نوێکراوەتەوە: من درۆ دەكەم یان كاك حمید عوسمان؟!

Friday, 16/12/2011, 12:00


 




کوردستانپۆست لەگەڵ داوای لێبوردن لە د. موسەننا، ئێمە داوا لە کاک حەمید عوسمانیش دەکەین روونکردنەوەی خۆی لەو بارەیەوە بدات.

*******************

سڵاو بەریزانی بەرێوەبەر و خوێنەرى ماڵپەری كوردستان پۆست، پاش نرخاندنی رۆڵی ماڵپەرەكەتان لە فراوان كردنی سنوری ئازادی وبوێری و ریسواكردنی فایلەكانی گەندەڵی و شكاندنی بەستەڵەكی بێدەنگی لە مەر زۆر پرسی هەستیار، بە ئەرك و مافی خۆمی دەزانم، كە ئەم چەند دێرەتان بۆ بنوسم لەوەلامی كاك حمید عوسمان كە بەداخەوە لەجیاتی نرخاندنی هەولەكانی من لە چەند رۆژى پێشودا، هاتوە بە بەرژەوەندی پارتی و سوتینەرانی بارەگاكانمان قسەدەكات، بگرە دەگاتە حەدی سوكایەتی بە من ناوزراندنم وتومەتبار كردنم بە درۆ كردن وچەواشەكردن وگەندەڵی و...هتد.

نازانم ئیمە بۆ ناتوانین رەخنە وتێبینیەكانمان لە هێرش كردن بۆ كەسەكان جودا بكەینەوە، ئەگەر پێت وایە یەكگرتوو هەڵەیەكی هەیە لە روبەرونەوەى قەیرانەكەدا، یان من لە تكتیكی منازەرەكانمدا هەڵەم هەیە بۆ ناتوانیت بابەتیانە خزمەت بە منیش و خوێنەریش بكەیت، هەموو پیشەیەك ئەخلاقی خۆى هەیە و لەسەروی هەموشیانەوە رۆژنامەنووسی.

نامەوێت زۆر درێژی كەمەوە، چیت بۆ راستبكەمەوە، ئەو نوكتەم بە بیر دێتەوە كە كەسێك گوتبوی: خەسەن وخسەین دوو خوشك بوون لە ئەرزی كوفە یەكێكیان ئەویتریانی كوشت. كەسێكی تریش پیى گوتبوو: چیت بۆ راستبكەمەوە، خەسەن نیە حەسەنە خوسەین نیە حوسەینە، دوبرا بوون نەك خوشك، لە كەربەلا بوو نەك كوفە، كەسیان كەسیانی نەكوشتوە یزید حوسەینی كوشتوە. بەم شێوە منیش هەندێ شت بۆ بەریزت راست دەكەمەوە.

1. ناوم موسەنا نییە ناوم موسەننایە.
2. ئەندامی مەكتەب سیاسیی یەكگرتوو نیم ئەندامی سەركردایەتییم.
3. ماستەرم نییە و بە درۆ حەز بكەم خەڵك پێم بڵی دكتۆر بەڵكو دكتۆرم، ودیبلۆمیكى باڵا و دوو ماستەر و دكتۆرایەكم هەیە، وخویندكارى دكتورایەكی دوهەمم، ولەجیاتی یەك پسپۆری دوو پسپۆریم هەیە ئەوەش بروانامەكانە كە هەمویان لە وەزارەتی خویندنی باڵا هاوتا كراون: (بەكالوریوس لە شەریعە بە پلەى ئیمتیاز 1996) و(ماستەر لە فەلسەفەى ئیسلامی بە پلەى ئیمتیاز ، لەسەر روانگەى فەلسەفەى فیمەنیستە رادیكالەكان بۆ پرسی ژنان و جێندەر و هەڵسەنگاندنی بە روانگەى فەلسەفەى ئیسلامی لە سالی 2001) و(دكتۆرا لە فەلسەفەى ئیسلامی بە پلەى ئیمتیاز، لەسەر زانستی فەلسەفە و پرسی عەقل ونەقل ـ لە روانگەیەكی رەخنەیی ئیسلامیەوە لەسالی 2005) و(دیبلۆمی باڵا لە زانستە سیاسیەكان ـ بەشی پەیوەندیە نێو دەوڵەتیكان بە پلەى هەرە باش لە سالی 1999) و(ماستەر لە زانستە سیاسیەكان ـ پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان ـ لەسەر كێشەى كورد وكاریگەری لەسەر پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكانی عیراق و ئیران وتوركیا ، بە پلەی ئیمتیاز لە سالی 2002) پاشانیش بومە قوتابی دكتورا لە قاهیرە بۆ تەواو كردنی دكتۆراى دوهەم لەم زانستەدا بەڵام تا ئیستا سەرقالیم بوارى پی نەداوم تیزەكە بنوسم و بروانامەكە وەرگرم، هەموو ئەو بروانامانەش لە سودان لە هەردوو زانكۆى ئومدرمان و خەرتوم هێناومە كە بە سوپاسەوە ئیمەى خویندكارى كوردیان لە سەردەمیكدا وەرگرت كە هیچ ولاتیك اعترافی بەكورد و شەهادەكانی نەدەكرد لەبەر ئەوەى وەزارەتی دەرەوەى عیراق تەێدیقى نەدەكرد.

4. مامۆستاى زانكۆم و ئەوەش پیشەمە و لەسەركردایەتی حیزبیش پێم كەمتر نیە، هەڵەش جەنابت تێگەشتویت كە دەبێت مامۆستاى زانكۆ هەر باسی زانكۆ بكات، یان زانست و هیچ پەیوەندی نەبێت بە كۆمەلگە و ژیانەوە، هەر ئەو بیركردنەوەشە كە رژێمە ئیستبدادیەكان و یەكێتی و پارتیش دەیكەنە بیانوی ئەوەی مامۆستای زانكۆ مەرى لات بێت و، خوێندكاریش وەك مێ گەل پەروەدە بكات، مامۆستای زانكۆ دەبێت هۆشیار و ویژدان زیندوو وبەهەڵوێست بیت و خزمەتی گەشەكردنی فیكری و سیاسی و مرۆیی كۆمەڵگاكەی بكات، بەتایبەت منیش كە هەردوو پسپۆریەكم: هەم شەریعە وفەلسەفە و هەم زانستە سیاسیەكان دەمخاتە جەرگەى ئەو ئەركە نیشتمانی وئاینی و ئەخلاقیەوە.

5. لە پارتیش ناترسم ئەگینا زۆر كەس قاچیان دەلەرزی كە من قسەم دەكرد، بەڵام جەنابت لە چەمكی بابەتی بوونى مامۆستای زانكۆ تیناگەیت، من دەڵیم پارتیە ئەوە دیارە وبەڵگەم هەیە، بەڵام ئایا ئەوە بریاری سەركردایەتی پارتی بوە یان نا؟ من وەك كەسیكی بابەتی ناتوانم ئەوە بڵیم لەبەرئەوەش من مامۆستاى زانكۆم تۆش نازانم چیت؟.

6. سەركردایەتی یەكگرتوم بەڵام من لەوشوینەدا فعلا بەناوی خۆم وەك مامۆستا وپسپۆرێك قسەم كردوە وتەنها بە تەلەفونیكیش بە هیچ كەسی سەركردایەتیم نەگوتوە دەچم بۆ نالیا، ئەو ێیفەتەش مافی سەربەخۆییم لە رادەربرین لی ناسەنێتەوە.

7. جارێك توند وجارێك شلی ناكەم بەڵام من وتۆ رەنگە سیستمی بیركردنەوەو هەڵویستگرتن وبابەتی بوون وهەست بە بەرپرسیاریەتی مان جیاواز بێت، ئەو مافەشمان وەك گشت مافەكان لێ مەسەنن، ئەگەر رێگا بە خۆت بدەی بابەتیانە لەو شێوازەى من بروانیت رەنگە هەندێك دەرسی لە دیبۆماسیەت و تفاوز و لی فیر ببیت كە چۆن وا لە نەیارێكت دەكەیت هەر لەسەرەتاوە زۆرترین مافەكانت بسەلمێنیت و بكەوێتە بەخۆداچونەوە ونەتوانێت گشت ریز تواناكانی بخاتە گەر بو دیفاع لە هەلەكردن وتاوانی زیاتر، بەڵكو ژمارەیكی زۆریان بكەیتە نەیاری ئەو رەفتارە، پارتیش دوژمنی خوێنە خوارى ئێمە نیە و بەشێكە لەنەتەوەكەمان، با كارى ریسوای زۆریشیان ئەنجام دابێت، ئەمەش هەڵویستی ئێمەیە لە گشت پێكهاتەكانی كوردستان.

8. بەكار هێنانی من بۆ دەستەواژەى لەشفرۆشی تەعبیر لە حەقیقەتیكی بابەتی دەكات: بەرپرسەكانی حكومەت خۆیان زۆرێكیان داخست هەر بەو بیانوە و، دەشتوانیت بپرسیت لەوەى كە چوەتە ئەو شوێنانە بەلام ستراتیژیەتی ئێمە بۆ روبەروبونەوەى ئەو دیاردانە دیارە كە دەبێت لە چوارچێوەى دیموكراسیەت و یاسادا ریكبخرێت، یان هەر بەو دوو میكانیزمە (یاسا و دیموكراسیەت) نەهێڵرێت ودابخرێت، خۆپیشاندن بۆ هەر كارێك مافێكی مەدەنی ودیموكراسیە، بەڵام تێكدان و سوتاندن وتوند و تیژی تاوانە.

9. كۆتا پرسیارم لە تۆ ئەوەیە: تۆ كێیت و بە چی مافێك بە من دەلێیت: (من درۆ دەكەم و گەندەلیم هەیە ...هتد)، نازانیت ئەمە دژە لە گەڵ ئەخلاقی رۆژنامەگەری و، لەیاساشدا تاوانی جنیۆ و ناوزراندنە، ببورە دڵنیام چەندە عبد الرزاق دەیزانی (تەحریز) چیە رەنگە بەریزیشت ئەوەندە بزانی گەندەلی وچەواشەكردن چیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە