کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گفتوگۆی پینج قۆڵی یان چەواشە كردن؟؟

Sunday, 05/06/2011, 12:00






دوای ڕوداوەكانی 17ی شوبات لە هەریمی كوردستان قەیرانێكی قوڵ ڕووی لە هەریمەكەكردووە,هۆكارەكەشی زۆر دیارو ئاشكرایە كە بریتیە لە كەڵەكە بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی ئیداری و سیاسی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو,پارتی و یەكێتی وەك دوو حیزبی فەرمانڕەوا تائیستا هیچ هەنگاوێكیان بەرەو چارەسەركردنی قەیرانەكە نەناوە و لە جیاتی كاركردن و هەوڵدان بو بنەبڕكردنی كەموو كورتیەكان , خەریكی تۆمەت بە خشینەوە و ئازاردان و تەخوینكردنی هەموو دڵسوزیكی ئەم وڵاتەن بە تایبەتی ئەو چالاكوان و سیاسی و نوسەرو ڕۆژنامەنوسانەی كە قسەی جدییان لە سەر بارودۆخی هەریم هەیە و بە ئیملائاتی دەسەڵات ناجولێنەوە , هەرێمی كوردستان دوو حیزب بەرێوەی دەبەن كە بۆماوەی چەندین ساڵ شەڕی یەكتریان كردووە و ئیستاش رێكەوتنیكی بە ناو ستراتیژی(یان ڕێكەوتنی بەرژەوەندی حیزبایەتی هاوبەش) كۆی كردونەتەوە وەك رێگایەك لە پێناو مانەوەو ڕێگرتن لە هەموو دەنگێكی نوێ كە داوای گۆڕانكاری وچاكسازی بكات و هەر بەپێی ئەوەش هەمووشتێكیان لە نێوان خۆیان دابەش كردووە ,كوردستان لە ڕوكەشدا یەك ئیدارەو لە جەوهەردا دوو هەرێمی جیاوازە,دوو حیزبی جیاواز لە ناو, زۆر چۆنیەك لە ناوەرۆك و ڕەفتار وسلوكی حوكمڕانی ئیدارەی وڵاتیان بەدەستەوە گرتووە ,ماوەیەكی درێژە لە دەسەڵاتن وئەو شیوازەی حوكمی پێ بەریوە ئەبەن لە هیچ شوێنێكی دنیا باوی نەماوە بۆیە داوای گۆڕانكاری ریشەییان لێ دەكرێت,و ئیستاش مەسەلەی گفت و گۆ لە ئارادایە و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەم نزیكانە كۆبونەوەی پینج قۆلی ئەنجام دەدەن بۆ باسكردنی ئەم مەسەلەیە,
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە:كۆبونەوە لە پیناوی چی؟یاخود چاوەڕێی چی بكەین لەم كۆبونەوەیە؟؟لەكاتێكدا ئیمەئەزانین زۆرێك لە داواكارییەكانی شەقام و ئۆپۆزسیون پێویستیان بە هیچ جۆرە كۆبونەوەیەك نییە و داواكاری دیارو ئاشكران و جیی سازش نین,بۆ نمونە دەسگیر كردنی بكوژانی خۆپیشاندەران كە ئەمە سەرەتایی ترین داواكاری خەڵكە,ئایا پێویستی بە كۆبوونەوە هەیە؟...بێگومان نەخێر... باشە لە كۆبونەوە ئۆپۆزسیۆن چیان پی ئەلێ یان داوای چیان لی بكات؟ئەمە وەك هەقایەتی مێشەكە وایە تۆپێی ئەلێی تۆمەتبارەكان بگرن ئەو ئەڵێ ئیشی دادگایە لە كاتێكدا ئەوان دادگایان بێ كار كردووە ,هیچ حورمەتێكیان بۆ یاسا نەهێشتۆتەوە
ئەگەر دەسەڵات نیەتی چاكسازی هەیە و بەڕاستی جددیە لەمە دا ئەوا پێویست بەوە ناكات داوای لێ بكرێت بكوژی خەڵك دەستگیر بكات یان تۆمەتبار ڕادەستی دادگا بكات,ئێمە لەكوێ باسی چاكسازی و گۆڕانكاری بكەین لە كاتێكدا ئەوان نەك بكوژەكانیش دەسگیر ناكەن بەڵكو پلەكانیان بەرز دەكەنەوەو خەڵاتیان دەكەن ,نازانم چ ئومێدێكمان بە دەسەڵاتێك هەبێت كە خۆپیشاندان بە ڕوخاندن بزانیت و چاكسازی بە ئینقیلاب دابنێت دژایەتی گەندەڵی بە كۆتایی خۆی تێبگات؟
بۆیە كۆبونەوەی پینج قۆلی نەك هەر ئەنجامی نابێت بەڵكو لە هەولێكی تری دەسەڵات بۆ كات كوشتن و چەواشەكردنی شەقام زیاتر نیە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە