مافێكى زەوتكراو... خاوەنمافێكى هەڵە...

Sunday, 13/11/2011, 12:00




لە پەرپاكردنى دادپەروەریدا، هیچ شتێك لەوە زیاتر بێهیوامان ناكات كاتێك دەبینین مافخوراوێك نەك داواى مافەكەى ناكات بەڵكو بە ئاراستەى پێچەوانە هەنگاو دەنێت و لەبرى ئەوەى لە دەرگاى مافخۆران بدات، بەرۆكى كەسانێك دەگرێت كە نەك ناتوانن مافەكەى بۆ بگەڕێننەوە بەڵكو خۆشیان قوربانى دەستى هەمان سیستەمن و ناتوانن تیمارى سەرى خۆشیان بكەن! نادادى و كەموكورتییەكانى خزمەتگوزارى تەندروستى لە هەرێمى كوردستاندا، زۆرجار بەرچەكردارێكى دروستكردووە كە نەیتوانیوە رووەو چارەسەركردنى كێشەكە هەنگاو بنێت و دەستنیشانى خاڵە لاوازەكان بكاتو قوربانیانى دواتر رزگاربكات.
لێرەدا دەمەوێت تیشكێك بخەمەسەر سكاڵاى هاوڵاتییەك كە لەدواى كۆچى دوایى دایكى بەرزى كردووەتەوە، سەرەتا سەرەخۆشى خۆم ئاراستەى ئەو بنەماڵەیە دەكەم و لە خواى گەورە داواكارم ئارامییان پێ ببەخشێت و كوچكردووش بە بەهەشتى بەرین شادبكات.
وەك پزیشكێكى پلەبەند، كاتێك سكاڵاكەم خوێندەوە لەچەند شوێنێكدا تووشى سەرسوڕمان بووم لەوانە:
1. سكاڵاكار داواى رەوانەكردنى نەخۆشەكەى كردووە بۆ سلێمانى لە پزیشكى نیشتەجێى خولاو (موقیم)و بەوە تاوانبارى دەكات كە نەیناردووە، لە كاتێكدا لاى هەمووان ئاشكرایە ناردنى نەخۆش لە دەستەڵاتى پزیشكى پسپۆڕەو پێویستە ئەو ئیمزاى بكات نەك پزیشكى موقیم.
2. سكاڵاكار داواى لە حكومەت كردووە پزیشكى پسپۆڕ لەبرى پزیشكى نیشتەجێى خولاو لەو نەخۆشخانەیە دابنێت چونكە بەبڕواى ئەو پزیشكى نیشتەجێى خولاو هیچ نازانن، پێش هەموو شتێك ئەو دەستەواژەیە سوكایەتییەكە بە كۆلێژى پزیشكى و زانكۆ و وەزارەتى خوێندنى باڵاو وەزارەتى تەندروستى، پاشانیش داواكارییەكە هەڵەیە لەبەرئەوەى پزیشكى پسپۆر لەو نەخۆشخانەیە هەیەو خشتەى دەوامەكانیان لە پشت سكاڵاكارەوە هەڵواسراوە و پێویستبوو لەسەر چۆنییەتى دەوامكردنیان پرسیارى بكردایە!
3. كۆچكردوو فشارى خوێنى بەرزبووەتەوە و رشاوەتەوەو خوێنى تێدابووە، پاشان پەیوەندییان كردووە بە پزیشكێكى میمزایانەوەو ئەویش وتویەتى (ئەو ئەعرازانە جەڵدەى دەماغییە)، بێگوان هەر كەسێك ئەلفوبێیەك لە زانستى پزیشكى بزانێت ئەم رستەیە بە ئەفسانە تێدەگات، لەبەرئەوەى هیچ كەسێك ناتوانێت بەئەو دوو نیشانەیە جەڵدەى دەماغیى دیاریبكاتو ئەگەر ئەو میمزایە ئەوەى زانیبێت ئەوا زانیویشیەتى پێنج رۆژى دیكە چى روودەدات و دەبوو ئاگاداری بكردنایەتەوە تا لەسەر بەرپرسیارییەتى خۆیان دەریبكەن و پاشان بیبەن بۆ سلێمانى، خۆ ئەوكاتە هیچ كەسێك بە دكتۆرى موقیمیشەوە نەیدەتوانى رێگریان لێبكات.
4. ئەوەى لە سلێمانى بۆى كراوە، وەك لە سكاڵاكەدا هاتووە و فایلەكەش پشتراستى دەكاتەوە، تەنها ئەشیعەى سیتى سكان و داخلكردنیەتى لە چاودێرى ورد، ئەمەش لەبەر سروستى نەخۆشییەكە نەك كەمتەرخەمى نەخۆشخانە، دەبوو سكاڵاكار داواى روونكردنەوەى هۆكارى نەبوونى ئەم دوو خزمەتگوزارییەى بكردایە لە ناوچەكەیاندا كە یەكەمیان ئامادەیەو تەنها كارمەندێكى پێویستبوو دوو كلیك بكات و دووەمیشیان تەنها پێویستى بە مۆنیتەرێك و جێگایەكى نووستن هەیە! بەپَى سكاڵاكە، خوالێخۆشبوو هیچ نیشانەیەكى دەمارى نەبووە لە نەخۆشخانەكەى خۆیان، كەواتە دوورنییە لە كاتى رەوانەكردنەكەو بەهۆى خراپى رێگاوبانەوە تووشى جەلدە دەماغییەكە بووبێت.
5. یەكێكى دیكە لە گلەیەكانى سكاڵاكە ئەوەیە كە پزیشكى پسپۆر لە سلێمانى لە رۆژێكدا یەك جار سەردانى نەخۆشەكەى كردووە! ئەگەر سكاڵاكار پێش ئەوەى دەست بەنووسین بكات دوو پرسیارى بكردایە ئەوا بۆى دەردەركەوت كە ئەوە سیستەمى تەندروستییە نەك تاوانى پسپۆڕەكەو ئەوكات داواى گۆڕینى سیستەمەكەى دەكرد نەك ئەو كەسانەى كە خزمەتیان كردووە.
6. پزیشكى پسپۆر هەموو ڕۆژێك وتویەتى (ئەمە تەواوى كردیە)، بەداخەوە سروشتى نەخۆشییەكە وابووە و پزیشكیش راستییەكەى پێ وتوون، ئەگەر پێشیان وایە وانییە ئەوا با پرسیار لە دكتۆرەكەى میمزایان بكەن تا بۆیان روونبكاتەوە، بردنەدەرەوەى نەخۆشیش تەنها ئەركێكى زیادەیەو زۆر زەحمەتە بەرگەى رێگاكەش بگرێت.
ئەمانە تەنها چەند سەرنجێك بوون لەسەردەقى سكاڵاكە، ئەگەرنا راستى و دروستى رووداوەكە بە شێوەیەكى دیكەیەو زانیارییەكانى ناو فایلەكان دەریدەخەن كە پزیشكانى نیشتەجێى خولاو بە زیادەوە بەئەركى خۆیان هەستاون و لە رۆژانى دوایشدا ئەو راستییە لە دادگادا دەسەلمێنرێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە