راگەیاندنى یەكگرتن ((هێزلە یەكێتى و یەكبووندایە))
Tuesday, 07/12/2010, 12:00
بهیاننامه
جەماوەرى گەلى كوردستان ...
حزب ولایەنەسیاسیە تێكۆشەرەكان ...
كادرو ئەندام دۆست وهاورێیانمان ...
باشورى كوردستان وعێراق وناوچەكەمان بەهەل و مەرج وبارو دۆخێكى گرنگ و دژواردا تێپەردەبن و گەلێك ئەركى گران و بەپەلە لەم قۆناغەداروبەروى گەلەكەمان لەو بەشەى كوردستان دەبێتەوە .ئەركە چینایەتى ونەتەوەیى و نیشتمانیەكان لەهەموو بوارەكانى خەباتى گەل بەتایبەتى چین و توێژە هەژارو كەم دەرامەت وكرێكاران و جوتیاران ورۆشنبیران,وادە خوازن كەبە یەكێتى و یەكریزى درێژە بەخەباتى خۆمان بدەین و روبەروى دوژمنانى بزاڤى چەپ ورزگارى خوازى گەلەكەمان بوەستینەوە,بەمەبەستى پاراستنى دەسكەوتەكانى گەلەكەمان لەم بەشەى كوردستاندا هێنانەدى دەسكەوتى نوێ وخەباتى بێ وچان بۆنەهێشتنى ناتەواویەكان و پەرە پێدانى بارو دۆخەكەو بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى ونابەرامبەرى و پاراستنى مافەكانى مرۆڤ وهێنانەدى ئازادى ویەكسانى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتى , دواى ئەوەى رەوشى هەمەلایەنەى سیاسى و كۆمەڵایەتى كوردستان ئالوگۆرى بەرچاوى بەسەرداهاتوە و هاوكێشە سیاسیەكان لەفۆرمێكى ترداخۆیان نمایش دەكەن ئەوە راستە و خۆ خەبات وتێكۆشانى حزب ولایەنە سیاسیەكان پێدە نێتە قۆناغێكى نوێوە , بەتایبەت بۆ بزوتنەوەى چەپ كەماوەیەكى زۆرە لەكوردستان لەقەیرانى گەشەكردندایە ونەیتوانیوە یەكگتوانە هەنگاو بنێت و كۆسپەكانى بەردەمى رابماڵێت ئەوە لەكاتێكدا كادرو سەركردەى لایەنە چەپەكان خاوەن ئەزمونى بەرزى سیاسی و ئیرادەى سەربەخۆیى و هەڵوێستى كوردانەى خۆیان بوون بەڵام بەپەرشو بڵاوى ونایەكگرتوى , بۆیە هەرسێ لایەنى سیاسى(پارتى كارى سەبەخۆیى كوردستان , پارتى چەپى كوردستانى , كۆمەڵێك لەسەركردەو كادرە دێرینەكانى پێشوى حزبى شیوعى) لەسۆنگەى هەست كردن بە بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و چیانەیەتیەوە هەنگاوەكانمان بەئاراستەى یەكگرتن لەدواقۆناغى كارەكانى دایەو بۆئەو مەبەستە تەواوى خاڵە بنچینەییەكان رێككەوتنى لەسەركراوە لەهەمان كاتدا لەدواكۆبوونەوەى هەرسێ لایەندابریاردرا كۆنگرە ببەسترێت بەمەبەستى ئاڵو گۆرە بنچینەیەكانى حزب , بەم بۆنەپیرۆزە وە بانگەواز لەهەموو ئەو تێكۆشەرو ماندونەناسانەى رۆژانى سەختى خەبات دەكەین كەتاكو ئێستا هەڵوێستى سەربەخۆیى خۆیان پاراستووە,هەروەهاگشت ئەندام و هاورێ دڵسۆزەكان وچەپەكان , ئەوانەى لەبەرهەرهۆیەك بێت لەكۆرى خەباتى شۆرشگێرى ماونەتەوە بانگیان دەكەین كەهەنگاو بنێن بەمەبەستى یەكگرتنى زیاتروبەبرشتكردنى هەنگاوەكانمان بۆئەوەى بزوتنەوەى چەپ سەنگى زیاترى هەبێت لە هاوكێشە سیاسیەكانى سەرگۆرەپانى خەباتى چینایەتى و نەتەوەیى و نیشتمانى دا , وەك چۆن بزوتنەوەى چەپ لەزۆرناوچەى دونیادابەرەو بەخۆداهاتنەوە و بوژانەوە هەنگاوى گەورەو سەركەوتن دەنێت , ئێمەش لەم بەشەى نیشتمانەدابەشكراوەماندا دەنگ ورەنگ وهەڵوێست ورەوتى زانستیانەى خۆمان هەبێت لەپرۆسەى پێشكەوتن وگەشانەوەدا بەرەو هێنانەدى ئامانجەكانمان لەكۆمەڵگەیەكى گەشاوە و پێشكەوتوودا .
جارێكى ترپیرۆزبایى گەرم دەنێرین بۆكۆمەڵانى خەڵك وبنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و تەواوى كادروئەندامان ودۆست وهاوێیانمان و جەماوەرى چەوساوەى گەلەكەمان.
بەرەو هێنانەدى كوردستانێكى ئازادوسەربەخۆ و دیموكرات و گەلێكى بەختیار.
سەركەوتوو گەشەداربێت یەكگرتنى چەپەكان لەخەباتى بێ برانەوە و بێ كۆڵدانى تا هێنانەدى هەمووئامانجەكانى ئازادى ویەكسانى ودادپەروەرى كۆمەڵایەتى...
پارتى كارى سەربەخۆیى كوردستان.
پارتى چەپى كوردستان.
كۆمەڵێك لەسەركردەو كادرە دێرینەكانى پێشووى حزبى شیوعى .
هەولێر باشورى كوردستان
سەرەتاى كانونى یەكەم
2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست