کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای چوار ساڵ، بکوژەکانی سۆرانی مامەحەمە بە ئازادی دەسورێنەوە!

Wednesday, 18/07/2012, 12:00


راگەیەنراوی رێکخراوی سەردەشت عوسمان لە چوارەم ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆران مامەحەمە

دوای چوار ساڵ، بکوژەکانی سۆرانی مامەحەمە بە ئازادی دەسورێنەوە!

21-7 ی ئەمساڵ چوار ساڵ به‌سه‌ر تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ تێپه‌ر ده‌بێت. له‌ ساڵیادی تیرۆرکردنی ئه‌و گه‌نجه‌ رۆژنامه‌نووسه‌دا وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخه‌میمان بۆ خانه‌واده‌ و هاورێیان و رۆژنامه‌وانان و ئازادیخوازانی کوردستان، داوای ئاشکراکردنی بکوژانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان ده‌که‌ین. له‌ده‌ستدانی ئه‌و رۆژنامه‌وانانە که‌لێنێکی گه‌وره‌ بوو له‌ بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان.
سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، وه‌کو گه‌نجێکی بوێر، خه‌ون و خولیاکانی کۆتایهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌وی و بنه‌ماڵه‌یی و هێنانە کایه‌ی سیسته‌میکی بێ زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ بوو له‌ کوردستان، بۆیه‌ زۆرێک له‌ نووسین و کاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی ته‌رخان کردبوو بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌و بێمافی و نایه‌کسانییه‌ی که‌ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌پیناوی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و تاکه‌که‌سیدا رۆژانه‌ ده‌یان کاره‌سات و روودای جه‌رگبڕ ده‌که‌نه‌ نسیبی خه‌ڵک .
دوای چوار ساڵ له‌تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و تێپه‌ڕبونی دوو سال بەسەر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی جەماوەری ١٧ شوبات بەهێزی سەربازی و چەک. ده‌سه‌لاتی سیاسی هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌مکوتکردنی خه‌ڵک و گرتن و ئازاردانی رۆژنامه‌وانان. هێرش و تیرۆری و تۆقاندن لە بەرامبەر رۆژنامه‌وانان و خه‌ڵکی نارازی کوردستان ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌به‌رده‌م ناره‌زایی خه‌ڵک ده‌ربهێنێت، رێگای راست و دروست داننانه‌ به‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و به‌ره‌سمی ناسینیان. په‌نادانی تاوانباران و بکوژانی رۆژنامه‌وانان و خۆپیشاندەرانی حه‌ڤده‌ی شوباتی ساڵی رابردو‌ ‌گاڵته‌جارییە به‌ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و دادگا و بانگەشەی ئازادی و دیموکراتی.
لە ساڵیادی تیرۆری سۆرانی مامەحەمەدا، وێرای پێداگری شێلگیرانەمان لەسەر ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران. یادی سۆرانی مامەحەمە بەرز ڕادەگرین. پشتیوانی و هاوکاری هەر کارو چاڵاکییەکی رۆژنامەوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانین بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی سۆران و داوای دادگایی تیرۆستان.


2012-07-15


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە