بەیاننامەى گۆڤارى (ساماڵ پۆست) دژى تیرۆركردنى هاوكارمان زەردەشت عوسمان ناسراو بە (سەرۆ سەردەشت)

Saturday, 08/05/2010, 12:00


رۆژى 4-5-2-2010 كاتژمێر 8:20 خولەك ئۆتۆمبێلێك كە 3 كەسى تێدا دەبێت لەبەردەم كۆلێژى ئاداب سەرۆ زەردەشتى هاوكارمان بە شێوازێكى ناشرین دەڕفێنن، دواى ئاگاداركردنەوەى دەزگا ئەمنیەكانى شارى هەولێر لە لایەن ئێمە وەك گۆڤارى (ساماڵ پۆست) و چەندین رۆژنامەنووسی تر، بەڵام مخابن بۆ رۆژى پێنج شەممە رێككەوتى 6-5 تەرمى ناوبراو بە كوژراوى لە شارى موسڵ هێندرایەوە شارى هەولێر.
ئێمە وەك گۆڤارى (ساماڵ پۆست) بە توندى ئیدانەى ئەو كارە تیرۆریستییە دەكەین، كە دژ بە هاوكارمان (سەرۆ زەردەشت)ى هاوكارمان كراوە، هاوكات ئەم كارە دڕندانە و دوور لە هەموو بەهاكانى مرۆڤایەتى كە لە ناو دەسەڵاتى كوردى و لە ساڵى 2010دا و لە سەردەمى پێشكەوتنە خێراكان لە بوارەكانى ژیاندا روو دەدات، جێى مەترسیە بۆ سەر تەواوى رۆژنامەنووسانى كوردستان و ئەو ئەزمونەى كە دەسەڵاتى كوردى بە ئەزمونێكى سەركەوتوو و دیموكراتیەت پێناسەى دەكات، ئێمە دەپرسین ئەگەر دەسەڵاتى كوردى ژیان بە (سەرۆ زەردەشت)ى رۆژنامەنووس و قوتابی كۆلێژ رەوا نەبینێت، چۆن رێ بە خۆیان دەدەن ببنە دەمڕاست و پارێزگاریكەر لە نەتەوە و گەلە ستەمدیدەكەیان؟! كە لە كاتێكدا خۆیان ببنە بكوژى رۆڵەكانیان!
ئێمە وەك گۆڤارى ساماڵ پۆست ئەو كارە بە سەرەتایەك دادەنێین بۆ لە ناو بردن و تیرۆركردنى رۆژنامەنووسانى ئازاد و سەربەخۆ و بۆ بەرتەسككردنەوەى بوارى ئازادى نووسین لە هەرێمەكەدا، كە لە لایەن دەسەڵاتەوە پیادە دەكرێت، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت و گشت دەزگا ئەمنیەكانى هەرێمى كوردستان و تەواوى رێكخراوە نێودەوڵەتى و مەدەنیەكان دەكەین لە ئاست كردارێكى وەها دژە مرۆڤایەتیدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەربگرن، هاوكات بە زووترین كاتیش تاوانباران بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
لە كۆتاییشدا دەڵێین ئێمەى رۆژنامەنووسان هیچ كێشەیەكى شەخسى و كۆمەڵایەتیمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك نییە، تەنها نووسینەكانمان نەبێت، ئەگەر زامنى ژیانمان نابن، ئەوا با هەرێمەكەتان بۆ بە جێبهێڵین.

گۆڤارى ساماڵ پۆست
رێككەوتى 6-5-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە