لە سایەی شانشینی کوردستان یەخەی پەڕاوەکانی مێژوومان گرتووە و ناهێڵین ببن بە مێژوو
Thursday, 08/05/2014, 12:00
هەر لە قۆناغی سەرەتایی تا ئامادەیی و زانکۆ لە وانەی مێژوو باسی خەلیفەکانی عەباسی و عوسمانیەکان و ... دەکات کە حوکمی پشتاوپشتیان پەیڕەو دەکرد، کاتێک لە شانشینێک پاشا بمرێت ئەوا کوڕەکەی جێگەکەی دەگرێتەوە بێ گوێدان بە کەسایەتی و شێوە و ژیری و گونجاویەکەی بۆ ئەو پلەو پایەیە و ئەو بەرپرسیاریەتی یە گەورەیە، هەر لە هەمان خوێندنگە و لە هەمان مەنهەجی بەناو سویدی لە وانەی دیموکراسی باسی سیستەمی دیموکراسی و هەڵبژاردن و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات، لێرە دا پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە ئایا لە کوردستانکەی خۆمان دیموکراسیەت پەیڕەو دەکرێ یان هێشتا لە مێژوودا دەژین و یەخەی پەڕاوەکانی مێژوومان گرتووە و ناهێڵین ببن بە مێژوو؟!
لەو ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان دا سەرکردەکان پێش ئەوەی خولەکێك بۆ گیانی پاکی شەهیدان ڕابوەستن دەڵێن کوردستان ئازادە و لەوپەڕی دیموکراسی دایە، کەچی وا خەریکە حوکمی پشتاوپشت لە وڵات دەچەسپێنن وتەنها بۆ کەسوکارەکانیان و چەند کەسێکی کەم هەیە کە پۆستە هەستیار و جومگە گرینگەکانی دەسەڵات وەربگرن، بەدووریشی نازانم کە لە داهاتوو بیکەن بە یاسای وڵات و گەلی پێ بە ڕێوە ببەن، لێرە دا تیشک دەخەمە سەر حوکمە پشتاوپشتەکەی شانشینی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٤٦ کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی ئەو پارتە دیموکراتە بوو تا ئەوکاتەی کۆچی دووایی کرد لە ساڵی ١٩٧٩، لە دوای ئەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ هەر مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو پارتەیە و ئامادەکاریشی کردووە بۆ کوڕەکی بۆ ئەوەی جێگەی خۆی بگرێتەوە، ٦٨ ساڵ لە حوکمی بنەماڵەی بارزانیەکان لەسەر تەختی پارتی (مەلا مستەفا ــــ مەسعود .... مەسرور) بارزانی.
لەو کاتەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروست لە ساڵی ١٩٧٥ بووە لەسەر دەستی جەلال تالەبانی تا ئەمڕۆش کە ساڵی ٢٠١٤ یە هەر سکرتێری یەکەمی حیزبە و نزیکەی دوو ساڵە نەخۆشە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو پارتەی نەماوە، تا ئێستا کەسێکیان بۆ پۆستەکەی دیار نەکردووە چونکە چاوەڕێی قوبادی کوڕی بوون بێتەوە کوردستان و جێگەی باوکی بگرێتەوە، ئێستاش ئامادەکاری کراوە بۆ کوڕەکەی تا لەسەر تەختی پاشایەتی دابنیشێ، ٣٩ ساڵ لە حوکمی بنەماڵەی تاڵەبانیەکان لەسەر تەختی یەکێتی (جەلال ــــ قوباد) تاڵەبانی.
بزووتنەوەی گۆڕان پاش دروستبوونی لە ساڵی ٢٠٠٩ و تا ئێستا نەوشیروان مستەفا سەرۆک و ڕێکخەری بزووتنەوەکەیە و لە کۆنگرەش بەپێ ی بڕیارێک توانای ئەوەی پێ درا کە تا ٦ ساڵی دیکە و تا ساڵی٢٠٢٠ لە پۆستەکەی دا بمێنێتەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە، کە کەسە نزیکەکانی جێگەی بگرنەوە، ٥ ساڵ لە حوکمە تاک ڕەویەکەی نەوشێروان لەسەر تەختی گۆڕان [نەوشێروان مستەفا].
لە ساڵی ٢٠٠١ کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دوای جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی درووست بوو لەو کاتەوە تا ئێستا مامۆستا علی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە، وا هەست ناکەم ئەمیری کۆمەڵ هەرگیز بگۆڕێ مەگەر بە مردنی چونکە حیزبەکانی تر بەناوی سکرتێر و سەرۆک حیزب مامەڵە دەکەن ئینجا نەگۆڕاون ئاخر سەرۆکی حیزبێک کە بە (ئەمیر) بانگ بکرێ هەرگیز دەگۆڕێ؟! ١٣ ساڵ ئەمیر بوون لەسەر تەختی کۆمەڵ [علی باپیر].
تاکە حیزبی دیار لە کوردستان کە سکرتێرەکەی گۆڕابێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوو کاتێک لە کۆنگرەی ڕبردوو لەژێر فشارێکی زۆری ئەندامانی ئەو حیزبە مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین خۆی کاندید نەکردەوە بۆ پۆستەکەی و لە جێگەی ئەو مامۆستا محمد فەرج بوو بە سکرتێری گشتی حیزب، ئەگرچی دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەوە هەنگاوێکی دیموکراسی نییە بەڵکو بەهۆی فشاری زۆرەوە بووە.
ئەوەی لای خەڵک پێی دەڵێن مێژوو لای ئێمە هێشتا کۆتا مۆدێلی سیستەمی دەسەڵاتە، ئێستا پێم بڵێن ئێمە لە حوکمی پشتاوپشتی مێژوو دەژین یان لە دیموکراسیەتی دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست