دهیانهوێ ئیستا و ئایندهمان له کهسایهتیی دوو بنهماڵهدا کۆبکهنهوه!
Monday, 14/01/2013, 12:00
ئەو دوو دێڕە هۆنراوەیهی خوارهوه نزیكەى سێ چارەكە سەدە بەرلە ئیستا پیرەمێردى شاعیر نوسیوێتى ، ئەشێ لەتەواوى مێژووى نەتەوەى كورددا سەردەمێك نەبێ بەوێنەى ئەم سەردەمە لەرێگاى ئەم دوو دێڕەوە كت و مت پێناسهى بارودۆخى ئەمڕۆى كۆمەڵگاى كوردى پێ نەكرابێ ، بەتایبەتى لەم هەرێمۆكەى كوردستانى باشوردا .
زمــــان درێژ بـى دەستت كــورت ئــەبێ
زۆرخۆت هەڵكێشى گوێت لەجڕت ئەبێ
(پیرهمێرد)
ئێمە كۆمەڵگایەكین هەموو مێژوو و ئایندە و ئیستامان لەشەخسى دێوەزمەى دووسەركردەدا کۆکراوهتهوه ، كەئەوانیش بارزانى و تاڵەبانییه ، بنەماڵەى بارزانى ئیستاش لەو شوێنەى بۆیانكراوە ویستویانە نەتەوەكەمان مردوویەك بپەرستێ كە (مەلا مستەفاى بارزانییە) ، بەوێنەى دەوڵەتى توركیا كە لە دونیادا بەوەناسراوە ماوەى حەفتا و پێنج ساڵە كەسێكى مردوو حوكمڕانى ئەو وڵاتە دەكات ئەویش (كمال ئەتاتورك)ە ، ههرچهنده ئهتاتورک تورکی زیندووکردووه، لێ مهلا مستهفا و بنهماڵهکهی به پێچهوانهوه کوردیان بردۆته کهناری لهناوچوون. لەهەولێر بۆ سەرەوە ، واتە لەوشوێنانەى پارتى تیایدا باڵادەستە ، ئیستا زیارهتکردنی گۆڕی بارزانی بەئاشكرا بۆتە كلتورێكى نەنگ و بەرنامە بۆداڕێژراو وێنهی بارزانی بەرپرسە حیزبى و حكومییەكان لە ژوورەكانیاندا چوار وێنە لە تەنیشت یەكەوە هەڵبواسن لەوێنەى نیمچە خاچێكدا ، مەلا مستەفا لە نێوەندا لەشوێنى خۆر لەگەردووندا ، لاى راست مەسعودى كوڕى ، لاى چەپ نێچیرڤانى برازاى و لەخوار وێنەكەى مەلاشەوە وێنەى ئیدریس بارزانى كوڕى و زربراى مەسعود و باوكى نێچیرڤانە ، هەرچەندە لە دەزگاكانى ئاسایش و پۆلیسدا ئیستا وێنەى پێنجەمیش زیادى كردووە ئەویش وێنەى مەسرورى كوڕى مەسعود بارزانیە (سەرۆكى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى) ، دەزگایەك كە راستەوخۆ بەستراوە بەسەرۆكى هەرێمەوە ، هەربۆیە لە ژوورى بەڕێوبەرى ئاسایشەكانى ناوچەى زەردا ئیستا وێنەى ئەویش بەئاشكرا هەڵدەواسرێت ، هەرچەندە هەرجارە بەگۆشە و شوێنێكى جیاوازەوە جێگیردەكرێت ، چونكە ناكرێ لەشوێنەكەى مەلامستەفاى باپیریدا بێت یان لە سەروویەوە و نابێت لاى چەپى باوكیەوە بێت و ناشبێ لەشوێنى نێچیرى ئامۆزا و زاوایەوە بێت ، زەحمەتیشە لە شوێنەكەى ئیدریسى مامیەوە دابنرێت ، كەواتە شوێنى هەڵواسینەكە زیاتر پەیوەستە بەئیجتیهادى بەرپرسە حیزبى و حكومیەكانەوە خۆى.
ئەم چیرۆكەش كۆپیەكى دیجیتاڵى ئەزموونەكەى بنەماڵەى ئال ئەسەدى سوریایە ، رۆژانە دەبینین چۆن بارەگاحیزبى و حكومیەكان كاتێ لەلایەن سوپاى ئازادەوە رزگار دەكرێ ، ئەو جەنگاوەرە بەسەزمانانە زۆرێك ماندوو دەبن بەوەى كە سەرەتا وێنەكەى (حافز أسد)ى باوك تێكبشكێنن ، پاشان وێنەكەى (بشار) ى كوڕى ، دواتر وێنەكەى (باسل) ى كوڕى كۆچكردوو وبراى بەشارى سەرۆك كۆمار ، ئەو میللەتە ستەمدیدەیە ماوەى زیاتر لە چل ساڵ كۆیلەى پەرستنى بتە زیندووەكان بوون ، پاشتر بوونە كۆیلەى پەرستنى بتە مردوو و زیندووەكان ، یان بە وێنەى كۆریاى باكوور كە سەرەتا (كیم ئیل سونگ) ى باپیر سەرۆكى وڵاتبوو ، پاش مردنى (كیم جونگ ئیل) ى كوڕى بووە سەرۆك ، پاش مردنى ئەمیش دواجار (كیم جونگ ئین) ى كوڕە بچوكى بووە سەرۆكى ئەو وڵاتە و ئەشێ لە كۆریاى باكور ژمارەى وێنەى ئەم سێ كەسە لەژمارەى دانیشتوانەكە زیاتر بن .
لەناوچەى سەوزیش چیرۆكەكە زۆر جیاواز نییە ، هەرچەندە لە فەرمانگە حیزبیەكاندا بەفەرمى وێنەى دوو سەركردەى ئەوحەد (مەسعود و جەلال) وەك سێبەرێكى قورس و نەخوازراو بوون بە تارمایى بەدیوارى هەموو ژوورەكانەوە ، بەڵام زۆرجار بەتەنها وێنەیەكى مەزنى (جەلال تاڵەبانى) یش ، هەڵدەواسن كە تیایدا زەردەخەنەیەكى دەستكرد بەسەر لێوەكانیەوەیە ئەو بەرپرسە ماستاوچییانە كڕنۆشى بۆدەبەن ، زۆریشن ئەو بارەگا حیزبى یان حكومیانەى لەتهنیشت وێنەى مەسعود و جەلال وێنەى (كۆسرەت رەسوڵ) هەڵدەواسن، وەك ئاماژەیەك بۆئەوەى ئەوان سەر بە باڵــــە كەى كۆسرەتن ، ئەمەش وێنەیەكى كۆن و تازەى شانۆگەرى باڵباڵێنى ناو یەكێتیە .
ئەوەشى لە كۆتایى مانگى دیسمبەرى (2012) و سەرەتاى ساڵى (2013) بەزەقى لەناو زۆرێك بارەگاى حیزبى و هەندێ بارەگاى حكومى ناوچەى یەكێتیدا بووە بە بـــــاو ، هەڵواسینى وێنەیەكى خێزانى رەش و سپیە كە تیایدا جەلال تاڵەبانی و هێرۆى خێزانى و دوو كوڕەكەى بەدەردەكەون كە هێشتا منداڵن لە وێنەكەدا ، ئەم دیاردەیەش تاك و تەرا نییە و بەنەخشە و پلان زۆر دیوارى ناو ئەو بارەگایانەى پێ رازندراوەتەوە .
كەواتە بەرپرسە كاسەلێسە دیكتاتۆرە پۆستپەرستەكانى ئەم هەرێمە ئەیانەوێ ئێمە وەك میللەتێكى شەخس پەرست نیشان بدەن ، كەهەمیشە قەرزاربارى فریادڕەسە وەهمیەكانین و دەست بەنزا دوعاى خێرو سەلامەتی و تەمەن درێژیان بۆدەكەین ، ئەم بەرپرسانە بۆداكۆكیكردن لە پۆست و ئیمتیازاتەكانیان زمان درێژیان مەزندە ناكرێت ، بەتایبەتى چونكە قسە باجى لەسەرنیە ، هەربۆیە دەبینین رۆژى هەزار و یەك هەڵوێستى نیشتیمانى بەسەرماندا دابەشدەكەن و دەیفرۆشنەوە ، ئەم سەركردانە چەندە لەئاست نەیارە ناوخۆییەكان و كۆمەڵگاى بێدەسەڵاتدا زمانیان درێژن .. هەزار هێندە لەئاست دوژمنە سەرسەختەكانى میللەتەكەماندا دەستیان كوورتە ودەنگیان كزە ، رۆژانە فڕۆكە جەنگیەكانى توركیا خاكى ئەم وڵاتە بۆمبباران دەكات و تۆپەكان و پاسدارەكانى كۆمارى ئیسلامى سنووردەبەزێنێت ، باخى سەوز دەسوتێ گوند خاپور دەبێ منداڵ و پیر و ئافرەت ئەكوژرێن و كەمئەندامدەبن ، كەچى خوانەكات بوێرى ئەوەیان تیابێت لێى بێنە دەنگ و هەڵوێستێكى جوامێرانە بنوێنن ، بەڵام بۆ سەركوتكردنى خۆنیشاندانێكى ناڕەزایى بەهەزاران چەكدار و ئاسایش بڵاوەپێدەكەن و دەیان خەڵكى سیڤیل و رۆژنامەنوس فەلاقە دەكەن ، مەسعودى كوڕى مەلا مستەفا لەمدواییانەدا پشگیرى خۆى بۆ داواكارییەكانى خۆنیشاندەرانى فەلوجە و رومادى نیشاندا ، بەڵێ هەر ئەو مەسعودەى بەزەبرى چەك و تۆقاندنى ئاژانسى پاراستن بوارى نەدا چوار كەس لەبەر قەڵاو شێخەڵاى هەولێر گردبونەوەیەكى ئاشتى ناڕەزایى ئەنجامبدەن ، ئیتر مرۆڤ لەبەرامبەر ئەم دژوارى هەڵوێستانەدا نازانێ پێبكەنێ یان بگرى !.
ئەم سەركردانەى ئەمڕۆ بەدەستكەوت و بەرخودانى خەباتى خۆیانەوە ئەنازن و رۆژ نیە هەزار جار سیغاركێشان و خواردنى دۆكوڵیوى شاخمان پێنەفرۆشنەوە ، هەر ئەو سەركردانەن بەگرتنە دەستى دەسەڵاتى سیاسى بەهەمان شێوە رۆژى هەزارجار رەفتارەكانى رژێمى بەعسیان وەبیرخستینەوە ، هەر ئەو سەركردانەن كە سامانى ئەم وڵاتە بەقاچاغ ئاودیوى سنوورەكان دەكەن و ساقى و باقى بەچارەنووسمانەوە دەكەن ، هەر ئەو سەركردانەن ساڵانە تایەكى بودجەى گشتى بۆ بەرژەوەندى بنەماڵە تەرخان دەكەن ، ئەى ئەوە نیە وابەدەركەوت كەلەبودجەى ئەمساڵدا تەنها بودجەى ئەنجومەنى ئاسایشى مەسرور بارزانى دووهێندەى بودجەى وەزارەتى پەروەردە و تەندروستیە !! ، ئەمە رەوشتى بیركردنەوەى دەسەڵاتە كە دەزگایەكى سیخوڕچى داپڵۆسێنەرى لە دەزگاكانى تەندروستى و پەروەردە پێ گرنگتربێت ، هەربۆیە لەسەرەتاوە وتم ئەو دوو دێڕە هۆنراوەیەیى پیرەمێردى نەمر ، ئەڵیى بەتایبەتى بۆ كوتینەوەى رووخسارى ناسازى ئەم دەسەڵاتەى ئەمڕۆ نوسراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست