ڕۆڵی باش و خراپی میدیای كوردی لەڕووداوەكانی 17ی شوباتدا
Saturday, 26/02/2011, 12:00
میدیا لەمڕۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیادا بەهەموو كەناڵە جیاوازەكانی گەیاندنەوە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەئاراستەكردنی ڕووداوەكاندا، بەجۆرێك كە دەتوانێ پێشڕەوی گەیاندنی زانیاری و ڕابەرایەتی ڕاپەڕین و شۆڕش بێت وەك ئەوەی كە جزیرە لە میێردا كردی، بەپیچەوانەوە دەشتوانێ وەك كەناڵی میێر پارێزەری دەسەڵات و شارەوەی ڕاستیەكان بێت، نمونەی ئەم دوو جۆرە میدیایەو چەند شێوەیەكی تری كاری میدیا لەدونیادا باوە، هەرچەندە لەڕۆژئاوا ئەم مۆدیلەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەمێكە پاشەكشەی كردووە بەتایبەت كە میدیا بەبینراوو بیستراوو نوسراوەوە بۆتە كەرتی تایبەت و شێوەیەكی بازرگانی، بەڵام لەوڵاتی ئێمە هێشتا حزبە خاوەنی سەرچاوەی دارایی میدیایە، بۆیە میدیایەكی ئاراستەكراوی بەسێبەر ناوبراومان هەیە لەگەڵ میدیایەكی تری لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ میدیای سەربەخۆ یان ئەهلی، كەئەمەیان زیاتر لەڕادیۆیەك و چەند ڕۆژنامەو گۆڤارێكدا خۆی دەبینێتەوە.
گرنگترین كارەسات لەمیدیای كوردیدا ئەوەیە كە سەربەخۆ نییەو پاشكۆی سیاسەتی تاك یان حزبە، بەو مانایەی كەئەگەر حزب ڕێگەی نەدا بۆی نییە سەربەخۆو بێلایەنانە لەسەر مەسەلەكان بدوێ و ڕاپۆرت بكات، بۆ زانینی ئەمەش ڕوداوی خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی و ناوخۆی عێراق و كوردستان دەكەمە نمونەی كاركردنی ئەم جۆرە لەمیدیا لەكوردستاندا.
لەگەرمەی ڕوداوەكانی تونس و پاشان میێردا میدیای حزبی دەسەڵاتدار لەكوردستان كەمترین گرنگی پێدەدا بەجۆرێك كە لەنەشرەیەكی هەواڵدا یەك كورتە هەواڵی لەسەر بڵاودەكردەوە لەكاتێكدا هەموو میدیا جیهانییەكان جگەلەوەی پەخش و بەرنامەی ڕاستەوخۆی بەردەوامیان هەبوو لەسەر ئەو ڕووداوانە هەموو نەشرەی هەواڵەكانیان دەبوو بەڕووداوەكانی تونس و میێر، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەحزبە حاكمەكانی وڵاتانی ناوچەكە بەكوردستانیشەوە لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی وڵاتانی عەرەبی و هەڵهاتن و دەركردنی سەرۆكەكانیاندا نین تاكو گەلەكانی خۆشیان داوای ئەوە نەكەن كە لەتونس و میێر داوای دەكرێ!
لەلایەكی ترەوە جۆرێكی تر لەمیدیا لەكوردستان هەیە كەمیدیای ئۆپۆزسیۆنە ئەمانە لەگەڵ ئەوەدان كە ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئیرادەی سەركەوێ چونكە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل دەكات بۆیە گرنگی زۆریان دەدا بەو ڕووداوانەو پەخشی ڕاستەوخۆ و بەرنامەی بەردەوامیان بۆ تەرخان كردبوو، سیاسی و ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنییان بۆ دەدووان، لەبەرامبەردا لایەنی دەسەڵات بەم كارە نیگەران بوو چونكە پێی وابوو دڵخۆش بوون بەڕووخانی ئەو ڕژێمانە وەك ئەوە وایە پشتیوانی لەڕووخانی سیستەمی وڵاتەكەی خۆشت بكەیت!
بەلای منەوە ئەمە تاڕادەیەك گرفتی كەمە كە میدیایەكی كوردی كەبەزمانی كوردی پەخش دەكات و تەنها كوردەكان لێی تێدەگەن گرنگی نەدات بەڕوداوێكی نزیك یان دوور لەخۆی هەرچەندە كاریگەرییەكانی ئەو ڕووداوانە زۆر خێرا گەیشتوون بەوڵاتی خۆشمان، بەڵام ناكرێ ئەمە وەك ئەوە سەیر بكەین كەلەناوخۆی وڵاتەكەی خۆتدا ڕوودەدات، بەو مانایەی زۆر كەناڵ هەبوو لەكوردستان پشتیوانی ئەوەی دەكرد كە شۆڕشی تونس و میێر سەربكەوێ بەڵام كاتێك هەمان ڕووداو لەكوردستان ڕویدا و خەڵكی خۆپیشاندانی كرد ئەو كەناڵە ئامادە نەبوو وشەیەك لەسەر ئەو ڕووداوانە بڵاوبكاتەوە بەڵكو بەیاننامەی حزب و لایەنەكەی خۆی دەخوێندەوە كە ئیدانەی خۆپیشاندەرانی دەكردو بەگێرەشێوێن ناوزەدی دەكردن، لەكاتێكدا ئەو خۆپیشاندەرانە دەیانیان لێ بریندار كرابوو گەنجێكیش شەهید بوبوو!
لەشەوی یەكەم و دووەمی ڕوداوە خوێناویەكەی 17ی شوباتدا ئەوەی تەماشای كەناڵە كوردییەكانی بكردایە واهەستی دەكرد لەسلێمانی هیچ ڕوینەداوە جگە لەكارێكی ئاژاوەگێڕی كەشایەنی سەرزەنشتە!!
هەر ئەو شەوە جەزیرە بوو پێی وتین چی لەسەرای سلێمانی و بەردەم لقی چواردا خولقاوە، لەوێوە زانیمان گەنجی كورد چۆن ڕوبەڕووی بەكارهێنانی چەك بونەتەوە بەوێنەی ئەوەی لەهەندێك ناوچەی ڕوبەڕوبونەوەی تونس و میێر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا ڕویداوە.
ئەمە ئەو میدیا نابەرپرسە ئاراستەكراوەیە كە دەیەوێ بەویست و زمان و سیاسەتی لایەنەكەی خۆی قسە بكات، ئەو لایەنەی كە سەرەتا پێی وایە ئەمانە گێرەشێوێنییان كردووە، بەڵام كەدەبینێ ئەمە خواستێكی شەقامەو لایەنگری زۆری هەیە، پاش چەند ڕۆژێك ئاراستەی كارەكانی دەگۆڕێ و دێتە بەرەی خەڵك و ڕاپۆرتەكانی بۆ پشتیوانی و وروژاندنی شەقامی كوردییە، بەڵام هەمان میدیا كە هەڕەشەی لێدەكرێ بەوەی نابێت بەوجۆرە ببێتە لایەنگری خۆپیشاندەران و تەنها ئەوانە بدوێنێ كە دژی دەسەڵاتن ئەمجارەش مەسەلەكە هێور دەكاتەوەو دەیەوێ دڵی خەڵك و دەسەڵاتیش ڕابگرێ.
لەپاڵ ئەمانەدا میدیایەكی تر هەیە كەمیدیای حزبی باڵادەستەو كاتێك تەماشای دەكەیت، دەبینی ئەوكاتەی چەكدارەكانی ئەو حزبە كە گەنجیان كوشتووەو هەزاران گەلەیان تەقاندووەو دەیان گەنجیان بریندار كردووە تەنها لەبەرامبەر ئەوەدا كە شوشەی بارەگاكەیانیان شكاندووە دێت باسی گێرەشێوێنان دەكات بەوەی پەلاماری بینایانداوەو شوشەیان شكاندووەو ئارامی شاریان تێكداوە، ئیتر خوێنڕشتن و تەقەكردن لەهاوڵاتی خۆپیشاندەرو بریندار كردنیان لەم میدیایەدا هیچ بایەخ و باسێكی نییە!
ئەمە لەو جۆرە میدیایە دەچێ كە میێرو تونس و لیبیا خاوەنێتێ! لەوكاتەدا كە هەموو گەل داوای لابردنی سەرۆك دەكات! ئەو میدیایە دێت و پشتیوانی ئەو سەرۆكە نابوتە دەكات و 300 كەس نیشان دەدات كەبەپارە هێنراون بۆ پشتیوانی سەرۆك، بەڵام ئەو 3 ملیۆن كەسە نیشان نادات كە داوای لاچون و ڕۆشتنی سەرۆكەكەیان دەكەن!!
وەك بینیمان لەوكاتەدا كەچەكدارەكانی پارتی دیموكرات لەسلێمانی و قەزاو ناحیەكانی وەك چەمچەماڵ و هەڵەبجەو سەید سادق 2 گەنج شەهید دەكەن و دەیانی تر بریندار دەكەن و بارەگاكانیان بەردباران كراوە دێت لەهەولێر خەڵكی دێنێتە سەرجادەو سەمای بۆ دەكەن و ئەوە نیشان دەدات كە خەڵكی شارەكەی ئەو شادو خۆشییان هەڵبژاردووەو لەسەر شەقامەكان هەڵدەپەڕن وەك ئەوەی وڵات شامی شەریفەو كەس نیگەرانییەكی نییە!! وەك چۆن ئەوكاتەی كە قەزافی بەفڕۆكە خۆپیشاندەرانی لیبیای دەكوشت، میدیاكەی هەڵپەڕین و حەفلەی لایەنگرەكانی نیشان دەدا!
جگە لەوانە لەو كاتەدا كە لەشاری سلێمانی خۆپیشاندان دەكرێ و گەنجێك شەهید دەبێ و 11ی تر بریندار دەبن ئەو میدیا حزبییە دێت پەخشی ڕاستەوخۆ لەشاری كەركوكەوە دەكات و هانی خەڵكی دەدات تاكو سۆزی نەتەوایەتییان بگرێ بەوەی كەركوك مەترسی لەسەرەو عەرەبە شۆڤێنییە كۆنە بەعسیەكان دەیانەوێ داگیری بكەنەوە!! لەكاتێكدا لەناو شاری كەركوك هیچ هاوڵاتییەك نەكوژراوە، تەنانەت لەو خۆپیشاندانانەدا كە عەرەب و تورك و كورد تێیدا بەشدار بووە تەنها پۆلیس بریندار بووە، واتە ئەگەر كەسێك لەم كاتەدا تەماشای میدیای حزب و میدیای ئۆپۆزسیۆن بكات تێناگات ئایا مەرسی لەسەر چی شارو ناوچەیەكەو خۆپیشاندن لەكوێیەو گێرەشێوێن كێیەو فریادڕەس كێیە!! ئازادیخواز كێیەو كۆنە بەعسی كێیە! مافی خۆیەتی داوای ڕونكردنەوە بكات بڵێ بۆچی ئەو هەواڵانە كەلەم كەناڵانەوە پەخش دەكرێ سەدا سەد جیاوازن؟!! واتە ئەگەر سەیری كەناڵەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەی هەست دەكەی كەركوك و قەزاو ناحیەكانی هیچی تێدا نەگوزەراوە بەوجۆرە، بەڵام ئەوە دەزانی كە واقیعی ناوخۆی كوردستان ئاگری گرتووە لەناڕەزایەتیدا، وەك ئەوەی كە میدیای دەسەڵات باسی ناكات!! بۆیە ئێمە پێویستمان بەمیدیایەكە ئایدۆلۆجیانەو سیاسیانە و حزبییانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندا نەكات چونكە ئەركی میدیا گەیاندنی ڕووداوەكانە وەك خۆی، نەك شێواندنی ڕووداوەكانە لەپێش چاوی بینەر تاكو كاریگەرییان لەسەر دابنێ!!
سەیرە ئێمە ئامادەبین ڕاستەوخۆ ڕووداوەكانی مەیدانی تەحریری میێر بگوازینەوە، بەڵام كاتێك خۆمان دەبین بەخاوەنی مەیدانی تەحریرو نوێژی هەینی تێدا كرا، هیچ میدیایەك نەبوو بتوانێ ڕاستەوخۆ ئەو مەراسیمە گرنگە بگوازێتەوە بۆ نێو ماڵەكان!!
بۆیە میدیای كوردی شەڕێكی زۆر مەترسیدار بەرامبەر ماف و هەست و داخوازییەكانی تاكی كوردی دەكات و بەردەوام توڕەی دەكات! توڕە لەو نیشاندراوانەی پێی وایە درۆیە، توڕە لەو موجامەلەی كە دەزانێ لەترس و فشارەوە سەرچاوەی گرتووە، توڕە لەو وروژاندنەی كەوای لێدەكات بچێتە سەر شەقام و ڕێگەی نییە!
ئێمە میدیایەكمان دەوێ كە ڕاستگۆیانە پێمان بڵێ چیی لەكوردستان و دەوروبەرمان دەگوزەرێَ! ئەو میدیامان ناوێ كەبەكرێ گیراوە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەویە كەحزبەكەی دەیەوێ، ئێمە ئەو میدیامان دەوێ كەلەدەرەوەی خۆیانە بەڵام بۆ زانینی ئەوەی كەلەناوخۆی خۆمان ڕوودەدات وەریدەگێڕین و بەڕاستیشی دەزانین، بۆیە ئەولاترە میدیای ناوخۆی كوردستان ئەو متمانەمان پێ ببەخشێت كە ڕاستی لێ وەربگرین نەك ئەو میدیایەی كە تەنها شێواندن پەخش دەكات!
چونكە ئەمە ئەركێكی مۆراڵییەو لەسەر شانی میدیایە ئەوە بڵاوبكاتەوە كە ڕاستییە، بەوجۆرەش بڵاوی بكاتەوە كەبێلایەنی پێوەدیار بێت!
ئەمە بۆ میدیای بینراو زۆر ڕون و ئاشكرایەو قەیرانێكی گەورەو مەترسیدارە بۆیە خەڵكی كوردستان بەزۆری پەنا دەبەن بۆ میدیای نوسراو بەتایبەتی ئەوەی كەبەسەربەخۆو ئەهلی دەزانن! هەرچەندە لەو میدیایەدا میدیای سێبەر ڕۆڵی كەناڵە حزبییەكان دەگێڕێ بەڵام بەمەترسیدارتر، وەك چۆن بینیمان میدیای ئەهلی ئاماژە بەژمارەی قوربانیەكان و شێوازو جۆری توندوتیژییەكان و دوواندنی هەموو لایەنەكان دەدات بەڵام میدیای حزب و سێبەر دێت خەڵكی دەكات بەئاژاوەگێڕو ئەوە بڵاو دەكاتەوە كە تەقینەوە لەناو خۆپیشاندەراندا ڕوودەدات، خەڵكی دەتۆقێنێ تاكو كەس كۆنەبێتەوەو پشتیوانی خۆپیشاندانەكە نەكات، ئەو وێنانە دەشارێتەوە كە گەنجێك تەرمەكەی لەسەر شەقامەكان كەوتوو، ئەو میدیایە دێت بەشان و باڵی دەسەڵاتدا هەڵدەدات و خەمی ئارامی شارو وڵات دەكاتە ئەركی خۆی بەجۆرێك كە خۆپیشاندەر لەگێرەشێوێن ناو دەبات و بەردوەشاندنی پێ تاوانە بەڵام مرۆڤ كوشتنی بەلاوە ئاساییەو باسی ناكات!! میدیایەك هەیە دەڵێ گێرەشێوێنان بەردبارانی بارەگای حزبێكیان كردو ئارامی شاریان تێكدا، لەهەمان كاتدا میدیایەك هەیە دەڵێ چەك بەدەستەكانی بارەگای فڵان حزب تەقەیان لەخۆپیشاندەران كردو لەئەنحامدا گەنجێك گیانی لەدەستداو دەیانی تریش بریندار بوون! ئەمە هەمان ڕووداوە لەیەك شوێن و كاتدا بەڵام بەدوو دیدی جیاوازی كاركردنی ڕۆژنامەوانی، كەیەكێكیان میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەهلییە ئەویتریان میدیای سێبەرو حزبە باڵادەستەكانە.
وەك چۆن ئێستە لەكوردستان میدیایەك هەیە بەبەلاش چەواشەكاری بڵاودەكاتەوە، میدیایەكیش هەیە بەپارە ڕووداوەكان وەك خۆی دەگوازێتەوە! لەكاتێكدا ئەوەی ڕووداو وەك خۆی دەگوازێتەوە بەڕێژەیی پارەی نییەو لەسەر فرۆشی خۆی دەژی! بەڵام میدیاكەی كەنابەرپرسەو ڕووداوەكان دەشێوێنێ لەسەر بودجەی میلەت دەژی و بۆ بەرژەوەندی تاكە لایەنی خۆی ڕووداوەكان پەخش دەكات!هەموو ئەم جۆرە میدیایەش كار لەسەر هەست و سۆزی بینەرو خوێنەر دەكات، میدیایەكیان سۆزی كەسەكان بۆ بەرژەوەندی حزب و لایەنەكەی خۆی بەكاری بێنێ! ئەویتریشیان بەئاراستەی دژ بەو حزب و لایەنە ڕوداوەكان ئاراستە دەكات.
لەمەوە دەگەینە ئەوەی كە ئێمە لەدەرەوەی حزب و لایەنداری میدیایەكمان پێویستە كە ڕووداوەكانمان وەك خۆی و بەبێ كۆمێنتی خۆی و تێكەڵكردنی و بۆچون و ئایدۆلۆجیای خۆی، بەڵكو ئەو میدیایە كاریگەرە كە هەموو لایەنەكانی ڕووداوێك وەك خۆی دەگوازێتەوە ئەوكاتە بینەر خۆی بڕیار دەدات لەسەر مەسەلەكە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست