کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەوڵی تیرۆری سەركردەكان لەسیناریۆ و پیلانەكانی (یەكێتی و پارتی)دا

Monday, 07/02/2011, 12:00




هەوڵی تیرۆركردنی سەركردە سیاسییەكانی كوردستان مێژوویەكی هەیە، هەندێك لەو تیرۆرانە بەدەستی نەیارانی كورد ئەنجامدراوە، هەندێكی تر لەو تیرۆرانە لەلایەن لایەنێكی كوردییەوە بەرامبەر ئەو سەركردە كوردانە لەكاتی ناكۆكی و شەڕی نێوخۆییدا ئەنجامدراوە یان پلانی بۆ داڕێژراوە، زۆر لەو تیرۆرانە سەركەوتوو بووە، هەندێكیشی پێش ئەنجامدان ئاشكرا بووە، وەك چۆن زۆرێك لەوانەش ئەنجامدەرانی دەستگیركراوە، یان بەنادیاری ماوەتەوە.
ئەوەی لەم راپۆرتەدا مەبەستە، هەوڵی تیرۆركردنی مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وەك یەكێتی نیشتمانی باسی لێوەكردووەو پارتی دیموكراتی تێدا تاوانباركردووە، پارتیش لەبەرامبەردا ئەمە بەتۆمەتێكی ناڕەوا وەسفدەكات و پلانی تیرۆرەكەش بەسیناریۆی پەردەپۆشكردنی هەوڵی تیرۆركردنی فرانسۆ حەریری دەزانێت، هەرچەندە ئەم مەسەلە وەك پارتی دەڵێت پاش ئەوە هات كەیەكێتی بەزەبری هێزی چەكدار پەرلەمانی داگیركرد.
هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی
لە(19/7/1994) لەكاتێكدا فرانسۆ حەریری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەپەرلەمانەوە بەرەو سەڵاحەدین دەگەڕایەوە، لەنێوان شاوێس و سەڵاحەدیندا كەوتە بەر پەلامارێك و هەوڵی كوشتنی درا، لەئەنجامدا فرانسۆ حەریری بەسوكی برینداربوو، پارتی دیموكرات لەبەرامبەر ئەم هەوڵەدا یەكێتی نیشتمانی تۆمەتباركرد، وەك پارتی دەڵێت دوو پەرلەمانتاری تری پارتی (ئازاد قەرەداخی و فازڵ ڕەئوف) دەكەونە ئەو كەمینەوە كە لەلایەن یەكێتیەوە بۆ كوشتنی فرانسۆ حەریری دانراوەو هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن.
پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەم هەوڵی كوشتنەی فرانسۆ حەریری، لە(20/7) پانزەهەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێدا، لەو كۆبوونەوەدا مەلا بەختیار كەئەندامی پەرلەمان بوو، هەوڵیدا ئەو كارە بەتیرۆر ناوزەد نەكرێت و وتی: ئەوە كەمینێك بووە نەك پلانی تیرۆریستی، بەڵام لەكۆبوونەوەی شانزەهەمی پەرلەماندا كە(2/7) بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكانی (تەقەلێكردن و برینداركردنی فرانسۆ حەریری و گلدانەوەو چەككردنی هەردوو ئەندام پەرلەمان (ئازاد قەرەداخی و فازڵ ڕەئوف)و تەقەلێكردن لەهەردوو ئەندامی پەرلەمان (ئەرسەلان بایزو تەها محەمەد تەها) بكرێت.
هەرچەندە فرانسۆ حەریری لە(8ی شوباتی 2001) لەلایەن چەند كەسێكەوە كوژرا، لەكاتێكدا بەرەو لقی دوو بەڕێكەوتبوو.
هەوڵی كوشتنی مەلا بەختیارو تەقاندنەوەی مەڵبەندی (8)ی یەكێتی
یەكێتی نیشتمانی لەدوای رووداوی تەقەكردن لەفرانسۆ حەریری، لەڕاگەیاندنەكانییەوە مەسەلەی پلانی تیرۆركردنی مەلا بەختیارو تەقاندنەوەی مەڵبەندی هەشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كردە تۆمەتێك لەسەر پارتی دیموكرات و زنجیرە وتارێكی لەكوردستانی نوێ لەسەر ئەم رووداوە بڵاوكردەوەو دەستیكرد بەهێرشكردنە سەر پارتی، چونكە لەم كاتەدا رێكەوتنی پاریس لەنێوان پارتی و یەكێتی لەئارادا بوو.
لەم كاتەدا كەیەكێتی نیشتمانی كوردستان پارتی دیموكراتی تاوانبار دەكردو لەڕاگەیاندنەكانییەوە ئەو پلانەی ئاشكرادەكرد كەبۆ كوشتنی مەلا بەختیار لەلایەن پارتی دیموكراتەوە داڕێژراوە، هێندەی تر بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبوو، بۆیە مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكرات هاتە ناو مەسەلەكە.
مەسعود بارزانی دەربارەی تیرۆری مەلا بەختیار هاتە قسە
لە(3/8/1994) مەسعود بارزانی نامەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت و بەرەی كوردستانی و مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی كرد كەئەمە دەقی نامەكەیە:
سڵاوێكی گەرم، بەپێویستی دەزانم كەبەهۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا دەزگاكانی راگەیاندن زۆر بەبەربڵاوی بەتایبەتیش لەم یەك دوو رۆژەی رابردوودا كەوتوونەتە تۆمەت نانەوە بەوەی گوایە هەوڵی تەقاندنەوەی مەڵبەندی (8)ی ینك و تیرۆركردنی كاك مەلا بەختیار لەلایەن پارتیمانەوە دراوەو چەندین تۆمەتی ناڕەوای تر...، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كەهەوڵی خێرخوازان لەناوەوەو دەرەوەی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و ساڕێژكردنەوەی برینەكان بەردەوامەو ئەو لیژنانە بۆ ئەم مەبەستە پێكهاتوون لەدەستبەكاربووندان، دیارە ئەمەش جێگای داخەو هەرگیز لەگەڵ گیانی هەست بەلێپرسینەوە كردن لەبەرامبەر مەسەلە چارەنوسییەكاندا ناگونجێت، بەتایبەتیش لەكاتێكی وادا.. بۆیە لەپێناوی كۆتایی هێنان بەم پاشاگەردانییە، داوا لەهەموو ئەو لایەنە بەڕێزانەی (كە لەسەرەوە ناوم هێناون) دەكەم، هەوڵبدەن بەهەموویان لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوەیەكی جدی و بەپەلە بۆ ئەم تۆمەتانە دابنێن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەش كێی تاوانباركرد بەپێی یاسا، لەهەر لایەنێك بێ بەسزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت.
بانگهێشتكردنی تاڵەبانی و بارزانی بۆ پەرلەمان
لە(15/8/1994) كەهێشتا بارودۆخی كوردستان بەتەواوی نەشێوابوو، مام جەلال و مەسعود بارزانی بانگهێشتی پەرلەمان كران، لەم كاتەدا بارودۆخ لەناوچەكانی سلێمانی و قەڵادزێ بەتەواوی رووی لەگرژی كردبوو، یاداشتی نوێنەرانی پەرلەمان لەو دوو شوێنەوە بۆ هەردووكیان خوێنرایەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داوای لەتاڵەبانی و بارزانی كرد ئەگەر لەماوەی (10) رۆژدا بارودۆخەكە ئاسایی نەكەنەوە، ئەوا پەرلەمان جێدێڵن، لەم كۆبوونەوەیەدا وەفدَكی پەرلەمانی بەریتانی كەپێكهاتبوون لە(تۆك كلارك وەزیری سایە لەحزبی كرێكاران، بارۆنە لیدی كۆكس لەحزبی پارێزگاران، لۆرد ئیڤبری لەحزبی لیبراڵی دیموكرات)، ئامادەبوون.
بزووتنەوەی ئیسلامی و م.عەلی باپیر هێنرانە مەسەلەكەوە
پاش كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، یەكێتی ئیدیعای ئەوەی كرد كەبزووتنەوەی ئیسلامی رێگرە لەبەردەم ئاسایی بوونەوەی كوردستاندا.
كوردستانی نوێ لەژمارە(763)ی (19/8/1994)دا، نامەیەكی مامۆستا عەلی باپیری بڵاوكردەوە كەبۆ وەفدەكەی پەرلەمانی نوسیبوو، تێیدا باسی لەسیاسەتەكانی یەكێتی كردبوو بۆ شەڕو ئاژاوە نانەوە، ناوبراو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی پەرلەمان مەرجی دانابوو، سەرۆكی پەرلەمان داوای لەبزووتنەوەی ئیسلامی كرد لەوبارەوە رونكردنەوە بدات، بزووتنەوەی ئیسلامی لە(20/8) وەڵامی دایەوەو نامەیەكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی و غانم جەوادی نوێنەری (ئای ئێن سی)كرد كە لەو نامەدا هەوڵەكانی یەكێتی بۆ شەڕ ئاشكراكردبوو.
بەڵام بەدوای ئەمەدا یەكێتی چاوەڕوانی پەرلەمانی نەكردو لەدەڤەری قەڵادزێ شەڕی خوێناوی هەڵگیرساند.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە