کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌ کۆمیدییه‌که‌ی حه‌فتی ئادار بۆ په‌رله‌مانی عێراقی.

Saturday, 27/03/2010, 12:00


ئه‌مڕۆ ئه‌مڕۆ ٢٦\٣\٢٠١٠ کاتژمێر هه‌شتی ئێواره‌ به‌ کاتی کوردستان کۆمیسیۆنی باڵای ناسه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجامه‌کانی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ کۆمیدییه‌که‌ی عێراقی له‌ شانۆگه‌رییه‌کی نه‌خشه‌بۆداڕێژراودا که‌ بیست رۆژه‌ پێیه‌وه‌ی خه‌ریکه‌ راگه‌یاند.. بۆ ئه‌وه‌ی پتر له‌ سێ سه‌د مشه‌خۆریتری نێو قه‌واره‌ سیاسه‌تبازه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێکیان هه‌بێ به‌ فیتی ئه‌مه‌ریکا یاسا و رێسای ئیسلامیی و ناسیونالیستیی و کۆنه‌په‌رستانه‌ بۆ خه‌لکی عێراق و کوردستان دابڕێژن و هاوکات کۆمه‌ڵێک سیاسه‌تبازی مشه‌خۆریتریش به‌ نێوی حکومه‌ت رابسپێرن بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامانی ووڵات و داهات و قووتی خه‌ڵکی به‌رهه‌مهێنه‌ر و چینه‌ نه‌دار و زه‌حمه‌تکێشه‌کانی کۆمه‌ڵ و پێشێلکردنی ماف و ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵک و کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش دوور و دوورتر بخه‌نه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی نه‌خشه‌ و پیلانه‌‌ چه‌وسێنه‌ر و دیموکراسییه‌ په‌ڕپووته‌که‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی درێژه‌ به‌ حوکمه‌ دینیی و خێڵه‌کییه‌که‌یان بده‌ن!


که‌ ده‌ڵێین کۆمیسیۆنی ناسه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر کۆمیسیۆن خه‌ریکی ملکه‌چبوون بۆ لایه‌نه‌ هێزداراره‌کان و رێکه‌وتنی نێوانیان به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا نه‌بووبێ و ئه‌گه‌ر خه‌ریکی پیلانگێڕیی و بێده‌نگییکردن له‌و هه‌موو ده‌نگۆیه‌ی ساخته‌کاریی نه‌بووبێ ئه‌ی چی کردووه‌ و بۆچی بۆ راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان بیست رۆژی پێچوو که‌ له‌ کاتێکدا له‌ ووڵاتان هه‌ر له‌گه‌ڵ داخستنی سندوقی ده‌نگدان بیست کاتژمێری پێناچێ و ئه‌نجامه‌کان راده‌گه‌یه‌نن.


ئێمه‌ وه‌ک ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ پێمانوایه‌ هیچ یه‌کێک له‌و لیستانه‌ نوێنه‌ری گه‌ل نین و ناشتوانن گوزارشت له‌ راوبۆچوون و ویستی خه‌ڵکی عێراق و کوردستان به‌تایبه‌تییش خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێشه‌کان بکه‌ن یان گۆڕانێک بهێننه‌ ئارا بۆ ئه‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک پتر بچه‌سپێنن و ژیانێکی شایسته به‌ مرۆڤ‌ بۆ هه‌مووان بهێننه‌ دی، هه‌روا به‌هیچ جۆرێکش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له‌ لیسته‌کانی کوردستان ناکه‌ین بتوانن تاکه‌ هه‌نگاوێک بنێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ به‌زۆر دابڕکراوه‌کانی کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا بینیمان ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوکی بۆ باوه‌شی کوردستان دوورتر خسته‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وان دامه‌زرانی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان هه‌ر به‌ ئه‌رکی خۆیان نازانن و ئه‌گه‌ر جاروبارێکیش پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن ئه‌وا هه‌ر بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و سه‌رلێشواندنی ره‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازییه‌.


بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و جۆر و شێوه‌‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پڕ له‌ ساخته‌کاریی و نائازاده‌مان بۆ گرنگ نییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک له‌ ترسی نابڕین و ژیان و گوزه‌رانی خۆیان و کارکه‌نارکردن و چاولێسۆرکردنه‌وه‌ نه‌بێ هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ به‌شداریی ناکه‌ن، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵک پتر شاره‌زای ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ سیاسیه‌تبازییانه‌ بن که‌ به‌ناوی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵک ئه‌نجام ده‌درێن و راستییه‌کانیان بۆ رۆشن بێته‌وه‌ و چیدی ده‌نگی خۆیان به‌ که‌م نه‌گرن و ئه‌گه‌ر ده‌نگ و توانسته‌کانی خۆیان له‌ به‌ره‌یه‌کی به‌رهه‌لستاکاریی راسته‌قینه‌ی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی گه‌ل رێکبخه‌ن ئه‌وا ده‌توانن زۆر به‌ ئاسانیی کۆتایی به‌و نه‌هامه‌تیی و کۆیلایه‌تییه‌ بهێنن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و ئاسووده‌ی دوور له‌و سیایه‌ستبازانه‌ ئاوا بکه‌ن.

لێره‌دا ته‌نیا بۆ زانیاریی ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران که‌ به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:‌


١- عێراقیه‌: ٩١ کورسی.
٢- ئیئتلافی ده‌وله‌تی یاسا: ٨٩ کورسی.
٣- ئیئتلافی نیشتمانی عێراق: ٧٠ کورسی.
۴- هاوپه‌یمانی کوردستان: ۴٣ کورسی.
٥- گۆڕان: ٨ کورسی.
٦- ته‌وافقی عێراقی: ٦ کورسی.
٧- یه‌کگرتووی ئیسلامی: ۴ کورسی.
٨- وه‌حده‌ی عێراق: ۴ کورسی.
٩- کۆمه‌لی ئیسلامی: ٢ کورسی.
١٠- که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یی و دینییه‌کان: ٨ کورسی (یه‌زیدی: ١ کورسی - شه‌به‌ک: ١ کورسی - سابئی: ١ کورسی - مه‌سیحیی رافده‌ین: ٣ کورسی - کلدانی و سریانی: ٢ کورسی).
- کورسییه‌ زیادکراوه‌کان: ٧ کورسی (ئیئتیلافی نیشتمانی: ٢ کورسی - ئیئتلافی ده‌وله‌تی یاسا: ٢ کورسی - عێراقیه‌: ٢ کورسی - هاوپه‌یمانی کوردستانی: ١ کورسی).

ده‌رئه‌نجامی شاره‌کانی کوردستان و ناوچه‌ به‌زۆر دابڕێندراوه‌کانیش به‌و شێوه‌یه‌ بوو:

١- هه‌ولێر: هاوپه‌یمانی کوردستانی: ١٠ کورسی - گۆڕان: ٢ کورسی - یه‌کگرتوو: ١ کورسی - کۆمه‌ڵ: ١ کورسی.
٢- سلێمانی: هاوپه‌یمانی کوردستانی: ٨ کورسی - گۆڕان: ٦ کورسی - یه‌کگرتوو: ٢ کورسی - کۆمه‌ڵ: ١ کورسی.
٣- دهۆک: هاوپه‌یمانی کوردستانی: ٩ کورسی - یه‌کگرتوو: ١ کورسی.
۴- که‌رکوک: هاوپه‌یمانی کوردستانی: ٦ کورسی - عێراقیه‌: ٦ کورسی.
٥- نه‌ینه‌وا: عیراقیه‌: ٢٠ کورسی - هاوپه‌یمانی کوردستانی: ٨ کورسی - ته‌وافق: ١ کوسی - ئیئتلافی نیشتمانی: ١ کورسی - وه‌حده‌ی عێراق: ١ کورسی.
٦- دیاله‌: عیراقیه‌: ٨ کورسی - ئیئتلافی نیشتمانی: ٣ کورسی - هاوپه‌یمانی کوردستانی: ١ کوسی - ئیئتلافی ده‌وله‌تی یاسا: ١ کورسی.




ئه‌مڕۆ

٢٦\٣\٢٠١٠
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە