کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایندەی یەکێتی: بارەگایەک و پێنج ئەندام و چایچییەک

Wednesday, 30/04/2014, 12:00


لە ساڵی ١٩٧٥ کە کۆمەڵە و بە یەکێتی دروست بوون، ئەم یەکێتییە لەو پەڕی بێ ئومێدی گەلی کورددا ناوبانگی دەرکرد و پەرەی سەند، ئەوکات هەر کوردێک تۆزقالێک هیوای بە وشەی (کوردم) بووبێ، ئەگەر پەیوەندیشی بە ڕیزەکانی یەکێتی نەکردبا، ئەوا بە دڵ و گیان لەگەڵیا بوو، وردە وردە بازنەی یەکێتی فراوان بوو، چونکە ئەشبەتاڵەکەی مەلا مەستەفا کوردی بێهیوا کرد و ماڵی کاولتر کرد، یەکێتی بۆ خەلک خەباتی بێ بنەمالەی بارزانی و خیانەت بوو، بەڵام دوای راپەڕینی ١٩٩١ و پاش ئەوەی دەسەڵاتیان بۆ خۆیان دروست کرد، کورسییان بۆ خۆیان رازاندەوە و لەسەری دانیشتن، ئەو کورسیانە بۆ ئەوان بە واتای پارە و خواردنەوە و رابواردنو دەستیدرێژی کردنە سەر نامووسی ئەو گەلەی کە ئەمان لە شاخ خەباتیان بۆی دەکرد، ئیتر کورسییەکان لە یەکەوە بوون بە دوان و بوون بە سیان و زۆرتر و ئاوەدانتر بوونەوە ، وردە وردە یەکێتی بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت بەرەو دواوە گەڕایەوە، پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەوجارە هەر کورسی و دەسەڵات نەما بەڵکو بازرگانی و نەوتیش هاتنە ڕیزی دەسکەوتەکانی جەنگ و سایەستیانەوە، یەکێتی بۆ خەباتی گەلێک دەستی پێکرد کەچی وا خەریکە بە تاڵانکردنی موڵکی ئەو گەلە کۆتایی پێ دێ.
سەیر لەوە دایە یەکێتی کۆتایی ڕێگەکەی خۆێ دەبینێ بەڵام هێشتا ئەو ڕێچکەیە بەرنادا، هێشتا بیری لای ئەو کوپە زێڕانەیە کە لە ڕێگەکەیدان، پێش لەناو چوونی دەیانەوێت لەگەڵ خۆیاندا وەک تاڵانی بیبەن، بیر لە پاشەرۆژی ئەو گەلە ناکەنەوە، ئەمڕۆ گەلی باشوور بەهۆی دزی ئەمانەوە، زیاتر لە سێ ملیار دۆلار قەرزارە، بۆیە مالکیش پێی داگرتووە و پارە بۆ هەرێمەکەی پارتیی و یەکێتیی نانێرێت، دەزانێت ئەوەش حەپەلوش دەکەن و بە خەڵکەکەی نادەن.
ئیستا زۆر شت یەکێتی نا بەڵکو سەرانی یەکێتی دەیانزانی کە بە زیانی حیزبەکەیان کۆتایی دێ، بەڵام کردیان، نەک هەر کردیان بەڵکو بە شانازیەوە کردیان و زەردە خەنە لێوانی بەرنەدەدان وەک ئەوە وابێ کەرکووکیان هێناوە سەر کوردستان و کوردستانیان ئازاد کرد و کردیان بە وڵات، تەنها بۆ ئەوەی، چەند بیرە زێڕێکی تر بەدەست بێنن، بە دڵنیایەوە تازە یەکێتی چاوی پڕنابێتەوە تەنها بە خۆڵێ گۆڕەکەیان نەبێ، من تەنها دڵم بەو کەسانە دەسوتێ کە خەم بۆ یەكێتی دەخۆن و هەوڵ بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی دەدەن لە کاتێکدا سەرکردەکانیان چاویان تەنها لەسەر بیرە ڕەشەکانە، یەکێتیەک کە سەرکردەکانی کەسانێک بن بازرگانی بە پیرە پیاوێکەوە بکەن کە خۆی بنیاتی ناون و دەستی گرتن و تا ئەمڕۆی هێناون ئاخر چۆن بازرگانی بە کادیر و خەمخۆرەکانیان ناکەن؟!

یەکێتی لەسەر ئەو ڕێچکەیەی بەردەوامە بەدڵنیایەوە دەوریان چۆڵدەبێت و هیچ خەمخۆرێکی نامێنێ تەنها مشەخۆرەکان نەبێ، ئەو ڕۆژەم لێ ڕوونە کە لە کۆشکی سەوزی یەکێتی دەرزیەک بە زەوی کەوێ دەنگ دەداتەوە، یەکێتی تەنها بۆ هێرۆ و کۆسرەت و مەلا بەختیار و دکتۆر نەجمەدین و عیماد احمد دەمێنێتەوە و سعدی پیرەش و محمود سەنگاوی و لاهوڕ شێخ جەنگی و ئەرسەلان بایز و عومەر فەتاحیش دەبن بە هەوادار و لایەنگرانی یەکێتی و مامۆستا ئامانجیش بەڕێوبەری کەناڵی کوردسات دێ و مۆنتاژێکی جوانیان بۆ دەکات و دەیان کات بە حەشامەتێک.

ئاخر دادە هێرۆ تۆ کە بیر لە هیچ ناکایەوە ئەوە نەبێ کە عەمبارەکانت پرتر بکەی لە پارە و قوبادێک کە ڕۆژێک سیاسەتی نەکردووە و هیچ شەڕێکی نەبینیووە مەگەر لە فلیم نەبێ سەر باری ئەوەش لە کوردستان نەژیاوە چۆن دەتهەوێ جێگەی مام جەلال بگرێتەوە و بیکەیە دەم ڕاستی گەلێک، نازانم چۆن ڕووت هەیە بچیتە سەر گۆڕی باوکت، چۆن ڕووت هەیە بەرامبەر ئیبراهیم احمدی باوکت ڕابوەستی، باسی ئەوە ناکەم بەرامبەر خوا چۆن ڕووت هەیە بوەستی لە ڕۆژی دووایی، سوێند بەخوا نەدەبوو ئێستا ڕووت هەبا قسەش بکەی بەناوی یەکێتی و ڕووبەڕووی گەل بووبایەوە.

کاک کۆسرەتیش کاتێک گوێت لە ناوی دەبوو موچرک بە لاشەت دادەهات، ڕۆژگار وای لێکرد ئێستا کەس ناڵێ کاک کۆسرەتیش ... نا ڕۆژگار وای لێ نەکرد خۆی وای لە خۆی کرد، ئێستا لە هەر شوێنێک ناوی کۆسرت ببیسترێ یەکسەر ئەو تەنکەرە نەوتانەت دێتە پێش چاو کە نەوت بەرەو ئێران دەبەن، ڕاستەوخۆ ئەو تاڵانکاریەی میللەتت دێتە پێش چاو، زۆر سەیرە تۆ بڵێ ی کورسی و دەسەڵات ئەو قارەمانانە بەم شێوە بگۆڕن، تۆ بڵێ ی وا بە ئاسانی ١٨٠ پلە بگۆڕێن، خودایە کورسی چ هێزێکی هەیە کە کەم کەس بتوانن بەرامبەری ڕابووەستن و نەگۆڕێ.

من تەنها ئەوەندە دەڵێم کە ئەو یەکێتیەی کە جەلال تالەبانی درووستی کرد ئەگەر چی خۆشی دەستی دایە ڕووخانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە