کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیکتاتۆره‌کان بۆ ڕوخانن‌ نه‌ک چاکسازی

Thursday, 17/02/2011, 12:00




چاکسازی دیکتاتۆره‌کان،ته‌نها له‌ تیژ کردنه‌وه‌ی که‌ڵپه‌کانیاندایه‌،گۆڕانی دیکتاتۆره‌کان مار ئاسا،ته‌نها له‌ گۆڕانی تویژاڵی جه‌سته‌یاندایه‌،کێ دیویه‌تی یان بیستویه‌تی،ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، دیکتاتۆرێک هاتبێت و به‌ خه‌ڵک بڵێت،وه‌رن ئه‌و داهاته‌ی ده‌یان ساڵه‌ له‌ میلله‌تم دزیوه‌ با بتانده‌مه‌وه‌،کێ بیستویه‌تی خۆسه‌پێنێکی خوێن ڕێژ جارێک له‌ جاران واز له‌ ده‌سه‌ڵات بێنێت و به‌ پێی خۆی بێته‌ به‌رده‌می دادگا و بڵێ ئه‌و مافه‌ی به‌سه‌رمه‌وه‌یه‌ لێمی بستێنن،یان ئاماده‌م سزای تاوانه‌کانم بده‌ن، نه‌خێرتاڵه‌بانی وته‌نی ئه‌وه‌ خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌ و ڕێی تێناچێت.
دیکتاتتۆره‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش،هاوشێوه‌ی دیکتاتۆره‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست،دوای بیست ساڵ و کاتێک ده‌زانن جه‌ماوه‌ر لێیان پڕ بوه‌ ،ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان به‌خۆشیانه‌وه‌ ڕاده‌ماڵێت،دێن و پرسیار ده‌که‌ن له‌ کوێ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌،تاکو چاره‌سه‌ری بکه‌ین،له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ گوتاره‌ ڕامیاریه‌که‌یان ده‌گۆڕن و ده‌یانهه‌وێت به‌هه‌ر سیناریۆیه‌ک بێت،ئه‌و شه‌پۆلی ڕق و کینه‌ی خه‌ڵک دامرکێننه‌وه‌،مێژو به‌ وردی باسی ژیانی هه‌مو دیکتاتۆره‌کانی کردوه‌،له‌ مێژوی کۆن و نوێدا،نه‌بوه‌ و ڕوینه‌داوه‌ دیکتاتۆر چاکسازی کردبێت،ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌مه‌رگیشدا ده‌یڵێن،ساخته‌کاریه‌ و به‌س،چاره‌نوسی دیکتاتۆره‌کان ته‌نها ڕوخان بوه به‌ کوته‌کی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و چه‌وساوه‌، نه‌ک چاکسازی.
ڕیفۆرم به‌ هێزێکی ئه‌قڵانی و مه‌ده‌نی و دیموکراسی ده‌کرێت،به‌هێزێک ده‌کرێت بنه‌ماکانی له‌سه‌ر که‌لتورێکی دیموکراسی و پێشکه‌وتوخواز دامه‌زرابێت،به‌ سه‌رکرده‌یه‌ک ده‌کرێت،که‌ژیانی ئاوێته‌ی خه‌می هاوڵاتیه‌کانی بێت و بۆ ئه‌وان ژیابێت،نه‌ک به‌ ئه‌وان بژیت، ڕیفۆرم به‌و هێزانه‌ ناکرێت که‌ ماڵی به‌رپرس و نوسینگه‌ی پارته‌کانیان بیست وچوارکاتژمێر پۆله‌چه‌کدار پاسه‌وانی لێده‌که‌ن،هه‌رگیز به‌و هێزانه‌ ناکرێت که‌ له‌ کاتی ململانێ و جیاوازیه‌کاندا،په‌نا بۆ میلیشیاکانیان ده‌به‌ن له‌ بری زمانی گفتوگۆ و لێک تێگه‌یشتن،به‌و هێزانه‌ ناکرێت که‌ خاوه‌نی ده‌زگای سیخوڕی و تیرۆر و تۆقاندنن،به‌و هێزانه‌ ناکرێت فرچکیان به‌دزینی پاروی خه‌ڵکی ڕوت و ڕه‌نجده‌ر گرتوه‌‌‌،ئه‌و دیکتاتۆرانه‌ی کوردستانیش ده‌بێت به‌ زه‌بری هێز و بازوی جه‌ماوه‌ر بڕوخێن و گۆڕ به‌ گۆر بکرێن،ته‌فره‌دانی ڕای گشتی و جه‌ماوه‌ر،جگه‌ له‌ سیناریۆی ده‌سه‌ڵات هیچی تر نیه‌،باوه‌ڕیان پێمه‌که‌ن و گڕی مه‌شخه‌ڵی ئه‌م ڕاپه‌رینه‌ خه‌فه‌ مه‌که‌نه‌وه‌،یه‌کێک له‌ گرفته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کورد ئه‌وه‌بوه‌،له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕوداو و گۆڕانکاریه‌کان ڕێی نه‌کردوه‌،زوربه‌ و هۆکاری سه‌ره‌کیشی سه‌رکرده‌کان بون نه‌ک خه‌ڵکی کوردستان،زۆرێک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌کان که‌ سه‌ردا‌نی کوردستانیان کردوه‌ و بیره‌وه‌ریه‌کانیان نوسیوه‌ته‌وه‌،ده‌رباره‌ی که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد چه‌ند شتێکیان گوتوه‌،له‌وانه‌ ئازایه‌تی و قوربانیدان،خۆشه‌ویستی بۆ نیشتیمان، ساده‌یی و خۆش باوه‌ڕی،تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ساده‌یی و خۆش باوه‌ڕیه‌ش له‌ دڵپاکی و نیه‌تپاکیانه‌وه‌یه‌.
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تا ڕوخانی ڕژێمی فاسستی به‌عس،ئه‌و دو حزب و بنه‌ماڵه‌یه‌ هیچ نه‌ما به‌ خه‌ڵکی کوردستانی نه‌که‌ن،له‌ هه‌مو پارچه‌ داگیرکراوه‌کاندا ئێستاش شوێنی که‌ڵپه‌کانیان هه‌ر ماوه‌،وێڕای هه‌رێمی کوردستانیش که‌ کاولیان کرد،به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تیه‌ش جه‌ماوه‌ری کوردستان هات و به‌ یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست متمانه‌ی پێدانه‌وه‌ ،ئه‌ویش له‌و ساده‌یی و دڵپاکیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبو،به‌ڵام کاتێک له‌ به‌غدا شوێنی خۆیان گه‌رم کرده‌وه‌،ئه‌و جاره‌ به‌ سیناریۆیه‌کی تر که‌وتنه‌ وێزه‌ی خه‌لک وئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوشدا نه‌یانکردبو کردیان،سه‌رزه‌وی و ژیر زه‌وی ئه‌و میلله‌ته‌یان مۆنۆپۆل کرد و شوینێکیان بۆ خه‌ڵکی بێده‌ره‌تان نه‌هێشته‌وه‌،له‌م هه‌رێمه‌دا هیچ نه‌ما قۆرخی نه‌که‌ن،ته‌نها ئه‌وه‌ی ماوه‌ ئۆکسجینه‌،خۆ ئه‌گه‌ر بکارن وه‌کو کاره‌باو ئاو و سوته‌مه‌نی و زۆر شتی تر ئه‌ویشمان به‌ مسقاڵ و گرام پێده‌فرۆشنه‌وه‌.
ئه‌مجاره‌یان با دوانه‌که‌وین و له‌ ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان دانه‌بڕێین،به‌ هیج شێوه‌یه‌ک باوه‌ر به‌ ڕامکارانی کورد مه‌که‌ن و لێیان ڕاپه‌رن و ئێوه‌ش گوڵێکی تر بخه‌نه‌ نێو ئینجانه‌ی شه‌پۆلی ئازادی و دیموکراسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە