با 2 ى دیسەمبەر ببێتە ڕۆژى پۆرت شكاندنى (یەكێتى مامۆستایان) !!

Thursday, 25/11/2010, 12:00


پاش بیست ساڵ لە سوكایەتى وگاڵتەكردن بە ناو وهەیبەت وموقەدەساتى مامۆستا ساتى ڕەخنە گرتن و پێداچوونەوە وتێرامان بوون لەبەرامبەر ڕێكخراوى یەكێتى مامۆستایان كۆتایى پێهات بەڵكو ساتى تووڕەبوون وبەلاوەنانە , بەداخەوە یەكێتى مامۆستایان وەك ڕێكخراوێك لەماوەى ئەم بیست ساڵەدا بریتى بوو لەكارتۆن وقورمیشێكى حیزبى وسەرجەم كاروبارەكانى لەلایەن ئەندامانى كۆمیتە ومەڵبەندە حیزبیەكانى هەردوو دەسەڵاتدارى یەكێتى وپارتى دەبرێتە ڕێوەیە, لەڕاستیدا قسە زۆرە دەربارەى خراپى وكارە نێگەتیڤەكانى ئەم ڕێكخراوە لەڕووى ئیداریى وكۆمەڵایەتى وسیاسى وئابورییەوە بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا مەوداى قسە كردن وڕەخنە گرتن وباسكردنى گەندەڵیەكانى ئەم بوارانەى رێكخراوەكە ماوە ؟ بوارى ئەوە ماوە كەدەستى بگرین وپێى بڵین وامەكە وابكە ؟ بێگومان نەخێر ! تەنها ئەوە ماوە كەبڵێین بەسە ئیدى گیرفان پڕكردن وخۆ دەوڵەمەندكردن وڕاكردن لەدەستى بەرپرسیارێتى و خۆهەڵواسین بەحیزب وبڕینى پارەى مووچەى مامۆستا وقۆڕكردنى بار وگوزەران ودۆخى ژیانى مامۆستا !! , بەداخەوە پێویستە ئەم یەكێتە مامۆستایانە نەك كەنارگیربخرێ وبەرتانە وتەشەرى ڕەخنە بدرێ بەڵكو پێویستە وەك دیوارى بەرلین بڕوخێندرێ ! ئەم ڕێكخراوە پڕە لەگەندەڵى , پڕە لە ئەندامى وورگ زل وپارەپەرست , پڕە لە پیاوى بۆگەنى حیزباتى , پڕە لەپیاوى پیر شایلۆك ئاسا هەر خەریكى لووشدانى پارەى مامۆستا هەژار وبەدبەختەكانن , ئەمانە پێویستە لەبەردەم ئاپۆِراى جەماوەرى گەلى كوردستان دا وەك چاشەكان وبەعسەیكان لێپێینەوە بكرێن ولەسێدارە بدرێن , بۆچ مامۆستایەك تەنها لەبەر گواستنەوەیەك هەزار بگرە وبەردەى واسیتەى كۆمیتە ومەڵبەندى وحیزبایەتى پێى بكرێ , بۆچ مامۆستایەك لەپێناو دامەزراندنى دا كەمافى سروشتى خۆیەتى دەست بكاتە واسیتە كردن لاى بەرپرسێكى بێ ئەخلاقى كۆمیتەى حیزبەكان ! ئەمە لەلایەك , لەلایەكى تر بەڕێوبەرەكان كەئەوانیش ڕۆبۆت وكۆیلەى حیزبن , ئەوانیش بوونەتە گرفتێكى زەق و دێوێكى شەرانى نێو ئیدارەكان , ئەگەر هەر مامۆستایەك وەك بەرێوەبەر بیرنەكاتەوە وسەر بەحیزب ولایەنەكەى ئەو نەبێت ئەوا بێگومان تووشى دەركردن وئازار دان وگواستنەوە دەبێت بەكورتى پەروەردە وقوتابخانەكانى كوردستان لەنێو قەیرانێكى قووڵ ومەترسێنەردان ,ئەبێ ئەم دیارادنە بنەبڕبكرێ وهەوڵى نەهێشتنى بدرێت ! ئەوەى جێگەى وەبیرهێنانەوە حیزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان هەر لەرَۆژى هاتنە سەر دەسەڵاتیانەوە هەوڵیانداوە لەڕێگەى ترس وهەڕشەوەوتوقاندن بێت یاخود لەڕێگەى پارە بەخشین وقسەى نەرمەوە بێت ویژدان وعەقلیەت وكەسایەتى مامۆستا بكڕن ویستویانە ڕۆشنبیرى وفیكرى ئازادو بۆچوونى سەربەخۆییانە مامۆستا بكڕن وبیكەنە داهۆڵێكى بێ ڕوح كەتەنها بەدەستى حیزب بجوڵێت , چەد ساڵێك پێش ئێستا ولەیەكەم ساڵى دامەرزارندنم دا بەشداریەكم كرد لە یەكێك لە كۆبوونەوەیەكى مامۆستایان دا لەنێو كۆمیتەیەكى حیزبى (یەكێتى) دا بەناوى كۆمیتەى شێروانە لەكەلار , ئەو كات بەرپرسێكى باڵفشى كۆمیتە دەستى كرد بەفەلسەفەى حیزبایەتى وپیاهەڵدانى كارى حیزبى وبەوپێیەى كەحیزب هاوكارى زۆرى مامۆستایانى كردووە ولەداهاتووشدا شتى زۆر بۆ مامۆستادەكات , بەندەتان لەنێو دەیەها مامۆستادا خۆم پێى نەگیرا وپێم گوت (حیزب بەدرێژاى مێژوویى خۆى دژى مامۆستاى ئازاد وسەربەخۆ بووە , حیزب هیچ كات مامۆستاى وەك ڕۆشنیبر وكەسایەتیەكى ئازاى ناوێت وهەوڵى داوە لەڕێگەى پارە وتەماحەوە ویژدانى مامۆستایان بكرێت , ئێمە بۆئەوەى ببینە خاوەن ئەرزە وخانوو ومووچەى زۆر ئەبێ یەكەم جار سەر بەحیزبەكەى ئێوەبین) لەم كاتەدا زۆربەى مامۆستایان دەم وچاوییان گرژ ومۆن بوونەوە پێیان ناخۆش بوو كەمن ئەو قسانەم كردوە وهیچ كەس پاڵپشتمى نەكرد , تەنها هەندێك لەمامۆستا ساویلكەكانى هاورێم نەبێت كەپاش تەواو بوونى كۆبوونەوەكە دەستیان كرد بەچەلەحانێ كردن ووتیان قسەكانت باش بووە بەس ئاگات لەخۆت بێت ؟ بەرپرسى كۆمیتەكەش لەبەرامبەر ووتەكانم هیچى پێنەما وپێى سەیر بوو كەمن هەستام ,چونكەئەو واى دەزانى كەمن سەر بەحیزبەكەى خۆیم ! بۆیە بەقسەى هەلەق ومەلەق وگڵوماندن دەستى پێكرد وئید منیش خۆم پیَِى نەگیرا وكۆبوونەوەومكە چۆڵ كرد) گێرانەوە ئەم كۆبوونوەی ئەوە دەردەخات كە حیزب لەماوەى بیست ساڵ دا ویستوێتى مامۆستا بكاتە كۆیلە وداردەستى خۆى ونەهلێت لەچوارچێوەى بڕیارەكانى ئەو دەرچێت !!
ئەوەى كەماوەتە بێلێن ڕۆژى 2ى دیسەمبەر كەڕۆژى چەژن و ڕەشبەڵەكى مامۆستاسەربەخۆكانە كەپێویستە نەك دەنگ وهەڵویستیان بخەنە گەڕ لەپێناو ڕووخاندن ونەهێشتنى ئەم ڕێكخرواە بەڵكو دەبێ ناخ ودڵ وبیریشیان بۆ ئەم مەبەستە بجۆلێنن , بۆیە هەر لێرەوە دەڵیم مامۆستایان بەخەبەر بێن ولەخەوى غەفڵەت وبێئاگاى ڕاچڵەكێن , ئەگەر دەتانەوێ خزمەت بە پەروەردەو پێشكەوتنى زانست وئازادى ویژدانتان بكەن , ئەگەر دەتانەوێ تراژیدیا ونەهامەتیەكانى ڕابردوو بەشێوازێكى موتڵەقى وەك خۆى دووبارە وسێبارە نەبێتەوە , ئەوا بەووریاییەوە دەنگ بدەن وگەشتێك بەڕابردوویى خۆتان دا بكەن وتەماشایەكى ئایندەى خۆتان ونیشتمانەكتان بكەن وبەدەنگتان ئەم ڕێكخراوەى یەكێتى مامۆستایانە زیندە بەچاڵبكەن !!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە