لە ئەتاتورك تا ئەردۆگان: هەڵوێستی ئاراستەی ئیسلامی و عەلمانی لەسەر مەسەلەی كورد لەتوركیا
Saturday, 18/06/2011, 12:00
بەشی دووەم (1931-1980)
سەرەتای قەدەغەكردنی زمانی كوردی لەتوركیا لەساڵی 1932 توركیا دەستی كرد بە ڕاگواستنی كوردەكان لەناوچەكانی خۆیانەوە، لە هەمان ساڵ حكومەت بەفەرمی بەكارهێنانی زمانی كوردی قەدەغە كرد، هەموو كۆمەڵەو دامەزراوە كوردیەكانی داخست، وشەی كوردو كوردستانی لەهەموو فەرهەنگ و نوسینێكدا سڕیەوە، لەوكاتەوە كوردەكان بەتوركی شاخاوی ناسێنران، لە 12ی حوزەیرانی 1934 یاسای ژمارەی 2510ی دەركرد كە توركیا دەكات بە 3 ناوچەوە تاكو كورد لەتوركیا لەڕووی نەتەوەیی و جوگرافی و كلتوریەوە بسڕێتەوەو لەتەواوی توركیادا ونی بكات، پاشان فشاریان خستە سەر ناوچە كوردییەكان بۆ تەسلیم كردنی چەكەكانیان بەتایبەت لەناوچەی دەرسیم، لێرەوە شەڕ هەڵگیرسایەوە چونكە كوردەكان ئامادە نەبوون چەك تەسلیم بكەنەوە بەتوركیا، ساڵی 1937 گفتوگۆ لەنێوان تورك و كورد دروست بوو بەڵام سەركەوتوو نەبوو، كوردەكان 5 هەزار چەكداریان پێكهێنایەوەو توانیان تورك لەناوچەی دەرسیم بشكێنن، پاش ئەوەی كوردەكان داوای حوكمی زاتیان دەكردو ئامادەش نەبوون چەك تەسلیم بەتوركیا بكەنەوە 30 هەزار سەرباز برایە ناوچەكەو شەڕی قورس دەستی پێكردەوە، لەم شەڕەدا كە سەرۆك وەزیرانی توركیا عیسمەت ئینینۆ سەرپەرشتی دەكرد توانیان كوردەكان بەرەو سنوری عێراق وەدەرنێن، پاش ئەوە جەنەراڵ عەبدوڵڵا ئەلب دۆغان نامەیەكی بۆ سەید ڕەزای سەركردەی كوردەكان نوسی و داوای گفتوگۆی لێكرد بەڵام بەناوی گفتوگۆوە سەید ڕەزایان دەستگیركردو لە 18ی تشرینی دووەمی 1937 سەید ڕەزاو كوڕە بچوكەكەی و 11 لە سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان لەگەڵیدا لەسێدارە دران.
بارودۆخی كورد پاش ئەتاتورك لە 10ی تشرینی دووەمی ساڵی 1938 مستەفا كەمال ئەتاتورك لەشاری ئەستەمبوڵ گیانی لەدەستدا، ڕۆژی پاش ئەوە ئەنجومەنی نیشتمانی توركیا كۆبویەوەو عیسمەت ئینینۆ چووە شوێنی ئەتاتورك و سەرۆكایەتی حزبی گەلی كۆماری وەرگرت، لەیەكەم وتاریدا وەفای خۆی دوپات كردەوە بۆ جێبەجێكردنی فیكرو ئایدۆلۆجیاو سیاسەتی ئەتاتورك، سەركردایەتی سوپاش لەدەستی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران نەمابوو كەمال ئەتاتورك لەجێی خۆی ئەو ئەركەی سپاردبوو بە ماریشال فەوزی شاقماق و لەوڕۆژەوە دامەزراوەی سەربازی توركیا سەربەخۆیەو ئەركی سەرەكی پاراستنی وڵاتی پێ سپێردراوە و تەداخولی كاروباری سیاسی ناكات مەگەر لەو كاتانەدا كە سیستەمی حوكمی كەمالی عەلمانی دەكەوێتە مەترسی و ڕزگاری دەكات وەك لە ساڵەكانی 1960 و 1971 و 1980 و 1997 دامەزراوەی سەربازی توركیا ئەو سیستەمی حوكمەی ڕزگاركردووە لەكەوتن و مەترسی.
لەساڵی 1939 تاكو ساڵی 1945 كورد تاڕادەیەك بەهێوری ژیاوە لەتوركیا بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم، جگە لەوە 500 هەزار سەربازی تورك لەناوچە كوردیەكان جێگیركراوە بۆ ڕێگری لەهەر شۆڕش و ڕوبەڕوبونەوەیەك.
حزبی گەلی كۆماری توشی شكست هات لەساڵی 1945 كاتێك كۆنگرەی حزبی گەلی كۆماری ئەنجامدراو كۆمەڵێك لەئەندامەكانی پرۆژەی چاكسازیان پێشكەش كرد بەڵام لێیان وەرنەگیرا لە ساڵی 1946 ئەو ئەندامانە لەحزبی گەلی كۆماری جیابونەوەو حزبێكی تریان بەناوی (حزبی دیموكراتی) ڕاگەیاندو لەهەڵبژاردنی ساڵی 1947 توانیان 61 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن لەبەرامبەر 404 كورسی حزبی گەلی كۆماری.
ساڵی 1948 30 ئەندام پەرلەمانی حزبی دیموكراتی وازیان هێناو حزبی نیشتمانیان دروست كرد چونكە پێیان وابوو حزبی دیموكراتی سازش لەگەڵ حكومەت و حزبی گەلی كۆماری دەكات.ماریشال فەوزی شاقماق كە سەرۆك ئەركانی پێشوی سوپاو هاوڕێی مستەفا كەمال بوو سەرۆكایەتی ئەم حزبە نوێیەی گرتە دەست.
لە 23ی كانونی دووەمی 1949 حكومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی شەمسەدین غونالتای پێكهێنراو لەیەكەم وتاریدا باسی لەئازادی بیروباوەڕ كرد، حزبی دیموكراتی پشتیوانیان لێكرد، لە 15ی شوباتی 1950 توانیان یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنێن.لە 14ی ئایاری 1950 حزبی دیموكراتی توانی 403 كورسی بەدەست بهێنێ، لەكۆی 882 كورسی پەرلەمانی توركیا، حزبی گەلی كۆماری دەنگەكانی دابەزی بۆ 69 كورسی، عیسمەت ئینونو دەستی لەسەرۆك كۆماریی كێشایەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی جەلال بایاری هەڵبژارد بۆ سەرۆك كۆمار، ئەویش عەدنان موندەریسی تەكلیف كرد بەپێكهێنانی حكومەت.
لەوكاتەدا جوتیارانی توركیا كە ڕێژەی حەفتا لەسەدیان پێكدەهێنا، دەنگیان بە حزبی دیموكراتیدا، لەنێویاندا كوردەكانیش ئەوكاتە دەنگیان بەهەمان حزبدا چونكە سەركردەكانی حزبی دیموكراتی ئەوانەبوون كەخاوەنی زەویوزاری زۆر بوون لەناوچەی ئەنادۆڵ و دژی یاسای چاكسازی كشتوكاڵیی وەستانەوە كەلەبەرژەوەندی خاوەن زەوی و جوتیار نەبوو.
لەماوەی حوكمیدا حزبی دیموكراتی ئازادی ئاینی فەراهەم كرد بەڵام ڕێگەی بەهیچ مەترسیەك نەدا كەڕوو لەسیستەمی كەمالی و عەلمانی وڵات بدات.
ڕۆڵی جوڵانەوەی (نورسی) لەسەرخستنی حكومەتەكەی موندەریس بەهۆی جۆرێك لەئازادی كە لەلایەن حزبی دیموكراتی گەلی توركیاوە دەستەبەر بوو لەهەموو بوارە سیاسی و ئاینی و ئابوریەكاندا، بزوتنەوەی ئاینیەكان بەتایبەت ێۆفیەكان و نورسیەكان لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان دەبەخشی بەحزبی ناوبراو ئەمەش بووە هۆی سەركەوتنی حزبی دیموكراتی لە 1954 تا 1957.
لەناو كوردەكاندا ێۆفیگەری بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبویەوە، بزوتنەوەی نورسی بوو بەیەكێك لەجوڵانەوە ڕۆشنبیریە ئیسلامیە كاریگەرەكانی توركیاو تاكو ئێستەش بەردەوامیی هەیە، ڕابەرایەتی كردنی ئەم بزوتنەوە لەلایەن كەسایەتیەكی ناوداری كوردی توركیاوە بوو بەناوی سەعید نورسی، كەلەساڵی 1873 لەگوندی نورسی سەربە ولایەتی بەتلیس لەدایك بووە، ناوبراو ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لەهۆشیاركردنەوەی كوردو تورك بەرامبەر بەئاینی ئیسلام بەتایبەت لەسەرەتادا كەشاڵاوێكی گەورەی بەگاوركردن لەلایەن ئەرمەنیەكانەوە هاتە سەر مسوڵمانان، لەوكاتەدا چووە لای سوڵتان عەبدولحەمیدو داوای كردنەوەی زانكۆیەكی لێكرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەگاوركردن، لەكاتێكدا كە ئینگلیزو ئیتاڵیاو یۆنان توركیایان داگیركرد، موفتی ئەوكاتەی توركیا لەژێر فشاری داگیركاراندا دژ بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەوكاتە فەتوای حەرام كردنی شەڕی بەرامبەر داگیركاران دەركرد، بەڵام سەعید نورسی و 76 موفتی و 35 زاناو 11 پەرلەمانتار فتوایەكیان دەركرد بۆ پشتیوانی لەبزتنەوەی ڕزگاریخواز كە ئەوكات كەمال ئەتاتورك پێشەوایەتی دەكرد دژ بە داگیركاران، لەسەردەمی حكومەتی حزبی دیموكراتیش لە ساڵی 1950-1960 بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئاینی دامەزرا بەجۆرێك كەلەگەڵ قورئان كێشەی نەبێت، پاش ئەوە دەوڵەت بڕیاریدا كە پەیامەكانی نور، هیچ كێشەیەكی لەگەڵ یاسا نیە بۆیە چاپ و بڵاوكردنەوەی كارێكی ئاساییە، بەماوەیەكی كەم قوتابیەكانی نور گەیشتە ملیۆن و نیوێك و بوبەشێك لەخوێندنی زانكۆ.
كودەتای ساڵی 1960 پاش بوژانەوەی بواری كشتوكاڵ، حكومەتی توركیا بویە خاوەنی سامانێكی باش لەبەروبومی كشتوكاڵیی، بەڵام لەساڵی 1958 حكومەت توشی قەیرانێكی گەورە هات لەدابەزینی پارەی وڵاتەكەیدا، حكومەت سیاسەتی قەرزی نێودەوڵەتی بەكارهێناو ئەمەش بووە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتی لای خەڵك، حكومەتەكەی موندەریس توشی ڕەخنەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بویەوە، لەساڵی 1960 حكومەت دوو ملیار دۆلار قەرزی كەوتە سەر، پاش ئەو ڕەخنانەی توشی هات، موندەریس دەستی كرد بەكەمكردنەوەی ئازادیەكانی بواری ڕۆژنامەنوسی، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توشی ئاستەنگ كرد، فشاری خستە سەر مامۆستایانی زانكۆ، هەموو دامەزراوەو بارەگاكانی حزبی گەلی كۆماری داخست، تەنانەت لەبانگەشەكانی هەڵبژاردندا مافی ئەوەی لەپارتە ئۆپۆزسیۆنەكان سەندەوە كە ڕادیۆیان هەبێت و بەكاری بهێنن. یاسایەكی دەركرد بۆ قەدەغەی هەر جۆرە بابەتێك یان هەواڵێك لەسەر ژیانی بەرپرسەكان بەهۆی ئەم یاساوە چەندین ڕۆژنامەنوس كەوتە زیندان، ڕۆژنامەی (ئۆلۆس)ی زمانحاڵی حزبی گەلی كۆماری داخرا.
لەمانگی شوباتی 1960 پەرلەمانتارەكانی حزبی گەلی كۆماری لائیحەیەكیان پێشكەشی پەرلەمان كرد لەسەر حزبی دیموكراتی كرد كەتێدا 12 تۆمەتیان ئاراستەی حكومەتەكەی كردبوو لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی ئازادی، بەڵام لەپەرلەمان بەزۆرینەی دەنگ متمانە درایەوە بەحكومەتە گەندەڵە نەخۆشەكەی موندەریس و سوپا پشتی تێكرد، سەرۆك ئەركانی ئەوكاتە جەمال غورسیل وازیهێنا لەپۆستەكەی، خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەشێك لەئەفسەرە پلە باڵاكان و خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆ لەخۆپیشاندانەكەی 12ی ئایاری 1960 دا بوون كەچونە بەردەم كۆشكی كۆماریی، عیسمەت ئینونو لەپەرلەمان دەركرا، لەشەوی 27/5/1960 زۆر لەبارەگاو ڕادیو دامودەزگای حكومی دەستی بەسەردا گیرا، جەلال بایاری سەرۆك كۆمار و عەدنان موندەریس سەرۆكی حكومەت و ڕەفیق كورالتانی سەرۆكی پەرلەمان و نزیكەی 300 ئەندامی پەرلەمان و تەواوی وەزیرەكانی حكومەت و بەرپرسی پۆلیس و سەرۆكی سوپا دەستگیركران، بەهەموو ئەوانەی دەستگیركران ژمارەیان گەیشتە 592 كەس.
لەوكاتەدا (جەمال غۆرسی) سەرۆك ئەركانی پێشوی سوپا لەماڵەكەی خۆی دانیشتبوو لە ئەزمیر، بەفڕۆكەیەك گوازرایەوە بۆ ئەنقەرە و سەرۆكایەتی كودەتاكەی وەرگرت و سەركەوتنیان بەدەستهێناو تاكو 1961 دەستیان كرد بەچاكسازی و سوپا سەركردایەتی وڵاتی گرتە دەست تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەمان ساڵ، لەو هەڵبژاردنەدا حزبی داد 158 كورسی بەدەستهێنا، حزبی گەلی كۆماری 173 كورسی بەدەستهێنا، حزبی توركیای نوێ 65 كورسی و حزبی جوتیارانی كۆماریی 54 كورسی. جەمال غورسیلیش بو بە سەرۆك كۆماری یەكەم كودەتای توركیا. بەڵام شەستەكان بۆ توركیا بوو بەگەشەی ئابوری و فەوزای سیاسی. ساڵی 1965 حكومەتێكی نوێ پێكهات بەسەرۆكایەتی (دیمریل) و جەمال غورسیل كۆچی دوایی كرد. ساڵی 1969 جارێكی تر هەڵبژاردن ئەنجامدرا حزبی عەدالە بەسەرۆكایەتی سلێمانی دیمرێل سەركەوتنی بەدەستهێنا و توانی %46ی دەنگەكان بەدەست بهێنێ.
چالاكی كوردەكان پاش دەستوری 1961 پاش دەركردنی دەستوری ساڵ ی1961 توركەكان پێیان وایە تاكو ساڵی 2005 باشترین دەستور بووە، چالاكی ڕۆشنبیری و سیاسی زۆر زیادی كردووە، لەشوباتی 1962 كۆمەڵێك ڕۆشنبیری چەپ كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی توركیایان دامەزراند كەپێكهاتبوو لەهەموو چەپ و پێشكەوتنخوازو سۆشیالستەكانی كوردو تورك، لەم پارتەدا نوخبەی سیاسیە كوردەكان بونیان هەبوو چونكە دەستوری 1961 ڕێگەی نەدابوو بەوەی پارتێكی كوردی دابمەزرێ لەسەر بنەمای نەتەوەیی. چەندین یانەی ڕۆشنبیریان دروست كرد لەوانە یانەی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات، بەڵام ساڵی 1963 حكومەت 23 ئەندامی ئەم یانەی دەستگیركرد بەتۆمەتی چالاكی كردن بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆو هەمویانی لەسێدارەدا.
لەو ماوەدا ئەم یانەیە لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستان كاری دەكرد كە ساڵی 1956 لەلایەن پارێزەرێكی كوردەوە دامەزرابوو بەناوی فایەق بوجاك و ئەندامی پەرلەمان بوو لەناوچەی ئورفە، بەڵام ئەم حزبەش خەباتی بوو بەنهێنی بەهۆی فشارەكانی حكومەتی توركیاوە، چالاكی یانەی ڕۆژهەڵات زۆر بەرفراوان بوبوو، لەوكاتەدا (موسا عەنتەر) نوسەرێكی كورد بوو یەكەم فەرهەنكی كوردی توركی نوسی و بڵاویكردەوە، لە گۆڤاری (دەنگ) دەینوسی لەسەر كورد، بەڵام داخرا، شانۆگەری برینی ڕەشی پێكەش كرد بەڵام لەسەری دەستگیركرا، نوسەرێكی تر بەناوی (محەمەد ئەمین بوز ئەرسەلان) زنجیرە كتێبێكی لەسەر كوردستان بڵاوكردەوە بەزمانەكانی كوردی و توركی، ڕۆمانی شەوێكی ڕەشی بڵاوكردەوە لەگەڵ جارێكی تر بڵاوكردنەوەی داستانی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی بەزمانی كوردی.
پاش مردنی جەمال غورسیل ساڵی 1966 و هەڵبژاردنی جەنراڵ جەودەت سۆنای وەك سەرۆك كۆمار، كێشەی سیاسی لەنێوان پارتە چەپ و ڕاستڕەوەكان سەریهەڵدا، چونكە ئەم كەسە پیاوێكی لاواز بوو. پاش هەڵبژاردنی سلێمان دیمریل بۆ سەرۆكی حزبی عەدالە و سەركردایەتی كردنی پارتی ڕاستڕەو لەوڵاتداو دەركەوتنی سەركردەیەكی گەنج لەحزبی گەلی كۆماری بەناوی بوڵند ئەجەوید و توشی كێشە بوو لەگەڵ ڕێویە پیرەكە (عیسمەت ئونینو).
لەم كاتەدا زۆرینەی كوردەكان پشتیوانی پارتە چەپڕەوەكانیان دەكرد بە ئاشكراو نهێنیانەوە، هەرچەندە لەوكاتەدا پارتی دیموكراتی كوردی (كۆك) هەبوو كەناوەڕاستی ساڵی 1965 دامەزرابوو، لەسەر پەیڕەوی حزبە كوردیەكانی ئێران و ئێراق. ئامانجی ئەم حزبە ئۆتۆنۆمی بوو بۆ كوردەكان لەچوارچێوەی كۆماری توركیا.
ئەم حزبە (كۆك) بەشداری كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد لەساڵی 1966 بەڵام لەساڵی 1971 توشی جیابونەوەی نێوخۆیی هات، ساڵی 1974 بڕیاریدا كە مافی چارەی خۆنوسین بۆ كورد داوا بكات بەڕێگەی شۆڕش و خەبات، ناوی خۆینا پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا.
لەشەشتەكان و حەفتاكاندا چەندین پارت و ڕێكخراوی كوردی دروست بوون، لەوانە :
پارتی گەلی كورد وەك یەكەم حزبی سیاسی كوردی لەتوركا.
پارتی تەحریری ئیسلامی كوردی داوای نەهێشتنی ناكۆكی نێوان كوردو توركی دەكردو داوای پەیوەندییەكی برایانەی دەكرد.
حزبی ڕزگاری حزبێكی چەپی بوو، ساڵی 1978 توشی جیابونەوەی ناوخۆیی هات و حزبی ئاڵای ڕزگاری لێ جیابویەوە،
پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا كە پاش جیابونەوەكەی ساڵی 1971 حزبێكی تری لێ دروست بوو سەرەتا بەناوی یانەی ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕیی دیموكراتیەوە بوون دواتر ئەمەش گۆڕا بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان.
پارتی سۆشیالستی كوردستان ئەم حزبە بە (ڕێگای ئازادی) ناسراو بوون، ڕۆژنامەی (ڕۆژی وڵات)یان دەردەكرد.
حزبی كاوە و دەنگی كاوە، ئەمانە حزبێكی ماوی بوون، پاش شكستی ماوییەت ئەم حزبە توشی جیابونەوە هات، حزبی كاوەی لێ دروست بوو.
توركیاو توندوتیژی سیاسی لە حەفتاكاندا پاش سەركەوتنی حزبی عەدالە بەسەرۆكایەتی سلێمان دیمرێل لەهەڵبژاردنی 1969 و حكومەتی پێكهێنا، خۆپیشاندانی كرێكاران دەستیپێكرد داوای زیادكردنی كرێ و دابەزینی نرخی شتومەكیان دەكرد، ساڵی 1970 خۆپیشاندنی گەورە دروست بوو، پۆلیس بەچەك مامەڵەی لەگەڵ كردن، ئەمەش وایكرد ئەحكامی عورفی لەوڵاتدا پیادە بكرێ، كێشەی شەڕو ناكۆكی چەكداری سەریهەڵدا، حكومەت دەستی لەكاركێشایەوەو جارێكی تر سوپا حوكمی ولاتی گرتەوە دەست تاكو پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات، ئەم حكومەتە تاكو ساڵی 1973 بەردەوام بوو. ئەحكامی عورفی لادا، حزبی گەلی كۆماری گەشەیەكی كردو توانی 185 كورسی بەدەستهێنا، حزبی عەدالە 145 كورسی، حزبی خەلاێی نیشتمانی 48 كورسی، حزبی دیموكراتی 45 كورسی، حزبی متمانەی كۆماری 13 كورسی و حزبێكی تری فاشی بەسەرۆكایەتی ئەلب ئەرسەلان توركیش بەناوی حزبی كاری نەتەوەیی 3 كورسی حزبێكی شیعەش بەناوی وەحدەی توركی یەك كورسی بەدەستهێنا، شەش كورسی مایەوە بێلایەنەكان بەدەستیان هێنا.
ساڵی 1974 سوپای توركیا بەفەرمانی بوڵند ئەجوید دورگەی قوبرسی داگیركرد، بەمە بوو بەپاڵەوانێكی نەتەوەیی و دەستی لەپەرلەمان كێشایەوەو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد، بەڵام سلێمان دیمریل لەگەڵ حزبی خەلاێی توركیا بەسەرۆكایەتی ئەربەكان و حزبی كاری نیشتمانی حكومەتیان بەبێ ئەجەوید پێكهێنا، وڵات بەرەو وێرانە ڕۆشت. هێزی چەكدار هەموو سیستەمی ئیداری و زانستی وڵاتی كۆنترۆڵ كرد، شەڕی چەكداری كەوتە نێوان ڕاست و چەپ، بەمجۆرە ئیرهابێكی ڕێكخراو لەحەفتاكاندا وڵاتی تەنی، لەوەزارەتەكانی لاوان و وەرزش و خوێندنی باڵاوە سەد هەزار گەنج مەشقی سەربازی پێدەكرا!
ئەوەبوو ساڵی 1977 كاتێك گەورەترین كۆبونەوەی كرێكاریی لە مەیدانی تەقسیم لەئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو ڕوی لەتوندوتیژ كردو كوشتاری لێكەوتەوە، حزبەكەی ئەجەوید سودی لەم كارەساتە بینی و لەپاش ئەم ڕوداوە بەمانگێك لە 5/6/1977 هەڵبژاردن كرا ئەجەوید دەیوست بەتەنها لەحوكمی ولات بكات بەڵام نەیتوانی بۆیە 213 كورسی زیاتر بەدەست بهێنێ، حزبی عەدالە توانی 189 كورسی و ئەربەكان 24 كورسی و كاری نەتەوەیی 16 كورسی و متمانەی كۆماری 3 كورسی و حزبی دیموكراتی 1 كورسی بەدەستهێنا. ئەجەوید حكومەتی پێكهێنا كەبەیەكەم حكومەتی كەمینە دادەنرێ لەمێژوی كۆماری توركیاو زۆر زوو شكستی هێناو نەیتوانی متمانە بەدەست بهێنێ، حكومەتێكی تری ئیئتلافی لەسلێمانی دیمریل و ئەربەكان و ئەلب ئەرسەلان پێكهات، لە 21ی تەموزی 1977.
بەهۆی سیاسەتی حزبی كاری نیشتمانی فاشی 12 ئەندام پەرلەمانی حزبی عەدالە دەستیان لەكاركێشایەوە چونكە ئەو حكومەتە فشاری زۆری دەخستە سەر كوردو شیعە، بۆیە لە 31ی كانونی یەكەمی 1977 حكومەتەكەی دیمریلیش شكستی هێنا، ئەمجارە لە سەرەتای ساڵی 1978 ئەجەوید لەگەڵ بێلایەنەكان حكومەتی پێكهێنا، بەڵام پاش هەفتەیەك حكومەتەكەی ئەجەوید دەستیكرد بە كوشتن و گرتن، بۆیە لە ساڵی 1979 ئەجەوید حكومەتەكەی شكستی هێناو هەمان ساڵ دیمرێل حكومەتێكی تری كەمینەی پێكهێنا و خۆی بەسەرۆكی حكومەتی نائاسایی ناوبرد بۆ چارەسەری ئەو گرفتە گەورەی وڵاتی گرتۆتەوە، لەگەڵ تۆركۆت ئۆزال تاڕادەیەك توانیان وڵات لەلێواری مەرگ ڕزگار بكەن.
سەرچاوە: موقف التیار الاسلامی والتیار العلمانی فی تركیا من القچیە الكردیە د.ولید رچوان- باحپ سیاسی خبیر بالشۆون التركیە والكردیە
چاوەڕوانی بەشی سێیەم و كۆتایی بن...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست