ئەوەى لە سەر مێدیاى ئەهلى نایزانن، من بۆتان باس دەكەم (بەشى سێهەم)
Thursday, 10/05/2012, 12:00
لەم بەشەدا باسى گەندەڵیەكانى ناو گۆڤارى لڤین و ئەو كەسە نەشیاوانەتان بۆ دەكەین كە لەلایەن ستافى گۆڤارى لڤینەوە خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەیان پێدرا كە بەهیچ شێوەیەك شیاوى وەرگرتنى ئەو خەڵاتە نەبوون، بەڵام هەر لە سەرەتاوە لیژنەى دابەشكردنى خەڵاتەكان كە پێك هاتبوو لە ئەحمەد میرەى سەرنووسەرى لڤین و د.هەڤاڵ ئەبو بەكر مامۆستاى ڕاگەیاندن لە زانكۆى سلێمانى و دوو كەس بە ناوەكانى (عوبید و سامان) كە عوبێد لە هەرێم وسامانیش لە بەغدا كار بۆ ڕێكخراوى ئایڕێكسى ئەمریكى دەكەن، بەكورتى و كوردیەكەى ئەم ستافەش هاتن هەمان سیستم و میتۆدى دەسەڵاتیان دووبارە كردەوە بە دەستنیشانكردنى كۆمەڵێك كەسى ناو مێدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن وەك هەمیشە كە هەوڵى ئەوەیان داوە پەیوەندییەكى باش هەبێت لەنێوان مێدیاى بە ناوئەهلى و ئۆپۆزسیۆندا بۆ شاردنەوەى عەیب و عارەكانى یەكترى!. بۆیە ئێستاشى لەگەڵدا بێت ئەو كەسانەى كە خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەیان پێدەدرێت جگە لە بازرگانى كردنێك بەخوێنى ئەو ڕۆژنامەنووسەوە هیچیتر نییە تاكو قسەى لەسەربكەین! چونكە ئەوكەسانە بەهەمان شێوەى دەسەڵات بە ویستى ئەحمەد میرە و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر و(هەندێك جاریش واستەى شوان محەمەدى سەرنوسەرى ئاوێنە و و ئاسۆس هەردى بەڕێوبەرى كۆمپانیاى ئاوێنەو ڕێبین هەردى و كەمال رەئوفى سەرنووسەرى هاولاتیشى تێدەكەوێت!) بەمجۆرە لە ژوورە تاریكەكاندا ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەستنیشان دەكرێن بۆ وەرگرتنى ئەو خەڵاتە لە سەر ئەساسى كوڕى چاك و هەمان خزم خزمێنەكەى دەسەڵات، نەك بەحەقى خۆیان.
بەر لەوەى ناوى ئەو رۆِژنامەنووسانە بڵاوبكەینەوە كە خەڵاتكران دەمەوێت قسەیەك لەسەر ئەو(عوبید)ناوە بكەین كە بەرپرسى ڕێكخراوى ئایرێكسى ئەمریكیە لە هەرێمى كوردستان، ئەم پیاوە كە خۆی و ڕیكخراوەكەى لاى مێدیاى ئەهلى زۆرباس دەكرێت و چەندین جاریش د.هەفال ئەبوبەكر لە كەى ئێن ئێن باسى ئەم ڕێكخراوەى كردووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە ئەم عوبێدە چەند جارێك گەشت و سەفەرى بۆ ئەحمەد میرە و د.هەفال ئەبوبەكر سازكردووە بۆ دەرەوەى وڵات لە سەر حیسابى چەند ڕۆژنامەنووسێكی تر، من لێرەدا باسى دووان لەو سەفەرانە دەكەم:
یەكەم: دواى خەڵاتكردنى چەند ڕۆژنامەنووسێك وەك زۆربەى خوێنەرانیش ئەو ڕاستییە باش دەزانن بەر لە بەخشینى خەڵاتەكان ستافى لڤین لە یەكەمین خەڵاتیاندا وایان ڕاگەیاند ئەو ڕۆژنامەنووسانەى خەڵات دەكرێن گەشتێكیشیان پێدەكرێت بۆ دەرەوەى وڵات، بەڵام وەك دەزانن ئەو ڕۆژنامەنوسانە گەشتەكەیان پێنەكرا و لەبرى ئەوان ئەحمەد میرە و د.هەفاڵ ئەبوبەكر سەفەرێكى ئەردەنیان كرد، ئەم كارەش بەڕەزامەندى عوبێدى بەرپرسى ئایڕێكس لە هەرێم كرابوو، جگە لە مەسرەفى ئەحمەدمیرە و هەڤاڵ ئەبوبەكر پارەى سەفەرى هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانە كە بڕیاربوو دواى خەڵاتەكە سەفەرى ئەردەنیان بۆ بكەن چووە گیرفانى عوبێدەوە، هەر لێرەوە دەمەوێت هەموو ئەو كەسانەش ئاگاداربكەمەوە كە لەخەڵاتى یەكەمى سۆرانى مامەحەمە خەڵاتیان پێبەخشرا لەلایەن ڕێكخراوى ئایرێكسەوە ڕەزامەندى لە سەر سەفەرەكانیان كرابوو، بەڵام سەفەرەكەیان پێنەكراو پارەكەى ڕۆیشت بۆگیرفانى بەرپرسى ڕێكخراوى ئایرێكس لە هەرێم بەبێ ئەوەى ئەو ڕۆژنامەنووسانە تاكو ئێستا بەمەیان زانیبێت!، هەروەها ئەم عوبێدە جگە لەوەى دانیشتووى هەولێرە و گومانى كۆكردنەوەى زانیاریى لێدەكرێت لە سەرمیدیاى ئەهلى بۆ دەزگاى پاراستن هاوكات چەندین جار لەگەڵ سامانى بەرپرسى ئۆفیسى بەغداى ڕێكخراوى ئایرێكس بۆتە كیشەیان لە سەر دیارنەمانى ئەو پارانەى كە بۆ پرۆژەکانی چالاكى مێدیاى سەربەخۆ سەرف دەكرێت.
دووەم: ساڵى(2009) بەناوى گۆڤارى لڤینەوە خولێك بۆ ڕۆژنامەنوسانى میدیاى سەربەخۆ سازكرا لە ژێر ناونیشانى راپۆرتى ئیستیحقاقى، سەرەتا وایان لە ڕۆژنامەنووسان گەیاند، کە مامۆستایەكى ئەمریكى لە واشنتنەوەهاتووە خولەكە دەڵێتەوە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ، كەچى لەراستییدا وادەرنەچوو نەیانزانى چیبكەن چونكە خولەكەش بەناوى گۆڤارى لڤینەوە بوو، بەڵام راستییەکەیان شاردبوویەوە، چونکە ئەم خوڵەش لەلایەن ڕێكخراوى ئایرێكسەوە ئامادەكرابوو، پاشان جێگرى سەرنووسەرى لڤین (هێمن باقر) خولەكەى گوتەوە كە بەشاهیدى هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەى بەشداریان كردبوو وەك دەیگێڕنەوە بە هێمن باقر پێكەنیبوون ئەوەندەى هەڵە كردبوو، چونكە هێمن نەیزانیبوو ڕاپۆرتى ئیستیحقاقى بەماناى چیدێت لە بەر ئەوەى بەهەموو تەمەنى ڕاپۆرتێكى مەیدانى نەكردووە، هەموو خوێنەرانى لڤینیش باش ئەو ڕاستییە دەزانن ئەو بابەتانەى كە هێمن باقر بەناوى ڕاپۆرت، یان ڕاپۆرتى شیكاریەوە لە گۆڤارى لڤیندا بڵاویان دەكاتەوە، ئەوانە وتارن نەك ڕاپۆرت، یان ڕاپۆرتى شیكاریى، چونكە ڕاپۆرتەكانى هێمن باقر هیچ لێدوان، بەڵگە، یان هیچ داتایەكى تێدا نییە، تەنها بیروڕاى خۆیەتى، كەچى لە هەمووشى خۆشتر رستەیەک لەوتارەكەى دەردێنێت دەیكاتە مانشێتێكى گەورەى سەربەرگى لڤین بەس بۆ ئەوەى فرۆشتنی گۆڤارەكەى پێزیاد بكات، هەرلەبەر ئەوەشە ئاساییە كە هێمن باقر نەزانێت ڕاپۆرتى ئیستیحقاقى بەماناى چى دێت.
هەر لەسەر ئەم هێمن باقرە من دوو پرسیار لە خوێنەرانى كوردستانپۆست دەكەم، با وەڵامەكەشى هەر لاى خۆتان بمێنێتەوە، باش دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ لە زانكۆكانى كوردستان پیاوى تەواویى پارتى یان یەكێتى نەبیت یان واستەى بەرپرسێكى باڵات نەبێت بە قبوڵخاس وەرناگیرێیت، ئێمە لێرەدا بە پێویستى دەزانین بڵێین: (جەنابى كاك هێمن باقر چۆن و بەچى شێوەیەك بە قوبوڵخاس ماستەرت لەزانكۆى سلێمانى وەرگرتووە!؟)، پرسیارى دووەمیشمان: ئەم كاك هێمنە كە دۆسێیەكى موخابەراتى و ترسناكى وەك دۆسیەى ئیتڵاعاتى ئێران دەجوڵێنێت لەگۆڤارى لڤیندا و تاكو ئێستا سێ بۆ چوار جار باسى پەیوەندییەكانى ئێران و هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەكانى ئیتڵاعاتى لە لڤین بڵاوكردۆتەوە، ئایا چۆن دەتوانێت ڕۆژێك پێیەكى لە تاران و ماڵى خەزوری بێت لە ئێران و پێیەكی دیکەشی لە سلێمانی بێت!؟ ئەمە تەنها پرسیارە، با وەلاممان بداتەوە!؟ ئایا ئەمە جورئەتى كاك هێمنە، یان خۆشەویستى ماڵە خەزورانیەتى كە خێزانەكەى هێمن خەڵكى ئێرانە، یانیش..........!؟.
ئینجا ئەم كاك هێمنە كۆنە یەكگرتووە تاكو ئێستاش كار بۆ یەكگرتوى ئیسلامی دەكات لە گۆڤارە بەناو سەربەخۆكەى لڤیندا، تاكو ئێستا چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووسى بەتوانا ڕاپۆرت و بابەتى شیكاریان بۆ گۆڤارى لڤین ناردووە لە سەر هەڵە و گەندەڵیی و كەموكوڕیەكانى یەكگرتووى ئیسلامى، بەڵام هیچكام لەو بابەتانە بڵاوناكرێنەوە و سانسۆر دەكرێن هەموو ئەو سانسۆركردنانەش لەلایەن هێمن باقرەوەیە، هەر بەو هۆیەشەوە دڵى زۆركەسیان لە خۆیان رەنجاندووە، بەڵام هەر بابەتێك لەقازانجى یەكگرتوى ئیسلامیبێت ئەم برادەرە بە مانشێتێكى گەورە دەیخاتە سەر بەرگى لڤین!، چونكە زۆربەى مانشێتەكانى گۆڤارى لڤین بە بڕیارى هێمن باقر دادەنرێت نەك ئەحمەد میرەى سەرنوسەر! لە كاتێكدا ئەمە كارى سەرنووسەرە نەك جێگرەكەى، دەمەوێت ئەوەش بڵێم یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانەى كار بۆ گۆڤارى لڤین دەكات بە ناوى(بەرزان على حەمە) لەم ماوەیەدا لەگەڵ هێمن باقر ببوو بە ناخۆشى و دەنگە دەنگیان لەسەر ئەوەى بابەتێكى بۆ گۆڤارى لڤین ئامادەكردبوو كەباسى لە كەموكوڕیەكانى یەكگرتوى ئیسلامى كردبوو، بەڵام لەلایەن هیمن باقرەوە سانسۆركرابوو.
با لێرەوە بێینەوە سەرباسى ئەو خولەى ڕێكخراوى ئایرێكسى ئەمریكى، كە بەناوى گۆڤارى لڤینەوە ساڵى (2009) بۆ كۆمەڵێك رۆژنامەنووسى بەناو میدیاى ئەهلى ئەنجامدرا، بە هەمان شێوە بڕیاربوو دواى تەواوبوونى خولەكە كە (3) ڕۆژى خایاند و لەكاتى ئەنجامدانى خولەكەدا ئەو ڕۆژنامەنووسانەى ئامادەبوون زانیان ئەم خولە ڕێكخراوى ئایرێكس سازى كردووە، نەك گۆڤارى لڤین! دیارە پێشتریش لاى زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسان ئەمە جێگەى قسە لەسەركردن بوو، كە لڤین چۆن تواناى ئەنجامدانى سەفەرى هەیە بۆ 3 ڕۆژنامەنووس بۆ ماوەى یەك هەفتە لەشارێكى گرانى وەك بەیروتى پایتەخى لوبنان!، خۆ برادەرانى لڤین هەمیشە لە میدیاكان دەكڕوزانەوە بۆ پارە و نەبوونى سەرچاوەى مادییان باسدەكرد، بەڵام لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەوەش بوو خولەكە كرا بە ناوى لڤینەوە بۆ ئەوەى وەسڵ و پارەخواردنە ژێر بە ژێرەكەى نێوان ڕێكخراوى ئایرێكس، یان ڕوونتر بڵێین نێوان عوبێدى بەرپرسى ئایرێكس لە هەرێم و برادەرانى لڤین ئاشكرا نەبێت، هەروەك بە درێژایى هەرسێ ڕۆژەكە و پێشتریش برادەرانى لڤین ڕایانگەیاندبوو دواى تەواوبوونى ئەو خولە، هەریەك لەو ڕۆژنامەنووسانەى كە بەشدارن لە خولەكەدا مەرج وابوو ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن بۆ گۆڤارى لڤین و پاشان لیژنەى هەڵسەنگاندن خاوەنى پلەى یەكەم و دووەم و سێیەمى ڕاپۆرتەكان گەشتێكیان پێدەكرێت بۆ وڵاتى لوبنان، كەچى دواى تەواوبوونى خولەكە هێشتا هیچ ڕاپۆرتێك لەلایەن ڕۆژنامەنووسە بەشداربووەكانەوە ئامادە نەكرابوو، عوبێد و ئەحمەد میرە و هێمن باقر سەفەرەكەى لوبنانیان كرد و ڕۆژنامەنووسە بەشداربووەكانیش سفر هیچ بەدەستەوە!.
ئەمە مشتێك لە خەروارێكى گەندەڵیەكانى ناو گۆڤارى لڤینە، هەوڵ دەدەین لە بەشەكانى دیكەى ئەم بە دواداچوونەماندا زۆر شتی تر باس بكەین، بۆئەوەى بابەتەكەمان زۆر درێژ نەبێت و خوێنەرانى ئەزیز ماندوو نەبن ئێمە لێرەوەباسى ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەكەین كە گۆڤارى لڤین یەكەمین خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەى پێبەخشین، ئیتر با خوێنەرانى ئەزیز خۆیان حوكم بدەن بزانن ستافى گۆڤارى لڤین كێیان خەڵات كردووە!؟ پێش ئەوەى ناوى سیان لەو ڕۆژنامەنووسانە ئاشكرا بكەین هەر بۆ زانیارى خوێنەرانى كوردستانپۆستى ئەزیز یەكەمین پیاوى گەندەڵى یەكێتى كە عیماد ئەحمەد بوو خەڵاتەكەى پێدرا لەلایەن كەمال ڕەئوفى سەرنووسەرى هاوڵاتییەوە دەستنیشان كرابوو، یان ڕوونتربڵێین كەمال واستەى بۆ عیماد ئەحمەد كردبوو، كە لڤین خەڵاتى بكات!، لە هەمووشى خۆشتر عیماد ئەحمەد هیچ حیسابێكى بۆ لڤین وخەڵاتەكەیان نەكرد و ئامادە نەبوو لەبرى خۆى خێزانەكەى ناردبوو بۆ وەرگرتنى ئەو خەڵاتە.
ئەمەش ناوى سیان لەو كەسانەیە كە دوابەدواى عیماد ئەحمەد خەڵات كران:
1. ئارا ئیبراهیم پەیامنێرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى، ئەم ئارایە سەرەتاى گەنجێتى لە مزگەوتێكى تەنیشت ماڵى خۆیان لە گەڕەكى بەختیارى فەقێیەكى توندڕەوى ئیسلامیی بوو، دواى ئەوەى لەلایەن هاوڕێیەكى كۆمۆنیستى خزمێكى ئاراوە داوا دەكات هاتووچۆى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بكات تاكو واز لە مزگەوت و خوێندنەكەى بێنێت ئیدى لەوێوە وردە وردە ئارا دەست دەكات بەكارى ڕۆژنامەوانى و دوور دەكەوێتەوە لە فەقێى و خوێندنى مزگەوت، ئەمەیان لێدەگەڕێین بۆ بیركردنەوەى خۆى، چونكە ئارا وەك هەر مرۆڤێكیتر ئازادە لەوەى چۆن بیردەكاتەوە و چیدەكات بەڵام ویستمان روونکردنەوەیەک لەسەر كاركردنى ئەم بەڕێزە بدەین، هەر بۆیە ئارا ئیبراهیم بەمجۆرە لە دونیاى ئاین و خواپەرستیی و نوێژکردنەوە، چووە ناو دونیاى ڕۆژنامەوانى!.
ئەوەى جێگەى سەرنجە ئارا ئیبراهیم ناوى لە لیستى ئەو كەسانەدا نەبوو كە خەڵات بكرێت چونكە ئەو كات بەقاچاخ سەفەرى توركیاى كردبوو تاكو بڕوات بۆ ئەوروپا! (لەبەشەكانی تردا باسى چۆنیەتى دروستكردنى كەیسەكەى دەكەین لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێكی تردا)، كەچى چەند ڕۆژێك پێش ئەوەى سنوورداش بكرێتەوە كە لاى هاوڕێكانى گوتبوى بەویستى خۆم گەڕاومەتەوە! خێرا بە پەلە لیژنەى خەڵاتى سۆرانى مامە حەمە برادەرێكیان لە لیستەكە دەرهێنا كە ئەویش پەیامنێرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بوو، ئارا ئیبراهیمیان خستە جێگەكەى! ئەو برادەرەى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بە توڕەىیەوە گوتبوى ئەى بۆچى باسى گەندەڵى دامەزراندن و تەعیناتى دەزگا حكومیەكان دەكەن لە ڕێگەى واستە و واستەكارى بەرپرسەكانەوە!؟ لە كاتێكدا ئەمەى ئێوە دەیكەن دووبارەبوونەوەى هەمان سیستم و میتۆدە!.
پرسیار ئەوەیە كەسێك چەند ڕۆژێك پێش بەخشینى خەڵاتى سۆرانى مامەحەمە بەقاچاخ دەڕوات بۆ توركیا و سنورداش دەكرێتەوە، كەچى خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەى پێدەدەن!؟.
كارێكى زۆر قێزەون و ناشرینى میدیاى بەناو ئەهلى كە تاكو ئێستاكەس پەى پێنەبردووە و باسى نەكردووە من لێرەدا باسى دەكەم، ئەویش خاوەن كۆمپانیا و تاجیرە گەورەكانن زانیارى لەسەر نەیارەكانیان دەدەن بەمیدیاى ئەهلى و لە بەرامبەردا بڕێك پارەى خەیاڵى دەدەن بە ڕۆژنامەنووسەكە و مێدیاكە، یەكێك لەو بەناو ڕۆژنامەنووسانە كە ئێستا سەرقاڵى ئەو تیجارەتەیە، ئەم ئارا ئیبراهیمەیە، بەو پێیەى ئەو لە زۆربەى ڕۆژنامەنووسەكانى دیكە باشتر ئەم هەلەى بۆ ڕەخساوە، چونكە جگە لەوەى بەشى ئابورى زانكۆى سلێمانى تەواو كردوە، لەلایەك بەرپرسى لاپەڕەى ئابووریە لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى و خۆشى ناو ناوە ڕۆژنامەنووسى ئابوورى، لەلایەكى دیكەشەوە لەگەڵ شاسوارى واحیدى كەبابچى خاوەنى كۆمپانیاى نالیا ئیشى مقاولات دەكات، ئەوەى خوێنەرى ڕاپۆرتە ئابوورییەكانى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بێت، باش دەزانێت كە زۆربەى ڕاپۆرتەكان ئارا خۆى ئامادەى دەكات و هەروەها زۆرجاریش لێدوانى شاسوار لە زۆربەى ڕاپۆرتەكانیدا بەرچاو دەكەون، لەلایەكى دیكەوە شاسوار كە ئاراى كردوە بە پیاوى خۆى بە ئارەزوى خۆى ئیشى پێدەكات و زانیارى لە سەر كۆمپانیا ڕكابەرەكانى نالیا دەدات بە ئارا ئیبراهیم بە بڕێك پارەى زۆر بۆ ملشكاندنى نەیارەكانى كۆمپانیاى نالیا، لە بەرامبەر یەكێك لەو ڕاپۆرتانەش كە ئارا ئیبراهیم لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوى كردبۆوە شاسوارى بڕى (3000) سێ هەزار دۆلارى وەك بەخشى دابوو بە ئارا ئیبراهیم، ئەمە بە دانپێنانی خودى ئارا خۆی بوو لاى یەكێك لەبرادەرانى ڕۆژنامەى هاوڵاتى باسى كردبوو، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ دەبێت ئارا چەند بەرتیلى دیكەى لە شاسوار و خاوەن كۆمپانیا و تاجیرەكان وەرگرتبێت لە بەرامبەر ملشكاندنى كەسانى دیكەدا و تاكو ئێستا بەشاراوەیى ماوەتەوە!.
2. هەوار عەلى پێشكەشكارى بەرنامەى بەیانى نەوا لە ڕادیۆى نەوا، خەڵاتكردنى ئەم خاتونە بۆتە نوكتە و زۆر جێگەى پێكەنینە چونكە كورد وتەنى هێشتا پاشتێلانەى نەچوبوو، تەنها سێ ڕۆژ بەسەر خاڵاتكردنەكەیدا تێپەڕى خاتو هەوارى سەربەخۆ وازى لە ڕادیۆى نەوا هێنا و قەلفڕى كرد بۆ تەلەفزیۆنى كوردسات و لەوێ بە پارەیەكى چەور بەرنامەیەكى پێشكەش دەكرد بەناوى ئامێز، ئەوە ماوەیەكە بەخێر جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ ڕادیۆى نەوا و بەرنامەیەك پێشكەش دەكات بەناوى ترافیك، بێگومان جەنابیشیان وەك ترافیكیان لێهاتووە هەر ڕۆژەى پێیەكیان لەناو میدیاى حیزبە و پێکەی تریان لە ناو میدیاى بەناو ئەهلییە!.
ئەم خاتو هەوارە ئێستا لاى هاوڕێكانى دەڵێت گەورەترین هەڵەم كرد كە چوم بۆ تەلەفزیۆنى كوردسات بۆیە، هاتمەوە بۆ ڕادیۆى نەوا تاكو سومعە بگەڕێنمەوە بۆ خۆم وەك بڵێیت ڕادیۆى نەوا زۆر سەربەخۆ بێت.
ئەم خاتو هەوارە كە بەڕەسمى فەرمانبەرى بەڕێوبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانییە، بەڵام جەنابیان بە واستە كراوو بە فەرمانبەرى بندیوار و دەوام ناكات، هەروەها لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنووسێكى بەناو سەربەخۆدا ناویشی لەو لیستەدایە كە بە ئەفسەرى سەربازى خانەنشین كراوە و لە بەشى یەكەمدا ناوەكانمان بڵاوكردەوە، واتە جەنابى خاتو هەوار بێجگە لە موچەى ڕادیۆ نەوا كە (600) دۆلارە، موچەیەكى بندیوار و موچەیەكى خانەنشینیش وەردەگرێت!، لە هەمووشى سەیرتر هەموو بەیانییەك لەڕێگەى بەرنامەكەى ڕادیۆى نەواوە باسى گەندەڵى دەكات!.
3. ڕۆژنامەنووس ئازیز مەحمود، سەرەتا دەمەوێت هەڵەیەكى گەورەى برادەرانى لیژنەى خەڵاتى سۆرانى مامە حەمە ڕاست بكەمەوە، كە ئەم خانمەیان وەك هەڵسوڕاوى بوارى ژنان خەڵات كرد، لە كاتێكدا خاتو ئازیز مەحمود ئەوەى لە نزیكەوە بیناسێت باش دەزانێت یەك ڕۆژ لە بوارى ژناندا كارى نەكردووە، بەڵكو تەنها كارى ڕۆژنامەنووسى كردووە.
ئەم خاتوونە سەرەتا لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى كارى دەكرد، بەڵام كاتێك خەڵاتیان كرد لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى نەمابوو، بەڵكو لە نووسینگەى سلێمانى ڕۆژنامە ڕووزەردەكەى دەزگاى پاراستنى پارتى ڕۆژنامەى ڕووداو كارى دەكرد، ئێستاشى لەگەڵ بێت زۆربەى زۆرى ڕۆژنامەنووسان نازانن ئەم خانمە ڕۆژنامەنووسە ڕووزەردەى پارتى بۆچى و لەبەرچى و لەسەر ئاستى كام مەعریفە كارى ڕۆژنامەوانى خەڵاتیان كرد!؟ تەنانەت زۆرینەى ئامادەبووان كە لە ڕێوڕەسمى خەڵاتەكە ئامادەبوون ناوى ئەم خانمەیان نەبیستبوو، لەكاتێكدا چەندین ژنە ڕۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوى بوارى ژنان هەبوون كە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەكەدا ناویان هەیە و زۆر لە ئازیز مەحمود چالاكتر و دیارتربوون.
هەرئەم خاتو ئازیزە هات سیناریۆیەكى بۆ خۆى دروستكرد گوایە فیشەكیان ناوە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە، سیناریۆكەش بەمجۆرە بوو بەیانیەك ئازیز لە خەو هەڵدەستێت و دەبینێت جامى دواوەى ئۆتۆمبێلەكەى شكاوە و فیشەكێكیشیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەى بۆ جێهێشتوە، گوایە بەو فیشەكە تەهدیدى كوشتنیان كردووە، هەرئەوەش بوو لەبەر لاوازى سیناریۆكەى یەك میدیا ئەو هەواڵەیان بڵاونەكردەوە، چونكە زۆربەیان دەیانزانى ئازیزخان لەو سەروبەندەدا چى لە ژێرسەردایە و بۆ چ مەبەستێك ئەم سیناریۆیەى دروست كردووە!، جگە لە چەند ماڵپەڕێك نەبێت ئەم سیناریۆیەى ئازیزیان كرد بەهەواڵ و بڵاویان كردەوە، دواى ئەوەش ئازیز یەك بە یەك بەسەر میدیاكانەوە گەڕابوو (دیارە مەبەستمان میدیا ئەهلیەكان و میدیاكانى ئۆپۆزسیۆنە) گلەیى ئەوەى كردبوو، كە هەڕەشەی لێكراوە و ژیانى لە مەترسیدایە، بەڵام لە لایەن میدیاكانەوە گرنگى بە هەڕەسەكردنەكەى نادرێت، لەڕاستیدا ئێمە باش دەزانین ئەم سیناریۆیەى خاتو ئازیز خۆئامادەكردن بوو بۆ دروستكردنى كەیسێكى ڕۆژنامەوانى كە جەنابیان لەو سەر و بەندەدا نیازى سەفەرى وڵاتى بەلجیكایان هەبوو.
ئەمە فەزیحەى بەشێك لە گەندەڵیەكانى گۆڤارى لڤین و ئەو خەڵاتەیە كە بەناوى شەهیدى قەڵەم سۆرانى مامەحەمەوە ساڵانە دەدرێت بە ڕۆژنامەنووسانى مێدیاى بە ناو سەربەخۆ و مێدیاكارانى ئۆپۆزسیۆن، خاڵێكى زۆر گرنگیش كە لەكۆتایدا دەمەوێت باسى بكەم برادەرانى مێدیاى بەناو سەربەخۆ لەكاتى بەخشینى خەڵاتى (لاوى ساڵ) كە لەلایەن وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانەوە ساڵانە دەدرێت بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعی رو هونەرمەندە دەربارەكانى پارتى و یەكێتى، مێدیاى ئەهلى دەیكەن بەهات و هاوار گوایە ئەم خەڵاتە بەنهێنى دابەش دەكرێت و تا ڕۆژى خەڵاتكردنەكە كەس پێى نازانێت و مێدیاى ئەهلى ئاگادار ناكرێتەوە تاكو ڕۆژنامەنووسەكانیان سیڤى خۆیان پێشكەش بەلیژنەى ئامادەكارى خەڵاتى لاوى ساڵ بكەن، بەڵام لە كاتێكدا خودى ستافى خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەش بەهەمان سیستەم كاردەكەن، تاكو ڕۆژى دابەشكردنى خەڵاتەكە كەس نازانێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە كێن كە خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەیان پێ دەدرێت!.
ئەم بابەتە درێژەى دەبێت، چاوەڕوانبن لەبەشى چوارەمدا زانیاریتان لە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەى مێدیاى ئەهلى بۆ بڵاودەكەینەوە كە لەلایەن نێچیرەوە بە زەبرى پارە و بەرتیل دەستەمۆكراون!.
************************
تێبینى: بۆ خوێندنەوەى بەشى یەكەم و دووەمى ئەم بابەتە كلیك لەم دوو بەستەرەى خوارەوە بكە.
بەشى یەكەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a37cc1bb بەشى دووم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3d45abf1
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست