کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نا بۆ سنورداركردنى ئازادى رادەربڕین!بەیاننامەى ناڕەزایى

Monday, 03/05/2010, 12:00


لەم ڕۆژانەدا یەكگرتووى ئیسلامى، وەكو لایەنێكى ئیسلامى سیاسى بەناو میانڕەو، لەبەیاننامەیەكدا زۆر توندڕەوانە هێرشێكى نادیموكراسیانەى كردۆتە سەر گۆڤارى "وێران" و "دەزگاى ئاراس".
ئازادى ڕادەربڕین پەیوەستە بە مرۆڤبوونى ئێمەوە، بێبەشكردنى مرۆڤ لەم مافە، ماناى داماڵینى مرۆڤە لە یەكێك لەو تایبەتمەندیە گرنگانەى كە شوناسى مرۆڤبونمان پێدەبەخشێ. مرۆڤ قەرزارى هیچ هێزو لایەنێك نیە لە بوونى ئەم مافەدا، چونكە هیچ كەس پێى نەبەخشیوە. بۆیە بۆ هیچ كەسیش نیە هەڕەشەى لێسەندنەوەى ئەم مافەمان لێبكات.
ئەوەى لە كوردستاندا ئومێد بەخشە ئەوەیە كە هەوڵێكى جددى ڕۆشنبیرانە لە ئارادایە، بۆ فەراهەمكردنى ئازادیەكان و كردنەوەو ڕۆشنبیركردنى كلتورى كوردى. بەڵام هێزگەلێكى ترسناك و رێكخراو لەئارادا هەن، بۆ خامۆشكردنى ئەم هەوڵە. پێمان وایە باشترین ڕێگا بۆ لێكگەیشتن و پێكەوە ژیان، زمانى گفتوگۆو گیانى لێبوردن و قبوڵكردنى یەكتریە، بەهەموو جیاوازیەكانمانەوە.
ئەوەى ئەمرۆ دەیبینین سەبارەت بە سنورداركردنى وشەو تەكفیركردن و بێدەنگ كردنى ڕوناكبیران، هەوڵدانە بۆ درێژەدان بەو ڕابردووەى كە پڕە لە مەیلى خنكاندنى دەنگى ئازاد.
سەیرە ڕەوتى ئیسلامى سیاسى، دەنگى ئازاد بە مەترسى گەورە دەزانێت بۆسەر كلتورو شیرازەى كۆمەڵگا، بەڵام ئەو گرفتە سیاسى و ئابوریە راستەقینانەى كە كۆمەڵگاى كوردى پێوە دەناڵێنێ، هەمیشە بەشێوەیەكى شەرمهێنەر لە خانەى فەرامۆشیدا بووە لاى ئەوان.
هەڵوێستى ئێمە وەكو كۆمەڵێك خەڵكى ئازادیخواز، ئەوەیە كە بەهەر جۆرێك بێت لەسەنگەرى بەرگریكردن لە ئازادیەكانى خەڵك رابوەستین. هەر بۆیە ئەوە بە ئەركى خۆمان دەزانین لەهەر كاتێكدا هەر حزب و لایەن و دەسەڵاتێك، هێرشبكاتە سەر ئازادیەكانى خەڵك و هەوڵى سەركوتكردنى هەردەنگێكى ئازاد بدات، ئێمەش هەڵوێست دەنوێنین و دەنگى ناڕەزایەتى هەڵدەبڕین، ئەوەش بەئەركى خۆمان دەزانین كە هۆشیارى بدەینە كۆمەڵگا، لەهەر ئەگەرێكى مەترسیدار، كە هەڕەشە دەكاتە سەر ئازادیەكانى خەڵك.


كۆمەڵێك خەڵكى ئازادیخواز
كەلار
2/5/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە