ساتێک له حزوری وه‌رینی گه‌ڵاکاندا
Sunday, 15/03/2009, 12:00
سکاڵای چی؟
پێنوسه‌که‌م ناتوانێت
سه‌مای گه‌ڵایه‌ک
له نێوان مه‌ودای ماڵئاوایی
له لق وچونه باوه‌شی زه‌ویدا بنوسێته‌وه
که‌چی ئێستا !
خه‌زانێک چاوه‌ڕێیه
من چیرۆکی که‌رنه‌ڤاڵی
دوایین هه‌ناسه و
دوایین چاولێکنانی ئه‌به‌دییان
له‌سه‌رپه‌لکی گه‌ڵایه‌کی مێژو
به‌ده‌ست و په‌نجه‌یه‌کی له خاچ دراو و
به‌نوکی پێنوسێکی خنکاو
بۆ بنوسمه‌وه.
کاتێکیش هه‌واڵی سه‌وزبونی
چرۆکانم پێگه‌یشت!
په‌لکه‌کان به به‌رگی زه‌رده‌وه
به خه‌نده‌ی زه‌رده‌وه
به چاوی زه‌رده‌وه
به‌ره‌و مه‌مله‌که‌تی زه‌ردی قاقڕی لماوی
به هه‌ناسه‌ی ئه‌هریمه‌نێکی سه‌رده‌م
زریان ئاسا
له ژێر پێی ئیمپراتۆریای لمدا بڵاوده‌بونه‌وه
بمبورن له بیرم چو!
هه‌ندێ له چرۆکان
به گه‌ڵاڕێزان له دایک بون و
هه‌ر له ناو تابلۆیه‌کی وه‌رینیشدا
وێنه‌یان کێشرا و
له کۆتایی و ماڵئاواییشیاندا
هه‌ندێ له باوه‌شی گه‌ڵاکاندا و
هه‌ندێکیش سه‌رگه‌ردان
له ژێر پێی چڕنوکه‌کانی
ئیمپراتۆریای لمدا کوژانه‌وه.
سکاڵای چی؟
په‌نجه‌کانم قه‌ت نه‌یانویستوه
شاکاری مه‌رگی
باڵدارێکی سه‌ره‌ڕۆش بنوسنه‌وه!
که‌چی ئێستا ده‌بێ
وێنه‌ی مه‌رگی
په‌پوله و گوڵه‌باخ
دره‌خت و سێبه‌ر
کانی و سه‌رچاوه
خۆر و مانگ و ئاسمان و
بونه‌وه‌ره‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره
له‌سه‌ر ته‌ختی دڵی
مه‌خلوقه‌کانی ئه‌م گه‌ردونه بنوسمه‌وه
له بیرم چو پێتان بڵێم!
که زۆرێک له‌و مه‌خلوقانه دڵیان نیه
تاوه‌کو حیکایه‌تی
بۆنی سێوه‌کان و
هاڵاو و گه‌رما و ته‌پ و تۆزی
زه‌مه‌نێکی له بناگوێیان
نزیکتر بۆ بنوسمه‌وه
چه‌ند سه‌یرن مه‌خلوقی ئه‌م عه‌یامه
نازانم سه‌یرن یا گێژ!
وڕن، یان دڕکی شاراوه‌ی ئه‌ودیو په‌لکه‌کان و
چاو نایانبینێت
ئه‌ی چاوه‌کانی ئه‌وان
گه‌وره‌و بریقه‌دار
له گڕی تفه‌نگێکی ته‌قێنراو ده‌چن
یان وه‌کو چاوه‌کانی کونده‌په‌پو
له ڕوناکیدا نابینن
یان ته‌نها وێنه‌ی ئه‌و نێچیرانه ده‌بینن
که ڕۆحیان مه‌مله‌که‌تێکی
بێگوناهی پڕ له جوانیه
بمبورن که ده‌ڵێم :
چاوه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش
نابینان و له ئاستی وه‌رینی به‌پۆلی
خونچه و گوڵ ونێرگزجاڕی
وڵاتم له به‌رده‌م قاپیه‌ی خاکه‌لێوه‌دا
کوێرن و کوێراییان داهاتوه
ئه‌وان یاخی بون
له سه‌وزایی و به‌راو
له دێم و به‌یار
ئاشنان به‌سه‌ربڕینی خونچه‌کان
هه‌ڵوه‌دان به‌دوای پاکیزه‌یی کیژان
تامه‌زرۆن به زینده‌به‌چاڵکردنی
هه‌ناسه بێ گوناهو پڕ هیواکان
شادمانن به ئازاری فریشته‌کان
تینون بۆ تینوکردنی ڕه‌ز و باخه‌کان
هه‌مو شتێکن بۆ کۆت و به‌ندی ژیان
سه‌رچاوه‌ن بۆ مردنی که‌نه‌فتی
به‌پۆلی خه‌ونه‌کان و
هه‌ڵکه‌ندنی قۆپیلکه‌ی زام و
ئاژنی به‌ژانی جه‌رگی خاکی نیشتمان.
سکاڵای چی؟
من ڕقم له سێوه سێ‌و
له ڕه‌گیه‌وه تا ده‌گاته
قه‌د و لق و گه‌ڵا و کڵوکی
ڕقم له هه‌مو ڕه‌نگه‌کانیه‌تی
سێوی زه‌ردو سور و سه‌وز و لاسور
ئه‌وه‌تا له نیشتمانی به‌فر و خوێنم
سێ‌و ده‌بێته هاوڕازی ژه‌هر و
ئه‌ڵقه‌ی ده‌زگیرانێتی
له‌گه‌ڵ گازی په‌پوله خنکێن ده‌گۆڕێته‌وه
ده‌بێته ده‌سکی ته‌ورو
ده‌ست و په‌نجه‌کانی
نالی و دێوانه ده‌بڕێته‌وه
تاچیدی غه‌زه‌لی عه‌شق و خۆشه‌ویستی
بۆ شاره‌زوری حه‌بیبه و شه‌میان نه‌ڵێنه‌وه..نه‌ڵێنه‌وه ...نه‌ڵێنه‌وه...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست