کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڵاوكردنەوەی ئامارو بەڵگەكانی گەندەڵی

Tuesday, 12/04/2011, 12:00







بەپێی ئامارێك %80ی دانیشتوانی كوردستان سودی %20 لەداهاتی كوردستان دەبینن، بەپێچەوانەشەوە، %20ی كەسانێك لەكوردستان %80ی داهاتی ئەم وڵاتە دەبەن بۆ خۆیان! وانە كەسانێك لەبرسا سكیان ئێشێ، كەسانێكیش ئەوەنەیان خواردووە سكیان ژانەكا!!
ساڵی 2010 كابینەی شەش 100 ملیۆن دۆلاری تەرخان كرد بۆ سندوقی نیشتەجێبوون تاكو كێشەی كرێچی چارەسەر بكات بەڵام تازەترین ئاماری ئەم هەفتە كە خۆیان بڵاویانكردۆتەوە %35ی خێزانەكانی كوردستان ئێستا كرێچین! لەكاتێكدا دەستەی وەبەرهێنانەكەی ئێوە 15 هەزار دۆنم زەوی بەبێ بەرامبەر بەخشیوە بەكۆمپانیاكانی كەخۆیان سەهمیان تێیدا هەیە! ئەی بۆ نەتاتنوانیوە كێشەی كرێنشین چارەسەر بكەن؟
كامە عەدالەتی وەبەرهێنانتانە كە بۆ كردنەوەی دوو نەخۆشخانە 300 مەتر زەویتان تەرخان كردووە بەڵام بۆ كردنەوەی ئارایشتگای سایە 5000 مەتر زەویتان دابین كرجووە؟
ئەی حكومەتی هەرێم وەزارەتی كشتوكاڵ تۆ لەبودجەی ساڵی ڕابردوودا 10 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارت تەرخان كرد بۆ گواستنەوەی بەروبومی كشتوكاڵی جوتیاران لەدێهاتەكانەوە بۆ شارەكان، بەڵام ئێمە هێشتا ساڵانە 910 هەزار تەن میوەو سەوزە لەدەرەوەی هەرێم دێنینە كوردستان!كە 660 هەزار تەن سەوزەو 250 هەزار تەن میوەیە.
ئەی وەزارەتی كشتوكاڵ كە تائێستە خەڵك ناوی وەزیرەكەت نازانین
لەبودجەی ساڵی پار 100 ملیۆن دۆلارتان دابین كرد بۆ قەرزی كشتوكاڵ كەبەبۆ هەر جوتیارێك 50 هەزار دۆلارتان تەرخان كردووە بەڵام زۆرینەی مەسئولەكان ئەم پارەیان وەرگرتووە.
ئێوە جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و منداڵانیشتان پێشێل كردووە كەبەپێی مادەی 32ی جاڕنامەی مافی منداڵان دەبێت منداڵ پارێزراوبێت لەهەر جۆرە چەوساندنەوەیەك، دور بێت لەهەر جۆرە هەڕەشەیەك كە ئازار بەجەستەو ڕۆحی بگەیەنێ، بەڵام ئێوە لە 17 و 19 و 25 ی شوبات منداڵتان شەهید كرد، لەسلێمانی و چەمچەماڵ و كەلار. جگە لەوە لەو هەولێرەی كە ئێستە كردوتانە بەسەربازگەو شانازی بەوەوە دەكەن كردوتانە بەدوبەی ڕێژەی منداڵانی ئیشكەر %55 ە بەپێی ئاماری ساڵی 2007 ی ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان. لەدهۆك %27 ەو لە سلێمانی %17 یە.
ئەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەیادمان نەچووە كە لە 2/9/2009 پێتان وتین بۆ بودجەی 2010 كێشەی بودجەی پێشمەرگە چارەسەر بووەو چۆتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق! بەڵام تاكو ئێستە مانگانە 42 ملیار دینار لەبودجەی خەڵكی دەبەن بۆ هێزە چەكدارەكانتان كە لەبەغدا بە 180 هەزار چەكدار تۆمارتان كردووەو پارەی زۆرینەی وەردەگرن!!
ئەی وەزارەتی پیشەسازی كە هێشتا ناوی وەزیرەكەت خەڵك نایزانێ، بەپێی ئامارەكانی خۆتان لەئێستادا 757 كارگەی بیناسازی لەكوردستان كار دەكات، كە 413 كارگەیان لە سلێمانیە، بەڵام هەر لەم سلێمانیەدا بەپێی ئاماری مانگی 5ی ساڵی 2010 بەڕێوەبەرێتی بەكارخستن و ڕاهێنانی پیشەیی سلێمانی ناوی 28 هەزار بێكاری تۆمار كردووە بۆیە لە 23/3/2009 گەنجێك بەناوی ئاری تاهیر لەبەر بێكاری لەم شارەدا خۆی سوتاند.
كامە باشكردنی بژێوی ژیانی خەڵكە لەكاتێكدا كە ساڵانە جوڵەی ئابوری كوردستان 24 ملیار دۆلارەو هەمووی دەچێتە گیرفانی كۆمپانیا توركی و میسری و ئیماراتی و ئێرانی و ئەوروپیەكان، كامە سودە بۆ گەشەی ئابوری كوردستان وەك ئابوری ناسێك دەڵێ سەیری بەڵێندەرایەتی 198 وڵاتی دونیام كردووە لەهیچیانا كۆمپانیای بیانی پێش كۆمپانیای خۆماڵی ناكەوێ، بەڵام تەنها لەكوردستانە كە بەتەندەر خاس و تەنفیز موباشر پرۆژە دەدرێ بەو كۆمپانیا بیانیانەی كە خۆیان شەریكیانن، لەكوردستان جادە هەیە 3 خەتە دراوە بەكۆمپانیایەكی توركی بە 18 ملیۆن دۆلار، هەمان جار سایدی بەرامبەری كە 4 خەتییە واتە گەورەترە، كۆمپانیایەكی خۆماڵی كردویەتی بە 11 ملیۆن دۆلار، واتە 7 ملیۆن دۆلار زیادە دراوە بەكۆمپانیایەكی توركی كە ئیشەكەی كەمتر بووە لەكۆمپانیا ناوخۆییەكە، جگە لەوە كوالێتی كۆمپانیا ناوخۆییەكە باشتریش بوە، ئەمە بۆ؟ لەبەر ئەوەی شەریكن لەگەڵی!! ئەی حكومەت كامە شانازیتە بۆ ئەوەی كوردستان بەڕووی وەبەرهێناندا كراوەتەوەو لەگەشەندندایە ئەوەتا
تیم كوكەس كە ڕۆژنامەنوسێكی بیانییەو یەكێك لەڕۆژنامەنوسە دیارەكانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزە هاتۆتە هەرێمی كوردستان و ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە دەنوسێ، دەستێوەردانی پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی، لەكاری بازرگانی، وایكردووە كاری بازرگانی و وەبەرهێنان لەكوردستان كەمبێتەوە، ئەو ڕۆژنامەنوسە دەڵێ ئەم دەستێوەردانە پەردەی لەسەر خۆدەوڵەمەند كردنی نایاسایی بەرپرسان هەڵماڵیوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئایندەی وەبەرهێنان و گەشەی ئابوری لەكوردستان.
ئەمانە كەدەڵێن بودجە كەمەو پرۆژە زۆرەو عەجزمان هەیە ڕاست ناكەن ئەمە بەهۆی گەندەڵییەكانی ئەوانەوەیە كەگەرنا لەماوەی 6 مانگ یەكەمی ساڵی 2009 تەنها لەمەرزی باشماخدا حكومەتی هەرێم یەك ملیار دۆلاری دەستكەوتووە!! لەقازانجی كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەو سەرچنار تەنها بۆ ساڵی 2004 حكومەت 23 ملیار و 597 ملیار دیناری قازانحی بەركەوتووە، لە تەنها لەدەزگای گشتی پرۆژە تایبەتیەكان بۆ هەمان ساڵ 17 ملیارو 868 ملیۆن دینار قازانج بەر حكومەت كەوتووە، تەنها بەڕێوەبەرێتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا هەمان ساڵ 5 ملیارو 245 ملیۆن دینار قازانجی هەبووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە لە 2007 كەشفی كردووە ئەو پارە نەدراوە بەحكومەت!! بۆ عەجزتان نابێت كە تەنها تەلەفزیۆنی كەركوكی یەكێتی مانگانە 205 ملیۆن دیناری پێدەدرێ، ساڵانە ڕێكخراوی مناڵپارێز 2 ملیارو 856 ملیۆن دیناری پێدەدرێ، تەلەفزیۆنی وەرزشی كەركوی یەكێتی مانگانە 110 هەزار دۆلاری پێدەدرێ.
ئەی ڕاوێژكارەكانی حكومەتی هەرێم كە بۆ 19 وەزارەت 200 ڕاوێژكارن و مانگانە بڕی 700 ملیۆن و ساڵانە 7 ملیار تەنها موچەتانە كوا ئێوە ئیشتان لەم حكومەتە گەندەڵە بێ سیادەو ئیرادەدا چییە؟ كە تەنها لەڕوداوەكانی هاتوچۆی ساڵی ڕابردوودا 868 كەس گیانیان لەدەستداوە؟ چیتان هەیە بۆ باشكردنی ژیانی قوتابیكانمان كەلە كوردستان 206 قوتابخانە دەوامی سیانی و 1700 قوتابخانە دەوامی دوانیان تێدایە؟ بەڵام 2408 دۆنم زەویتان داوە بە ڕەفیق حزبییەك!!!
ئەی حكومەت ئێوە گەندەڵیتان گەیشتووە بەو شەهیدانیش، بەڕێزان بەپێی ئامارێكی فەرمی كە 9/9/2009 وەزیری شەهیدانی كابینەی پێشوو بڵاویكردەوە ئێستە 54720 شەهیدمان هەیە كە ناوو دۆسیەیان تۆمارە بۆ وەرگرتنی شەهیدانە بەڵام كاتێك كەشفی ئەم ناوانەی شەهیدان كرا 4000 ناوی ساختە دۆزرایەوە كە یەكێتی و پارتی داخڵی ناوی شەهیدانیان كردووەو موچەكەیان وەرگرتووە!!
كامە خزمەتتانە بۆ پاراستنی گیانمان كە وەزیری تەندروستی دەڵێ سیستمی تەندروستی كوردستان هی سەردەمی عوسمانییە!! كە سیستمی سەدەی هەژدەیەمە.
وەزیری تەندروستی (د.تاهیر هەورامی) لەدیدارێكی ڕۆژنامەی ڕۆژنامەدا كە لە ژمارە (576ی 6/4/2010)دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێ "ئامێری سیتی سكانمان هەیە ڕۆژی یەكجار ئیشی پێناكرێ كەچی ساڵانە (250) دوسەدو پەنجا هەزار دۆلار دەدەین بە ێیانەكردنیان، بەو كۆمپانیایەی كەلێمانكڕیوە!!
كامە پلانتانە ئەی حكومەت كە (د.خالید عەلی) لەوەزارەتی تەندروستی لە ڕۆژنامەی چاودێری 252ی 7/12/2009)دا دەڵێ 90%ی ئەو دەرمانانەی كەدەهێنرێنە كوردستان بەكۆنترۆڵی جۆریدا تێناپەڕێت!!
ئەو كۆمپانیا كۆرییەی كە لەكۆریا كۆمپانیایەیەك بەو ناوەوە بونی نەبوو خەستەخانە 400 قەرەوێڵەییەكەیان پێدا بە تنفیز موباشر، لەكاتێكدا لە تەندەر پڕكردنەوەدا لەپلەی چوارەمدا بوو بەڵام لەڕێگەی عومەر فەتاحەوە ئەوكارەی پێدرا كەدەبوو 1/2/2008 تەواوی بكات نەك تەواوی نەكرد و ڕۆشت پاش ئەوە بەنوسراوی ژمارە (13035 لە 30/10/2008) ڕەزامەندی لەسەر داوای هەمان كۆمپانیای كۆری دەربڕراوە بۆ ئەوەی پرۆژەی وێستگە 51 مێگاواتی كارەبای تاسڵوجە ئەنجام بدات كە ئەبێت 30مۆلیدە بهێنێ بایی 25ملیۆن دۆلارە بەڵام ئێستە ئەو كۆمپانیای كە مۆلیدەكانی فرۆشتووە بە كۆمپانیا كۆرییەكە ئامادە نییە بێتە كوردستان تاكو كار بەمۆلیدەكان بكات!!!
كامە عەدالەتی دادگاو سەروەری یاساتانە لەكوردستان زیندانی هەیە لەزیندانی مەعەسكەر سەلام 20 ساڵ حوكم دراوە تەنها 5 دەقیقە دادوەری بینیوە!! مەلەفەكانی لە لیژنەی مافی مرۆڤەو سەرۆكی لیژنەكەش لەلیستی كوردستانییە لەسەر ئەو ناعەدالەتیانە هەفتەیەكە دەستی لەكاركێشایەوە.

ئەم وتارەم لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە لە 7/4/2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە