کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میسر، دیکتاتۆرێکی بچکۆلەو خەونێکی گەورە !!!

Tuesday, 11/12/2012, 12:00








موحەمەد مورسی، دیکتاتۆرە بچکۆلەکەی ئیخوان ئەلموسلمین، زۆری نەخایاند کە دەستی خۆی و جەماعەتەکەی ئاشکرا کرد. لە گەرمەی شادی سەرکەوتنە بەناو دیبلۆماسیەکەی بەڕاگرتنی شەرە دڕندانەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بیتاوانی غەزە کە جگە لە پەلاماری ئیسرائیل بە دەست بزوتنەوەی حەماسیشەوە دەناڵێنن. دوای هەموو ئەو مەدح و سەنایەی لە ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواوە بەسەری داباری بۆ ئەو کارە دیبلۆماسیە، نییەتی خۆی وجەماعەتەکەی، کە بریتیە لە توند بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و ڕۆیشتن بەرەو ئامانجە گەورەکەیان کە لە خەونی دروست کردنی "دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی" دا خۆی دەبینێتەوە، ئاشکرا کرد. خەونێک کە بەدوایەوەن هەر لەسەرەتای دروستبونیانەوە لە سالی 1928 لە شاری ئیسماعیلیەی میسر لە سەر دەستی (حەسەن بەننا)، کە ئەویش قوتابی (محمد رشید رەزا) بوو. (محمد رشید رەزا) لە کتیبکیدا بەناوی (الخلافە او الامامە العوزما) زۆر بە ئاشکرا باس لە دروستکردنی ئەودەوڵەتە دەکات. دروست کردنی دەوڵەتیکی ئاوا بێشک پیویستی بە دوو پایەی بنەرەتی هەیە، یەکێکیان دەسەڵات و ئەوی تریان پارەیە. دواتر دێمە سەر ئەو باسە.
ئاشکرایە لای هەموو ئەوانەی بەدوای ئالوگۆرەکانی میسرەوەن کە ئیخوان ئەلموسلمین خۆیان بەو شۆرشەوە هەڵواسی، دوای ئەوەی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی لەسەر دەستی لاوانی میسر لە کچ وکور هیزە سۆشیالیست و شۆرشگیرەکان، هەر بۆیە خۆیان خزاندە ژیر باڵی هێزە سەربازیەکان وپاڵپیشتی ئەوانیان کرد دوای ڕووخانی حوسنی موبارەک. ئەم بشداریکردنەیان تەنیا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بوو نەک بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆرش، شۆرشێک کە بەسەدان قوربانی تێدا درابوو بۆ دەرکێشانی ئەو ووڵاتە لە چنگ دیکتاتۆرێک کە بۆ چەند دەیە حوکمی کرد. ئیخوان ئەلموسلمین بۆ ئەو ئاماجە هاتنە ناو شۆرش و هەر بۆ ئەوەش بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیان کرد، هەڵبژاردنێک کە ئەگەر (ئەحمەد شەفیق) نەبوایە بە رکەبەری سەرەکی محمد مورسی هەرگیز ئەو هەلبژاردنەکەی بەو دنگە کەمە نەدەبردەوە چونکە (ئەحمەد شەفیق) یەکێک بوو لە سەرۆک وەزیرانی زەمانی حوسنی موبارەک و خەلکیش بە هیچ جۆرێک نەیان دەویست پیاوی ڕژێمی لە ناو چوو دووبارە بگەرێتەوە. ئەمرۆ دەبینین زوربەی قسەکەرەکانی ئەو جەماعەتە لە میدیاکانەوە باس لەوە دەکەن کە مورسی لەناو سندوقەکانی دەنگەوە هاتۆتە دەرێ وە پایەی سەرەکی گەمەی"دیموکراتی" سندوقی دەنگدانە!! کە دەبێ کەمینە بچێتە ژیر باری ڕای زۆرینە، لێرەوە رەخنە ئاراستەی شۆرشگێرانی میسر دەکەن کە گوایە ڕێز لە "گەمەی دیموکراتی" ناگرن، دروست وەک حەماسی هاوسەنگەریان کاتێک هەڵبژاردنی چەند ساڵ لەمەوبەری لە فەلەستین بردەوە هەمان ڕەخنەی لە رێکخراوی فەتح دەگرت. لای ئەوان دیموکراتیەت بە مانای دیکتاتۆریەتی زۆرینە!!! سیستمی دیموکراتی بەهەموو کەمو کوریەکانیەوە، وەک سیستمێکی بۆرجوازی کە لە وڵاتانی رۆژئاوا لە بەرزترین مۆدێلی خۆیدا پیادە دەکرێ، پاکجێکە لێک جیا ناکریتەوە، تەنیا هاتنە دەرەوە نیە لە سندوقەکانی دەنگدان، بەڵکو تا ئەندازەیەک، دابینکردنی ئازادی بیر و ڕا، ئازادی تاک، ئازادی رۆژنامەگەری، ڕێکخرابوون، خۆپێشاندان، مافی ژنان، منداڵان، دابین کردنی لانی کەمی خۆشگوزەرانی ....هتد.
ڕاگەیاندنی دەستوری کە لە لایەن محمد مورسیەوە لە 21/11/2012 خوێندرایەوە، ئەو قەترەیە بوو کە جامەکەی پر کرد! ئەو دیکتاتۆرە چکۆڵەیە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، وەبێشک بەئاگاداری و ڕەزامەندی ئەمریکاو هاوپەیمانانی، کۆمەڵێک لە فەرماندە سەربازیەکانی لا بردوو هەندێکی کەی لە گوێلەمستانی خۆی دانا لە بری ئەوان، ئەمجا چووە ناو تەوەری قەتەر تورکیا ئەمریکا، ئەو تەوەرەی زامنی لە باربردنی شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی گرتۆتە ئەستۆ، ئەویش بە هینانە سەر کاری رژێمگەلێک کە بەرژەوەندیە سترتیجیەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا لە ڕژێمە لەناوچوەکانی جاران باشتربپارێزن. بۆ ئەمریکاو رۆژئاوا گرنگ نیە بە ئاگر و ئاسن حوکم بکەی، سەرکوتگەر بی، دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بیت، دەولەتی فاشستی قەومی بیت، دەست و سەر بپەڕێنی وەک لە سعودیە دەکرێ، گرنگ ئەوەیە بەرژەوندیەکانیان پارێزراوبێت. دەنا کارتی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤت بەروودا بەرز دەکەنەوە !!! هاتنە سەر کاری ئیسلامیەکان وەک بەر ئەنجامی شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی لە ئیستادا هبچ گرفتێک بۆ ئەوان دروست ناکات، بەڵکە ئۆمێدیشیان دەداتی کە لە دوا ڕۆژدا ڕەنگە بتوانن ڕەوتە توندرەوکانی دیکەی ناو ئیسلامی سیاسیش لغاو بکەن.
هەڵکەوتی ستراتیجی میسر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە جیهانی عەرەبیدا وای کردووە جێگای بایەخدانێکی گرنگ بێت، نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاو رۆژئاواوە، بگرە لە لایەن بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان، ئەگەر میسر بۆ ئەوان ئەوەندە گرنگ بێت، بێشک بۆ ئیسلامی سیاسی گرنگترە چونکە میسر بە لانکەی ئەو کۆمەڵە لەقەڵەم دراوەو ئیستاش دەدرێ، کەواتە سەرکەوتنیان لەوێدا سەرکەوتنە بۆ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەکە و پیچەوانەکەشی ڕاستە.
"دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی" پیوستی بە دابین کردنی دەسەڵات هەیە، ئەو دەسەڵاتە ئیستا بەدەست ئیخوان ولموسلمینەوەیە، بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە سەقامگیربێت پیوستی بە دەستورە، دەستورێک کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی دامەزرابێت و تەنانەت تاکە سەرچاوەی سەرەگی ئەو دەستورە بێت، بۆیە دەستوریکی لەو جۆرە پێویستی بە کۆمەلێک (زانای ئایینی "فقهاو") هەیە کە دایڕێژن، محمد مورسی دروست ئەو کارەی کرد زۆر بەپەلە دەستورەکەی تێپەڕاندو ڕایگەیاند کە لە ناوەراستی ئەو مانگەدا ڕاپرسی لەسەر دەکرێ!!! کەواتە پایەیەکی گرنگی بنیاتنانی دەوڵەتە ئیسلامیەکە مسۆگەر کرا. ماوەتەوە پایەی دووەم کە پارەیە، ئیسلامیەکان لە میسر هاتونەتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ! جیا لەوەی داهاتی میسر زۆریش بیت بۆ دروست کردنی "دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی" بەش ناکات چونکە ئەو دەوڵەتە لە ئایندەدا هەر بە میسرەوە ناوەستی!! کەواتە باشترین ڕێگا چارە چاو بڕینە وڵاتانی خەلیجە. قەتەر کە بۆخۆی ئەندامی ئەو میحوەرەیە (میسر- قەتەر- تورکیا-ئەمریکا) خەزێنەکانی ئاوەڵایە چونکە مەبەستیەتی دەورێکی ئیقلیمی گەورەتر لە قەبارەی خۆی ببینێ،{ لێرەدا دەوری مەلا (یوسف ئەلقەرەزاوی) بەڕەگەز میسری و کۆنە ئیخوانی وتیۆرسینی شەرعی ئیسلامی ئیستای قەتەر نادیدە ناگیرێ،}. قەتەر جیا لەو ئامانجەشی مەبەستیەتی، بەسەرکەوتنی ئەو میحوەرە، دەوری سعودیە پشتئاو بکات، ململانێی نهێنی و ئاشکرای ئەو دوو وڵاتە مێژووی خۆی هەیە، بە سەیرکردن و تێبینیەکی سەرپێیی کەنالی جەزیرەی قەتەری کە چۆن ڕوداوەکانی میسر عەکس دەکاتەوەو کەناڵی عەرەبیەی سەر بە سعودیە چۆن عەکسی دەکاتەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ !!!
دەڵین شاخێک ژانگرتی مشکێکی بوو!! ئەوە تەعبیرێکی زۆر دروستە بۆ دوا پەیامی محمد مورسی بۆ خەڵکی میسر، پەیامێک کە لە ئەنجامی نارەزاتیەکی ملیۆنی دژ بەو دیکتاتۆرەو جەماعەتەکەی هاتوە، تاکە خالێک کە جەوهەری شاردراوەی ئەو پەیامەیە ئەوەیە بە خەڵکی میسر دەڵی: { زۆر بە ئاسانی لە سەر شانی ئیوە دەسەڵاتمان گرتە دەست و ئامادە نین هەر وا بە ئاسانی دەستبەرداریبین، دەسەڵاتێک کە خەونی دەیان ساڵەمانە}. مورسی هەر لەو پەیامەدا داوای گفتوگۆ دەکات لەگەڵ نەیارانی ! ئەو بیرۆکەیە هەر زوو لەلایەن باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لێکرا و تانەت داوای لە هەردوو لایەنی کێشەکە کرد کە بەبێ قەیدو شەرت بچنە سەر میزی گفتوگۆ!! ، مورسی وئۆباما دەزانن کە کۆمەلێک فرسەت تەڵەب هەن لە ناو ئۆپوزۆسیون دا دەکرێ وەک کارتی فشار سودیان لێوەرگیرێ و بەرەی ئۆپۆزسیونیان پێ شەق بکرێ لە وانە (ئەیمەن نور) سەرۆکی حیزبی (غەد ئەلسەورە). بە دوای ئەوانەشدا سوپای میسر، کە محمد مورسی فەرماندە گشتیەکەیەتی، وەدەنگ هاتوو یەکەم بەیانی بڵاو کردەوە کە تیایدا هوشداری دەدا بە رێگرتن لە هەر بارو دۆخێک ئارامی وئاسیشی وڵات تێک بدات !! ئیسلامیەکان هەر زوو پیشوازیان لەو بەیانە کرد کە گوایە زۆر بێلایەنە !
ئەمرۆ میسریەکان و لەگەڵیان دا هەموو ئازادیخوازانی جیهان ڕوبەوڕوی قوناغێکی زۆر هەستیار و خەتەرناک دەبنەوە، قۆناغێک کە دەبێ بە گیانی شۆڕشگێرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ لە سەر بنەمای بەردەوامبوونی شۆرش تا دوا ئامانجەکانی، بە وریایەکی زۆرەوە لە سات و سەودای هیزە بۆرجوازیەکانی ناو ئۆپوزۆسیونی میسر. ئیستا ئەم هیزە شۆرشگیرانە لەبەردەم دووریانێکدان، یان گەڕانەوە بۆ چواردە قەرن پیش ئیستا و ڕازی بوون بە یاساو ڕیسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی نەک تەنانەت بە سەر میسر دا، بگرە لە ئایندەدا بەسەر هەموو ناوچەکەشدا، وەیا فریدانی ئەو یاساو ڕیسایانە بۆ ناو زبڵدانی مێژوو.
ئەمرۆ بە دەیان هەزار لاوی میسری لە کوڕو کچ ، پیرو جوان، ژن و پیاو بەیەک دەنگ هاوار دەکەن (گەل ڕوخانی ڕژێمی دەوێ)، (مورسی بۆ ژیر کورسی)، (ئیمە نارۆین، ئەو دەبێ بڕوا) و دەیان شیعاری لەو بابەتە کە لە ناوەرۆکدا هەڵگری ئاواتێکن بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سکویلار، مۆدێرن کە تیایدا ئازادی و یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی دەستەبەر کرابێ و میسر بخاتەوە سەر ڕەوەندی پیشکەوتن و دابین کردنی ژیانێکی هاوچەرخ بۆ گشت دانشتوانی بەبێ جیاوازی.
[email protected]
9 / 12 / 2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە