نامەیەك لە چەمچەماڵەوە بۆ فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانى كوردستان (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ)
Sunday, 23/01/2011, 12:00
ئەم نامەیەى ئێمە جگە لە خەمێكى گشتى بۆ هەموومان بە ئێوەشەوە كە ئەندام پەرلەمانن شتێكى تر نییە
ئێمە ئەم یاداشتە ئاڕاستەى بەڕێزتان دەكەین بە ئومێدین بەدواداچوونتان هەبێت و چیدى ئێمەش لە خەم و دڵەڕاوكێدا ژیان نەبەینەسەر.
بەڕێزان سەرنجتان بۆ بابەتێك رادەكێشین كە پەیوەستە بە ژیانى ئێمەى دانیشتوانى ئەم سنوورەوە، راستە رەنگە نەتوانرێت رێ لە كەسێكى خراپەكار بگیرێت كە بیەوێ ژیانى خەڵكى تێكبدات، بەڵام خۆ دەكرێت ئەوەى كارێكى نابەجێ و دژ بە هەمووجۆرە یاسایەك دەكات راپێچى بەردەم یاسا بكرێت و لەرووى یاساییەوە مامەڵەى جدى لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەوەى ئێمە رۆژانە لەم شارۆچكەیە بەدیدەكەین شتێك نابینین بەناوى جدیبوونى دەزگاكانى پۆلیس و ئاسایش كە تاوانباران راپێچى بەردەم یاسا بكەن و مافى پێتاوانایان لێبكرێتەوە.
سەیرە هەر لەماوەى ئەم مانگەدا چەندین تاوانى جۆربەجۆر لێرە روویانداوە بێئەوەى هیچ كام لەو تاوانبارانە بۆ خەڵكى ئاشكرا بكرێن و بزانرێن ئەمانە كێن و بۆچى ئەوكارە نایاسییانەیان ئەنجامداوە!!
بۆ نموونە (كوشتنى دوو خوشك بە ناوەكانى شادیەو شۆخان بەشێوەیەكى زۆر دڕندانە، هێرشكردنە سەر چەند دكتۆر و پۆلیسێكى نەخۆشخانەى شەهید پێشڕەو لەلایەن كەسووكارى نەخۆشێكەوە كە گیانى سپاردبوو، تەقەكردن لەدووكەس لەناو بازاڕى شارو برینداركردنیان، بڕینى دووكانێكى ئاڵتون بەرۆژى نیوەڕۆ دواى ئەوەى لە خاوەنكەشى دەدەن) ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن كە چیتر حكومەت بە تایبەت یەكێتى كە فەرمانڕەوایى ئێرە دەكات لە توانایدا نییە كۆنترۆڵى ئەم سنوورەمان بۆ بكات، ئێمە زۆر بە دڵنیاییەوە گەشتووینەتە ئەو بڕوایەى ئەم بەرپرسانەى ئێستا ناتوانن ئارامیمان بۆدابینبكەن، ئاخر ئەوان چۆن دەتوانن ئاگادارى ئێمە بن لەكاتێكدا خوودى قائیمقام و بەرپرسى پۆلیس و چەندینى تر ماڵیان لە سلێمانى بێت و تەنها بە رۆژدا چەند سەعاتێكى كەم دەوام بكەن!!!
ئەمە لەكاتێكدا لە بەرنامەیەكدا كە بە مەبەستى كوشتنى (شادى و شۆخان) لە تەلەفزیۆنى یەكگرتوو كە تەلەفزیۆنێكى لۆكاڵییە سازكرا، تێیدا بەرنامەكە میواندارى چەند كەسێكى كردبوو لەوانە مامۆستایەك بوو كە لەسەر دۆخى ئەمنى شارۆچكەكە قسەى كردبوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسەوە داوایەكى یاسایى لە دژى مامۆستاكە تۆماركراوەو، ناوبرا بۆ ماوەیەك تەوقیفكراو دواتر بە كەفالەت ئازادكرا، سەیرە ئەوان بكوژانى ئەو دوو خوشكەیان نەدۆزیوەتەوە كەچى كەسێك راپێچى بەردەم دادگاو پۆلیس دەكەن كە تەنها راستى وتووە.
ئێمە بۆچوونمان وایە هیچ چارەسەرێك بۆ دۆخى ئەمنى شارۆچكەكەمان نییە جگە لەوەى سەرجەم بەرپرسەكانى بگۆڕدرێن، ژمارەیەكى زۆر پۆلیس و ئاسایشى سنوورى ترى بۆ بهێنرێت، چونكە ئەوەى وایكردبووە كە دۆخەكە رۆژبەڕۆژ بەرەو خراپى بڕوات بوونى خزمخزمێنەو هاوڕێیەتى و دۆستایەتییە، هەر بۆ نموونە لە پۆلیسەكانمان بیستووە دەیانوت كە دەچووین تاوانبارێك كە یاسا داواى دەكات بیگرین پێشووتر پێمانڕادەگەیاند ئەوە ئێمە بۆ گرتنى تۆ دێین ئەو شوێنە جێبهێڵە.!!!
تكایە بەجدییەوە لەم بابەتە بڕوانن چونكە ئێوە نوێنەرى ئێمەن لە بەڕزترین دەسەڵاتەوە كە (پەرلەمان)ە، بە هیواى بەدواداچوونى خێراو دۆزینەوەى چارەسەرى بەپەلە. . . .
كۆمەڵێك لە رۆشنبیران مامۆستایان و خوێندكارانى سنوورەكە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست