خوا بمگرێ،درۆ ناكەم (ئەوانە هەموو خەیاڵ پڵاون كۆشكى سەر لمن،بڵقى سەر ئاون) " بلە"1

Sunday, 03/01/2010, 12:00


"جیمس رۆسڵ"2 ئەى وت < تەنها مردووەكان و گەوجەكان، بیرۆوباوەریان ناگۆرن > لەم زێدەى ئێمەش مردووەكان و گەوجەكان ئەوەندە زۆرن، بۆیە ئاواین و تەخشان و پەخشان بووین. ئەوى رۆژێ بەناو رۆژنامە نووسێكى یەكێ لە رۆژنامەكانى لۆكالى بەنیازى ریپۆرتاژێك لەهەمبەر مەسەلەى ئینتماو ئەو شتانە بكات، بۆ ئەوەى وڵات خەمى بێ ئینتماى نەمێنێ؛ یەك دوو پرسیارى ئاراستەى منیش كرد ، دیاربوو كاكى دیمانەكەر زۆر پەلەى بوو لە بەرسڤدانەوەى من، (هێلكەى لەسەر پیاز ئەكرد) وام بەبیر داهات كە زۆر لە خەمى خاك و نیشتماندایە، ئەگەر بە پەلەى بەرسڤى نەدەمەوە ئەوا میترۆ*ى دروستكردنەوەى ئینتما بەجێى ئەهێڵیت و توشى " رینۆ یازدە"**ى ئەكات..ئەوكات ئەبێت بەدەم گۆرانى (لە دەستم چوو تازە هەرگیز نایەتەوە)3 رێگا بپیوى و خەو بە گەرانەوى ئینتمایەوە ببینى ؛ بەرى ئەوەى وڵامێكى سەر پێى بدەمەوە پرسیارێكم لێى كرد، بەراست ئەو هەموو پەلەپەلیەت لەچى یە؟ نەكا ئەوە دووا ژمارەى هەفتە نامەكەتان بێ و ئیدى فریاى پەخش كردنى ناكەوى ؛ لەبەر ئەوە رۆژنامە نووسێكى پەروەردە كۆڵاناوى بوو هەربۆیە ئەوەى نەیبوو پەردەى شەرم بوو، خۆى تێك نەدا رێك وتى شەرمى ناوێ بەیانى كۆتایی مانگەو ئیدى ئەگەر ئەم ژمارەیەش شتى منى تیابێ یارمەتیەكەم قەبە تر ئەبێت و منیش نیازى كرینى هاندێكم كە (سپا كەڵ)4 ى هەبێت پیاو رۆژێك پێویستى پێ ئەبێ؛ دیار بوو نیازى ریوى هەبوو لە (سپاى كەڵ) منیش خۆم تێك نەداو لە بەرسڤدانەوەى پرسیارە چارەنووس سازەكەى دا وتم بۆ ئینتما گەرانەوە بۆ زێد پێویستمان بە سەرینێك و شوێنێكى دوور لە هەراو هۆریا و ئاپۆراى خەڵكى تاكو ئەوانى وەكو جەنابت و نمونەى وەكو تۆ سەرخەوێك بكەن و خەونى زڕ بە ئینتمایەوە ببینن ... ئیدى پشتى لێ ئەكەینەوەو وڵات ئەبێت بە "فیردەوس" دەمووچاوى پڕ بوو لە هێڵ و لە نەخشەى وڵاتێكى بێ شار و لادێ دەچوو ریكۆردەرەكەى off كردوو بێ ئەوەى شتێكم پێ بێژێ رووى نەخشەكەى وەرگێڕاو بیستم بە رۆیشتنەوە ورتە ورتەكى كرد لێ لەبەر ئەوەى لەرە لەرەى دەنگى كورت بوو بەشێوەى پچڕ پچڕ هەندێك لە وتە بەنرخەكانیم بیست (ملت بشكێ، تۆ چى من رات وەرگرم) بەزەییم پێدا هاتەوە وام بەخۆم وت نە ئەبووایە واها لەگەڵیا بئاخڤیبام چونكو ئەو بەرهەمى كلتورێكى سەقەت و پەقەت بوو خەریك بوو گەنمى ئەوانى دى ئەدووریەوە...لێرە داواى بەخشین و وازهێنانى ئەو ئایدۆلۆژیایەى لێ ئەكەم..بەڵام ئەو پاداشتى بە یەك دوو قسەى نەستەقى كوردەوارى دابوومەوە..من لە دڵم شیرن بوون..زۆرن هەن نازانن مافیان چیە تاكو داواى بكەن تەنانەت مافە مەدەنیەكان(5) (civil Religion) یشان نیە، جارێكیان بە " میل برۆكس" ئەڵێن : < تۆیان بەبێ رەفتار تاوان بار كردووە ، ئەویش لە وڵامدا وتبووى : گویان خواردووە > میل برۆكس مەبەستى بێرێزى نەبوو بەرانەبەر بەكەس بەڵكو لە بەر ئەوەى قبولى ئەوەى نەبووە بە بێ هۆ كەمەكان تاوان بارى بكەن و لە مافى خۆى بەئاگا بووە نە هێشتوە پەتى بێدەنگى ئەستور ببێ ئەویش ببێت بە كۆیلەى كەس.كەچى لەم وڵاتەى ئێمەدا ئەوانەى ماف خوراون ئەوەندە زۆرن ماف خۆرەكە(رەقەمە)لە ماف خۆرەكانى گەلانى دى، كەچى كەسیش نوقەى لێوە نایەت ئەگەر فشە هەڵوێستێكیش وەر بگرێ ئەوە بۆ خۆ بەتاڵكردنەوەیەتى نەك وەرگرتنى مافەكەى ئاخر ئەگەر بیوستایە ئێستا خاوەن مافى خۆى بوو نەك بە دەم چاوەنوارى ئەوانى دى كە مافى پێ بدەن هەمووان ئەوە ئەزانن (ماف ئەسەندرێ نەك بدرێ) هەر بۆیە زۆرێك لە هاوڵاتیانى گەل بێ مافن و زۆرێكیش هەر نازانن مافیان چیە ؛ كارەساتە .چۆن تاكو ئێستا دونیا بەسەر یەكەوە نەتەپیوە، زۆرن ئەوانەى بە نووسین هاور ئەكەن و بە كرداریش لەبەر هین و هین لە لایان (نەباى دێ نەباران) ئەز بەخۆ كە رەخنە دەگرم بەرى هەموو شت لە خودم ئەنەخشێنم و كارى لەسەر ئەكەم ئەوجا بەوانى دى ئەبێژم برا نەیخۆیت تاڵە ؟ كە ئەلێم : بڕوام بە پاك راگرتنى زێد هەیە پاكى رائەگرم كە ئەڵێم :مرۆیەكى ناسیۆنالزمم تاسەر ئێسقان بە (عەقیدە) وام كە ئەڵێم: سیكۆلارم ، ئەوا سیكۆلارانە رەفتار ئەكەم كە ئەڵێم ئیسلامیزمم ئیسلامیانە كردار ئەكەم نەك وەك زۆران بەردى لە تەڕاشى بدەم، ئاخر زۆرێكم لەوانە بینیوە كە باس سیكۆلاری ، ناسیۆنالیزمی ، ئیسلامیزمی و فێمێنیستى خۆیان ئەكەن و باس لە جێندەر ئەكەن لاف و گەزافى لە نێو خەلكى پێ لێ ئەدەن كەچى نەك وانین بەڵكو پێچەوانەكەیشى زۆر راستترە، چێژ لە توندو تیژى بەرانەبەر بە ئافەرتان و ئازاردنى خاك وەرلا ئەگرن. من ئەوە بۆ راى گشتى جێ ئەهێڵم؟ با ئەوان (سەنگى مەحەك بن) قسەیەكى خێرى لێ بكەن....
"ولیام جۆنز" راستى فەرموو كە وتى: < بە برواى من نابێت بڕوا بە دەستەڵات بكرێت جا لە دەستى هەر كەسێ بێ > زۆرن ئەوانەى بێ دەستەلاتن و ئەڵێن وا ئەكەین مێژوو بە شانازیەوە لەبارەمان بنووسێت كە بوون بە خاوەن دەستەڵات رەش و سپى لاى وان یەك رەنگە.ئاخر هەندێك پادشایەتى بەسەر ماڵو مناڵى ئەكات، دیكتاتۆرانە ئەروات و دێت لە ماڵەكەى كە هەمووان جەرگ و خوێنى ئەون، خوا نەكا ببێ بە پادشا ئەگەرنا وەكو پاڵەوانى چیرۆكەكەم " د.بایز براون "6كە خۆم ئافراندبووم راستیەكانم لە سەر زمانى ئەو دەگێرایەوە، شارى ئەكرد بە گۆرستان كە دكتۆر ناوى نابوو (سیمترى ستى) ...
هەمووان داواى "پاشاى مەتروشە"7 (constitutional monarch) دەكەن ، كە پێشى گەیشتن وەك وتم لێمان هەڵدەگەڕێنەوەى ئەوەى بەنابەدڵیان بێت، و كەسێ بە فەرموودەكانیان نەڵێن ئامین كافرە بێت و ئەبێت زیندە بە ژوورى كەن خۆر بینینى لێ قەدەغە بكەن
كێ هەیە لەم خاكە دەستى نووسینى نەبێ و نەتوانێ یەك دوو وشە بەیەكەوە بنێ بیكات بە ملكى خۆیی و ناوێكى لە (وتار ، چیرۆك ، شیعر ، رەخنە ، ..هتد) لێ نەنێ..باس لە هەژمەتەكانى نەكات بۆ وڵات.. چاوى شەیتان كوێربێ ئێمە (سپایدەرمان) ى وامان هەیە هەربۆیە زمانى لاڵ بێ ئەگەر بڵێ: لەسەروى چاویان دوو كەوان هەن..
من لەوە تێ ناگەم ئەوەى بەشێكى زۆرى رۆشنبیرو خۆ بەباش زانەكان لە خەڵكى دى لێروكانە (هەمیشە زڕ خەو ئەكاتو دەورى پاڵەوانى فیلمێكى چێكردنى وڵاتى كوردستانى هەیە)8 كە خەبەریشى دەبێتەوە بە خەیاڵ پڵاوى خۆیەوە بە كاریگەرى هەمان هیزى خەونەكە ئەجوڵێت، خەریكى فرۆشتنى كوردایەتیە بەسر ئەوانى دى و بەناز گۆرانكارى خەریكى دژیەتى فەرهەنگ و دابونەریتى گەلە كەچى ئەو لە لاسایی كردنەوەى رۆژئاوا زیاتر نەك تواناى گۆرانكارى نیە بەڵكو كردارى رۆژئاواییەكانیشى شێواندوە و لە بوارى لاسایی كردنەوەشدا گەلعۆیە سیر و پیاز لێك جوێ ناكاتەوە ئەز پێشنیازى ئەوەى بۆ دەكەم با دەورەیەكە لاسایی ببینێ بۆ ئەوەى بزانێ لاسایی بكاتەوەو خۆ بە داهێنەر و گۆرانكار بە ئێمە نەداتە ناسین فەلسەفەمان پێ نەفرۆشێ، ئەرێ ئەوەى دوو وشەى بیانى بزانێ كە ئەگاتە یەكێك هەمان زمان ئەزانێ رێك زمانى دایكى لە بیرئەكاتو بە زمانە زبڵەكەى كە بەنەفت كار دەكات ئەدوێ ؟ ئەگەر جەنابت لە فەرهەنگ و كلتورو زمانى كوردى لابدەیت، چۆن كورد بوونى خۆت ئەسەلمێنى و داواى وڵات و رێنووسیى یەكگرتوو ئەكەیت ؟ رەخنە لە سەرانى كورد ئەگریت، كە هیچیان نەكردوە. ئەرێ تۆ چیت كردووە؟
(جەستەو عەقل بە بێ شتەكانى دەوروبەر ناتوانن هیچ دەوریًكى بنەرەتى و گەوهەرى بگێرن ناتوانن بەێ شتەكان بكەونە كێشەوە)*** ئەگەر بیًت هاونیشتمانیانم بە جەستەو عەقل دەورێكى كاریگەر و گەوهەرى بگێرن لەگەڵ شتەكانى دەوروبەرمان ئەوا وڵات خۆى ئۆتۆماتیكى بەرەو باش بوون ئەروات.
لێ لە نێو كۆمەڵگاى كوردەوارى دا زۆر لە هاوڵاتیان بەتایبەتى لە شارۆچكە دیالێكت جاواز و ناوچە جیاواز نشینەكان خەریكى بەربەرەكانێ و خۆ جیاكرنەوە لەیەكتر دەكرێ و بوون "ئەپارتاید"9 (Apartheid) خەریكن بە گژ یەكتر دادەچن، كۆمێنت لەسەر یەكتر دەگرن و خۆ لە یەكتر جوێ ئەكەنەوە.
جارێ تا ئێمە ئەنتى خۆمان نەكەین و ئەوان كێشانەى خودمان چارەسەر نەكەین نابێت داواى هیچ بكەین ئاخر وڵاتانى دى شانازى بە فرە دیالێكتى و فرە فەرهەنگى كلتوریانەوە ئەكەن بۆیە كەس ناتوانێ زەرەریان پێ بگەیێ نێ ئێمەش خەریكن لە كلتورو فەرهەنگاى خۆمان بەرى ئەكەین (كوا فەرهەنگى میلى كوردى بۆ زمانى ستاندار چێ نەبووە ) كوا بەرهەموو پێشڤە چوونمان بەراست داوى ولاًت ئەكەن خەمتان نەبێ ئەبین بەوڵات ، بەراى من یەك بوونى ماڵى كوردى و بوونى فەرهەنگى میلى كوردى دەستگرتن بە كلتورو ئاسارەكانمان و هەوڵدان بۆ دروست بوونى زمانێكى كوردى یەكگرتوو هەنگاوێكى گەورەیە بۆ بوون بەوڵات... حاجى وتەنى (تا رێك نەكەون قەبیلى ئەكراد/هەروا دەبنە خەرابە ئاباد/ ئەنواعى میلەل گەورە تا چووك / خەملێوە وەكو مەمالیكى وەكوو بووك/ یەك بەرگن و یەك زوبان یەك رەنگ / بێ غەیبت و عەیبت و عارو بێ دەنگ)10
ژێدەرەكان /
1- شیعرێكى ئیبراهیم ئەحمەد
2- جیمس رۆسڵ
3- گۆرانیەكى مامۆستا "عەلى مەردان" ە هونەرمەندێكى گەورەى كوردەو كۆچى كردووە خەلكى دڵى كوردستانە (كەركوك)
4- بەرنامەیەكى مۆبایلە كە دەنگ تۆمار دەكات لەكاتى پەیوەندى گرتن لەگەلً كەسانى دى
5- ئەو مافە یاساییانەنە كە هەموو هاوڵاتیەك لە نێو كۆمەل َگایەكى نیشتمانى دیارى كراودا هەیانە پێى دەگوترێت مافە شارستانیەكان ( Socili Logy...Anthony Giddens)
*میترۆ واتە شەمەندەفڕ (قیتار)
**رینۆ یازدە مەبەست رۆیشتن بە دوو قاچ
***تیۆرى بنیاتى شاراوە (نەجات حەمید)
6- چیرۆكى ( ) دیار رواندزى
7- ئەو پاشایەیە یان ئەو مەلیكەیە تا رادەیەكى زۆر رێبەرى بۆنەكان دەكات دەستەڵاتى راستەقینەش لە دەستى رێبەرانى ساسى دى دایە (Socili Logy...Anthony Giddens)
8- چیرۆكى ( ) دیار رواندزى
9- ئەو جۆرە سیستەمە رەگەز پەرستەیە كە لە سیستەمى جیاكارى رەگەزى ئەفەریقاى باشورەوە هاتەكایەوە
10- حاجى قادرى كۆیی

[email protected]
3-1-010 / 2709 ى كوردى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە