کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ 31 ی ئاب مه‌لا به‌ختیار وایگوت

Tuesday, 31/08/2010, 12:00


له‌ مانگی 9 ی ساڵی 2001 دا ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک کادیری یه‌کێتی بوین، له‌ به‌ریتانیاوه‌ ڕۆیشتین بۆ شتوتگارتی ئه‌ڵمانیا، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له‌ کۆنفرانسی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، دکتۆر فوئاد که‌ هاوسه‌فه‌ری خۆمان بو له‌ به‌ریتانیاوه‌ سه‌رپه‌رشتی کۆنفرانسه‌که‌ی ده‌کرد، ئاماده‌بوانیش له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ هاتبون به سه‌رجه‌م لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه،‌ هه‌روه‌ها مامۆستا جه‌مالی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند و مه‌لا به‌ختیاریش وه‌کو دو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی له‌وێ ئاماده‌بون، به‌ڵام ئاماده‌بونه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار په‌یوه‌ندی هه‌بو به‌ گه‌ڕان به‌ هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپیدا و سازدانی هه‌ندێ کۆڕ و سیمینار سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان پارتی و یه‌کێتی و کاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌ که‌ ئه‌و کات ڕوداوه‌که‌ چه‌ند مانگێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیبو، ڕۆژێکیان دوای ته‌واوبونی کاره‌کانی کۆنفرانس به‌ ئێمه‌یان گوت که‌ ئه‌مشه‌و هه‌وڵبده‌ن له‌ هۆڵی کۆنفرانسه‌که‌ ئاماده‌بن، مه‌لا به‌ختیار کۆڕێکی هه‌یه‌ له‌ هه‌مبه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ و ڕوداوی خێڵی حه‌مه‌، دوای ئه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی کۆنفرانسدا مقۆ مقۆیه‌ک هه‌بو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ گوێگرتن له‌ مه‌لا سودی نیه‌ و وازی لێبێنن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و کادیرانه‌ی له‌ شاخ هاوخه‌باتی مه‌لا بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوربون به‌شداری نه‌که‌ن و چه‌ند نمونه‌یه‌کی مه‌لاشیان باسکرد له‌سه‌رده‌می ئاڵای شۆڕشدا، به‌هه‌ر حاڵ من وه‌کو خۆم به‌شداری سیمیناره‌که‌ی ئه‌و شه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیارم کرد و ده‌توانم بڵێم نیوه‌ی ئه‌ندامانی کۆنفرانس ئه‌و شه‌وه ئاماده‌بون‌، سه‌ره‌تا باسی کرده‌ تیرۆریستیه‌که‌ی جوندول کوفاری کرد، که‌ به‌چ شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتیان شه‌هید کردون، دواتر هاته‌ سه‌ر باسی پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان یه‌کێتی و پارتی، که‌ ئه‌و کات وه‌فدی هه‌ردو لایان له‌ هامو شۆ دابون، به‌مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به‌ کێشه‌کان، باسی کۆمه‌ڵێک خاڵی کرد که‌وا گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێککه‌وتن و هه‌ندێ خاڵیش ماوه‌ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا چاره‌سه‌ر ده‌کرێن، به‌ڵام له‌ نێو ئه‌و خاڵانه‌دا، مه‌لا به‌ختیار وتی ئێمه‌ خاڵێکی مه‌بده‌ئیمان هه‌یه‌ وه‌کو یه‌کێتی ته‌نازولی لێناکه‌ین، ئه‌ویش دانیشتنه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌که‌ی‌ هه‌ولێر و دروستکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ براده‌رانی پارتیمان گوتوه‌ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ له‌ 31 ی ئابدا له‌ لایه‌ن ده‌بابه‌کانی به‌عس داگیرکراوه‌، ئێمه‌ هه‌رگیز ئاماده‌نین له‌ په‌رله‌مانێک دانیشین به‌ ده‌بابه‌ی حزبی به‌عس داگیرکرابێ و ئێستاش سێبه‌ری ئه‌و ده‌بابانه‌ی پێوه‌یه‌ ، گوتومانه‌ له‌هه‌ر کوێیه‌کی تر ده‌ڵێن کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌ت ده‌که‌ین، به‌ڵام دانیشتن له‌و په‌رله‌مانه‌ شتێکی مه‌بده‌ئیه‌ و یه‌کێتی ته‌نازولی لێناکات، ڕۆژگار هات و ڕۆی له‌و په‌رله‌مانه‌ش دانیشتن و چونه‌ ژێر سێبه‌ری، مه‌بده‌ئیش بو به‌ژێر پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی کۆمه‌ڵێک که‌سی وه‌کو مه‌لا به‌ختیار ئاسایی، هه‌ر مه‌لا به‌ختیار له‌ یه‌کێک له‌و کتێبانه‌ی که‌ خۆی نوسیویه‌تی به‌ناوی (یاخیبون له‌ مێژو)، که‌ وه‌ڵامێکه‌ بۆ سه‌ید کاکه‌ ، چونکه‌ سه‌ید کاکه‌ پێشتر له‌ کتێبه‌که‌ی خۆیدا ناوی مه‌لا به‌ختیاری بردوه‌ و نێگه‌تیڤانه‌ باسی ڕۆڵی ئه‌وی کردوه‌، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا یاخیبون له‌ مێژو ده‌نوسێت و له‌ به‌شێکی نوسینه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌ جیابونه‌وه‌یان له‌ یه‌کێتی و دروستکردنی ئاڵای شۆڕش به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی سه‌ید کاکه‌ ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ کردمان قه‌ناعه‌ت بو نه‌ک خیانه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تۆ خیانه‌ته‌ که‌ له‌گه‌ڵ ده‌بابه‌کانی به‌عسدا هاتنه‌وه‌ هه‌ولێر نه‌ک قه‌ناعه‌ت، به‌هه‌ر حاڵ خۆ ئه‌گه‌ر به‌وردی چاو به‌و نوسین و گوتانه‌یاندا بخشێنینه‌وه‌ نه‌ک ته‌نها مه‌لا به‌ختیار به‌ڵکو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ کوردستاندا، ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌ که‌سایه‌تیان که‌سایه‌تیه‌کی ناجێگیره‌، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان پێچه‌وانه‌ی گفته‌کانی دوێنێیه‌و داهاتوشیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ و دوێنێش، لێره‌دا مه‌به‌ستم ناڕاستگۆیی به‌رپرسه‌کانی ئه‌و دو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌یه‌،به‌سود وه‌رگرتن له‌ نزمی ئاستی هۆشیاری خه‌ڵکی کوردستان، هه‌ر ڕۆژه‌ به‌و ئاوازه‌ ده‌خوێنن، که‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیاندا بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بیڵێم پێویسته‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار بپرسم، ئه‌و ده‌ست تێکه‌ڵکردن و ته‌سلیم بونه‌تان به‌ بنه‌ماڵه‌ی 31ی ئاب له‌ چ شتێکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، ئایا ئه‌وه‌یان وه‌کو خۆت وته‌نی خیانه‌ته‌ یان قه‌ناعه‌ت؟ یان یاخیبونه‌ له‌ پیرۆزیه‌کانی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌، یان مێژو لای ئێوه‌ به‌ به‌فری به‌ر خۆره‌تاو ده‌نوسرێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بۆچونه‌کانی ئه‌و کاته‌ و هه‌ڵوێسته‌کانیشت له‌وکاته‌ به‌دواوه‌ حیکمه‌تێکیان تێدایه، جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵکیش نا به‌گشتی بۆ ئه‌ندام و کادیره‌کانی ئێستای یه‌کێتی ڕون بکه‌یته‌وه‌.‌
تێبینی : ئه‌م وێنه‌یه‌ش له‌و کۆنفرانسه‌دا گیراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە