کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پەیامى وتەبێژى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى بۆ خۆپیشاندەرانى هەڵەبجە

Thursday, 24/03/2011, 12:00


هاوڕێیانم، هاوسۆزانم هاونیشتمانیانى شارى هەڵەبجەى چەند جار بریندار كراو
 سڵاوى خۆڕاگریتان لێبێت،
 دەبوایە ئێمە لە 16/3 لەگەڵ ئێوە یادە كارەساتى كیمیابارانى هەلأشبجەمان بكردایەتەوە بەڵام دەستەڵات ئەو بۆنەیەى بە حیزبى كرد لە بەر ئەوە ئێمە لە مەیدانى ئازادى لە سلێمانى ئەو یادەمان كردەوە.
 پرسەو سەرەخۆشى خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ خێزانى سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى كوردستان و شەهیدانى دەستى دەستەڵات، كاكە سەركار و كاكە عەلى كە ئەگەر زوڵم و ستەمى ئەوان نەبوایە دوور نەبوو ئێستا لە نێو ڕابەرانى ئێمەدا بونایە.
 ئێمە پێتان ڕادەگەیەنین كە ئاشناین بە سیناریۆ نەزۆكەكانى دەستەڵات لە بەكارهێنانى پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانى كوردستان لە خێزان و عەشیرەتەكانى بۆ بە گژدا یەكتر بردنى ئەندامانیان هاوشێوەى ناردنى چەقۆ كێشەكانیان بۆ نێو ڕیزى خۆپیشاندەرانى ئاشتیخواز لە پێناو دروستكردنى پشێویى و توندوتیژى.
 خەڵكى بە شەرەفى هەڵەبجە،
 تەنها ئەزمونى مێژوویى ئەم شارە بەسە بۆ ڕوایەتى دۆزى نەتەوەییمان لە لایەك و بۆ بە خراپ بەكارهێنانى دەستەڵات و فۆرمى حوكمڕانێتى حیزبى لە كوردستاندا لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردودا.
 هەر كات ئێوە هاتنە سەر شەقام واتە كوردستان خرۆشاوە، ئێوە و گەرمیان ئەو سومبولە نەتەوەییانەى ئێمەین كە دەبێت لە دەستى بێباكى و غەمساردى و پارە پێپەیداكردن وخیانەت بەرامبەر كردن بیانپرێزین.
 ئەوەى لە هەرێمى كوردستان ئێمەى ڕژاندە سەر شەقامەكان بریتى بوو لە هەستى نیشتمانپەروەری و حسى عەدالەت، دروشمى سەرەكى ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە بریتیە لەوەى كە ئیدى ڕشتنى خوێنى مرۆڤى كورد بە دەستى كورد هێڵى سورەو هیچ هێزێك كە خۆى بە نیشتمانپەروەر بزانێت بۆى نیە تێیپەڕێنێت. ئێمەى هاونیشتمانیانى كوردستان بە یەكدىنگ بە بەرزى بەم دەستەڵاتە دەڵێن تا ئێرەو بەس!!!
 چەندەها ساڵە ئێوە گەمە بە كەرامەتى مرۆیى ئێمە دەكەن.... خاك و مرۆڤ و ڕەمزو شاخ و ڕەنگى ئاڵاو تەنانەت چەمكەكانیشمان دابەشدەكەن. ئێمە خەڵكى خرۆشاوى كوردستان هاتوین سنورێك بۆ ئەم بێڕێزى كردنە دابنێین و بە هەموان كاربكەین بۆ ڕاستكردنەوەى هەڵە و تاوانەكانى چەند ساڵەى ئێوە. ئێوە بە هۆى سیاسەتى سەركوت لە ناوەوە و سازش لەگەڵ دەرەوە، گەنجانمانتان توشى قەیرانى شوناس كردوەو لە دەریشەوە پرسیارتان لە سەر ڕەوایەتى دۆزى نەتەوەیمان دروستكردوە. ئێمەى هاونیشتمانیانى كوردستان ڕژاوینەتە سەر شەقام تا كۆتایە بە قەیرانى شوناس بهێنین و ئەو نیشانەى پرسیارە لابەرین كە بە هۆى هەڵوێستە نا سیاسیەكانى ئێوەوە لە سەرمان دانراوە...ئێمە دەمانەوێت وەك نەتەوەیەكى سەروەر بژین و هەموان پێكەوە داكۆكى لە مافە ڕەواكانى خۆمان بكەین، لە دەرەوەى موزایەداتى سیاسى و هێنانى هێزى دەرەكى بۆ سەر خاكمان و بە تاڵانفرۆشكردن و بردنى سامانى مادى و مەعنەویمان.
 ئێستا پاش 35 رۆژ لە خۆپیشاندانى جەماوەرى ناڕازى كوردستان ئەم دەستەڵاتە نەیتوانیوە فەرمانى یاسا بە سەر تاوانباراندا جێبەجێبكات....پاش ئەو تاوانانەى بەرامبەر خۆپیشاندەران كران ئەم دەستەڵاتە نە ڕام بوو نە سەرسام، نەك هێندە بەڵكو تا ئێستا بەردەوامە لە كردارە دژ بە یاساییەكانى و پشتبەستو بە پیلانگێڕى و ڕق و دوژمنكارى بەرامبەر بە خەڵكى ناڕازى كوردستان.
 بەرز و بەڕێز بێت یەكڕیزى بەرەى گەل.
 ناسك قادر
 24/03/2011
 ------------------------------------------
ڕونكردنەوەیەك لە ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیەوە:

سبەینێ پێنجەم نوێژى هەینى لە مەیدانى ئازادى شارى سلێمانى بەڕێوە دەچێت. سبەینێ هەینى "پێداگریە" لە سەر داخوازیەكانى جەماوەرى خۆپیشاندەر لە كوردستان. لەگەڵ ڕێزماندا.

24/03/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە