبڕوایان بە بەڵێنەكانیان نەماوە، چونكە هەمیشە لەبەرامبەر داواكارییەكانیاندا تەنها بەڵێنی بێ كردەوەیان پێداون.
(سەرباز هەورامی) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ئێمە پێویستە بەخۆماندا بچینەوەو پەیڕەوو پڕۆگرامی پارتی لەسەر كاغەزەوە بگەیەنینە زەینی تاكەكان، هەمیشە پێویستە لەلایەن بەرپرسانەوە رەخنە لەخۆ بگیرێت.
سەرباز هەورامی راشكاوانە دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم سەخترین و ئاڵۆزترین ئەركی سەردەمی خۆیدایەتی، بارتەقا ئەم ئەركە سەختە پێوستە خۆی نوێبكاتەوە.
بۆیە نێچیرەڤان تاڕادەیەك هەستی بەو مەسەلانە كردووە، بەتایبەت كاتێك لەدەرەوەی ئەو حزبە كاری حكومەتی بەڕێوەبردووە، توانیویەتی باشتر كەموكوڕیەكانی پارتی ببینێت، بۆیە دەیەوێت ریفۆرم بكات پێش ئەوەی كارلەكار بترازێت.
پارتی تەنها لەسلێمانیدا ریفۆرمی پێدەكرێت
یەكێك لەپێگە لاوازەكانی پارتی دیموكرات لەسلێمانیدایە، ئەو شارەی كە لەهەڵبژادنی (تەمموزی 2009)دا رەفزی یەكێتی و پارتی و مەسعود بارزانی كردەوەو هیچیان نەیانتوانی زۆرینە لەبەرامبەر گۆڕان دا بەدەستبهێنن، ئەمە نیشانیدا كەیەكێتی و پارتی لەم سنوورە بردنەوەیان قورسە، بۆیە زۆركەس واهەست دەكەن كەپارتی دیموكرات بەناوی ریفۆرمەوە گۆڕانكاری لەپۆستی لق و ناوچەكانی سنووری سلێمانیدا بكات، بەمانای ئەوەی زۆر ئاسانە كەسانی سنووری ناوچەی سۆرانییەكان كەپارتی تێدا لاوازە، بۆیە گۆڕانكاری پارتیش لەم سنوورەدا ئاسانەو دەشبێتە سەدایەك بۆی لەبەرامبەر ئەو فشارە زۆرە ناوخۆییەدا بەوەی بۆچی گۆڕانكاری ناكات یاخود نوێ نابێتەوەو هەر ئەو دەمووچاوانە خاوەنی پارتی بن، تا ئەوكاتەی هەرەس دێنێت!.

ئەم ڕاپۆرتەم لە (5/1/2010) بڵاوكردۆتەوە لەژمارە 8ی گۆڤاری رێگامەگەزین، ئەوكاتە پێشبینی ئەوەم كردووە كە پارتی لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە