وەزارەتى ڕۆشنبیریى قەرزارە..

Thursday, 26/03/2009, 12:00


وەزارەتى ڕۆشنبیریى (بیست وچوار ملیۆن و سێ سەد وشەست هەزار) دینارمان قەرزارەو ناچارین لەجەژنى جیهانى شانۆدا، تیپى شانۆى ئەزموونگەرى كەركوك هەڵوەشێنینەوە
شانۆكاران.. جەژنى جیهانى شانۆتان پیرۆز.. ئەمڕۆ وەك نەریتى ساڵانەمان شانۆ لەگەڵ هەموو هاوكارانمان لەتەواوى جیهان كۆمان دەكاتەوە، ئێمەى شانۆكارانى كوردیش ئەمڕۆ هەموومان بەیەكەوە دەتوانین یادى شانۆ بێنازەكەمان بكەینەوە، ئەو شانۆیەى كە تەنیا شانۆكارانى جدى لەخەمیدانە، ئەو شانۆیەى مۆمەكانى بۆى دەسووتێن و كەس پشتگیریان ناكات، لەهەمان كاتدا بودجەى خەیاڵى دەخرێتە بەردەستى مناڵە گرگنەكانەوە بەناوى شانۆكار، لەدنیایەكى وەكو ئەوەى ئێمە تێیكەوتووینە بۆ ئەوەى پڕۆژەكان پشتگیریى بكرێن دەبێ ئەندامەكانت لەمنداڵدانى حزبەوە بە فیشەكى سەنگەرەكانى ئایدیۆلۆژیا گۆش كرابن، ئەگەر نا تەواوى خەونەكان لەبار دەچن، ئێمە ڕۆژى 16 ى ئادارى 2006 وەك گروپێكى شانۆیى لە شارى كەركوك خۆمان ڕاگەیاند، لەڕۆژگارێكدا شار یەك پارچە خوێن بوو، بۆنى تەقینەوەو باروود خەمى مانەوە گرفتى سەرەكى بوو، لەولاشەوە ئەوەى بەناوى شانۆ دەووترایەوە بریتى بوو لە دیمەنى سادەى ختووكە ئامێز بەناوى شانۆ، لەم ڕۆژگارەدا تا ئەو ساتەى ئەو ڕاگەیاندنەى تیا دەنووسرێت، ئێمە ویستمان پڕۆژەیەكى ئەزموونكارى لە شانۆى ئەم شارە بنیات بنێین، ئەوە بوو لەماوەى ئەو سێ ساڵەى تەمەنمان دوو پڕۆژەمان خستە ڕوو، پڕۆژەى یەكەم كە ناومان نابوو (ئەنترۆپۆلۆژیاى شانۆ) تیایدا دەمانوویست لەڕێگەى جەستەوە ئەزموون لە شوێنە جیاوازەكانى وەكو قەڵاو قشڵەو ژوور ئەنجام بدەین، ئەوە بوو پێنج ئەزموونى شانۆیمان بەرهەم هێنا كە بریتى بوون لە (پڕۆڤەیەكى شانۆیى بۆ چاوەڕوانى گۆدۆ، خاچ، سەگ ودەف، زولێخا لەخەونى یوسفدا، هاملێتى كەركوك) لەپڕۆژەى دووەمان كە ناومان نا (سۆسیۆلۆژیاى شانۆ: میتۆدى دەنگ میتا حیكایەت) ئەو پڕۆژەیە بریتى بوو لە ڕەتكردنەوەى دەق و ئامادەبوونى دەنگ لەپاڵ جەستە وەك پڕۆژەیەكى ئەلتەرناتیڤ، توانیمان ئەم ئەزموونانە بەرهەم بێنین (یادەوەرى دەنگ، ئۆدیبى زەردەشت، حیكایەتى لم، ئەنتیگۆناى قەڵا) هەروەها لەشارەكانى تر درێژەمان بەو پڕۆژەیەدا ئەوەبوو لە قشڵەى كۆیە نمایشى (یادەوەرى دەنگ/2) لە ڕانیە (جوانترین مردن) لە هەڵەبجە (شەرابى سێو) جگە لەدەركردنى (3) ژمارە لەگۆڤارى شانۆكار، كە ئێستا ژمارە (4/5) ى لەژێر چاپدایەو لەڕۆژانى داهاتوو دەكەوێتە بەردەستى شانۆكاران، هەموو ئەو پڕۆژانە بەبێ تواناى دارایى بەرهەم هاتووە، چونكە ئێمە ئەگەرچى سەرەتا بەبیانووى جۆراو جۆر مۆڵەتى ڕەسمیمان لەلایان وەزارەتى رۆشنبیریى پێ نەدرا، بەڵام دواتر بەهەوڵى دڵسۆزانەى هاوڕێمان (گۆران حوسێن) لە 1/4/2008 مۆڵەتى ڕەسمیمان وەرگرت، بەواتاى ئێمە بۆ ماوەى ساڵێك دەچێت وەك تیپێكى مۆڵەت پێدراوى وەزارەتى ڕۆشنبیریى ناسراوین، بۆیە بە بەروارى (10/4/2008) لەسەر داواى خۆیان دوو نووسراومان بۆیان بەرزكردەوە، یەكەمیان دابین كردنى بڕى ((6360000) شەش ملیۆن و سێ سەد و شەست هەزار دینار بوو بۆ كڕینى كەل و پەلى تیپ، كە ڕەزامەندى لەسەر وەرگیرا، ئەوەى تریش نووسراوێك بوو وەك هەر تیپێكیتر كە بودجەى مانگانەمان هەبێت بۆ پڕۆژەكانى تیپەكەو دەركردنى گۆڤارە شانۆییەكەمان ئەویش مانگانە بڕى (2550000) دوو ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا هەزار دینار، كە ئەو بڕەیان كرا بە (1500000) یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار تا ئەو شوێنەى ئێمە ئاگادار بووین، دواتر بەهۆى ئەوەى ئەوان كارەكانیان لەڕێى پۆستى فەرمى خۆیان بۆ وەزارەتى ڕۆشنبیریى دەنێردرێت، بۆیە دواى ماوەیەك كە سەردانى وەزارەتمان كرد ووتیان نووسراوەكەتان ناردراوە بۆ وەزارەتى دارایى، كاتێ داواى ئەوەمان كرد ژمارەى نووسراوەكەمان پێبدەین تابەدواى بچین، پێیان ڕاگەیاندین كە نووسراوەكەمان وون بووە، بەڵام بەڵێنمان پێدرابوو كە پەلەنەكەین و هەموو كارەكانمان بۆ چارەسەر دەكەن بەداخەوە ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر مۆڵەتى ئێمە تێدەپەڕێ بۆیە بەمافى خۆمانى دەزانین ڕایبگەیەنین كە مادامەكى نووسراوەكەى ئێمە بۆ وەزارەتى دارایى ڕۆیشتووە وەك خۆیان دەڵێن كەواتە ماوەى ساڵێكە بوودجەكەى ئێمە وەردەگیرێت ساڵێكیش بوودجەمان دەكاتە (هەژدە ملیۆن) هەروەها ئەو پارەیەى بۆ كڕینى كەل و پەل تەرخان كرابوو ئەویش دەكاتە (شەش ملیۆن و سێ سەد و شەست هەزار دینار) كۆى گشتى ساڵێك بودجەى ئێمە لەوەزارەتى رۆشنبیریى (بیست وچوار ملیۆن و سێ سەد وشەست هەزار) دینارەیە، دسیارە باوەڕمان بە شكاتكارى نیە بەڵام لە سەرۆكایەتى حكومەت دەپرسین ئەو پارەیەى ئێمە لاى كێیەو كێ خواردوویەتى؟ چیتر ئێمە ناتوانین لەسەر گیرفانى خۆمان تیپەكە بەڕێوە بەرین بۆیە لەمڕۆوە ڕایدەگەیەنین ئێمەى ئەندامانى ئەو تیپە بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى تیپى شانۆى ئەزموونگەرى كەركوكمان داوەو گوناهى سەرەكى ئەو هەڵوەشاندنەوەیەش دەكەوێتە ئەستۆى وەزارەتى رۆشنبیریى.
لەلایەكیتریشەوە ئەو پڕۆژە ئەزموونكاریەى ئێمە بۆ ماوەى سێ ساڵ بەردەوام بوو دڵنیاى كردووین كە پڕۆژەكە گەیشتوووە بە ئاكام ئەوەتە ئەمڕۆ ئاستى شانۆى كەركوك وەك جاران نەماوەو گۆڕانى بەسەردا هاتووە چ لەكارى تیپە شانۆییەكان یا بەرهەمى خوێندكارانى هونەرە جوانەكان، ئیدى بۆ ئەوەى هەر لایەك بیەوێ كارى ئەزموونگەرى بكات ئەوا دەیەوێ لەكارى ئێمە بچێت، بۆیە ئەوەى ئێمە كردمان بنیاتنانەى سەرەتایەكى زانستى بوو بۆ شانۆى ئەزموونگەرى بۆ ئەوەى نەشبین بە ستایلێكى شانۆیى كە تەقلیدیەت بمانخوات بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى خۆماندا، هیوامان وایە چیتر گرووپەكانیتریش ئەزموونگەرى لەناو كارى ئێمەدا كوورت نەكەنەوەو ئێمە هیوامان وایە ئەزموونى جیاواز و سەربەخۆ ببینین، وەك چۆن كارى هەر یەكێك لە ئێمە لەبوارى شانۆدا بۆ داهاتوو بەتەواوى جیاواز دەبێت.
ئەوەى لەماوەى ئەو سێ ساڵە نمایش كرا ئەزموونێك بوو كە بەرهەمى ئەو تیپە بوو، ئیدى ئەزموونێك توانى كاریگەرى خۆى بەسەر شانۆى كەركوك بەجێ بێلێت ئەوەش مەبەستى سەرەكى هەموومان بوو، ئەمرۆ كە ئاسۆكانى شانۆمان ڕوونە هەڵوەشاندنەوەى ئەو تیپە بە مەترسى نازانین چونكە توانیمان بەردى بناغەى زانستى شانۆ بنیات بنێین، هەرچى سەبارەت بە گۆڤارى (شانۆكار) یشە، ئێمە شانۆكاران دڵنیا دەكەینەوە كە گۆڤارەكە وەك گۆڤارێكى شانۆیى وەرزى سەربەخۆ بەردەوام دەبێت، سەبارەت بەكارى پراكتیكیشمان لەمڕۆ هەریەكێك لە ئێمە ئازادە لەگەڵ هەر تیپ و گرووپ و ناوەندێك كار دەكات، چونكە هیچ شتێ نەما ناوى تیپى شانۆى ئەزموونگەرى كەركوك بێت، دوا پەیامى ئێمە هەر ئەوەیە، با لەجەژنى جیهانى شانۆ هەموومان كار بكەین لەپێناو شانۆیەكى باڵا فشار بخەینە سەر دەسەڵایش كە ڕێگە نەدان چیتر مناڵە ساویلكەكان بێنە شوێنى شانۆكارانى داهێنەر، پێویستە وەزارەتى رۆشنبیریى ئەوەى بیر نەچێت كە هەر ڕەخنەیەكى توندى ئاراستە دەكرێت ئەوە بەرهەمى ئەو تێگەیشتنەیە كە هونەرمەندان ئەو وەزارەتە بەهى خۆیان دەزانن، بەڵام هەزار حەیف ئەو وەزارەتە هونەرمەندان بەموڵكى خى نازانێت، بە ئومێدى ئەوەى چیتر چاو لەهەڵەكان نەپۆشین و كاتێ هەڵەشمان كرد بوێرى ئەوەمان تیا بێت دان بەهەڵەكان بنێین.
جارێكیتر جەژنى جیهانى شانۆتان پیرۆز بێت
تیپى شانۆى ئەزموونگەرى كەركوك
27/3/2009
كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە