کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گوتاری چاکسازی ئێکسپایەر بوە

Tuesday, 22/11/2011, 12:00



 


چه‌ند جێی سه‌رسوڕمانه‌،دوای ئه‌و هه‌مو ڕوداو و کاره‌سات و گه‌مانه‌ی هه‌رێمی کوردستان،تا ئێستاش هاوڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ داوای چاکسازی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کەن،میدیاکانیش به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان جار کاوێژی چاکسازی ده‌که‌ن و به‌ چه‌ندین جۆر باسه‌که‌ تێک هه‌ڵ ده‌شێلن و ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن،ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر جه‌نابی فڵان سه‌رۆک ئه‌وه‌ بکات یان چه‌ند بڕیارێکی سه‌ره‌تایی جێ به‌جێ بکات،ئه‌وه‌ وڵات ده‌بێته‌ مه‌مله‌که‌تێکی دی.
جێی داخه‌ که‌ وشیاری تاک و میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان،له‌ ئاستێکی گونجاو دانیه‌،بۆ ئه‌وه‌ی لۆژیکانە شه‌نی ئه‌و پرسه‌ بکات، دواتریش ڕاڤه‌یه‌کی ئاقڵانه‌ی بۆ بکات و له‌ سۆنگه‌ی ئاکامه‌کانیشه‌وه‌ هه‌نگاوی وه‌ک ئه‌وه‌ی پێویستیه‌تی بۆی بهاوێت،تا ئه‌و شوێنه‌ی مه‌به‌سته‌ و تاک و کۆمه‌ڵگا به‌یه‌که‌وه‌ ڕازی ده‌بن به‌ ئه‌نجام و لێکه‌وته‌کان.
چاکسازی بابه‌تێک نیه‌ به‌ بڕیاری که‌سایه‌تیه‌ ڕامیاریه‌کان یان ئۆرگان و ده‌زگا حزبیه‌کان بچێته‌ پرۆسێسه‌وه‌،وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستاندا،خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن هیوای خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵ چنیوه‌،به‌ تایبه‌تیش ئه‌و هێزانه‌ی که‌ خۆیان به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن،به‌رپرسیارێتیه‌کی گه‌وره‌یان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ،که‌ به‌و ڕیتمه‌ سه‌قه‌ته‌ گه‌ره‌کیانه‌ هاوڵاتیان و شه‌قام به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات جۆش بده‌ن،ئه‌و گوتاره‌ی ئۆپۆزسیۆن و میدیاکان به‌دیوێکدا سۆزگه‌لێکی زۆری خه‌ڵک بۆخۆیان به‌ ده‌ست ده‌هێنن،به‌وه‌ی په‌رده‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌کان لاده‌ده‌ن،ده‌سه‌ڵاتیش له‌ به‌رامبه‌ردا سیناریۆی خۆی هه‌یه‌،وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌ دژه‌کان به‌خۆی،به‌ زمانێکی هه‌نگوینیانه‌ له‌ میدیا بێ شوماره‌کانیانه‌وه‌،ئاماده‌یی بۆ چاکسازی و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵک ده‌رده‌بڕن،ژێر به‌ژێریش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن کۆبونه‌وه‌ ده‌که‌ن و دواتر ده‌بێته‌ کۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی و له‌ولاوه‌ چه‌ند بڕیارێک و له‌ جێگه‌یه‌کی دی چه‌ند بڕیارێک و وای لێک ده‌ئاڵێنن و ئاڵۆزی ده‌که‌ن،مرۆڤ ئاره‌زوی گوێبیستنی هیچ شتێکی نه‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌.
چاکسازی پرسێکە بەردەوام لەگەڵ ژیانی ڕامیاری هەر وڵاتێکدایە،کە دێتە سەر باسی چاکسازیش،لە ڕێگەی کۆمەڵێک خەڵکی پسپۆڕ و دام و دەزگاوە دەکرێت،کە تایبەتن بەو بوارەی چاکسازیەکەی تێدا بکرێت،ئەویش بە کۆمەڵێک قۆناغ و پاڵاوتەدا دەڕوات،هەروەها کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەخەمڵێنرێت،بەڵام ئەو چاکسازیەی لە هەرێمی کوردستان باسی دەکەن و سەر لەبەری میدیا و هزری خەڵکیان پێ داگیر کردوە،کەس نازانێت کێن ئەو پسپۆڕانە یان ئەو دام و دەزگایانە،یان ئەو کاتەی بۆی دیاریکراوە،یان ئەگەر وانەبو یان وا نەکرا کێ دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەیە،ئەوانە بابەت گەلێکن دەمان گەیەننە ئەو ڕایەی جگە لە گاڵتەجاڕی و یاریکردن بە چارەنوسی خەڵکەوە هیچی تر نین و تەنها حیکمەتێک کە لەو باسە دایە درێژ کردنەوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەیە لە هەرێمی کوردستاندا،بۆیە دەڵێم پرسی چاکسازی دەمێکە ئێکسپایەر بوە و وازی لێ بهێنن،بیر لە ڕێگایەکی دیکە بکەنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەخت و ناهەموارەی کە خەڵکی کوردستان تێیکەوتوە.
تێبینیتان کردوه‌،ڕۆژ نیه‌ له‌و هه‌رێمه‌ی دابه‌شکراوه‌ی ئێمه‌دا،چه‌ندین خۆپیشاندان،که‌مپه‌ین،مانگرتن و زۆر شتی دیکه‌ ڕو نه‌ده‌ن،له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان،هه‌موشیان داواکاری سنورداریان هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان،هه‌ندێ پرسیش هه‌یه‌ له‌ بواره‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا هاوبه‌شه‌ لەگەڵ هەندێ پرسی ڕامیاریدا، به‌رده‌وام ناڕه‌زایی له‌ باره‌وه‌ هه‌یه‌،خۆ ئه‌گه‌ر بێین و ئه‌و ئاریشانه‌ بخه‌یه‌نه‌ خشته‌ی کاری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ،له‌ کاتێکدا که‌ خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوه‌ی ڕێکخراوه‌یی به‌ڕێوه‌بردنیش بین،بۆ هه‌ریه‌که‌شیان ساڵێکیان بۆ دابنێین،ئه‌وا هه‌زار ساڵ و زیاتریشی ده‌وێت، ئه‌ی باشه‌ له‌ کاتێکدا هه‌رێمه‌که‌ خاڵیه‌ له‌و دام و ده‌زگا ڕێکخراوه‌ییانه‌ ده‌بێت چه‌ندی بوێت!
ئیسماعیل بێشکچی گه‌وره‌ نوسه‌ری تورکیا و دۆستی دڵسۆزی کورد ده‌ڵێت: خراپترین جۆری ئیداره‌ی کوردی باشتره‌ له‌ باشترین جۆری ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان بۆ ڕا کردنی کاروباره‌کانی خۆیان،ئه‌گه‌ر بێتو له‌و بۆچونه‌ی بێشکچیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین،ئایا ئه‌و جۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان له‌ کام ئاسته‌یدایه‌؟
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ خه‌ڵک به‌ خراپی و په‌ڕپوتی ئه‌و جۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ ڕازی بوه‌، بە برسێتی و بێ موچەیی و زۆر شتی تر ڕازی بوە،ئه‌گه‌رچی دو لایه‌نی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵات،زۆریان بێ به‌ڵێنی و درۆ و فرت و فێڵ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا کردوە،به‌ڵام به‌ پشت به‌ستن به‌و بۆچونه‌ی بێشکچی خه‌ڵک به‌و هه‌مو خراپیه‌شه‌وه‌ هه‌ر پێی باشتر بو متمانه‌یان پێ بده‌نه‌وه‌ و هەوڵی خۆچاک کردن بدەن،به‌ تایبه‌ت دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئێراق،به‌ڵام بێشکچی ئه‌وه‌ی پێش ساڵی دو هه‌زار گوتوه‌،دڵنیام ئه‌گه‌ر ئێستا لێی بپرسن شتێکی تر ده‌ڵێت،له‌به‌رئەوەی لە دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئێراقه‌وه‌،لە سەرەتایی ترین شتەوە بیگرە تا کۆتا،خراپەکاریەکان سەرباریان خرایە سەر،ئەوەی کە پێشتر پێیان نەکرابو،یان ڕژێمی بەعس پێی نەکرا ئەوان کردیان،بە جۆرێک ڕوبەری ژیان و ئازادیان ئەوەندە تەسک کردۆتەوە،هیج هیوایەک نەماوە بۆ هاوڵاتیانی سنوری دەسەڵاتەکەیان،لەوەش کارەسات بارتر ئەو نەوەیەی کە ئێستا لە دایک نەبوە،وەک هاونیشتیمانی ئەو هەرێمە،پێگەیەکیان بۆ نەهێشتۆتەوە لەسەری بژیت،کەواتە هونەری بونی ئەو دەسەڵات و بەڕێوەبردنە لە چی و لە کوێ دایە،لە خراپ و خراپتریشی تێپەڕاندوە،سامانی نەوەکانی ئێستا و داهاتو دەدزێت،بازرگانی بە خاکەوە دەکات،هاو وڵاتیانی خۆی دەگرێت،دەکوژێت،سەرکوتیان دەکات،تۆمەت و ناو و تۆرە بۆ ئازادیخوازان دەبەخشێتەوە،خزمەتی دز و داگیرکەرانی کورد و کوردستان دەکات،یەکە بنچینەییەکانی کۆمەڵگای لەبەرێک هەڵتەکاندوە،مێژوی ساختە بۆ ناپاک و کورد کوژەکان دروست دەکات و سەدان شتی تریش،گەمژەییە بڵێین دەسەڵاتێک ئەوە مۆڕاڵ و بیرکردنەوە و ڕەفتاری بێت،لەگەڵ پرسی چاکسازی و کرانەوەی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا شێلگیرانە دێتە پێش،بەو ئاراستەیەی خواستەکانی تاک و کۆمەڵگای تێدا بەرجەستە ببێت،وەک ئەوەی دۆخەکە لە پڕێکدا وەکو تاکە گۆرەویەک هەڵگێڕنەوە بە دیوەکەی تردا.
باشتر وایە ڕوناکبیران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە کۆی گشتی خەڵکەوە،واز لەو گوتارە سواوە بێنن بە ناوی چاکسازیەوە،بەڵکو گوتارەکە بگۆڕن بە ڕوخان و نەهێشتنی ئەو دو دەسەڵاتە مافیایە،ڕاماڵینی سەرجەم دام و دەزگا سیخوڕی و چەکدارەکانیان،تەنها ئەوە ڕێگەیە بۆ کۆتایی هێنان بەو نەهامەتیانەی ڕۆژانە چەند بارە دەبنەوە و کۆتاییشیان نایەت،کۆتایی ئەو هەمو کێشە و قەیرانانە بەستراوەتەوە بە کۆتایی ژیانی ئەو دو بنەماڵە و پارتەی کوردستان کە نزیکەی نیو سەدەیە وەکو دڕندە دەمیان ناوەتە گۆشت و خوێنی ئەو میللەتە بێ دەرەتانە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە