به‌داخه‌وه بۆ بارزانی...
Saturday, 03/07/2010, 12:00
بارزانی به‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسدا باشتر له تاڵه‌بانی توانی جه‌خت له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان بکاته‌وه‌و داکۆکیان لێبکات، لانی که‌م له کوردستانی باشور. له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا له‌گه‌ڵ تورکیا که‌وته ململانێ و به‌رگری له‌خۆی نیشاندا‌و ته‌نانه‌ت چاوپۆشی کرد له به‌رژه‌وه‌ندیه بازرگانی و ئابوریه‌کانی، که تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌کردن. ئه‌و ملی به‌فشارو که‌ڵه‌گاییه‌کانی تورکیا نه‌داو شه‌ڕی براکانی باکوری نه‌کرد. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش تاڕاده‌یه‌کی باش دڵگه‌رمی به خه‌ڵکی کوردستان به‌خشی و توانی هه‌رێمی کوردستانی له‌ده‌ستدرێژی و گێچه‌ڵه‌کانی ئه‌و کاتی تورکیا بپارێزێت.
ڕاسته له‌کاتی سنوربه‌زاندنه گه‌وره‌که‌ی سوپای تورکیا له سه‌ره‌تای ساڵی 2008دا، هێزه‌کانی بارزانی نه‌یانتوانی هیچ به‌رگریه‌کی ئه‌وتۆ له خاکی هه‌رێم بکه‌ن و له‌ولاشه‌وه یه‌کێتی له‌هه‌وڵی دڵنه‌واییکردنی تورکیادا بوو، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌کانی بارزانی بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی گه‌ریلاکانی پێ‌کاکا ترسیان له‌هاوکاریکردنی به‌شیکی کورد له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا نه‌بێت و بتوانن له شه‌ڕێکی ئه‌فسانه‌ییدا شکست به هێزه‌کانی سوپای تورکیا بهێنن. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی گه‌ریلاکان وای له حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆخان کرد به‌شێوه‌یه‌کی تاکتیکی چاو به سیاسه‌ته‌کانی له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان بخشێنێته‌وه‌و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا که‌مێک ئاسایی بکاته‌وه. دیاره کرۆک و مه‌به‌ستی ئه‌م ئاسایکردنه‌وه‌یه بێجگه له‌تێکدانی یه‌کڕیزی کورد‌و چنینه‌وه‌ی ملیارها دۆلار و به‌تاڵانبردنی نه‌وت و سامانی کوردستان، شتێکی تر نه‌بوو. به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی تورکیا له سیاسه‌تی په‌کخستن و جێبه‌جێنه‌کردنی ماده‌ی 140دا سه‌رکه‌وتن و دڵنیایی به‌ده‌ستهێنابوو.
به‌دوای شکستی ده‌ستدرێژیه‌که‌ی تورکیادا پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم حسابێکی جددیتر بۆ مه‌ترسیه ستراتیجیه‌کانی ئه‌م داگیرکه‌ره بکات و تێگه‌یشتنی قوڵی له‌سه‌ر مه‌رام و نیازه‌کانی هه‌بێت و کار بۆ بنه‌بڕکردنی ده‌ستوه‌ردانی تورکیا بکات له‌هه‌رێمی کوردستان و به‌خێرایی هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاری په‌رله‌مانی کوردستان بکات سه‌باره‌ت به‌داخستن و کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی بنکه سه‌ربازیه‌کانی تورکیا له‌هه‌رێمی کوردستان. له‌هه‌مان کاتدا بۆ پاراستنی هه‌رێمی کوردستان هێزی سه‌ربازی تۆکمه‌و مه‌شقپێکراوو به‌باوه‌ڕی دروستکردایه‌و سودی له ئه‌زمونی سه‌رکه‌وتووانه‌ی شه‌ڕی پێکاکه له‌گه‌ڵ تورکیا وه‌رگرتایه. له‌باری سیاسی و نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه، ده‌بوایه حکومه‌تی هه‌رێم به بێ شه‌رم و دڵه‌ڕاوکێ، داکۆکی له مافه‌کانی گه‌لی باکورو پڕۆژه‌ی سیاسی و ئاشتیخوازی پێکاکه‌و ده‌ته‌په بکردایه. وه بۆ ئاسایکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابوری له‌گه‌ڵ تورکیا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاڕی په‌رله‌مانی تورکیای بکردایه سه‌باره‌ت به دانی مۆڵه‌ت به له‌شکری تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. وه له‌بڕی هه‌ر دۆلارێک که هه‌رێم ده‌یبه‌خشیته تورکیا مه‌رجی چاککردنی بارودۆخی سیاسی و مرۆیی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته بکردایه.
مه‌خابن به‌دوای ڕه‌وینه‌وه‌ی کاتی قه‌یرانه‌که، جارێکی دی سه‌رانی کورد سه‌لماندیانه‌وه، که دیدو تێڕوانینیان بۆ مه‌سه‌له‌و په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌وروبه‌ر له‌وه کورتره که له ته‌ختایی مێژوو تێپه‌ڕبکات و سود له ئه‌زمونه‌کانی ڕابردویان وه‌ربگرن. ئه‌وه‌بوو بارزانی به‌زویی به تاکتیکه‌کانی تورکیا فریویی خواردوو ڕوی له تورکیا کردوو پشتی له کورد‌و پێ‌کاکا کرد.
دروستبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی تورکیا له گه‌ڵ هه‌رێمدا له‌باری پرێنسیپ و میتۆده‌وه هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. وه‌ک جاران له‌که‌ناڵی حیزب و بنه‌ماڵه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بنه‌ماو خاڵه‌کانی ئاشکرا نین و په‌رله‌مان و ڕای گشتی کوردستان چاو‌دێر نین به‌سه‌ریه‌وه.
به‌دوای ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌شدا، ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی کوردستان ده‌رگای بۆ هه‌موو شتێکی باش و خراپی تورکی کرده‌وه و له گه‌رمه‌ی قه‌یرانی ئابوری و دارایی جیهاندا ده‌یان ملیارد دۆلاری خستووه‌ته گه‌روی تورکیاوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه نه‌ک چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌ر کورد و ئۆپراسوێنه‌کانی سوپا‌و کوشتن و زیندانیکردنی کورد له تورکیا که‌مبکاته‌وه به‌ڵکو نه‌شیتوانیوه ته‌نانه‌ت بۆمبارانی هه‌رێمی کوردستانیش له‌لایه‌ن فڕۆکه جه‌نگیه‌کانی تورکیاوه ڕابگرێت.
سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ تورکیا
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێش ده‌ستپێکردنی گه‌شته‌که‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هاته ناو هۆڵی په‌رله‌مان و له‌باره‌ی سه‌ر‌دانه‌که‌یه‌وه بۆ هه‌ریه‌ک له وڵاتی تورکیا‌و فه‌ره‌نسا قسه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران کرد. بڕیاڕبوو وته‌کانی بارزانی بۆ په‌رله‌مان ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌و بابه‌ته‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و به‌شێکی زۆری قسه‌کانی ته‌رخانکرد بۆ دووان له‌سه‌ر ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ئه‌منی و سیاسی و جه‌ماوه‌ریانه‌ی کوردستان، که‌به‌دوای ڕووداوی ڕفاندن و تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه پێشهاتن.
سه‌رۆک، په‌رله‌مانی کرده ئه‌و شوێنه‌ی له‌وێوه به‌زمانێکی زبر و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز حوکم و بڕیاڕی تاکڕه‌وانه‌ی له‌سه‌ر کۆی ڕووداو‌و ململانێکان بدات و له‌و باره‌یه‌وه بوارێک بۆ گفتوگۆ‌و لێدوان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی گه‌لدا نه‌هێڵیته‌وه.
بارزانی بابه‌تی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئامانج و به‌رنامه‌ی کاره‌که‌ی بۆ چه‌ند وه‌سف و قسه‌یه‌کی گشتی ده‌رباره‌ی ئه‌و دوو ولاته کورتکرده‌وه‌و نه‌چوو‌ه سه‌ر کرۆک و جه‌وهه‌ری گه‌شته‌که‌ی. به‌تایبه‌تی له‌و ڕووه‌وه ئه‌مه پێویست بوو چونکه لایه‌نی که‌م تورکیا دراوسێیه‌کی داگیرکه‌ره‌و له‌ڕوی مێژوییه‌وه کێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ل گه‌لی کورد‌و بزاڤه ڕه‌واکه‌ی هه‌یه، له‌ماوه‌ی رابردووش‌دا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کاندا دژایه‌تی ڕاسته‌وخۆی ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستانی کردووه‌و ڕۆلی گه‌وره‌ی بینیوه له په‌کخستن و جێبه‌جێنه‌کردنی ماده‌ی 140. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی هه‌نوکه‌ش تورکیا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بۆمبارانی ناوچه سنوریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات.
ڕاسته لایه‌نی ئۆپۆزسوێن به گۆڕانیشه‌وه هه‌ڵگری هیچ ڕاو بۆچوونێکی جیاواز نین سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له‌م بواره‌دا خاوه‌نی هیچ پرۆژه‌یه‌کی تایبه‌ت نین بۆ داکۆکیکردن له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌که‌مان له ناوچه‌که‌دا، به‌ڵام ئه‌و ماما‌ڵه‌و نمایشه‌ی سه‌رۆک، جارێکی تر به‌زه‌قی ناهاوسه‌نگی و باڵاده‌ستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا ده‌رخسته‌وه‌و بێباکی و بێده‌ربه‌ستی بارزانی به نوێنه‌رانی گه‌ڵ دووپاتکرده‌وه.
گه‌شته‌که‌ی سه‌رۆک هاوکات بوو له‌گه‌ڵ دروستبوونی کۆمه‌ڵێک گرژی و ڕووداویی دراماتیک له تورکیا‌و ناوچه‌که‌دا.
سیناروێی به‌گه‌ڕخستنی که‌شتیگه‌لی ئازادی، که به‌مه‌به‌ستی شکاندنی ئابڵۆقه‌ی سه‌ر غه‌ززه له‌لایه‌ن تورکیاوه ئه‌نجامدراو له‌لایه‌ن ئیسراییه‌وه هێرشی کرایه‌سه‌رو نۆ هاوڵاتی تورک به‌ده‌ستی هێرشبه‌ره‌کان کوژران، قه‌یرانی توندی سیاسی و دیبلۆماسی ئه‌و دوو وڵاته‌ی، تا ئاستێ لێکترازانی یه‌کجاره‌کی، لێکه‌وته‌وه. کاربه‌ده‌ستانی تورکیا کاردانه‌وه‌ی خێرایان به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌که نیشاندا‌و گوتار‌و لێدوانی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزو ئاگراویان به‌دژی ئیسرائیل ئاڕاسته کرد‌و میتینگی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یان بۆ پشتیوانیکردن له حه‌ماس و غه‌ززه به‌رپاکرد. له‌م خۆده‌رخستن و هه‌ڵایه‌دا ئه‌سته‌مبوڵ ڕه‌نگی سه‌وزی حه‌ماسی پۆشی و دروشمه توندڕه‌وه‌کانی به‌رزکرانه‌وه.
له‌ساتووه‌ختی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌دا پێ‌کاکا له چه‌ند هێرشێکدا وه‌ڵامی بۆمباران و ئۆپراسوێنه سه‌ربازیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیای دایه‌وه‌و ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا کۆتایی پێهێنا.
ئاشکرایه له‌ماوه‌ی رابردوودا پێ‌کاکا چه‌ندین جار ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیادا ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام تورکیا بۆ ساتێکیش ئۆپراسوێنی سه‌ربازی له دژی پێ‌کاکا ڕانه‌گرتوو له‌م پرۆسه‌یه‌دا سودی له چه‌ک و هاوکاری سه‌ربازی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا وه‌رگرتووه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه بۆ که‌س شاراوه نیه، که موساد ڕۆڵی سه‌ره‌کی گێڕا له گرتن و ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی ئۆچالان به حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌جه‌وید. به‌ڵام ئه‌ردۆخان بێ شه‌رمانه ئه‌و هێرشانه‌ی دواتری پێکاکای به‌سته‌وه به ڕووداوگه‌لی قه‌یرانه‌کانی ئیسرائیل و تورکیاوه، گوایه پێکاکه بۆ خزمه‌ت و ئه‌جه‌نده‌ی ئیسرائیل شه‌ڕی تورکیا ده‌کات! ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئه‌ردۆخان و پارته‌که‌ی و خه‌سڵه‌تی بزووتنه‌وه‌ی عوسمانلیه تازه‌کان ده‌خاته‌ڕوو، که‌چۆن ده‌یه‌وێت چه‌مکی ئیسلامی و عه‌ره‌بی بۆخزمه‌تی چه‌مکی نه‌ژادپه‌رستی تورکی به‌کاربهێنێت و شه‌ڕی پاکتاوکردنی نه‌ژادی بگه‌ێنیته ئاستێکی ترسناک. له‌سایه‌ی ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌دا به‌دوور نازانرێت ماوه‌یه‌کی تر تیرۆریستانی به‌عس و ئه‌لقاعیده‌و حه‌ماس و جه‌نجه‌وید له مه‌یدانی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌ریللادا په‌یدابن و شان به‌شانی جه‌ندرمه‌و میت و ئه‌رگه‌کۆنه‌کان شه‌ڕی کورد بکه‌ن.
بزانین سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵویستی چی بوو له‌مه‌ڕ ئه‌م رووداوانه‌و کاریگه‌ری قسه‌که‌ی ئه‌ردۆخان چۆن بوو له‌سه‌ری کاتێک ڕوو به ئیسرائیل گووتی: ئێمه حه‌ماس به تیرۆریست نازانین و حکومه‌ته‌که‌ی حه‌ماس له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵبژێردراوه‌و تورکیا پشت له غه‌ززه ناکات! کوردیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له بارزانی ده‌کرد هیچ نه‌بێت له گۆشه‌یه‌که‌وه به تورکه‌کان و دنیا ڕابگه‌ێنێت: له‌ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا هیچ هێزێکی تیرۆریست بوونی نیه‌و ئێمه‌ش بۆ هیچ هێزو لایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک پشت له گه‌له‌که‌مان ناکه‌ین!
به‌ڵام به‌داخه‌وه کاتێک سه‌رۆک له چه‌ند کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تورکیادا ده‌رکه‌وت ته‌نها ئاڵای تورکیا له هۆله‌که‌دا بینرا، وه سه‌رۆکیش له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیاوه وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیاری عێڕاقی پێناسه‌کرا! هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێچه‌وانه‌ی لێدوانه‌کانی خودی بارزانی بوون، گوایه وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌فه‌رمی میوانداری تورکیا کراوه. پاساوه‌کانی دواتری بارزانیش بۆ ئه‌م دیمه‌ن و شێوه ده‌رکه‌تن و پێشوازیه‌ی تورکه‌کان، هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاستیان نه‌بوو. ده‌رباره‌ی ناواخنی گفتۆگۆکانی سه‌رۆک و شانده‌که‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی تورکیداو جۆری لێکتێگه‌یشتن و ڕیککه‌وتنه‌کانی نێوانیان، هیچ زانیاریه‌کی فه‌رمی له‌به‌رده‌ستدا نیه‌و له‌وه‌ش ناچێت هیچ خاڵێکی نهێنی و هه‌ستیاری بۆ په‌رله‌مان ئاشکرا بکرێت هه‌تاکو بڕیاڕی له‌سه‌ر بدات. له‌م په‌یوه‌ندیه‌شدا دیسانه‌وه خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێت ڕاستی و کۆده‌کانی په‌یوه‌ندی تازه‌ی تورکیا‌و بارزانی ته‌نها له ڕێگای هه‌واڵ و شرۆڤه‌ی ئاژانسه خه‌به‌ریه‌کانی ده‌ره‌وه‌و چاودێری پێشهات و ڕووداوه‌کانی ئاینده‌وه بکه‌نه‌وه.
کاربه‌ده‌ستانی تورکیا باس له ڕێککه‌وتنی ئه‌منی نێوان بارزانی و تورکیا ده‌که‌ن. پێشکه‌شکه‌ری کۆنفرانسه‌که‌ی دامه‌زراوه‌ی (ئورسام) بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم له ئه‌نقه‌ره، ئاماژه‌ی بۆ ڕێککه‌وتننامه‌ی گرنگی ئه‌منی بارزانی و تورکیا کرد و به‌ڕوداوێکی مه‌زن و مێژویی وه‌سفیکردن. کاربه‌ده‌ستان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی تورکیاش باس له‌و ڕێککه‌وتنه ئه‌منیه ده‌که‌ن و به‌یانی ئه‌وه ده‌که‌ن، که بارزانی به‌ڵێنی هاوکاریکردنی تورکیای داوه بۆ شه‌ڕکردن له دژی پێ‌کاکا.
بارزانی له کاتی گه‌یشتنه‌وه‌ی بۆ فرۆکه‌خانه‌ی هه‌وڵێر ڕایگه‌یاند، که ئه‌و له دانیشتنه‌کانیدا له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تورکیادا جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌و ئاشتی له تورکیا کردووه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی دووپاتکردووه‌ته‌وه، که شه‌ڕ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ناکات. به‌ڵام وادیاره ئه‌م لایه‌نه‌ی قسه‌کانی بارزانی له‌لای کاربه‌ده‌ستانی تورکیا کاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی لینه‌که‌وتووه‌ته‌وه، چونکه هێشتان بارزانی له‌سه‌ر خاکی تورکیابوو، که‌چی ئۆپراسوێنه سه‌ربازیه‌کانی له‌شکری تورکیا له‌کوردستان زیادیانکرد و لێدوانی کاربه‌ده‌ستانی تورکیاش دژ به گه‌لی کورد توندتر بووه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆخان له‌مه‌راسیمی به‌خاکسپاردنی سه‌ربازه کوژراوه‌کانی سوپا داگیرکه‌ره‌که‌یدا، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که جه‌نگاوه‌رانی کورد له خوێنی خۆیاندا ده‌گه‌وزێنێت!
بارزانی دیمه‌نی سیاسی ئه‌مڕۆی تورکیا به ئه‌رێنی نرخاند‌و باسی له کرانه‌وه‌و گۆڕانکاری له تورکیادا کرد، گوایه حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆخان به‌رنامه‌ی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد هه‌یه؟ له‌م دیدگایه‌وه کاتێک هاته سه‌ر باسکردنی مه‌سه‌له‌و په‌یوه‌ندیه‌کانی شه‌ڕو ئاشتی له نێوان پێکاکه‌و تورکیا، نه‌یویست بابه‌تیانه ڕاستی هه‌ڵوێست و ڕووداوه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوی تورکیا‌و کوردستانی باکورو به‌تایبه‌تی زنجیره ڕووداوه‌کانی شه‌ڕی ئه‌م دواییه وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه. بارزانی له‌پێناوی سه‌لماندنی بۆچوونه تایبه‌ته‌که‌ی، ناچار بوو جارێکی تر ڕاستیه‌کان بشێوێنێت و هه‌وڵیدا ئه‌و بڕوا چه‌وته له‌ناو خه‌ڵکیدا بڵاوبکاته‌وه، گوایه پێکاکه شه‌ڕخوازه‌و نایه‌وێت له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئاشتیه‌که‌ی ئه‌ردۆخاندا هه‌نگاوبنێت!
بارزانی دڵگرانی و نیگه‌رانی خۆی نه‌شارده‌وه، به‌وه‌ی پێ‌کاکا له‌کاتی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تورکیا ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و هێرشیان بۆسه‌ر سوپای تورکیا ده‌ستپێکرده‌وه! ئه‌و ده‌ڵێت پێکاکه له‌م شه‌ڕانه‌ی ڕوویاندا ده‌ستپێشخه‌ربووه‌و کاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی تورکیای به‌شوێن خۆیدا هێنا‌وه! بێگومان بارزانی به‌و شێوازه له گێڕانه‌وه‌و ڕیزبه‌ندکردنی ڕووداوه‌کان، زوڵمێکی گه‌وره له پێکاک و گه‌لی کورد ده‌کات و به‌هانه بۆ ده‌ستدرێژیه بێ کۆتاییه‌کانی تورکیا ده‌هێنێته‌وه. بارزانی ئه‌وه‌ی له‌بیرکرد، کاتێک ئه‌و هێشتان هه‌رێمی کوردستانی به‌ره‌و تورکیا جێنه‌هێشتبوو، تورکیا به‌خه‌ستی سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستانی بۆمباران ده‌کرد. له ڕاستیدا ئه‌وه هه‌ڵه‌ی خودی بارزانیه له‌کاتی ده‌ستدرێژی تورکیادا سه‌ردانی تورکیای قبوڵکرد، چونکه له هیچ شوێنێکی دنیادا نه‌بووه سه‌رۆکی وڵاتێک سه‌ردانی ده‌وڵه‌تێک بکات که سنوری ولاته‌که‌ی بۆمباران ده‌کات!
بارزانی باس له پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌کات گوایه له تورکیادا پرۆسه‌یه‌ک به‌ناوی ئاشتیه‌وه بوونی هه‌یه! به‌ڵام ڕوونی ناکاته‌وه ئایا به‌راستی پرۆسه‌یه‌کی ئاشتی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیادا بوونی هه‌یه؟ ئاخۆ پرۆسه‌ی ئاشتی به‌بێ هه‌موارکردنی هه‌لومه‌رج و ده‌سته‌به‌رکردنی زه‌مینه‌کانی مانایه‌کی هه‌یه، ئایا پرۆسه‌ی ئاشتی به‌بێ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌بێت؟ ئاخۆ له‌هیچ شوێنێکی دنیا ڕوویداوه میلله‌تی سه‌رده‌ست نوێنه‌رایه‌تی میلله‌تی بنده‌ستیش بکات؟ مه‌گه‌ر سیسته‌می ئاپارتایدی خواروی ئه‌فه‌ریقا له‌گه‌ڵ ماندێلای زیندانیدا نه‌که‌وته گفتوگۆ؟ ته‌نانه‌ت سه‌دام حسێن له‌گه‌ڵ جه‌نابی تۆ‌و تاڵه‌بانیدا دانیشتنی نه‌بوو؟ دیاره ئاشتی له‌فه‌رهه‌نگی تورکه‌کاندا وه‌ک زۆر شتی تر لاقه‌کراوو سه‌ربه‌ره‌وخواره؟ مه‌گه‌ر ئاشتی پێویستی به کپکردنی لوله‌ی تفه‌نگه‌کان و کشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌کان بۆ سه‌ربازگه‌کانیان و ئازادکردنی زیندانیه سیاسیه‌کان و هه‌ڵگرتنی گوشار‌و زه‌بروزه‌نگی سیاسی و پۆلیسی سه‌ر هاووڵاتیان و خۆشکردنی که‌شوهه‌وای ئازادی له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا نیه؟
ئایا ڕاپیچکردنی به‌کۆمه‌ڵی سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کان بۆ زیندان و داخستنی ده‌ته‌په‌و کوشتنی منداڵانی کورد به‌ده‌ستی پۆلیس و به‌ده‌ستوری ئه‌ردۆخان به‌شیکه له پرۆسه‌ی ئاشتی و بۆ ئێوه‌ش شایه‌نی ڕه‌خنه‌و سه‌رکۆنه‌کردن نیه، به‌ڵام چالاکیه‌کی گه‌ره‌یلاکانی پێکاکه له شه‌مزینان یاخود له ئه‌سکه‌نده‌رۆنه ده‌بێته مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی توند‌و ڕاشکاوی حکومه‌ته‌که‌تان!؟ ئاخۆ بارزانیش وه‌ک تورکه‌کان جیاوازی ده‌کات له نێوان خوێنی جه‌ندرمه‌و گه‌ریلاو فرمێسکی دایکانی کورد‌و تورک؟
له‌به‌رامبه‌ردا ئایا ناردنه‌وه‌ی گروپی ئاشتی بۆ تورکیا‌و خۆپیشاندانی کورد له پێناوی ئاشتیدا و ئاگربه‌ستی یه‌ک له‌دوای یه‌کی پێکاکاو لێدوانه زۆر نه‌رمه‌کانی ئاپۆی زیندانیکراوی ئیمراڵی له پێناوی کۆتایهێنان به‌شه‌ڕ، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر ئاشتی؟ ئه‌ندازیاری ئه‌م ئاشتیه له‌کاتێکدا داکۆکی له حه‌ماس ده‌کات که‌وا تیرۆریست نین و داوای تێکه‌ڵکردنیان به پرۆسه‌ی سیاسی و ئاشتی ده‌کات، یان داکۆکی له‌به‌شیر ده‌کات و به‌تاوانباری جینۆسایدی نازانێت به‌ڵکو به‌دیندارێک ئیسلامی وه‌سفده‌کات، به‌ڵام ئاماده نیه له‌گه‌ڵ پێکاکه‌و ڕێبه‌ره‌که‌یدا دابنیشێت که زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی باکور به نوێنه‌ری خۆیانی ده‌زانن.
بیرکرنه‌وه‌ی زۆری ناوێت هه‌تاکو هه‌ر مرۆڤێك له‌وه تێبگات، که کرانه‌وه‌که‌ی جه‌نابی ئه‌ردۆخان درۆیه‌کی گه‌وره‌یه‌و فێڵێکی تازه‌یه له گه‌له‌که‌مانی ده‌کات. ئایا بارزانی بۆ خۆی ئاماده‌یه کۆیلایه‌تیه‌کی به‌م شێوه‌یه به‌ناوی ئاشتیه‌وه قبوڵبکات و قه‌ده‌ری گه‌له‌که‌ی ته‌سلیم به ده‌ستی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ژادپه‌رستی وه‌ک تورکیا بکات؟
مایه‌ی سه‌رسوڕمانه، کاتێک بارزانی لێکدانه‌وه ستراتیجیه‌کان و ده‌رسه مێژووییه‌کان تا ئه‌و ئاسته ده‌هێنێته خواره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌ردۆخان به زمانی کوردی فه‌رموویه‌تی: به‌خێرهاتی! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه پێوه‌ر بێت بۆ گۆڕان و کرانه‌وه‌و ئه‌وه ده‌بوایه سه‌دام شایسته‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی بووایه، چونکه ته‌نانه‌ت جلی میلله‌تی ژێرده‌ستی کوردیشی پۆشی، به‌ڵام پۆشینی به‌رگی کوردی سه‌دام ڕیگر نه‌بوو له‌به‌رده‌می سه‌دامدا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد جینۆساید بکات هه‌روه‌ک چۆن به‌خێرهاتنه‌که‌ی ئه‌ردۆخانیش به‌کوردی ڕیگر نابیت بۆ درێژه‌دان به قڕکردنی له باکوری کوردستان.
به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌همه‌که‌ی بارزانیه‌وه، بارودۆخی ئه‌مڕۆی تورکیا له‌سایه‌ی تێکه‌ڵه‌یه‌کی سیسته‌می عوسمانی و ئه‌تاتوکه‌وه، جێگای ئاشتی تیا نابێته‌وه‌و هه‌ژیریی ته‌یاره‌و ده‌نگی ناسازی تانک و تۆپ زیاتر به‌سه‌ر ده‌نگی ئاشتی زاڵ ده‌بێت. بۆیه شه‌رمه بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌م کاتوساته‌دا، سه‌رکۆنه‌ی گه‌لی باکور و پارته شۆڕشگێڕه‌که‌ی بکات و پاساو بۆ تاوانه‌کانی تورکیا بهێنێته‌وه، چونکه ئه‌م هه‌ڵویسته وه‌ک ئه‌وه وایه له ده‌می پرۆسه‌ی ئه‌نفال و جینوسایددا لایه‌نێکی کوردساتنی پاکانه بۆ تاوانه‌کانی سه‌دام بهێنێته‌وه و سه‌رکۆنه‌ی تاله‌بانی و بارزانی بکات!!
خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه له‌و ده‌مه‌دا به‌شێک بوون له شه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێڕاق و هاوکاری داگیرکه‌رێکی ترتان ده‌کرد، به‌ڵام پێ‌کاکا له‌م شه‌ڕه‌دا په‌لکێشی هیچ داگیرکه‌رو هێزێکی بێگانه‌ی بۆسه‌ر تورکیا نه‌کردووه.
بێگومان بارزانی هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی تر ده‌کات، ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا بکه‌وێته‌وه ناو پیلانه‌کانی تورکیا له‌دژی بزاڤی گه‌له‌که‌مان له باکور. چونکه له هه‌ڵبژاردنێکی نه‌رێنی وادا، ڕۆڵ و چاره‌نوسی بارزانی له مێژودا له ڕۆڵ و چاره‌نوسی حه‌سه‌نی خه‌یری سه‌رده‌می ئه‌تاتورک باشتر نابێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست