کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەپەراوێزی بەیاننامەكەی گۆڕاندا: قسەیەك لەسەر كۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕان و یەكێتی و پارتی

Friday, 04/02/2011, 12:00


ڕەخنەیەك لەخۆمان سودی زیاترە لەهێرشكردنە سەر بەرامبەرمان، ئەم نوسینەم سەرپێییانە گوزەرێكە بەسەر لایەنێكی ڕوداوەكانی دوای بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەویش ڕەخنەیە لەئۆپۆزسیۆن،چونكە كاتی ئەوە هاتووە پاش ساڵێك زیاتر لەئەزموونی ئۆپۆزسیۆن لەمومارەسەدا خاڵ بخەینە سەر پیتی ڕستەیەكی خولقاندنی ئەم دۆخە تازە، ئەگەر ڕەخنە لەئۆپۆزسیۆن نەگرین ئەوە بەرەو نادیارێكی مەترسیداریان دەبەین، كەتیایدا ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن بوون دەكوژرێ و میلەت تەسلیم بەیەكێتی و پارتی دەكەینەوەو شەرعیەت دەدەین بەوە.
دۆخێكی نوێی چاوەڕوانكراو ڕووی لەكوردستان كرد، چاوەڕوانكراو لەو ڕووەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان توشی مەزڵەمەیەكی بەرچاو بوو بەدەستی سەرۆكی هەرێم- وەك ناوبراو لەكۆبونەوە گشتییەكەی لەگەڵ لایەنەكان و حكومەت و پەرلەمان و زانایان دركاندنی لەباسی ناڕەزایەتیەكان لەسەر یاسای خۆپیشاندان- كاتێك كە لەبەغدا گۆڕان مەحرزم كرا لەوەزارەت و پۆست، بۆیە چاوەڕوان دەكرا گۆڕان كاردانەوەیەكی توندی هەبێت بەرامبەر بەسەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و یەكێتی و پارتی، بەڵام لەكاتێكدا كە ناڕەزایەتی تونس سەریهەڵداو حكومەتێكی 23 ساڵە لەبەر یەك هەڵوەشێنرا، بەدوایدا میسر لەشەقامەوە گڕی گرت بەرامبەر حوكمی 30 ساڵەی موبارەك، ئەردەن و جەزائیرو یەمەنیش بەهەمان شێوە توشی ناڕەزایەتی بەرچاوو بوون بەرامبەر بەسەرۆك و حكومەت و پەرلەمانەكانیان، بۆیە دەبوو چاوەڕێی ئەوەبكرێ كە بزوتنەوەی گۆڕان سودی لەو دۆخە ئیقلیمییە بینیوە بۆ پێشكەشكردنی داواكەی بەرامبەر بەحكومەت و پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا كاردانەوەیەكی توندە بەرامبەر بەوەی كەپارتی و یەكێتی بەرامبەر گۆڕان ئەنجامیاندا، لەكاتێكدا كە پێویستە ئەم بەرچاوڕونیانە هەمووان پێی ئاشنا بن:

لەكوردستان ئۆپۆزسیۆنی ئیختیاری و لەبەغدا ئۆپۆزسیۆنی ناچاریی
بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لەوەی لەبەغدا پۆستی وەرنەگرتووە، بەڵام دەبوو وەك چۆن لەكوردستاندا ئۆپۆزسیۆنە سودی بۆی زیاتر بوو لەبەغداش ئۆپۆزسیۆن بێت، تاكو بتوانێ بەهەمان شێوەی كوردستان لەبەغداش ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی بناسێنێ لەئاستێكی باڵاتردا، لەو ئاستەدا كە هەموو عێراق چاوی لەسەر 8 كورسی تەنها ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان دادەناو ئەركی قورسی ئەو هەموو ڕەخنەیەی لەحكومەتەكەی مالیكی و ئەدای وەزیرە كوردەكان دەگیرێ گۆڕان لێی قوتار دەبوو، بۆیە ئێستە ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان لەبەغدا پاش مەحروم كردنی بوو لەپۆست و دەستكەوت! ئەگەر ئەمەی لەكوردستان وەك بەیاننامەیەك بڵاویكردەوە بەتۆڵەی ئەوە ئەنجامیدا ئەوە جێی ڕەخنەیەو دەردەچێ لەوەی كەبۆ داخوازی خەڵك و باشتركردنی دۆخی كوردستان بێت لەو گەندەڵی و پاوانكارییەی كەحكومەت و پەرلەمانی توشی ئیفلیج بوون كردووە.
دەكرا بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی لەئاستێكی باڵاتر لەكوردستان دابڕێژایە، تاكو چاوەڕوانی وەزارەتێك نەبووایە لەمالیكی و ئەویش لەگەڵ بارزانی موزایەدەی پێوەبكردایە، ئەگەر دەشوترێ ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، ئەوە جێی خۆیەتی بەڵام كە تۆ لەحكومەتی كوردی دەبیتە ئۆپۆزسیۆن بۆ مافی خەڵكی كوردستان، ئەولاتربوو بۆ مافی خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر حكومەتی عەرەبی عێراقی مالیكیشدا هەمان پرەنسیپت مومارەسە بكردایە، نەك ئەوەی كە مادام لەبەغدا ئیمتیازات و پۆستی 2 وەزارەتت دەدرێتێ بۆ كورد باشتربوو وەریگری، لەكاتێكدا كەئەو وەزارەتانە ئیمتیازاتەكەی بۆ ئەو حزب و لایەنەیە كە وەریگرتووەو بەتەجرەبەش ئەوە سەلمێنراوەو میلەتی كورد هیچ خێرێكی لەوەزیرە كوردەكانی حكومەتی بەغدا نەدیووە لەپێشووداو خۆشتان ئەو ڕەخنەتان گرتووە، ئەمە هەڵەیەكی كوشندەی گۆڕان بوو كەدەبوو پێش وەخت بیری وردتری لێبكردایەتەوە.

ئۆپۆزسیۆنبوون باجی هەیە نەك دەستكەوت
هەر دەربارەی خاڵی یەكەم دیداری بەرنامەی ڕوبەڕوی كەناڵی كەی ئێن ئێنی نەوشیروان مستەفا بە بەڵگەی ئەوە دێنمەوە كەئەم بەیاننامەی گۆڕانی وەك فشارو سیناریۆیەك تەفسیركرد لەبەرامبەر ئەو مەحروم بونەدا كە توشی گۆڕانیان كردووە، وەك نەوشیروان مستەفا وتی بەڵێ ئێمە بەشداری حكومەتی هەرێممان نەكردووە، بەڵام لەخوار وەزیرو بریكارەكانەوە هیچ پۆستێكمان پێنەدراوە، نانبڕاوەكانمان بۆنمونە 4 بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی دەریانكردن هێشتا نایەڵن دەوام بكەن بەهۆی بڕیاری مەڵبەندەوە... من پێم وایە لێرەدا قسەكەی عیماد ئەحمەد پێكاویەتی كەلەهەمان شەودا لەوەڵامی دیدارەكەی نەوشیروان مستەفادا كردی وتی مادام تۆ ئۆپۆزسیۆن بوونت هەڵبژاردووە پێویستە تەحەمولی باجەكەشی بكەیت، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدا یەكێتی و پارتی نەفەسی ژیانی جگە لەخۆیان لەم كوردستانەدا هێندە سنوردار كردووە كەدەتوانن خەڵكانێكی پێ بخنكێنن! بۆیە ناكرێ گۆڕان هەموو كێشەی خۆی لەوەدا سنوردار بكات لەگەڵ یەكێتی و پارتی و حكومەت كە خەڵكانی ئەوان توشی دەركردن و نانبڕین كراون و فشاریان لەسەرە، ئەگەر ئەمەیان بۆ چارەسەر بكەن ئەوا دۆخەكە هێور دەكەنەوە لەگەڵیان، بەپێچەوانەوە یەكێتی و پارتی دۆخی خەڵكیان وەك خۆی بەنەبوونی و بێكارەبایی و بێكاری و نایەكسانی درێژە پێداوە.
ئەمەش مانای ئەوە نییە كەئیتر ئۆپۆزسیۆن پێویستە مەحروم بكرێ لەو مافانەی كەمافی ئاسایی هەر تاكێكی ئەم وڵاتەیە وەك تاك یان وەك گروپ، وەك چۆن یەكێتی وپارتی ئەو مافە ڕەوا نابینن بەجگە لەخۆیان و پێیان زیادەیە ئەگەر پێشمەرگەیەكی لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن خانەنشین بكەن، لەكاتێكدا جاش و بەعسییان خانەنشین كردووە، پێیان ڕەوا نییە كەسێك پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن بكات و بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك بكات، ئەمەی یەكێتی وپارتی مومارەسەی دەكەن لەئەنجامدا ئۆپۆزسیۆنێكی توندوتیژو زمان زبر بەرهەم دێنێ چونكە حوكم چۆن بێت پێویستە بەرەنگاربونەوەكەی وەك پێویست بێت!

ئەگەر حكومەت هێشتا پێویستی بەكاتە، ئەوە ئۆپۆزسیۆن زۆر زیاتری دەوێ
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێم وایە ئاساییە گۆڕان یان هەموو ئۆپۆزسیۆن هەڵە بكەن و بڕیاری نەگونجاویش بدەن، چونكە حاڵەتی ئۆپۆزسیۆن بوونی فەرمی لەچوارچێوەی حزب و بزوتنەوەیەكی دیاریكراودا لەكوردستان تازەترین ئەزمووونە، وەك چۆن پاش 20 ساڵ لەئازادیی پاش 3 خولی پەرلەمان و 6 كابینەی حكومەت هێشتا سەرۆكی حكومەت و هەرێم و پەرلەمان دان بەوەدا دەنێن كە ئەزموونی حوكمداری كوردستان هێشتا دەڵەمەیەو خۆی نەگرتووەو لەژێر مەترسیدایەو چاوەڕوانی گەورەی لێناكرێ، بۆیە دەبێ ئەمە زیاتر بۆ ئۆپۆزسیۆن بەڕەوا ببینرێ و چاوەڕوانی كامڵبوونی تەواوی لێنەكرێ لەبەر ئەوەی وڵات گەندەڵی كوشتویەتی، حزب حاكمە بەسەر پەرلەمان و حكومەتەوە، هێشتا بودجەی حزبەكان بەیاسا نەچەسپیوە تاكو سەربەخۆیی حزبیی بێتە ئاراوە، هێشتا یەكێتی و پارتی نەخشەداڕێژەرو ئاراستەكاری حكومەت و پەرلەمانن و هێشتا دوو ئیدارەیی هەیەو شەفافیەت لەبودجەدا زۆر زۆر كەمە، هێشتا ئەكەنجە لەزیندانەكاندا هەیە، ئازادی بیروڕا لەژێر هەڕەشەدایە، ڕۆژنامەنوس لەسەر وشە حوكم دەدرێ، یاسا بۆ ئاستەنگ دروستكردنی خۆپیشاندان ئیمزا دەكرێ، هێشتا زۆرمان ماوە ...، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئێمە خاوەنی دوو حزبین كەفێر نەبوون لەدەرەوەی 50 بە 50 مامەڵە لەگەڵ خەڵكی تر بكەن كەبۆچونی زۆركات دژ بەوە، یان لەو جیابۆتەوەو بۆیتە كیانێكی سەربەخۆ، هەمیشە ئەوان حزبەكاییان واناچار كردبوو پشتیوانی یەكێتی و پارتی بن، لەبەرامبەردا بودجەو ئیمتیازاتیان بەش دەدەن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن بەتەمەنی ساڵو نیوێكەوە زۆر بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتێكی تەمەن 20 ساڵەدا دەكات.

دەركەوت پێشمەرگەو زێرەڤانی و ئاسایش بۆ پارێزگاری لەیەكێتی و پارتی بەكاردێ!
لەم ڕوداوەوە ئۆپۆزسیۆن وانیشاندرا كەدەیەوێ ئینقیلاب بكات و پەلاماری شوێنە حكومیەكان بدات، لەكاتێكدا ئۆپۆزسیۆن نەزیندانی هەیە نە پۆلیس نە ئاسایش نەدەزگای ئەمنی نە هێزی پێشمەرگەو زێرەڤانی، بینیمان ئۆپۆزسیۆن بەردێكی نەگرتۆتە هیچ باڵەخانەیەك بەڵام یەكێتی و پارتی ئاسایش و پۆلیس و تەنانەت پۆلیسی هاتووچۆو زانیاری و پاراستن و هەموو زێرەڤانی هێزی پێشمەرگەیان بەكارهێنا بۆ تۆقاندنی هەركەس كەجموجوڵێ بكات بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی ئەوان، ناكرێ لەمە بێدەنگ بین و بەمەترسی نەزانین لەكاتێكدا كەهەموو ئەم دامەزراوانەی سەر بەیەكێتی و پارتین لەداهانی ئەم وڵاتە پارەو نەسرییە وەردەگرن و بەناوی دەزگای حكومییەوە كار بۆ یەكێتی و پارتی دەكەن و هێندەی سوپای تونس و میێر سەربەخۆ نەبوون كەهەموو ئەو وڵاتەكراوە بەئاگر لەسەرۆكەكانیان! پێویستە خەڵكی كوردستان و ئۆپۆزسیۆن ئەو ڕاستیە بزانن ئەگەر بیر لەوە بكەنەوە بێنە سەر شەقام و داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەوانە بكەن ئەوە ڕوبەڕووی هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و زانیاری و پاراستن دەبنەوە كەدەبێت ئەمانە بۆ پاراستنی موڵك و ماڵی دەوڵەت و ژیانی خەڵكی بەكاربهێنرێن، دەبێت خەڵكیش ئەوە بەمافی خۆی بزانێ كەهەموو كات بۆی هەیە داوای وازهێنانی ئەو دەسەڵاتدارە گەندەڵانە بكات كە 20 ساڵە حوكم دەكەن، جا ئەم داوایە بەمەدەنی بێت یان لەكاتێكی نائاسایدا بێت و سەربكێشێ بۆ توندوتیژی، ئەوە دامەزراوە بێلایەنەكانی ئاسایش و پێشمەرگەیە لەوكاتەدا دەبێت لایەنگریی لەدەسەڵات نەكەن و لەگەڵ میلەتەكەیان بن كەئەمە چاوەڕوان ناكرێ لەو دامەزراوانە بۆیە ناكرێ بدەنگ بین لەحزبی بوونی ئەو دەزگا هەستیارانە، هەرچەندە مەسەلەكان لەكوردستان وەك وڵاتە دیكتاتۆرەكانیش نییە كەئێستە سەرۆكەكانیان لەلێواری مەرگ نزیك كردۆتەوە بەوەی كە لەدونیادا ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندان دەكات دژی دەسەڵات بەڵام لەكوردستان دەسەڵات بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە دژی ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندان دەكات!!!

گۆڕان بەشدارە لەدروستكردنی ئاسایش و زانیاریی دا !!
لەبەیاننامەكەی گۆڕاندا ڕەخنە لەدەزگا ئەمنیەكان گیراوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو نەوشیروان مستەفا لەو دیدارەیدا وتی ئێمە بەشدارین لەدروستكردنی ئاسایش و دەزگای زانیاریدا، لێرەدا جێی خۆیەتی بگەڕێینەوە سەر ئەوەی كە چەندین سەركردەی باڵای ئێستەی بزوتنەوەی گۆڕان بەفیعلی ماوەیەكی زۆر كەسی یەكەمی دەزگا ئەمنیەكان بون، وەك بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی، وەزیری ناوخۆ، جێگری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەپرسی دەزگای زانیاری، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی..... كە هەموو ئەو دامەزراوەو دەزگایانە دەستیان هەیە لەزۆر لەو كارانەدا كەئێستە خودی گۆڕان داوای بەیاسایی كردن و هەڵوەشانەوەو لادانیان لەسەر حزب دەكات بۆ سەر حكومەت، لەكاتێكدا كەبەرپرسی ئەو دەزگاو دامەزراوانە كەئێستە گۆڕانن داوای لێبوردنیان لەخەڵكی كوردستان نەكردووە لەبەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەدا كەئەوكاتە بەرامبەریان ئەنجامیانداوەو ئێستە ڕەخنەی توندی لێدەگرن، ئەو زڵم و چەوساندنەوەش بەرامبەر ئیسلامیەكان كراوە بەدەستی ئەو دەزگا ئەمنیانە، ناكرێ ئەمڕۆ ئەوە لەبیر بكەن و ئیسلامیەكان بەوە تۆمەتبار بكرێن كە مساوەمە لەمافی خەڵك دەكەن! ئێستەش بێسەروشوێنەكان كەزۆریان ئیسلامین بەدەستی ئەو دەزگایانەو هەندێكیان لەوكاتانەدا ڕفێنراون و ئەشكەنجە دراون، ناكرێ باوەڕ بەوە بكەین كەدونیاو كەسەكانی لەشەوو ڕۆژێكدا بون بەفریشتە.
ناكرێ خەڵك ببێتە سوتەمەنی تەسفیە حسابی كێشەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن
هەمووكات دژی ئەوەبووین كەسۆزی خەڵكی میحنەتكێش لەلایەن گروپ و بزوتنەوەو لایەنێكەوە سودی مەرامداری لێ وەربگیرێ و بەو ئاقارەدا ناسۆری و ناڕەحەتیەكانی ژیانی خەڵكی چەوساوەو هەژار سودی لێ ببینرێ كەببێتە پشتیوانی بۆچونی تۆ لەوكاتەدا كەپێویستتە! وەك ئەوەی ئێستە دەیبینین یەكێتی و پارتی خەڵكێك كە ژیانیان بەدەستی ئەو دوو حزبە بەقوڕا چووە كەچی دژ بەگۆڕان دەیانهێنن دەڵێن ئەها گۆڕان دەیەوێ ئەزمونەكەمان بڕوخێنێ و حكومەت و پەرلەمانەكەمان كەدەنگی ئێوەیە هەڵیوەشێنێتەوە، وەك چۆن ئێستە گۆڕان بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی بەهێز بكات دژ بەیەكێتی و پارتی خەڵكانێك دەدوێنێ كە ڕۆژانە بژێوی ژیانیان ناگاتە 5000 دینار كە پەیدای دەكەن، بەڵام لەوكاتەدا كەئەم خەڵكە هەژارە داوای مافی ژیانی خۆی دەكات كەس نایاندوێنێ و كامێراكانی یەكێتی و پارتی هەرگیز ڕوو لەوان ناكەن، وەك چۆن لەوكاتانەشدا ئەو كەسانە نیشان دەدرێن ئەویش كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەو سەركردەكان دەچن دەست دەكەنە ملیان و بەڵێنی درۆ بەگوێیاندا دەچرپێنن تاكو دەنگیان پێبدەن، بۆیە پێویستە چیتر خەڵكی لەو ساویلكەییە قوتاری بێت، هێندە یەكێتی و پارتی سۆزی نەجوڵێنن بەو سۆزە نەتەوایەتی و ئەمنییەی كەبۆخۆیان باوەڕیان پێی نیەو هەرچی دەیكەن بۆ پارێزگاری لەدەسەڵات و سەرمایەیانە، وەك چۆن دەبێ هێندە ڕێنەدەین گۆڕان یان هەر هێزێكی تر بۆ تەسفیەحسابی خۆی لەگەڵ لایەنێك عاتیفەو هەژاری خەڵك بكاتە سوتەمەنی و وای لێبێت خەڵكی بەردەوام سوتەمەنی بن چ لای ئۆپۆزسیۆن چ لای دەسەڵات، واتە خەڵكی پێویستە هۆشیار بێت لەوەی كەهێندە ببێتە لایەنگری دەسەڵات كەئۆپۆزسیۆن رقی لەخەڵكی ئەم وڵاتەش ببێتەوە بڵێ مادام هێندە خەڵكی بەخەمی پاراستنی یەكێتی و پارتییەوەن ئیتر بۆ شەڕ لەپێناویاندا بكەین، وەك ئەوەی ناكرێ خەڵكی بەتەواوی خۆی بەبەرەی گۆڕان ئەژمار بكات و وای لێبێت یەكێتی و پارتی بڵێن مادام ئەم خەڵكە ئەوەندە لایەنگری گۆڕانن با لەبرسا بمرن و لەبێ كارەباییا كوێربن، پێویستە ململانێكان ڕەوتی خۆی وەربگرێ، داواو دەستكەوتی ژێربەژێری تێدا نەبێ و ڕوون و ڕەوان بێ! مادام گۆڕان بۆ ژیانی خەڵك ئەمەی كردووە دەبوو خەڵكی بەشدار بكردایە لەوەدا كەدەیەوێ بۆیان بكات تاكو كەبەیاننامەكەی ڕاگەیاند لەشەقامەوە پشتیوانی جەماوەری هەبووایە، وەك چۆن یەكێتی و پارتی خەڵك بە پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات و دەستكەوتەكان دەخەڵەتێنن و خۆشیان هەمویان گۆڕیوەتەوە بەدزی لەداهاتی میلەت، ناكرێ ڕازیش بین بەوەی ئۆپۆزسیۆن بەموزایەدەی هەژاری و نەبونی خزمەتگوزاری خەڵكەوە دەستكەوتە شەخسیەكانی بزوتنەوەكەی لەحكومەت وەربگرێتەوە وەك بیستمان عیماد ئەحمەد زۆر لەو داواو خواستانەی گۆڕانیان لەدانیشتنە نهێنیەكاندا جێبەجێكردووە كەداوایان كردووە!!!
وە ناكرێ بەوە بڵێین دەنگی ناڕەزایەتی شەقام بەرامبەر بە گۆڕان كەوەك دەیبینین ئێستە یەكێتی و پارتی ئەنجامی دەدەن، ئەمەی ئێستە یەكێتی و پارتی دەیكات بۆ پینەكردن و شاردنەوەی كەموكوڕییەكانی حكومەت و پەرلەمانەكەیانە و بۆ ونكردنی مافی خەڵكە لەداوای كارەباو گوزەرانی باشترو كارو بژێوییدا، لەبەرامبەر ئەو فشارانەیە كەلەسەریانە، ئەمە دیماگۆجیەتێكە كەتەنها دیكتاتۆرەكان پەنای بۆ دەبەن! خەڵكێك ئێستە بەخۆی نەزانیوە ناڕەزایەتییەكانیان بۆ تەرجومەكردووە بەدوژمنایەتی گۆڕان و داخوازییەكانی خۆیان لەبیربردۆتەوە، بەڵام ئەمەش كۆتایی دێت و یەكێتی و پارتی دیسان عەورەتی كەموكورتییەكانیان بەرچاو دەكەوێتەوە!

كێ ئۆپۆزسیۆنە؟
بۆیە دەڵێم گۆڕان و یەكێتی و پارتی، چونكە هێشتا حكومەت لەخوار مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتییەوەیە.
یەكێتی و پارتی دەمێكە خەون بەوەوە دەبینن كەشەق بكەوێتە درزی ئۆپۆزسیۆن، بەداخەوە هەندێك جار كۆمەڵێك كەس لەگۆڕان ئەو هەوڵە تۆخ دەكەنەوەو بەرامبەر كۆمەڵ و یەكگرتوو زمانی یەكێتی وپارتی بەكاردێنن، لەكاتێكدا پێویستە ئۆپۆزسیۆن لەكوردستاندا جیا بكەینەوە بەوشێوازو جۆرەی كە هەیە، ئەویش ئەوەیە كە گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی نوێ كەلە جیابونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا لەیەكێتی دروست بووەو بەرەیەكی فراوانی هەیە لەكۆكردنەوەی ناڕەزایەتییەكانی شەقام، لەبەرامبەردا كۆمەڵی ئیسلامی كەحزبێكی ئیسلامی موحافیزكارە، یەكگرتووی ئیسلامی هەیە كەئەویش حزبێكی ئیسلامی موحافیزكارەو هەردوكیان دوو حزبی ئایدۆلیجین سیاسەتیان بارگاوییە بەئیسلامەتی، جگەلەمانە میدیای سەربەخۆو ئەهلی بەجۆرێك ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی بینیوە زۆركات لەغیابی ئۆپۆزسیۆنی جدیدا ئەو ڕۆڵەی بەخۆیداوەو كاریگەریش بووەو بەدەوامیشە، كەسانی ڕۆشنبیرو نوسەر كەئەمانە كەم بوون بەڵام هەندێكیان كاریگەرییان هەبووە لەسەر گەنج، جگە لەمانە خەڵكانێكی زۆر ئۆپۆزسیۆن بوون وەك چەپ و ناسیۆنال، وەك خەڵكانی دەرەوەی گۆڕان و ئیسلامیەكان و تەنها ناونیشانیان هاوڵاتی بوونە، ئەمانە لەكایە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕۆڵیان بینیوە. بۆیە ناكرێ ئۆپۆزسیۆنبوون تەنها لەیەك لایەندا كورت بكرێتەوە، ئەگەر ئەمەمان كرد ئەوە لەبەرژەوەندی حزبی باڵا دەستەو ئۆپۆزسیۆن بوون بچوك دەكەینەوە بۆ لایەنێك، دەبینین ئەوەی كەلەدەرەوەی لایەنەكانی وەك گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنە زۆرینەن ئەوانن دەنگەكانیان دەبێتە ئەوەی كە گۆڕان 25 كورسی و یەكگرتوو 6 كورسی و كۆمەڵ 4 كورسی بەدەست بهێنێ و كۆی ئەم دەنگانە ئەگەر دەنگی ئەندامە دیارەكانی ئەو لایەنانەی لێدەركەی، بە زیاتر لەنیو ملیۆن ئۆپۆزسیۆنی نوستوو دەخەمڵێنرێ و هیچیان ئەندامی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو نین و بەبێ پارەو ئیمتیازات دێن و لەهەڵبژاردندا دەنگ بەئۆپۆزسیۆن دەدەن.
بۆیە شەڕكردن لەسەر ئەوەی كێ ئۆپۆزسیۆنەو كێ پێش ئەویتر ئۆپۆزسیۆن بووە هەڵاوێردنێكی هەڵەیەو مافی ئەو زۆرینە هاوڵاتییە ئۆپۆزسیۆنەی تێدا وندەكرێ كەبەسودی كەسمان نییە.

ئیسلامیەكان لەململانێی گۆڕان و یەكێتی و پارتیدا
كەس ناتوانێ ئەوە لەیاد بكات كەزۆرترین ئەو كەسانەی لەسەر ئایدۆلۆجیاو ئینتیمای سیاسی زیندانی كراون و ئەشكەنجەیان چەشتووە بەدەست دەزگاكانی ئاسایش و زانیاری و پاراستن ئیسلامیەكانن، زۆرترینی ئەوانەی لەسەر وشە گیراون و لەپۆستەكەیان دورخراونەتەوەو نانبڕاو كراون، مامۆستایانی ئاینین بەتایبەت ئەوانەی كەلایەنگرو ئەندامی كۆمەڵ و یەكگرتوو بوون، ئەوە ئاسایش بوو كەهەموو هەفتەیەك مامۆستایەكی ئاینی لەوتارخوێندن دوردەخستەوەو زیندانی دەكرد لەبەرامبەر ئەوەدا باسی گەندەڵ و ناعەدالەتی یەكێتی و پارتی دەكرد، ئەوە ئەو گەنجانە بوون كەبەردەوام چاودێری ئاسایشان لەسەر بووەو زیندانی كراون و زۆریان هێشتا بێسەروشوێنن لەبەرامبەر ئیسلامیی بونیاندا، ئەو یەكگرتووی ئیسلامی بوو بارەگاكانی لە 2005 سوتێنراو چەندن ئەندامێكیشان تیرۆركردن بەپێشچاوی هەموو دونیاوە تەنها لەبەرامبەر ئەوەدا كەبەلیستی جیاواز چونە هەڵبژاردنی بەغدا، ئەوە كۆمەڵی ئیسلامی بوو كەئەمیرەكەی 2 ساڵ بەڕاپۆرتی درو لەڕاستی یەكێتی و پارتی لەمیوانداریدا دەستگركراو خرایە زیندان، هەموو ئەمانە لەكاتێكدا ئەنجام دراوە كە زۆر لەو سەركردانە ئەمڕۆی گۆڕان بەرپرسیارێتی بەشێك لەو كارانەیان دەكەوێتە سەر، بەڵام كە كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەوانە لەبەرچاو ناگرن و لەبەرەیەكدان لەگەڵ گۆڕان ناكرێ هەندێك نادیدە بێتە مەیدانەكەو هێرشی ناڕەوا بكاتە سەر ئیسلامیەكان بەوەی كەلەگەڵ یەكێتی و پارتی هاو هەڵوێستن! ئەوە بێئینسافییە كەبەرامبەر كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكرێ، كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەگەر بەو ئیمتیازاتانە ڕازی بونایە كە یەكێتی و پارتی خستویانەتە بەردەمیان بۆ وازهێنان لەئۆپۆزسیۆن بوون ئەوە بۆ هەرلایەك فەراهەم بكرایە وشەیەكی بەرامبەر یەكێتی و پارتی نەدەوت، ئەوە كۆمەڵ و یەكگرتوو بوو لەكۆبونەوەی 19 حزبەكەدا ڕازی نەبوون وشەیەك دژی گۆڕان بڵاوبكرێتەوە، ئەگەر نا بارودۆخەكە بەجۆرێكی تر دەكەوتەوە، پێوستە گۆڕان بەرپرسیارانەتر لەگەڵ دۆخی ئۆپۆزسیۆن بوون مامەڵە بكات و هەندێك كەسی بەوجۆرە بیر نەكەنەوە كەیەكێتی و پارتی دەیانەوێ، پێویستە دەستیش لەو عەقڵیەتە هەڵگرن كەپێشتر یەكێتی بوون و ئێستە لێی جیابونەتەوەو تۆڵە دەكەنەوە، ناشكرێ هەموو كەس بەعەقڵی یەكلایەن بیربكاتەوەو تایبەتمەندی خۆی لەدەستبدات، بۆیە گۆڕان پێویستی زیاتری بەكۆمەڵ و یەكگرتووە نەك وابزانێ تەنها ئەو ئۆپۆزسیۆنەو ئەبێت خەڵكی تر بەشوێن ئەودا هەنگاو هەڵنێن.
ئێستە لەوقۆناغەداین كەپێویستە ڕەخنە لەئۆپۆزسیۆن بگرین بۆ ئەوەی بەشوێن سیاسەت و بیركردنەوەی یەكێتی و پارتیدا نەچنەوەو لەهەڵەو كەموكورتییەكانیان تێبگەن و هەوڵی چارەسەری بدەن، ئەگەر ڕەوایە ڕەخنەی توند لەیەكێتی و پارتی بگرین، ئەوا دەبێ ڕازی بین بەوجۆرەش ڕەخنە لەخۆمان بگیرێ و هەموو شتێمان بەڕاست نەزانین!
ناكرێ بەوجۆرەش بیر بكەینەوە كە مادام گۆڕان وای كرد یان وای وت دەبێ كۆمەڵ و یەكگرتووش بیر نەكەنەوەو وا بكەن، لەكاتێكدا كەهەموو گۆڕان كۆك نییە لەسەر ئەوەی كەبەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەكرێ،ئیتر چۆن دەگونجێ لەسەر هەڵوێستێكی گۆڕان خەڵكی دادگایی بكەیت كەبەهەمان ئاراستەی تۆ بۆچونەكەی تۆی دوپات كردۆتەوە بەڵام بەشێوەیەكی تر! وە 17 حزبیشی ناچاركردووە دان بەوەدا بنێن كەتۆ لەسەری بەدەنگ هاتوون، بۆیە ئێستە كاتی ئەوەیە كە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو داوای نەخشەی رێگا لەحكومەت و پەرلەمان بكەن بۆ بەرەنگار بونەوەی ئەو گەندەڵییە كەهەمووان لەسەری كۆكن، یان پرۆژەی بەرەنگاربونەوەی ئەو گەندەڵییە پێشكەش بكەن و داوای جێبەجێكردنی و ماوەی جێبەجێكردنەكەی و چاودێری هەنگاوەكانی ئەو پرۆژە بكەن لەحكومەت.

ئەسڵی كێشەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو
دەكرێ لەم دۆخە نوێیەوە لەوە تێبگەین كە كێشەیەكی سەرەكی نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بریتییە لە دانیشتنی لەگەڵ یەكێتی و پارتی، واتە گۆڕان لەسەرەتاوە موقاتەعەیەكی تەواوی یەكێتی و پارتی كرد لەوەی كەئامادە نییە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیان دابنیشێ، بەڵام وەك لەمجارەدا ئاشكرا بوو یەكێتی چەندین جار بەنهێنی لەگەڵ گۆڕان دانیشتنی كردووە، لەدیدارەكەی نەوشیروان مستەفاشدا ئەوە بەڕوونی دەركەوت كە وتی یەكێتی و پارتی لەگەڵمان دانانیشن یان بەنهێنی تاكو كۆبونەوەیەك سازدەكەن، یان بۆ موزایەدە لەبەرامبەر یەكتر ئەو دانیشتنانە دەكەن! لێرەوە ئەوە دەركەوت كە گۆڕان لەگەڵ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانێتی لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەڵام لەژێر فشارێكی زۆری جەماوەریدان كەبەمە ڕازی نین، چونكە لەسەرەتاوە گۆڕان ئەمەی بەقەتعی وەرگرت لەكاتێكدا لەسیاسەت و ژیانی حزبیدا قەتعكردنی پەیوەندی شتێكی گونجاوو نییەو هەتا هەتایش نییە، گفتوگۆو دانیشتن هەمیشە لەناكۆكی و شەڕ باشتر بووە، ئەمە یەكێكە لەو پێوەرانەی كەلای ئەندامانی گۆڕان و لایەنگرانیی حسابی بۆ دەكەن، ئەوەی لەگەڵ یەكێتی و پارتی دانیشێ ئەرزشی ئۆپۆزسیۆن بوونی لەدەست دەدات بۆیە گۆڕان دانیشتنەكانی بەنهێنی ئەنجام دەدات لەگەڵ یەكێتی و پارتی كەئەمەش بارێكی ئاسایی نیەو ناكرێ لەو خەڵكەی بشاریتەوە، بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەو مەسەلەیان یەكلایی كردۆتەوەو دانیشتنیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەئاشكرایەو قەتعیش نەبووە، بۆیە ناكرێ لەسەر دانیشتنەكانی نێوان ئەم لایەنانە هەندێ ناوو ناونیشان ببەخشینەوە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن، پێمان وابێت كەیەكێتی و پارتی بەنهێنی لەگەڵ گۆڕان دادەنیشن بۆ شتنی ژێربەژێرەو بۆ پلانگێڕانە بەرامبەر لایەنەكانی تر، یان كۆمەڵ و یەكگرتوو كەلەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆبونەوە ئەوە لەدەست چوون و دۆڕاون وەك ئێستە خیتابی خەڵكی سادەو هەندێك ڕۆشنبیریش لەسەر ئەم حاڵەتە بونیاد نراوە لەكاتێكدا كە ئێستە گۆڕان و یەكێتی و پارتی داوای دانیشتن و گفتوگۆ لەیەك دەكەن و پێویستیشە ئەوە بكرێ و ئیتر باری نائاسایی نێوان ئۆپۆزسیۆن و یەكێتی و پارتی كۆتایی بێت و شەڕەكان لەسەر مافی حەقیقی هاوڵاتیان بێت لەپەرلەماندا بەرامبەر بەئەدای حكومەت، پێویستە یەكێتی و پارتیش واز لەوتۆمەت بەخشینەوەو ڕاگەیاندنە دەم پیسە هەڵگرن كەكاتێك سیاسیەكانیان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردن ئەوەی نەگونجێ ئەیڵێن و ئەینوسن و بڵاویدەكەنەوە! بەتایبەت ئەم ئەركە قورساییەكەی لەسەر یەكێتی و پارتییە چونكە ئەوان لەگەڵ نوجەیفی دادەنیشن و دەیكەن بەسەرۆكی پەرلەمان و لە موتڵەگ و بەعسیەكان خۆش دەبن كەئەوەی باوەڕیان پێی نییە كوردو مافەكانێتی! .... خۆ كۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕان نە عەرەبن نەشۆڤێنین نەبەعسین! تاكو بەچاوی دوژمن بەگەل بتانەوێ بیانناسێنن!!
چی بكرێ ؟
خوازیارم شتەكان یەكلایەنە نەبینین و تەرەفدارانە شیكاری هەڵوێست و ڕووداوەكان نەكەین بەڵكو بابەتیانەتر قسە لەسەر بارودۆخی ئێستاو پێشهاتەكان بكەین ئەگەر لەسەر خودی خۆشمان قورس بێت بەڵام پێویستە لایەنگری حەقیقەتێكی ڕێژەیی بكەین كەهەموومان لەسەری پێكدێین، پێویستە گۆڕانیش خەڵكی بزوتنەوەكەی لەڕۆحی تۆڵەسەندنەوە دابەزێنێ بۆ گۆڕانی جدی سیستەمی حوكمڕانی نەك كاردانەوەو تۆڵەكردنەوە لەوحزبەی كەتەمەنت تێیدا جێماوەو لێی جودا بویتەتەوە، ئەگەر ئەمە نەكەین ئەوە تەمەنی ساڵێكی پەرلەمان و حكومەت تێپەڕی و هاوڵاتیان باجی ئەوەیانداوە پەرلەمان نەبووە بەشوێنی شەڕی ئەوان بەڵكو بۆتە جێی ناكۆكی نێوان گۆڕان و لیستی كوردستانی و كۆمەڵ و یەكگرتوو، هەر لایەك دەیەوێ هەوڵ و دەستكەوتی ئەویتر كەمبكاتەوە یان بیسڕێتەوە، بۆیە یاساكان بەوجۆرە تێدەپەڕن و چاودێری حكومەت و پرۆژەكانیشی دەچێتە خانەی ئەو ململانێ سیاسیەوە كەزۆركات دەبێتە مەسەلەی شەخسی نێوان دوولایەن، حكومەتیش بەو تەشەنوجە شتەكانی ئۆپۆزسیۆن وەرنەگرێ كە تەنانەت ئامادەش نییە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارەكان بداتەوە.
ئۆپۆزسیۆنیش پێویستی بەوەیە نێوان خۆی ڕێكتر بخات تاكو ناكۆكی لەنێوانیاندا دروست نەبی، چونكە هەرناكۆكییەكی نێوان ئۆپۆزسیۆن لەبەرژەوەندی یەكێتی و پارتییە و ڕێگە خۆش دەكات بۆ بەردەوام بوون لەسەر گەندەڵی و پەردەپۆش كردنی كەموكوڕییەكانی! هەرچەندە لەعەقڵی كوردیدا لێبوردەیی و قبوڵكردنی یەكتر كردەیەكی سانا نیە! ئەم نەریتەش یەكێتی وپارتی لەخولقاندنی قۆناغی ئێستایدا بەرپرسیارێتییەكەیان دەكەوێتە سەر چونكە ئەوان شۆڕشگێڕ بوون، بەردەوام بەو نەفەسە كاریانكردووە كەئەبێت براوەبن و ئەگەر بشدۆڕێن هەر خاوەنی سەروەرین، بۆیە ئێستە كە حكومەتداری دەكەن ئامادە نین دان بەهەڵەكانیاندا بنێن و بەهەمان ئەقڵیەتی شۆڕشگێڕی كارو مامەڵە دەكەن، ئەمە لەكاتێكدا گونجاوو دروست بووە كەبەرامبەرەكەت بەعس بووەو دوژمنت بووە، بەڵام ئێستە بەرامبەرەكەت ئۆپۆزسیۆنەو نەرمی نواندن بۆی سەروەرییە! چاككردنی هەڵەكانی حكومەتداری لەوە سەروەری زیاترە، بەڵام بەداخەوە یەكێتی و پارتی لەم نەریتە مەحرومن ! ناكرێ ئۆپۆزسیۆنیش بەم ئاكارە مامەڵە بكات لەگەڵ یەكدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە