کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌كێتی و پارتی بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان رێگه‌یان به‌ئێرانداوه‌ تۆپبارانمان بكات!

Tuesday, 26/07/2011, 12:00


هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌ كه‌ له‌ناوخۆدا كێشه‌كان هێنده‌ گه‌وره‌ نه‌كرێ تاكو ئه‌و مه‌ترسیه‌ی له‌سه‌ر كوردستانه‌ فه‌رامۆشی نه‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، داوای هه‌رچی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌كه‌یت به‌بیانوی بێ ئاگایی له‌مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ئه‌زمونه‌كه‌مان تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن و پێیان ده‌وتین ئێمه‌ پارێزه‌ری ئه‌م ئه‌زمونه‌ین ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسیه‌كانی تێكدانی ئه‌زمونه‌كه‌مان له‌لایه‌ن وڵاته‌ دراوسێكانمانه‌وه‌ هێشتا بوونی هه‌یه‌و هه‌ڕه‌شه‌كانیان وه‌ك ڕابردوو له‌ئارادایه‌، به‌ڵام به‌م ماوه‌ كه‌مه‌ بینیمان و خوێندیشمانه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆخۆی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی دراوسێی وه‌ك ئێران ڕێكه‌وتنی ژێربه‌ژێری كردووه‌ بۆ له‌به‌ین بردنی په‌ژاك و ئاماده‌ییشی ده‌ربڕیوه‌ سیخوڕیی به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ كوردییه‌ شۆڕشگێڕه‌وه‌ بكات كه‌ساڵانێكه‌ له‌پێناو داخوازی نه‌ته‌وه‌ییدا چیاكانیان بۆ ئه‌و خه‌باته‌ هه‌ڵبژاردووه‌، له‌وه‌خراپتر كه‌ ئه‌م یه‌كێتی و پارتییه‌و حكومه‌ته‌كه‌یان كردویه‌تی رێگه‌دان به‌هێزی پاسداران تاكو به‌عس ئاسای جاران تۆپبارانی گوندو لادێكانمان بكات له‌به‌رامبه‌ریشدا بێده‌نگی و هه‌ماهه‌نگی ئێرانیان هه‌ڵبژاردووه‌!
له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی یه‌كێتی و پارتی كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی 250 هه‌زار هێزی چه‌كدارن ئاماده‌ نین یه‌ك چه‌كدار بۆ پارێزگاری له‌سنوره‌كانی خاكی كوردستان به‌كاربهێنن، وه‌ك له‌ئێستادا ئه‌و هێزانه‌یان هێناوه‌ته‌ سه‌ر شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری و بازگه‌یان له‌بناری گۆیژه‌ لێداوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران هێزی پاسداران به‌نیاز بێت له‌گۆیژه‌وه‌ بێت به‌ڕووی ناو شاری سلێمانیدا!
ئه‌م هێزه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌به‌شێكی گه‌وره‌ی داهاتی ئه‌م وڵاته‌ ده‌چێته‌ موچه‌و خه‌رجییانه‌وه‌ له‌ئێستادا ته‌ماشاكاری له‌شكركێشی ئێرانن بۆ سه‌ر گه‌وره‌ترین سنوری هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ كاتی خۆیه‌تی له‌ده‌سه‌ڵاتداران بپرسین ئه‌وكاته‌ی كه‌پێتان ده‌وتین ئێمه‌ بێاگاین له‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌كه‌مان ئایا مه‌ترسیه‌كان ئه‌مه‌ بوو كه‌ ئێران تۆپبارانمان بكات و گوندو ئاواییه‌كانمان پێ چۆڵ بكاته‌وه‌و خوێنمان بڕێژێ و ڕه‌زو باخمان بسوتێنێ و ئێوه‌ش نه‌ك بێده‌نگن، به‌ڵكو هاوكاریانن و ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر كاره‌ساته‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م میله‌ته‌ ئه‌نجام ده‌درێ!
كاتی خۆیه‌تی بپرسین ئایا نزیكه‌ی 250 هه‌زار هێزی چه‌كداری زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پاراستن و پۆلیس و پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆتان بۆ پارێزگارییه‌ له‌چی و بۆچیتانه‌؟ بۆ ئه‌وه‌تانه‌ گه‌نجی ناڕازی و خۆپیشانده‌ری سته‌ملێكراوی ئه‌م كوردستانه‌ی پێ سه‌ركوت بكه‌ن؟ مه‌گه‌ر ئێوه‌ سوێندتان نه‌خواردووه‌ پارێزگاری له‌سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵات بكه‌ن؟ مه‌گه‌ر ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوون به‌ به‌رپرس تاكو گیان و ماڵمان له‌مه‌ترسی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بپارێزن؟ ده‌توانن ئێسته‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌ بۆچی بێده‌نگ و هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ ڕشتنی خوێنمان و داگیركردنی خاكمان و سوتاندنی گوندو لادێكانمان؟ ئێوه‌ دوای 20 ساڵ له‌ئه‌زمونی كوردی پێتان سه‌لماندین كه‌ ناتوانن ئه‌م میله‌ته‌ به‌ره‌و ئیداره‌یه‌كی خۆماڵ ده‌ستپاك به‌رن، ناتوانن سنوری كوردستان له‌ناوچه‌ داگیركراوه‌كاندا بگێڕنه‌وه‌و كه‌ركوكتان له‌ده‌ستدا، ئێوه‌ نه‌ك ئه‌مانه‌تان نه‌توانی به‌ڵكو له‌پشتی سه‌رمانه‌وه‌ سنوره‌كانیشتان به‌گوندو دێهاته‌كانمانه‌وه‌ فرۆشت به‌تۆپهاوێژه‌كانی ئێران و توركیا له‌پێناو گرێبه‌ستی ئابوری و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆتان،
ئێمه‌ تا سه‌ر ئێسك به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چین ئه‌گه‌ر پێمان وابوبێت ئێوه‌ن به‌ریگریكارو پارێزه‌ری ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ به‌هه‌ڵه‌داچونه‌مان ڕاسته‌، ئێوه‌ به‌فیڕۆده‌ری خوێنی خه‌باتمانن بۆ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م نیشتمانه‌ بێ ئاڵاو بێ وڵات و بێ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌م نیشتمانه‌ی كه‌تاكو خاوه‌نی ئێوه‌ بێت ئه‌بێ هه‌ر ماڵ سوتاوو دێ وێران و خوێنڕژاوو حورمه‌ت هه‌رزان بین! ئێسته‌ ده‌زانین ئێوه‌ مانه‌وه‌ی خۆتان له‌م ناوچه‌دا گرێداوه‌ به‌خواستی ئێران و توركیاوه‌! بۆ ئه‌وه‌ی ئێران و توركیا پشتیوانی مانه‌وه‌تان بن له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو وڵاته‌ ڕێككه‌وتوون نه‌یاره‌كانیان كه‌ كوردی ڕه‌سه‌نی باكورو ڕۆژهه‌ڵاتن له‌بینیان به‌رن له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ماڵی گوندنشینانی بناری قه‌ندیل، ئه‌و گوندنشینانه‌ی كه‌جگه‌ له‌ به‌دبه‌ختی یه‌كێتی و پارتی هیچیان بۆیان نه‌بووه‌!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە