کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆڕى ئەپینیۆن کوردستان ئیدانەى بێدەنگیى حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکات

Tuesday, 10/12/2013, 12:00


هەر وەک ئاگادارن دەستەیەک لە چالاکوانان و تێکۆشەرانی سیاسی و مەدنی کورد بەناوەکانی مستەفا شێخە، رامان پیرۆتی، چیا مەلاک، پێشەوا عەلی پوور، عەلی ئیسماعیل نژاد، محەمەد فەرهادزادە و ئامانج سەڵەواتی، بە تاوانی بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەڕێکخستنی چالاکی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕژیمی ئێران، لە ڕۆژی هەشتی نۆڤامبرەوە لە بەندیخانەکانی حوکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستبەسەر کراون.

چەشنی ئەم چالاکییە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەرێوە چووە، بەڵام هیچ کوردێک لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتانەوە نەگیراوە و ڕاپێچی زیندان نەکراوە.

گرتنی ئەو حەوت چالاکە سیاسی و مەدەنییە بەو واتایە دێت کە تا ئێستاش کاربەدەستانی هەرێم بەپێی هیچ پێوانەیەکی دێموکراتیک و نەتەوەیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ناکەن، ئەوە لەکاتێکدایە کە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان ئاواڵە هێشتراوەتەوە بۆ پەیڕەوکردنی هەر چەشنە سیاسەتێکی دژە کورد لەو هەرێمەدا.

بۆیە ئەوە پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە ناوچاوانی کاربەدەستانی حکومەتی هەریمی کوردستان و بە هیچ چەشنە بیانوویەکی سیاسی ناشاردرێتەوە و پاساو نادرێت. لێرەدا دەمانهەوێ زۆر بە شەفافیش ڕووی ڕەخنە بکەینە ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تا ئێستاش بەڕسمی گرتنی ئەو حەوت چالاکوانەیان شەرمەزار نەکردووە. بێدەنگی ئێوە لەبەرامبەر ئەو چالاکوانانە و تەنانەت ئەندامەکانتان، پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆیە لە سیاسەتی نانەتەوەیی کاربەدەستانی حوکمەتی هەرێم. ئەو بێدەنگییە بە هیچ چەشنێک نە یارمەتی ئێوە دەدات و نە یارمەتی جوڵانەوەی کورد بەگشتی دەدات.

تەنانەت ئەگەر دەنگ هەڵبرین بێتە هۆی هەندێک زەخت و زۆری لە سەرتان، دیسانیش هیچ پاساوێکتان نییە کە پرینسیپەکان و سنورە پیرۆزەکان پێشێل بکەن و بیبەزێنن. داوامان لە ئێوە ئەوەیە کە چی دیکە لە سەر سیاسەتی دیپلۆماسی نهێنی و بێدەنگی بەردەوام نەبن و بەراشکاوی دەنگی رەخنە و نارەزایەتی خۆتان دژی ئەو کردەوە ناکوردانەیە دەربرن و لە رێزی پێشەوەی ئەو دەنگە بێزارییانە بن و رێکیپخەن.

تۆری Opinion Kurdistan

[email protected]

تێبینى: ئەو گروپە لە کۆمەڵێک خوێندکار، هونەرمەند و چالاکوانی پێکدێت کە لە وڵاتی سوێد نیشتەجێن. ماوەی ساڵێکە ئەو کەسانە بەیەکەوە کار دەکەن و بەپێی ڕوداوەکانی کوردستان کاری خۆیان دیاری دەکەن. لە ئێستادا لەدژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران کار دەکەن و پرۆژەیەکی تایبەتیشیان بۆ پشتیوانیکردن لە گیراوانی هەولێر وەرێخستووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە