کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌نجانی هه‌ولێر وه‌رنه‌ مه‌یدان و پێڵاوه‌كانتان هه‌ڵبڕن

Thursday, 24/02/2011, 12:00


گه‌نجانی هه‌ولێر، ئازادیخوازانی ئه‌و شاره‌ی كه‌ له‌ 31ی ئابی 1996 به‌ده‌بابه‌ی به‌عس داگیركرا، ئه‌ی گه‌نجانێك كه‌له‌سه‌ر موڵك و سامانی وڵاته‌كه‌تان به‌رپرسانێك بونه‌ته‌ ملیاردێرو ئێوه‌ش هێشتا مافی ئه‌وه‌تان نییه‌ داوای حه‌قی خۆتان بكه‌ن و له‌زانكۆ ده‌رتان ده‌كه‌ن تاكو خۆپیشاندان نه‌كه‌ن،
ئه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ هاوڕێیانه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان ئێوه‌ بیرتانه‌ چۆن هاوڕێ نوسه‌رو خوێندكاره‌كه‌تان له‌پێش چاوتان ڕفێنراو ته‌رمه‌كه‌ی له‌موسڵ فڕێدرا؟
بیرتانه‌ مافی ژیانتان لێ زه‌وت كراوه‌و كوڕو كچی به‌رپرسه‌ داهات دزه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ چۆن سامانی ئێوه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن به‌جۆرێك كه‌ بۆ یه‌ك ژه‌می نان خواردن ده‌چنه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و بۆ یه‌ك شه‌وی ڕابواردن له‌گه‌ڵ كچه‌ منداڵێكی تورك و ئه‌وروپی سه‌دان هه‌زار دۆلار سه‌رف ده‌كه‌ن!
ئه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌پۆستاڵی ته‌پله‌ سور تۆقێنراون وه‌رنه‌ سه‌ر شه‌قام و زۆر به‌هێمنانه‌ به‌بێ توندوتیژی به‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی بگرن تاكو ئه‌وكاته‌ی وه‌ڵام به‌داخوازی گۆڕانكاری جدی و دادگایی كردنی پیاوكوژان و داهات دزان وه‌رنه‌گرن شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌ چۆڵ مه‌كه‌ن و مه‌یدانی ئازادی دروست بكه‌ن،
ئێمه‌ 20 ساڵه‌ درۆی به‌رپرسه‌ داهات دزه‌كان مێشكی پڕكردوین و تاكو ئه‌م دۆخه‌ نه‌گۆڕین ده‌ست هه‌ڵناگرین، ئه‌وه‌شی به‌زویی نه‌یه‌ته‌ به‌ره‌ی توڕه‌یی گه‌نجان زۆر دواده‌كه‌وێ، تكایه‌ پێڵاوه‌كانتان دابنێن و له‌سه‌روی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌ داهات دزه‌كانه‌وه‌ ڕایگرن تاكو ئه‌وساته‌ی ده‌ست له‌كورسی حوكمه‌ ناعادیلانه‌كه‌یان هه‌ڵده‌گرن.
مامۆستایان تكایه‌ ته‌نها بۆ هه‌فته‌یه‌ك خوێندكاره‌كانتان بده‌نه‌ ده‌ست شه‌قام و بیانهێننه‌ مه‌یدانه‌كانی ئازادی تاكو په‌روه‌رده‌و فێركردنیان ته‌واو بێت، كاسبكاران ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك كار مه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قازانجی گه‌وره‌ بۆ خۆتان و ماڵ و منداڵتان ده‌ست بخه‌ن، پارێزه‌ران ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك واز له‌سكاڵاو داوای تاكه‌ كه‌سیی بێنن وه‌رن سكاڵای گه‌نجانی له‌خوێنا تلاوه‌ی به‌رده‌م باره‌گا جام ڕه‌شه‌كه‌ی پارتی وه‌ربگرن و بیبه‌نه‌ به‌رده‌م دادگا، كاسبكارن توخوا هه‌فته‌یه‌ك ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ جام ڕه‌شانه‌ چاك مه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ داهات دزه‌كان و چه‌كداره‌ گه‌نج كوژه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه‌،
وه‌رن گوێ له‌ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی گه‌نجانی مه‌یدانی ئازادی بگرن، پزیشكه‌كان ده‌ست له‌نه‌خۆشه‌كانتان گه‌نجانی سلێمانی خوێنیان ده‌وێ، خوێنیان ڕشتووه‌و برینیان قوڵه‌ وه‌رن له‌مه‌یدانی ئازادی تیمارمان بكه‌ن، تكایه‌ هه‌موو منداڵانی باخچه‌ی ساوایان بێنن با بزان ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاته‌ وابێت ئاینده‌ی ئه‌وان له‌ئێستای ئێمه‌ باشتر نابێت،
ڕۆژنامه‌نوسان وه‌رن و سات به‌سات ئه‌و هه‌واڵانه‌ بگوازنه‌وه‌ كه‌پێشتر نه‌تانبیستووه‌، داكان ئیتر مه‌گرین، وه‌رن یه‌كجار له‌مه‌یدانی ئازادی فرمێسكه‌مانتان ده‌سڕین، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوك و براو كه‌ستان به‌ده‌ستی پیاوكوژه‌كانی ده‌سه‌ڵات بێسه‌روشوێن كراوه‌ یان به‌كوشت دراوه‌ وه‌رن له‌مه‌یدانی ئازادی سكاڵا تۆماربكه‌ن، له‌مه‌یدانی ئازادی سه‌رۆك نییه‌، دادوه‌ر خه‌ڵكه‌،
په‌رله‌مان هه‌ر خه‌ڵكه‌، حزب نه‌ماوه‌، وتن بێ سانسۆره‌، گرتن نییه‌، ڕێزگرتن هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ كه‌شتی مه‌یدانی ئازادی كه‌جێیهێشت ده‌خنكێ و له‌گه‌ڵ داهات دزه‌كان به‌دۆزه‌خ شاد ده‌بێ، ده‌وه‌رن با هه‌موومان به‌پێی په‌تی پێڵاوه‌كانمان له‌ئاستی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیكتاتۆره‌كان ڕابگرین بۆ ئه‌وه‌ی مافی زه‌وتكراوی 20 ساڵه‌مانیان له‌چاوده‌ركه‌ین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە