گەنجانی هەولێر وەرنە مەیدان و پێڵاوەكانتان هەڵبڕن
Thursday, 24/02/2011, 12:00
گەنجانی هەولێر، ئازادیخوازانی ئەو شارەی كە لە 31ی ئابی 1996 بەدەدبابەی بەعس داگیركرا، ئەی گەنجانێك كەلەسەر موڵك و سامانی وڵاتەكەتان بەرپرسانێك بونەتە ملیاردێرو ئێوەش هێشتا مافی ئەوەتان نییە داوای حەقی خۆتان بكەن و لەزانكۆ دەرتان دەكەن تاكو خۆپیشاندان نەكەن، ئەی ئەو گەنجە هاوڕێیانەی سەردەشت عوسمان ئێوە بیرتانە چۆن هاوڕێ نوسەرو خوێندكارەكەتان لەپێش چاوتان ڕفێنراو تەرمەكەی لەموسڵ فڕێدرا؟ بیرتانە مافی ژیانتان لێ زەوت كراوەو كوڕو كچی بەرپرسە داهات دزەكانی ئەم وڵاتە چۆن سامانی ئێوە بەهەدەر دەدەن بەجۆرێك كە بۆ یەك ژەمی نان خواردن دەچنە وڵاتانی دەرەوەو بۆ یەك شەوی ڕابواردن لەگەڵ كچە منداڵێكی تورك و ئەوروپی سەدان هەزار دۆلار سەرف دەكەن!! ئەی ئەو گەنجانەی كەپۆستاڵی تەپلە سور تۆقێنراون وەرنە سەر شەقام و زۆر بەهێمنانە بەبێ توندوتیژی بەردەمی دەسەڵاتی تاكڕەوی بگرن تاكو ئەوكاتەی وەڵام بەداخوازی گۆڕانكاری جدی و دادگایی كردنی پیاوكوژان و داهات دزان وەرنەگرن شەقامەكانی ئەو شارە چۆڵ مەكەن و مەیدانی ئازادی دروست بكەن، ئێمە 20 ساڵە درۆی بەرپرسە داهات دزەكان مێشكی پڕكردوین و تاكو ئەم دۆخە نەگۆڕین دەست هەڵناگرین، ئەوەشی بەزویی نەیەتە بەرەی توڕەیی گەنجان زۆر دوادەكەوێ، تكایە پێڵاوەكانتان دابنێن و لەسەروی سەری دەسەڵاتدارە داهات دزەكانەوە ڕایگرن تاكو ئەوساتەی دەست لەكورسی حوكمە ناعادیلانەكەیان هەڵدەگرن.
مامۆستایان تكایە تەنها بۆ هەفتەیەك خوێندكارەكانتان بدەنە دەست شەقام و بیانهێننە مەیدانەكانی ئازادی تاكو پەروەردەو فێركردنیان تەواو بێت، كاسبكاران تەنها هەفتەیەك كار مەكەن بۆ ئەوەی قازانجی گەورە بۆ خۆتان و ماڵ و منداڵتان دەست بخەن، پارێزەران تەنها هەفتەیەك واز لەسكاڵاو داوای تاكە كەسیی بێنن وەرن سكاڵای گەنجانی لەخوێنا تلاوەی بەردەم بارەگا جام ڕەشەكەی پارتی وەربگرن و بیبەنە بەردەم دادگا، كاسبكارن توخوا هەفتەیەك ئەو ئۆتۆمبیلە جام ڕەشانە چاك مەكەنەوە كە بەرپرسە داهات دزەكان و چەكدارە گەنج كوژەكانیان دەگوازنەوە، وەرن گوێ لەدەنگی ناڕەزایەتی گەنجانی مەیدانی ئازادی بگرن، پزیشكەكان دەست لەنەخۆشەكانتان گەنجانی سلێمانی خوێنیان دەوێ، خوێنیان ڕشتووەو برینیان قوڵە وەرن لەمەیدانی ئازادی تیمارمان بكەن، تكایە هەموو منداڵانی باخچەی ساوایان بێنن با بزان ئەگەر ئەم وڵاتە وابێت ئایندەی ئەوان لەئێستای ئێمە باشتر نابێت، ڕۆژنامەنوسان وەرن و سات بەسات ئەو هەواڵانە بگوازنەوە كەپێشتر نەتانبیستووە، داكان ئیتر مەگرین، وەرن یەكجار لەمەیدانی ئازادی فرمێسكەمانتان دەسڕین، ئەی ئەوانەی باوك و براو كەستان بەدەستی پیاوكوژەكانی دەسەڵات بێسەروشوێن كراوە یان بەكوشت دراوە وەرن لەمەیدانی ئازادی سكاڵا تۆماربكەن، لەمەیدانی ئازادی سەرۆك نییە، دادوەر خەڵكە، پەرلەمان هەر خەڵكە، حزب نەماوە، وتن بێ سانسۆرە، گرتن نییە، ڕێزگرتن هەیە، ئەوەی نەیە كەشتی مەیدانی ئازادی كەجێیهێشت دەخنكێ و لەگەڵ داهات دزەكان بەدۆزەخ شاد دەبێ، دەوەرن با هەموومان بەپێی پەتی پێڵاوەكانمان لەئاستی سەری دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان ڕابگرین بۆ ئەوەی مافی زەوتكراوی 20 ساڵەمانیان لەچاودەركەین!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست