ئەوەى لەسەر مێدیاى ئەهلى نایزانن, من بۆتان باس دەكەم (بەشى دووەم)
Tuesday, 01/05/2012, 12:00
نەبەز گۆران پێی وایە کوردستانپۆست لە خۆیەوە قسە لە سەر دوو دۆنم زەوییەکەی رۆژنامەی هاولاتی دەکات، لە ئێستادا برادەرانى هاوڵاتى لە شارەوانى سلێمانى سەرقاڵى مامەڵەى یاسایین.
هەر وەك بەڵێنمان پێدابون لەماڵپەرە ڕاستگۆوبوێرەكەى كوردستانپۆستى ئەزیزەوە زنجیرەیەك بابەتتان لەسەر گەندەڵى و كەموكوڕییەكانى ئەو مێدیا و ڕۆژنامەنووسانە بۆ باس بكەین، كە ناوى خۆیان ناوە مێدیاى ئەهلى و ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆ, هیچ كەسێك لەدەرەوەى ڕەخنە نیە و دەبێت لەهەركوێشدا ناشرینى و گەندەڵیمان بینى قسەى جدى لەسەر بكەین.
لەم بەشەدا بە پێویستى دەزانین هەڵوێستەیەك لەسەر ئەو هەڵوێستە نەشییاو و بێبنەمایەى بە ناو ڕۆژنامەنووس نەبەز گۆران بكەین، كە لەم ماوەیەدا بەرامبەر كوردستانپۆست نواندى و ئێمەش دووگەندەڵى ئەم ڕۆژنامەنووسە دەخەینە ڕوو. بۆیە داواى لێبووردن لە خوێنەران دەكەین، كە لەبەشى یەكەمدا بەڵێنمان پێدابوون، کە بەشی دووەم باس لە گەندەڵیەكانى گۆڤارى لڤین و فەزیحەى خەڵاتى سۆرانى مامەحەمەتان بۆ بكەین، ئەوەیان هەڵدەگرین بۆ بەشى سێیەم، لە ئێستادا بەباشمان زانى بەشى دووەم تەرخان بكەین بۆ یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانەى كە خۆى ناوناوە سەربەخۆ و بێلایەن و نووسەری ئازاد، هەروەها وەڵامى ئەو وتارەى گۆشەى هەناسەى ڕۆژنامەى هاوڵاتیشى بدەینەوە كە ئەویش نەبەز گۆرانە!.
ئێستاشى لەگەڵدابێت نزیكەى مانگێك بەسەر وتارەكەى نەبەز گۆران تێدەپەڕێت ڕۆژانە نەبەز گۆران ڕووبەڕووى ڕەخنە دەبێتەوە، لەلایەن هاوڕێ و كەسە نزیكەكانیەوە ئیحراج دەكرێت بەوەى كە دەبوایە هەر كەسێك بابەتێكى لەو جۆرەى لەسەر كوردستانپۆست بنووسیبایە، ئەو ئەمەی نەکردایە، یان ڕوونتر بڵێین بۆ راستکردنەوەی بارى لارى كەمال رەووف و ڕۆژنامەى هاولاتى بەو زمانە ناشرینە نەینووسیایە، نەدەبوو نەبەز شتێكى لەو جۆرە بنوسێت, ئەمەش لەبەر ئەوەنا كە كوردستانپۆست لە دەرەوە، یان لە سەرووی ڕەخنەوە بێت و قسەى لەسەرنەكرێت، بەڵكو لەبەر ئەوەى كە لە ئێستادا برادەرانى هاوڵاتى لە شارەوانى سلێمانى سەرقاڵى مامەڵەى یاسایی ئەو زەویەن كە لەلایەن تاڵەبانیەوە بەخشراوە بە هاوڵاتى و قسەكانى نەبەز گۆران و بوختان و قسە هەلەق و بەلەقەكانى كەمال ڕەئوفى سەرنووسەرى هاوڵاتیش بۆ كوردستانپۆست گشتی بەتاڵ بۆتەوە!.
لەلایەكی تریشەوە زۆربەى هاوڕێكانى نەبەز و هەموو خەڵكیش باش ئەو راستیە دەزانن كە ناساندن و ناوبانگ پەیداكردنى نەبەز گۆران بەهۆی كوردستانپۆستەوە بووە، نەك ڕۆژنامەى هاوڵاتى كە ئێستا نەبەز گۆران مامە حەمەیى بۆ دەكات و ماستاو بۆ سەرنووسەرەكەى سارد دەكاتەوە!، خۆشی بە پێشمەرگە سەرەتاییەکی ئەو ستاڤە گەندەڵەی هاوڵاتی دەزانێت، بۆ زانیارییتان هەتا نەبەز لەوەڵامى یەكێك لەڕۆژنامەنوسەكان كە ناڕەزاى لەبەرامبەر ئەو نووسینەى نەبەز دەربڕیبوو، لە وەڵامدا بە ئیحراجیی پێى گوتبو (خۆ من ناوى هیچ ماڵپەڕێكم نەهێناوە نازانم برادەرانى كوردستانپۆست بۆ وا دڵگران بوون!), بەڵام من دەمەوێ برادەرانى كوردستانپۆست ئاگادار بكەمەوە لەم نەبەزە بۆ ئەوەى ئیدى دۆستەكانى خۆیان باشتر بناسن ئەگەر كەسێك پرسیار لە نەبەز بكات و گلەیى ئەو نووسینەى لێبكات نەبەز ئەم وەڵامەى دەبێت: (خۆ من ناوى هیچ سایتێكم نەهێناوە!), بەڵام ئەگەر كەسێكى نموونەى خۆى دەستخۆشى لێبكات بەهەمان نەفەسى پیاوە ناشرینەكانى پارتى و یەكێتى نەبەزى نوكتەچى و دووڕو بە پێكەنینێكەوە دەڵێت: (كوردستانپۆست هەر من مابووم پەلامارم بدەن, ئەوە پەلامارى منیشیاندا!).
بیرمە چوار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ برادەرێكى ڕۆژنامەنووسى ئەكادیمیدا موناقەشەمان لەسەر نەبەز گۆران كرد, ئەو برادەرە پێی وتم ئەم نەبەزە جێگەى متمانە و سیقە نییە! هەزار ڕووى هەیە، كورد وتەنى لە كوێ باى بێت لەوێ شەنى خۆى دەكات, بەڵام ئەوكات کە لە هەولێر بوو، ئێمە درۆمان لەگەڵ خۆماندا كرد و هەر ئەو كات كۆمەڵێك زانیاریى باشمان لە سەرى هەبوو بڵاومان نەكردەوە, بەڵام من لە ئێستادا و لێرەدا دەمەوێت ئەو ڕاستیانە باس بكەم و هاوكات ئیزافەیەكی تریش بخەمە سەر قسەى ئەو برادەرە ڕۆژنامەنووسەی خۆم و برادەرانى كوردستانپۆستیش لەوە ئاگادار بكەمەوە، بە هەموویان بڵێم ئیدى كاتى ئەوە هاتووە پیاوى بە جورئەت و خاوەن وەفا و بە هەڵوێست باشتر بناسن و خوێنەرانى ئەزیزیش بەهەمان شێوە لەوە ئاگاداردەكەمەوە:
نەبەز گۆران تاكو ساڵى(2009) و دروستبونى بزوتنەوەى گۆڕان لە ئاسایشى پارتى لە چەمچەماڵ مانگانە موچەى وەردەگرت, خۆى وتەنى وەك ئاسایشێكى بندیوارى پارتى, ئەم نەبەزە كە ئێستاشى لەگەڵدا بێت وەك شایەر و چاوەش بە سەر مەرگى جەوهەر نامیقدا هەڵدا، تەنها لەبەر ئەوە بوو, کە جەوهەرنامیق لاى چەند بەرپرسێكى باڵاى پارتى تەكلیفى بۆ كردبوو، كە بڕێك پارەى پێبدەن لە بەرامبەر پەلاماردانەكەى ساڵى (2007)دا كە لە هەولێر لەلایەن چەند پیاوێكى سەرۆ قادر و پاراستنەوە پەلاماریاندا, دواى ئەوەى نەبەز بەگریانەوە تەلەفۆن بۆ جەوهەر نامیق دەکات، جەوهەر نامیقیش بەزەیى پێیدا دێتەوە، بەڵێنى پێدەدات، ئەوەى لە دەستی بێت بۆى بكات، بەڵام تەكلیفەكەى جەوهەر نامیق لە بەرامبەر سەرفكردنى ئەو بڕە پارەیە لەلایەن پاراستنەوە ڕەت كرایەوە, هەرئەم نەبەز گۆرانەى، كە بەدەیان شێوە باسى ناشرینی مێدیاى سێبەرى كردوە, كەچى هەر ئەو گۆڤارەى كە خۆى سەرنووسەرى بوو، بە ناوى (جیهان) لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵەوە مانگانە پارەى بۆ سەرف دەكرا، تەنانەت عەقدى خەرجكردنى پارەى مانگانەى گۆڤارەكەى لە چاپخانەدا بەناوى دەربازى كۆسرەت ڕەسوڵەوە بوو! هەرئەم نەبەزەى كە ئێستا نوكتە لە سەر حیسابى كوردستانپۆست دروست دەكات و بۆتە كەسێكى نوكتەچى، تەكلیفى لە یەكێك لە سەرنووسەرەكانى میدیاى ئەهلى كردبوو، (كە ئەم كاكى سەرنووسەرە زۆر بەینى لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا خۆشە). نەبەز گوتبووى بەڵكو پێى بڵێیت، بەڵکو پارچە زەویەكم پێبدات، چونكە بە وتەى خۆى لاى برادەرانى گردەكە، ئیحراج بووە و هیچ وەڵامێكیشى پێ نییە بۆ ئەو كەسانەى كە پێی دەڵێن: (نەبەز تۆ ناتوانیت لە ئێستادا بڵییت من سەربەخۆم، چونكە لەلایەك لە ناو حەرەمى گردەكە، بزوتنەوەى گۆڕان خانویان پێداویت، لەلایەكى تریشەوە ماوەیەكە چەندین بابەتت لە مەسڵەحەتى گۆڕان و بەتایبەتیش خودى نەوشیروان مستەفا نووسیوە) هەر دەمەوێت لێرەو ەبە نەبەزیش بڵێم ئەو سەرنووسەرەى میدیاى ئەهلى، كە خۆت بە بڕوا و متمانەوە داوات لێكردبوو، تەكلیفت لاى بەرهەم ساڵح بۆ بكات, واتە کەمال رەئوف لە زارى خۆیەوە لەناو مەجلیسێكدا ئەمەى جەنابتى بۆ گێڕاینەوە كە هەموومانى حەپەساندبوو!.
هەر ئەم نەبەز گۆرانە وتارێكى ڕۆژنامەنووس خالید مەحمودى پەیامنێرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى لە پێنجوێن لە گۆڤارەكەى خۆیدا و بە ناوى خۆیەوە بڵاوكردبۆوە, دیارە مەبەستمان ئەو كاتەیە كە سەرنوسەرى گۆڤارى(جیهان) بوو, كاتێك خالید مەحمودى خاوەنى ئەسڵى ڕاپۆرتەكە پەیوەندیى پێوە كردبوو، ئەم كاك نەبەزە لە تەلەفۆنەكەدا سووكایەتى پێكردبوو بە پۆزلێدانەوە گوتبوى(تڕكەن كێ تۆ دەناسێت تاكو نەبەز لە ساحەكەدا وجودى هەبێت!) ئەمە مەعریفەى ئەم كاك نەبەزەبوو, دواى ئەوەش كە خالید مەحمود لە ڕۆژنامەى هاوڵاتیدا وەڵامى نەبەزى دابوویەوە، ئەم دێڕەى بۆ نووسیبو, بەڵام جەماعەتى هاوڵاتى لایان بردبوو بە خالیدى پەیامنێریان گوتبوو: ئێمە هەموومان براى یەكین با دوژمن پێمان خۆش نەبێت, بەمجۆرە ڕۆژنامەى هاوڵاتیش پشتیان لە پەیامنێرەكەى خۆیان كردبوو لەبەر خاترى ئەم كاك نەبەزە!.
شتێكی تر، كە سەرنجى ڕاكێشام هەر ئەم نەبەزە لەو بابەتەدا كە لەهاوڵاتى بڵاوى كردبۆوە بە ناونیشانى(گۆشەى هەناسە و زەوى ڕوكن), كە دەبوایە لە راستییدا نەبەز بینووسیایە (ڕۆژنامەى ڕوكن و سەرنوسەرى بێ ئینساف!), چەندجارێك باسى لە كۆشك وڤێللاى بەرپرسەكان كردبوو، گوایە دار و بەردى كوردستانیان داگیركردووە, منیش لێرەوە بە نەبەز دەڵێم: ئەو وتارەى كە لەوە دەچوو بەو پەرى مەستىی و سەرخۆشی نووسیبێتت، وەك زۆربەى ئەو ئێوارانەى كە برادەرانى گردەكە دەتبەن بۆ ناو باخ و مەزرەعەكانیان و دەعوەتت دەكەن و لەگەڵ برادەرێكى هونەرمەندى نزیك لە گۆڕان بەدەم چەپڵە و گۆرانیەوە مەستتان دەكەن و شەویش دەتهێننەوە بۆ ناو حەرەمى گردەكە! ئەرێ بۆ ڕۆژێكیش جورئەتى ئەوەت نەكرد بڵێیت كاك فڵان ئەم باخ و ڤێللایەى تۆش تەجاوەزى یاسایە و تۆش بەهەمان شێوەى بەرپرسانى باڵاى یەكێتى و پارتى موڵك و ماڵى ئەم وڵاتەت داگیركردوە!؟ یان جورئەتى ئەوەت نییە چونكە دەزانى ئەگەر شتێكى لەم جۆرە بڵێیت نە لەگردەكە جێت دەبێتەوە، نە ئێوارانیش دەتبەن و مەست و خومارى بادە وشەرابت دەکەن!
كاك نەبەز ئەمەش گەندەڵیەكانى جەنابتە و شتی تریش زۆرن کە بە دوای خۆتدا لە هەولێر جێت هێشتووە، ئێمە پێمان خۆش بوو ڕاستەوخۆ چى پێشنیار و تێبینى و ڕەخنەیەكت لەسەر كوردستانپۆست هەیە بە ئاشكرا قسەیان لەسەر بكەیت، هەروەك چۆن سەرانى بنەماڵە و سەرۆك و سیستەمەكەیان ڕەخنەى توندیان لێدەگیرێت كەواتە تۆش و هاوڕێكانیشت لە مێدیاى ئەهلى و تەنانەت كوردستانپۆست و ئێمەش لە دەرەوەى ڕەخنەنین, من دڵنیام ئەگەر هەر جۆرە ڕەخنەیەكت لە كوردستانپۆست بگرتایە بەوپەڕى سنگ فراوانیەوە بۆیان بڵاودەكردیتەوە, بەڵام نەك لە بەر دڵی کەمال رەئوفی هاولاتی، پێت شەرم بێت ناوى كوردستانپۆست بهێنیت، قسەیەکیشت بە کوردستانپۆست وتبوو (
ئەگەر لەم بابەتەدا ناوى كوردستانپۆستم بهێنایا وتارەكەم سەنگى نەدەبوو, بۆ ڕۆژنامەى هاوڵاتیش جوان نەبوو!)، وەك ئەوەى جەنابتان سوقرات و ئەنشتاین بن و ڕۆژنامەى هاوڵاتیش نیۆرك تایمز و گاردیان و لیمۆندى فەڕەنسى بێت!. ئەرێ بۆ ئەو كاتەى سەرۆ قادر لە كۆبونەوەكەیدا دەری كردیتە دەرەوە میدیاى ئەهلیش هیچ حیسابێكیان بۆت نەكرد ئەوسا پێت شەرم نەبوو ناوى كوردستانپۆست بێنیت و بەفەخر و شانازیشەوە دەتگوت: (هەموو قسەكانى سەرۆ قادرم وەك خۆى لە كوردستانپۆست بڵاوكردۆتەوە) کلیکی ئەو ڤیدیۆیە بکە، کە کاتی خۆی نەبەز گۆراان بۆ کوردستانپۆستی ناردبوو:
ئەرێ بۆچى ئێستا پێت شەرمە!؟ خۆ كوردستانپۆست نەبوایە تۆ ئیستا وەکو نووسەرێک و رۆژنامەنووسێکی گەندەڵیی سەر بە دەسەڵات دەناسرایت، تۆیەکی کەم ئەزمون و گەنجێکی هەرزەکار، هەر زۆر زوو هەڵدەخلیسکایت، جگە لەوەش کوردستانپۆست بەشایەتى دۆست و دوژمنەكانى لە ڕووى ئیتكێتى ڕۆژنامەوانیەوە لە چاو جاران زۆر فەرقى كردووە! ئەگەر جاران قسەى لە سەر كەرامەت و شەرەفى نەبووى بەرپرسەكان بكردایە، ئێستا ئەوەشى نەماوە! بەڵام من دواقسەم بۆ جەنابتان ئەوەیە (ئیدى نەبەز گیان كە خۆت ماڵت لە شوشەیە بەرد لە ماڵى ئاسنینی خەڵكى مەگرە).
ئەم بابەتە درێژەى دەبێت, چاوەڕوانبن لە بەشى سێیەمدا زانیاریتان لەسەر گەندەڵیەكانى ناو گۆڤارى لڤین و ئەو ڕۆژنامەنووسە گەندەڵانە بۆ بڵاودەكەینەوە كە خەڵاتى سۆرانى مامە حەمەیان پێبەخشرا.
بەشى یەكەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a37cc1bb
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست