گەڵ بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كوردان؟ یان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى توركیا؟
Wednesday, 16/12/2009, 12:00
لە نیوەى دووەمى ساڵى 2009دا، رەنج و تێكۆشانى بەردەوام و هەمەلایەنەى گەلى كوردستان، ئامانجێكى خۆى پێكا و حكومەتى داد و گەشەپێدانى ناچار كرد دان بە بوونى نەتەوەیى گەلى كورددا بنێت و ئامادەیى خۆى بۆ چارەسەرى دیموكراتیانەى دۆزى كورد نیشانبدات.لە بەرامبەردا ك ج ك (كۆماجڤاكى كوردستان) و رێبەرە زیندانیەكەى لە دوورگەى ئیمرالیەوە،ئەو هەڵوێستەى حكومەتى توركیان بە هەند وەرگرت و ئامادەكاریان نیشاندا كە بۆ چارەسەرى ئاشتیانەى كێشەى كورد، هەر دەم ئامادە و هاوكارن.
دواى لێداوانەكانى بەرپرسانى حكومەتى توركیا لە سەر سیاسەتى كرانەوەى دیموكراتى بە رووى كێشەى كوردا،لە مانگى نۆڤەمبەرى 2009دا لێدوان و گفتووگۆكانی بەرپرسانى حكومەتى توركیا گەیشتە پەرلەمانى توركیا و چەند دانیشتنێكى پەرلەمان بۆ گفتووگۆى دۆزى كورد تەرخان كرا.تا ئەمرۆش بەرپرسانى حكومەتى توركیا لە بۆنەكاندا دووبارەى دەكەنەوە كە لە سەر چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزى كورد بەردەوامن.بەڵام كاتێك رێبەرى كۆماجڤاكى كوردستان لە زیندانى ئیمرالیەوە، بۆ هاوكارى چارەسەرى دیموكراتى دۆزى كوردپرۆژەیەكى چارسەرى ئاشتیانەى كێشەى كوردى بە ناوى نەخشەى ریگا لە 20-8-2009دا رەوانەى گەلى كورد و راى گشتى و حكومەتى توركیا كرد،حكومەتى توركیا لەو كاتەوە دەستى بەسەر پرۆژەكەدا گرتووە و ناوەرۆكى پرۆژەكەى بۆ راى گشتى ئاشكرا نەكردووە.
هەر لە هەمان كاتدا بۆ بە پیرەوەچوونى سیاسەتى كرانەوەى دیموكراتى حكومەتى داد و گەشەپێدان، كۆماجڤاكى كوردستان،لە سەر سیاسەتى راگرتنى شەڕ و ئاگر بەست بەردەوام بوو،كەچى هێزەكانى سوپاى تورك بە ئۆپراسیۆن وەَلامى ئاگربەستى درێژكراوەى كۆماجڤاكى كوردستان ئەدایەوە.
لە 19-10-2009دا لە سەر پێشنیارى رێبەر ئۆج ئالان، بۆ نیشاندانى نیازپاكى و بۆ بە تەنگەوەچوونى ئاشتى، كۆماجڤاكى كوردستان دوو گرووپى ئاشتى لە قەندیل و لە ئۆردوگاى مەخمور رەوانەى توركیا كردەوە،لە لایەن گەلەوە پێشوازیەكى گەرمیان لێكرا،بەڵام لە لایەن دەسەڵاتدارانى توركیاوە گەرانەوەى گرووپەكانى ئاشتى بە سەرەتاى خۆبەدەستەوەدانى (پ ك ك) بە ناوكرا.
لە ماوەى 11 ساڵى رابوردودا كە رێبەر ئۆج ئالان لە زیندانى تاكە كەسى ئیمرالى زیندانكراوە،بە گوێرەى یاساى زیندانى توركیا و یاساى زیندانى وڵاتانى یەكێتى ئەوروپا هەڵسوكەوتى لەگەڵ نەكراوە،دەرفەتى نەبووە بە تەلەفۆن لەگەڵ دەرەوەى زیندان قسە بكات،مافى نەبووە كەناڵى تەلەفزیۆن ببینێت،رادیۆیەكى یەك مەوجى لابووە كە تەنها كەناڵەكانى حكومەتى توركیاى وەرگرتووە،لە كاتى سەردانى پارێزەرەكانیدا بەرپرسێكى زیندانى ئیمرالى ئامادەى گفتووگۆكانى رێبەر ئۆج ئالان و پارێزەرەكان بووە و گفتووگۆكانى ریكۆرد كردووە،لە كاتى سەردانى خزمەكانیدا بۆ زیندان تا ئێستە نەیانتوانیوە راستەوخۆ لەگەڵیدا قسە بكەن،لە پشتى شوشەوە بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ كردووە.لە 1-3-2007دا ئاشكرابوو كە بەرپرسانى زیندانى ئیمرالى بە مادەى ژەهرى كرۆمیۆم و سترانسیۆم رێبەر ئۆج ئالانیان ژەهراوى كردووە.
لە ژێر فشارى گەلى كوردا،رێكخراوى دژە ئەشكەنجەى یەكێتى ئەوروپا (س پ ت)،سەردانى زیندانى ئیمرالى كرد وچەندین پێشنیارى بۆ پاراستنى تەندروستى و باشكردنى رەوشى ژیانى رێبەر ئۆج ئالان لە زیندانى ئیمرالیدا پێشكەش بە حكومەتى توركیا كرد،بەڵام حكومەتى توركیا گوێى بە پێشنیارەكانى (س پ ت) نەدا و یەكێتى ئەوورپاش لە گوڵ كاڵترى بە توركیا نەوت.
لە دواى سیاسەتى نوێى حكومەت داد و گەشەپێدان، وە بۆ نیشاندانى هەڵوێستى ئاشتیخوازانەى حكومەتى توركیا لە بەرچاوى راى گشتى،دەسەڵاتدارانى تورك هەوڵیاندا هەندێك گۆڕانكارى لە زیندانى ئیمرالیدا بكەن، چەندان زیندانییان بۆ دورگەكە گواستەوە بۆ ئەوەى رێبەر ئۆج ئالان تێكەڵیان لەگەڵ بكات ولەزینداندا خۆى تەنها نەمێنێتەوە،بەڵام بە گوێرەى ئەو زانیاریانەى كە لە رێگەى پارێزەرەكانەوە بە دەست دەگات تا چەند رۆژێك لەمەوبەر و لە ژێر فشارى گەلى كوردا نەبووبێت رێبەر ئۆج ئالان لە زیندانى ئیمرالیدا هیچ زیندانیەكى نەبینیوە و تێكەڵى لە گەڵ نەكردوون،ئەمەش بەو واتایە دێت كە هەڵگرتنى گۆشەگیرى سەر رێبەر ئۆج ئالان راست نیەو ئەو كارانەى حكومەتى توركیا لەو بوارەدا دەیكات راست نیە و بۆ چەواشەكردن و بە هەلەَدا بردنى گەلى كوردە.هەر لە سەر پێشنیارى (س پ ت) حكومەتى توركیاو بەرپرسانى زیندانى ئیمرالى بریاریاندا كە ژوورى زیندانیەكەى وا بگۆڕن كە ژیانێكى ئاسایى تێدا بەسەر ببات،بەڵام دەركەوت ژوورەكەى رێبەر ئۆج ئالان لە ژوورەكەى پێشووى بچوكرترە و پەنجەرە لە بنمیچى ژوورەكەیدا دروستكراوە،زۆر بە زەحمەت لەو ژورە بچووك و كەم تیشك و كەم رووناكیەدا ژیان بە سەر دەبات.بەو شێوەیە دەركەوت كە دەسەڵاتدارانى حكومەتى توركیا ژیان و گوزەرانى رێبەرى گەلى كوردیان لە لە خرابەوە بەرەو خراپتر بردوە،بۆیە رێبەر ئۆج ئالان ژوورە نوێكەى وەك چاڵى مەرگ وەسف دەكات.
كاتێك گەلى كورد هەواڵى رەوشى خرابى رێبەرەكەیانى بیست،بە چالاكى جەماوەرى و دیموكراتى و مانگرتن و نارەزایى دەربرینى جۆراو جۆر وەڵامى سیاسەتى ئەشكەنجەى نوێ و گۆشەگیرى بەردەوامى سەر رێبەریان دایەوە،لە ماوەى دوو هەفتەى رابوردوودا، لە شارەكانى باكورى كوردستان، لە وڵاتانى ئەوروپا،لە كەمپى مەخمور، لە زیندانەكانى توركیا و سوریاو ئێران و هەرێمى كوردستان، گەلى كورد بە چالاكى خۆپیشاندان و مانگرتن لە خواردن،سیاسەتى ئەشەكەنجە و گۆشەگیرى ئیمرالى شەرمەزار دەكەن و داوا لە حكومەتى توركیا دەكەن دەست لەو سیاسەتە نەزۆكانە بەربدات و رەوشى رێبەر ئۆج ئالان لە زینداندا باش بكات و وەك راستكردن بۆ كرانەوەى دیموكراتى بە رووى كێشەى كوردا رێبەر ئاپۆ و زیندانیانى ترى دۆزى كورد ئازاد بكات.بەڵام دەسەڵاتدارانى توركیا تا ئێستە بە سەركوتكردنى خەڵكى نارازى كوردستان وەلامى داواكانى گەلى كوردیان داوەتەوە و لە شارى ئامەد پۆلیسى توركیا بە گوللە لاوێكى كوردیان شەهید كرد.
لەبەر ئەوەى یەك لەو پێكهاتە سیاسیانەى گەلى باكورى كوردستان كە پێشنەگایەتى بۆ چارەسەرى دیموكراتیانەى دۆزى كورد دەكات و بە سیاسەتە نادیموكراتیەكانى دەوڵەتى توركیا رازی نیە،پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى(دت پ) یە،رۆژى 11-12-2009 دادگاى توركیا بریارى قەدەغەكردنى (د ت پ) ى وەرگرت وچالاكى سیاسى لەدەیان سیاسەتمەدارى ناودارى ئەو پارتە قەدەغە كرد.
بەو شێوەیە دەبینین كە حكومەتى توركیاو دام و دەزگاكانى دەوڵەتى توركیا لە ماوەى چەند مانگى رابوردوودا لە تەنشت ئەو هەڵوێستە نوێیەیانەوە كە گوایە دەیانەوێت كێشەى كورد بە شێوازى ئاشتى و دیموكراتى چارەسەر بكەن،چەندان بریارى سیاسیان دژى گەلى كورد و دژى بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كور د و دژى رێبەرى كۆماجڤاكى كوردستان و دژى ئاشتى و دیموكراتى وەرگرتوە و بە كردەوە بریارە شۆڤێنى و نادیموكراتى و نایاساییەكان جێبەجێدەكەن.
ئەگەرپارتى داد و گەشەپێدان بە راستیەتى داواى چارەسەرى ئاشتیانەى كێشەى كورد دەكات،ئەبێت بۆ چارەسەرى ئەو كێشەیەلەگەڵ نوێنەرى گەلى كوردا دابنیشێت و گفتووگۆ بكات،ئەو كات ئەو كێشەیە بە ئاشتى چارەسەر دەكرێت،لاى هەر هەموو جیهان روون و ئاشكرایە كە نوێنەرى گەلى كورد لە باكورى كوردستان، كۆما جڤاكى كوردستان و(د ت پ) و رێبەر ئۆج ئالانن.
لە كاتێكدا حكومەتى توركیا داواى ئاشتى و بە ئاشتى چارەسەركردنى دۆزى كورد دەكات،ئەبێت ئاشتى لەگەڵ لایەنێكدا بكرێت كە لە گەڵ حكومەتى توركدا بەشەرهاتووە، روون و ئاشكرایە ئەو لایەنەى دەیان ساڵە لە گەڵ سوپاى توركیا لە شەردایە، كۆما جڤاكى كوردستان(ك ج ك) ە،بۆیە ئەگەر حكومەتى داد و گەشەپێدان بەراست ئاشتى گەرەكە، دەبێت لەگەڵ (ك ج ك) ئاشت ببێتەوە و رێكبكەوێت.
دواى هەڵوێستى بە ناو ئاشتیخوزانەى پارتى داد و گەشەپێدان،حكومەتى توركیا و دام و دەزگاكانى ترى دەوڵەتى توركیا،بە پێچەوانەى لۆژیكى ئاشتیەوە و ناكۆك لە گەڵ هەڵوێستى خۆیاندا هەڵسووكەوت دەكەن،نایانەوێت لەگەڵ نوێنەرى گەلى كوردا گفتووگۆ بكەن،نایانەوێت لەگەڵ ئەو لایەنەدا گفتووگۆ بكەن كە شەڕ و ئاشتى بە دەستە،دەست بە سەر پرۆژەى نەخشە رێگاى رێبەر ئاپۆدا دەگرن،پەرلەمانى توركیا مۆڵەت بە سوپاى توركیا ئەدات لە دژى هێزى پاراستنى گەل لە باشورى كوردستان ئۆپراسیۆنى سەربازى بكات،گروپەكانى ئاشتى وەك خۆبەدەستەوەدانى بزاڤى ئازادیخوزاى گەلى كورد هەڵدەسەنگێنن،لە زیندانى ئیمرالى گۆشەگیرى سەر رێبەر ئاپۆ زیاتر دەكەن و رەوشى زیندانى لە خرابەو بۆ خرابتر دەبەن و بە گوللە وەلامى نارەزایى ئەو كەسانە ئەدەنەوە كە خاوەندارى لە رێبەر ئۆج ئالان دەكەن،پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى قەدەغە دەكەن و چالاكى سیاسى دەیان سیاسەتمەدارى كورد قەدەغە دەكەن.
لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناكۆك و دووروویەى حكومەتى داد و گەشەپێدان بەرووى دۆزى كوردا،لە بەرامبەر گۆشەگیرى سەر رێبەرى كۆما جڤاكى كوردستان و قەدەغەكردنى پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى و بریار و كردەوە نادیموكراتى و نامرۆڤایەتیەكانى ترى دەوڵەتى توركیادا،پەرلەمانى هەرێمى كوردستان،حكومەتى هەرێمى كوردستان و حزبە دەسەڵاتداراەكانى باشور، بێ دەنگ و بێ رەنگ ماونەتەوە، ئەركى نەتەوەیى و مرۆڤدۆستیان بەرامبەر بە دۆزى رەواى گەلى كورد و گۆشەگیرى و ئەشكەنجەى سەر رێبەر ئاپۆ و قەدەغەكردنى د ت پ نیشان نادەن،زۆربەى كات بە شان و باڵى ئاشتیە چەواشەكاریەكەى ئەرۆدغاندا هەڵئەدەن و دەیانەوێت ئەردۆغان بكەنە سەدام حوسەینى ئەندازیارى حوكمى زاتى باشورى كوردستان.ئەم هەڵوێستە بێ هەڵوێستیەى دەسەڵاتدارانى باشور،گەلى كورد دووچارى گۆمان دەكات،گەلى كورد وا تێدەكات كە لە بەرێوەبردنى ئەو سیاسەتە دووفاقیەى پارتى داد و گەشەپێداندا،دەستى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستانیش هەبێت.بۆیە بۆ دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان باشە، قۆناغى بێدەنكى و بێرەنگی تێپەرێنن و خۆیان ساغ بكەنەوە، ئایا لە ملاملانێى نێوان گەلى باكورى كوردستان و حكومەتى پارتى داد و گەشەپێداندا لە گەڵ كام لایەندان؟لەگەڵ گەلى كوردن؟ یان لەگەڵ پارتى داد و گەشەپێدان؟،ئەگەر لە گەڵ گەلى خۆتاندان،با گومان لە سەرتان بڕەوێتەوە و رێزوو خۆشەویستى خەڵكى كوردستان قازانج بكەن،ئەگەر لەگەڵ حكومەتى داد و گەشەدان و لە هەوڵى داتاشینى هێزى تردان بۆ ئەوەى لاى حكومەتى تورك وەك نوێنەرى گەلى كورد بناسرێت و لە رێگەى ئەوهێزە داتاشراوانەوە و لە رێگەى ئیدریس بەتلیسیەكان و پارتى داد و گەشەوە كورد بگەڕێننەوە بۆ پێكهاتەیەكى لاواز وو بێ ئیرادەى سەردەمى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى،با گەلى كورد لەو سیاسەتە نانەتەوەیى و دژە ئازادیەتان ئاگادار بێت و لەوە زیاتر چەواشە نەكرێت.
هەر لێرەوە بە پێویستى دەبینین دەنگمان بگاتە گوێى قونسۆڵخانەكانى وڵاتانى ئەوروپى وئەمریكا لە هەولێر،هاوارمان گوێیان بزرنگێنێتەوە و پێیان بڵێین، ئەگەر ئێوە خۆتان بە پارێزەرى مافى مرۆڤ دەزانن و خۆتان بە دۆستى گەلى كورد دەناسن،ئەى بۆچى لە بەرامبەر دۆزى رەواى گەلى كورد و سیاسەتى ئاشتیخوازانەى (ك ج ك) و رێبەر ئۆج ئالان، هەڵوێستى دیموكراتى نیشان نادەن؟ بۆ لە سەر سیاسەتى دژایەتیكردنى دۆزى كورد و قەدەغەكردنى د ت پ هەڵوێستى جدى نیشان نادەن و لەپشتگیرى دەوڵەتى توركیا بەردەوامن؟
جارێكى تر روودەكەینە رێكخراوى دژە ئەشكەنجەى یەكێتى ئەوروپا(س پ ت) و پێیان دەڵێین ئێوە لە بەرنامە و پەیرەوى ناوخۆى رێكخراوەكەتان لاتان داوە،لەبەر ئەوەى لە بەرامبەر پێشێلكاریەكانى مافى رێبەرى گەلى كوردا هیچ هەڵوێست و بریارێكتان دژى دەوڵەتى تورك نیشان نەداوە.لە باتى ئەوەى لە سەر ئەشكەنجە و یاسا شكاندن و پێشێلكارى مافى زیندانی، دەوڵەتى توركیا سزا بدەن، كە یەك لە دەوڵەتەكانى دەوروبەرى یەكێتى ئەووپایە و ئەو پەیمانەى ئیمزا كردووە كە ئێوە كارى پێدەكەن،دێن و چاوپۆشى لە تاوانەكانى دەوڵەتى تورك دەكەن و دەبنە پشتیوانى دەولەَتێكى چەوسێنەرى رۆژهەڵاتى ناوەراست، بەوەش گەورەترین پێشێلكارى بەرامبەر بە پەیامەكەى خۆتان دەكەن و لە سەدەى بیست و یەكدا سووكایەتى بە ئیرادەى گەلى كورد دەكەن.
كۆمیتەى پاراستنى تەندرووستى بەرێز ئۆج ئالان
15-12-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست