ئاكۆ ئاكۆیی : كاكەگیان من پیر نیم ،گەنجێكی بە تەمەنم ، كچ دەریایەك لە نهێنی و كێوێك لە بەزەییە.
Friday, 02/10/2009, 12:00
ئاكۆ ئاكۆیی : كاكەگیان من پیر نیم ،گەنجێكی بە تەمەنم ، كچ دەریایەك لە نهێنی و كێوێك لە بەزەییە. دیمانە دیار رواندزى
[email protected] ئەو پیاوێكە لە وشە ، ئێستاش دڵَ تەڕە و گڕى ئەوینى هەر لە دڵدا ماوە ، نەك تەنیا شیعر نووس بووە ، شاعێرانە ژیانى بەسەر ئەبات ، بەبێ ریش تاشین هیچ بەیانیەك لە ماڵ دەرناكەوێت ، ئێستاش تینوى ماچە ، زەمەنێك لە شاخ خوێنى كردبووە كاسەیك بۆ نیشتمان بەشیعریش دڵنەوایی زێدى ئەدایەوە ، مژدەى شادى لە شیعرەكانى ئەچۆڕایەوە ، پڕە لە وشە مرۆ حەز ئەكات هەردەم لاى بێت و قسە چێژبەخشەكانى ببیسێت .لە بەهارى ساڵى 1966 لە گۆشە یەكى ئەم گەردونە بەنێوى (ئاكۆیان) لە دایكێكى میهرەبان چاو ئەتروكێنێ ، خوێنەرێكى زۆر باشە ، لێ بەهۆى پێشمەرگایەتیەوە كە ئەو شانازى پێوە ئەكرد خوێندنى تەواو نەكردبوو، زۆر پەراوێز خرابوو، من بە ئەركم زانى هەڤپەیڤینێكى لەگەڵ بكەم كە بە خۆشحالیەوە قبولى كرد. زۆر پرسیارم هەبوون،لێ لە بێ كاتیدا نەمان توانى هیچ نەهێڵینینەوە باسى نەكەین ....
دیار: " ئەى جوانى با ئەم زەمەنە بەسەر بەرین " ناونیشانى دیوانەكەتە، بەڕاست ئەو زەمەنتان بەسەر برد ، چۆن ؟ ئاكۆیی :هەڵبەتە ناونیشانى هۆنراوەیەكیشە لە نێو ئەم دیوانەدا ، نەتوانرا و نەیان هێشت ئەم زەمەنە بەسەر بەرین ، جوانى نەیارى زۆرە خۆشمان كەبووینە رێبوارى ئەم كاروانە تێشووى هەگبەمان باى سەفەرەكەى نەكردوو هەر لە قۆناغە سەرەتایەكان دا كۆتاى پێ هات ، چەتەكانى رێگاش تەنگیان پێ هەلچنین وبێ بەزیانە ئەوەى پێشمان مابوو بردیان .
دیار:چەندە تازیە بارى بۆ ئەو دەقانەى لە سەردەمى پێشمەرگایەتیت دا نووسیبوون لێ فەوتان ؟ هى ئێستات وەكو ئەوكات چێژ بەخشن ؟ ئاكۆیی:بەڵێ ئێستاش ئاهیان بۆ هەڵدەكێشم وائەزانم شتێكى زۆر گەوەرەو گرنگم لە دەست چووە ، هەموو ئەو شیعرانەى لەسەر دەمى شاخ نووسیبووم هەمیشە لە نێو كۆڵە پشت یان لە گیرفانم دابوون لەسەر كاغەزى (رایز) م بە خەتێكى ورد نووسیبوون بۆ ئەوەى قەبارەیان بچووك بێت بەڵام بەداخەوە لە ئەنفاڵەكان یاچوون ، بەلاى منەوە ئەوانەى ئەو كات چێژ بەخشتربوون .
دیار: ئەوەى من لە تۆیدا ئەبینم دڵت زۆر گەنجەو ئاگات لە دارى تەمەنت نەماوە ، ئەگەر ئێستا كچێكى قژ كاڵ ، لێو ئاڵ ، بەژن چنارو مەمك هەنار ببینى هەست بە چى ئەكەیت؟ ئاكۆیی:سەردەمى گەنجایەتیمان وەكو گەنجێك بەرێ نەكردووە بۆیە ئێستاش و لە داهاتووشدا ئومێدێك هەمیشە لە خەیالمدایە رۆژگارێك دا دێت ئەو زەمەنە دێتەوە شتە ون بووەكان و جوانیەكانمان بۆ بگێرێتەوە كە ئێمە زۆر بەكەمى دیمان و تیایى ژیاین ، مرۆڤ تائەو كاتەى خورپەى دڵى دێت لە بەرامبەر جوانیەكان پێلو داناخات و مەست ئەبێت پێى ئەگەر ئەو جوانیە جوانى كچێكیش بێت .
دیار : ئەو عەشقەى جاران پێت ئەنووسى ، ئێستاش گڕ دارە یان ئەو زەمەن بەسەر چوو؟ ئاكۆیی: ئیستاش جار جارە دەنووسم بەڵام نووسینەكان زۆر بەدەگمەن شیعرن بەڵكو بابەتى ترن ، زەمەنى زێرینى من بۆ نووسین ئەو زەمەنە بوو من ناوم ناوە (زەمەنى بەرێ) زەمەنى پاكیزەیى وسادەیى كە كەس قودرەتى نەبوو دەستى حەزە شێتەكانى درێژكات بۆ جووتە كۆترى سەر لیسى سینگى كیژێ یان ئامانەتى سەر چاكێ بەرێ ، گەر هەشباو رووى دابا بكەر دەچووە ژێر بارنى پەشیمانى ، بەڵێ ئەو زەمەنە لە لاى من بەسەرچوو .
دیار: دەقى " موژدانە" كە لە ژمارە (59) ى "كوردستانى نوێ" پەخش كربوو، بە هیوایەكى زۆرەوە نووسیوتە، چ ئەو بەشەى بەر لە ڕاپەرین چ ئەوەى دوواى راپەرین ، چیت بیر دیچنیچتەوە ؟ ئاكۆیی:بەشى یەكەمى ئەم شیعرە دواى ئەنفالەكان نووسراوە هەڵبەتە ئەو كاتە بارودۆخێكى زۆر ناخۆش بوو كارەساتێك بوو چەنگى لە مێژوو گیر كردبوو كوندە بۆى نائومێدى دەنگى دەهات ، لە وەڵامى پرسیارێكى پێشودا ئاماژەم بەوەى داوە هەمیشە ئومێد لە لاى من هەبووە بۆیە گوێم بۆ هەواڵى پەیامێك هەڵخستبوو بەڵنیشم دابوو كێ هەواڵى ئەم پەیامەم پێ بدات موژدانەى بدەمێ .
لە بەشى دووەمى كەلە راپەرین نووسراوە هەواڵى ئەم پەیاموم پێ گەیشت وپەیام هێنەریش پێشمەرگە بوو موژدانەكەى منیش ئەم هۆنرایە بوو ، كۆمەلێك شتم بیر دەخاتەوە لە سەرووى هەموویانەوە مەست بوونمان بە راپەرین و سەركەوتن و هەستانەوە.
دیار:خۆرى شیعرت ئاوا بووە بۆیە چیتر شیعرت نابینین ، یان ئخەمى جاران ئەت سوتێنێ و لێ تەنیا بۆخۆت ئەنووسى و ناتەوێ دلبەرانى ئەو سەردەمە بیخوێننەوە ؟
ئاكۆیی:ئەم پرسیارەم جار جار لێ كراوە ، بەو مانایە نا كە خۆرى شیعرم ئاوا بوبێ پێم وایە گەر شیعریش بخوێنینەوە (كە دەخوێنمەوە) خۆرى شیعرم هەر لە كەشكەلانە بەڵام راستە كانیاوى شیعر نووسینم خەریكە چۆرەى دەكەویتێ چوار پێنج ساڵە زۆر بەكەمى شیعر دەنووسم .
دیار:ئەگەر جارێك شیعرێكى خۆت لەسەر لێوى كچیك بینى لە نێو ئاپۆرایەك و وشەكانى بەرەو ئاسمان بەرز ئەفڕین هەست بە چى ئەكەیت؟
ئاكۆیی: دادەخورپێم ، رادەچلەكێم هەموو جەستەم ئەبێتە سەدان گوێچكەو چاو هەر هەمووشیان لەیەك گوێچكەو چاوێك كۆدەبنەوە بۆ سەرنجدان و تێڕامانى.
دیار : یاخیایەتیت پێوە دیارە بە تایبەتى لە دەقى " شەقام " ئیچستاش بەو تەمەنەوە كە پیرى گەنجى یاخى تریت یا نا؟ ئاكۆیی: كاكەگیان من پیر نیم ،گەنجێكى بە تەمەنم ، مرۆڤ دەبێت هەمیشە جۆرێك لە گیانى یاخى بوونى تیا بێت ، گەر وانەبێت ژیان بە جۆرو فۆڕمێكى تر دەگوزەرێ كە هیچ مانایەكى تیا نابێت ، مرۆڤى بەتال لە یاخى بوون مرۆڤێكى مردووە و هەستى چێژ وەرگرتنى لە دەست داوە .
دیار : با بگەڕێینەوە ئەوى سەردەمى گەنجایەتیت چۆ كردوە ، لێى پەشیمان نیت ؟ ئاكۆیی: لە رۆژگارێك گەنجایەتیم بەسەر بردووە رۆژگارێكى ئاڵۆزو سەخت بووە ، ئەوەى پێى دەڵێن ژیانى گەنجایەتى واتە ماف وئەرك وخواست وحەزوئارەزووەكانى گەنج ئێمە نەمان بووە تەنیا شتێك هەمانبووبێ ئەرك بووە .
لێى پەشیمان نیم چوونكە خۆمان دروستكەرى بارودۆخەكە نەبووین ،بەڵكو بەرۆكى گرتبووین.
دیار : رازیت بەوانەى نوسیوونت ؟ ئاكۆیی:هەموو شیعرەكانم لە سەردەمێك نەنووسراون لە قۆناغ و سەردەمى جیاجیا نووسراون ، هەر شیعرێك لەو سەردەمەى تیاى نووسراوە بۆ ئەو كاتە لێى پەشیمان نیم .
دیار: چۆن لە ئێستاى ئەدەبیات ئەروانى ؟
ئاكۆیی: بە شێوەیەكى گشتى ئەدەبیاتى كوردى بەرەو پێش چووە و گۆرانى بەخۆوە دیوەو چووتە ئەو دیووى سنوورەكانى وڵات .
دیار : پێشمەرگایەت ى و شیعرت چەندە هاورێى یەكتر بوون كامیان هەوێنى ئەوى تر بوون؟ ئاكۆیی: بەر لەوەى ببمە پێشمەرگە ئاشنایەتیم لە گەل شیعردا هەبووە بە بەردەوامى شیعرەكانى (مام هێمن وپەشێووشێركۆ بێكەس ولەتیف هەلمەت) م دەخوێندنەوە كاریگەرى شیعرەكانى ئەم شاعێرانە بیرى نەتەوایەتى ونیشتمان پەروەرى لا فرەوانتر كردم و گیانى یاخى بوون و بەرگرى لا چەكەرە كردم ، لە ژیانى پێشمەرگایەتى دا دەستم بە شیعر نووسین كرد ، پێشمەرگایەتى وشیعر پەیوندیێكى پتەو و رۆحیانەیان پێمەوە هەبوو ، ژیانى پێشمەرگایەتى تا رادەیەك هەوێنى شیعرەكانم بوون . لەوسەردەمە كە شیعرێكم دەنووسى و لە گیرفانم دەنا پێم وابوو نارنجۆكێك یاخود مەخزەنێك فیشەكم لە هاورێیەكانى ترم زیاتر پێیە.
دیار: ئەمەوێ ئەم ئاخاوتنە خۆشە بە كۆتا بێنم كە كۆل پرسیار ماون ؟ لێ بەر لە كۆتاییەكە ئەمانە چى ئەگەیەنێنن لە لات بەكورتى؟ " خەرەند ، كچ ، پێشمەرگە "
ئاكۆیی: خەرەند : مەرگى خەمەكان
كچ :دەریایەك لە نهێنى وكێوێك لە بەزەیى
پێشمەرگە : پەیام بەر
دیار: بەراست ئەگەر شتێك پێت خۆش بووبى لێتى بپرسم و نەم پرسیبێ ماوە تا بیبێژیت بۆ مان؟ ئاكۆیی:هیوام سەركەوتنە بۆ كوردستان ، دەستت خۆشبێ ، هەڤپەیڤینەكەم لە دڵ شیرن بوو بیرەوەریەكانمت نوێ كردنەوە
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست