گەشتین بەقۆناغی ڕوبەڕوبونەوەی بەڵتەجییەكان
Sunday, 06/03/2011, 12:00
ئەوەی بەرەبەیانی 6/3/2011 بەرامبەر مانگرتووانی مەیدانی ئازادی لەشاری سلێمانی ڕوویدا ئەوەی یادهێنامەوە كە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی 25ی یەنایری مەیدانی تەحریر ئەنجامدرا لەلایەن بەڵتەجییەكانەوە! ئەمەی لای خۆمان هەمان سیناریۆیەو دوبارە دەبێتەوە، واتە دەسەڵات چاو لەئەزمونی بەڵتەجییەكانی میێر دەكات نەك پەند وەربگرێ لەڕوداوەكانی كە بووە هۆی وەدەرنانی دیكتاتۆرەكانی میێرو تونس و لیبیا، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ هەموو ئەو سیناریۆیانەی ئەو وڵاتانە لێرە بەسەر خۆپیشاندەراندا مومارەسە بكرێ!
لەو بەرەبەیانەدا 6/3 وەك بەشداربویەكی ئەو هێرشەی بەڵتەجییەكان بۆ سایتی سبەی ئاشكرای كردووە ئەوان سەر بە وەزارەتی سامان سروشتییەكانن لە لیوایەكی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان، هێنراونەتە گەراجی پشت بینای پارێزگای سلێمانی و لەوێ لەگەڵ هێزی چەند بەرپرسێكی چەكدار تێكەڵكراون و دارو دەمامكیان پێدراوە و كاتژمێر 2-3ی بەرەبەیان براونەتە سەر مانگرتووەكانی مەیدانی ئازادی!!!
بۆیە چاوەڕوانی مەترسی گەورەتر دەكرێ لەم بارودۆخەو سیناریۆی مەترسیدار بەڕێوەیە بۆ لەباربردنی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە!
لەبەر ئەوە پێویستە هێزی لیژانی ئەمنی مەدەنی دروست بكرێ لەو پێشمەرگە دێرینانەی كەبێلایەنن لەو كەسە شەریفانەی كەخەمی ئارامی و ئاسایشی ئەم وڵاتەیان هەیە، چونكە ئاسایش حاشا لەوە دەكات ئەوان بوبن ئەو كارەیان ئەنجام دابێت، جگە لەوە بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی خەڵكی خۆپیشاندەر ئێستە لەئەستۆی كەسدا نییە بۆیە پێویستە خۆمان ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرین و لەبری پەرژینی ئاشتی كە بەڕۆژ كاردەكات، بەشەر لیژانی ئەمنی دروست بكەین بۆ پاراستن و بەردەوامی گیانی خۆپیشاندەران.
بەڵتەجییەكان كێین و چی دەكەن؟ بەڵتەجی ئەو وشە نوێیە بوو كە لەڕوداوەكانی مەیدانی تەحریری میسرەوە پەیدا بوو، وەك چۆن وشەی علوج لەكاتی پەلامارە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 لەلایەن محەمەد سەعید سەحافەوە بەرامبەر سەربازانی ئەمریكا بەكاریهێناو بووە وشەیەكی باو لەناو گەلانی عێراقداو تاكو ئێستەش بۆ زۆر لەو ئۆتۆمبیلە بێ ناسنامەو سیم كارتە بێ ناونیشانانە بەكاردێت كە خاوەنیان نییە!
وشەی بەڵتەجی بەمانی جۆرێكە لە "تنمر" واتە شێوازێكی ناشیرینە كەلەلایەن كەسێك یان گروپێكەوە بەرامبەر كەس و گروپێكی تر بەكاردەهێنرێ ئەحاڵەتەش لەئازاری جەستەوە دەست پێدەكات، یان مەسەلەی بەزۆر سەپاندنی شتێكە بەسەر كەسانی تردا كەپێی وایە لەڕووی تواناوە لەخۆی لاوازترن، بۆ دەست بەسەراگرتنی ئەو كەسانە یان ئەو بارودۆخە.
ئەسڵی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە سەر زمانی توركی و لە دوو بەش پێكدێت "بەڵتە+جی" بەڵتە بەئامێری بڕین و سەربڕین دەوترێ!
لەمیێر ئەم وشە بەرامبەر دەزگا ئەمنییە سەركوتگەرەكانی ئاسایش بەكرهێنرا! كاتێك لەمەیدانی تەحریر پەلاماری خۆپیشاندەرانیاندا، بەو كەسانەی كەپێشتر خەڵكی تاوانكار بوون وەك تلیاك كێش و دز، لەبەرامبەر ماددەدا ئەم كارەیان ئەنجام داوە دژ بەخۆپیشاندەرانی میێر!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست