كوردستان بۆتە هەرێمى بنەماڵەى خائین و بەرپرسە چاوچنۆكەكان
Thursday, 15/11/2012, 12:00
سەرەتا داواكارم خوێنەرى بەرێز تەماشاى ئەم لینكە بكات
http://www.nakhelnews.com/pages/news.php?nid=20885 كە لینكى ئاژانسى هەواڵى (النخیل) ى بەناوبانگى عێراقیە ، تەماشابكەن كەچۆن دیكتاتۆرى و كلتوورى بنەماڵەسالارى لەناو حكومەت و حیزبە باڵادەستكەكانى هەرێمى كوردستاندا بۆنى گەیشتۆتە هەموو شوێنێك ، خۆ ئەم ئاژانسە هەواڵیە بەناوبانگەش تابورى پێنج نیە تاكو سەرانى دەسەڵاتدارى گەندەڵى لەمەڕ خۆمان بەوێنەى هەموو بڵندگۆیەكى بوێر و چاونەترس ئەم تۆمەتەى بخەنە پاڵ ، ئەوەى جێى سەرنجە لەڕاپۆرتە هەواڵێكى شیكاریدا ئەم ئاژانسە هەواڵسازییە سەربەخۆیە باس لەكلتوورى دەسەڵاتى بنەماڵەى مەسعود بارزانى و جەلال تاڵەبانى دەكات كە چۆن هەموو جومگە گرنگە سیاسى و سەربازى و ئابوورى و ئەمنیەكانى حكومەت و حیزبیان لەكوردستاندا پاوانكردووە ، تەنانەت باس لەتاوانى تیرۆركردنى كاكە زەردەشت عوسمانى جوانەمەرگ دەكات كەچۆن تەنها لەسەر بڵاوكردنەوەى بابەتێكى رەخنەئامێز لەسەر بنەماڵەكەى مەسعود بارزانى لە پێگەى كوردستانپۆستدا بەناشرینترین شێوە گوللە بارانكراوە (كەناوى كوردستانپۆستیشى) وەك خۆى هێناوە و ئاماژەى پێداوە .
لەدرێژەى بابەتەكەدا بەریزبەندى و بەناوى سیانى هەموو ئەو پۆستە حكومى و حیزبیانە پۆلێنكراوە كە كەسوكار و خزمە نزیكەكانى جەلال و مەسعود قۆرخیانكردووە بۆ ئەوان بێ ئەوەى بە هیچ جۆرێك لەسەر بنەماى لێهاتویى و تواناسازى بێت لەچوارچێوەى حكومەتێكى تەكنۆكراتدا كەئەوان بە ساختە بانگەشەى بۆدەكەن .
زۆر سەیرە لە هەرێمى كوردستان گەندەڵى و فەساد و پێشێلكارییەكان بێ لەوەى سەرەتاى هەیە و كۆتایى نیە سەروبارى ئەمە بووە بەدیاردە و بە ئاشكراو رۆژى رووناك بەردەوام ئەنجامدەدرێ و تائیستاش بۆ ئەم باندە مافیایانە چۆتە سەر ، واتە ئەوە جەلال و مەسعود نین كە بەدزییەوە دەسەڵاتى خۆیان كردبێت بەدەسەڵاتى بنەماڵەیەكى تاوانبار و جەردە ... بەڵكە ئەوان بەئاشكرا كوڕ و خزمە نزیكەكانى خۆیان هێناوەتە پێشەوە و هەستیارترین پۆستیان پێشكەش كردوون و لایەكى بودجەى گشتیشیان بۆ تەخشان و پەخشان كردوون ؟! ، ئەى هەر ئەوان نین بەئاشكرا نەوتەكەمان لەڕێى مەرزەكانەوە بەرەش ئاودیو دەكەن و ئاشتى هەورامیان لێ كردووین بە چەتەگەرى قووتى سروشتى ئەم میللەتە ؟!.
یەكێتیش (دلێرى سەى مەجید) ى كردۆتە بەرپرسى یەكەمەى دارایى حیزبەكە و لەگەڵیا ئەم دلێرە بێویژدانە (كە تاماوە مێژوو وەك نۆكەر لەزبڵداندا باسی لێوەدەكات) بۆتە بەرپرسى یەكەمى دۆسیەیى سپیكردنەوەى پارە رەشەكانى جەلال و هێرۆ و دارودەستە نزیكەكان ، تاكو ئەو لێشاوە دۆلارە دزراوە بنێرێتە بانكەكانى دەرەوەى وڵات و لەوێ بیكاتە چەند ژمارەیەكى نهێنى بۆ رۆژى رەشى هەرەسهێنانى ئەم دەسەڵاتە گەنە .. كەئەمەش راستیەكى حەتمیە و قسەى گومانى لەسەر نیە .
ئەگەر مەسەلەكە فەساد و چاوشۆڕى بەرپرسە گەندەڵەكان نەبێت بۆخاترى پڕكردنى گیرفانیان لەدۆلارى دزراو بەرپرسەكانى ئەمڕۆى ئەوان گوایا بە بەلاش ئەو سووكایەتیە قبوڵ دەكەن ..بەوێنەى بەناو دكتۆر بەرهەمى كاسە لێس كەئەو هەموو سووكایەتیە قبوڵ بكات كاتێ سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران بوو .
لە ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا (دەیڤید پاتریوس) سەرۆكى دەزگاى هەواڵگرى CIA تەنها لەبەرئەوەى وشكە دڵداریەكى لەگەڵ ئافرەتێكدا ئاشكرا بوو بەحوسن و رەزارى خۆى پاش چەند كاتژمێرێك دەستى لەكار كێشایەوە و بەشەرم و شوورەیى زانى پاش ئەو فەزیحەتە بەردەوام بێت لەپۆستەكەى ، دیارە ئەگەر بەم نەزمە بەرپرسە شەڕواڵپیسەكان و نێرباوەكانى كوردستانى ئێمە بۆ هۆكارێكى وا دەستلەكاربكێشنەوە ئەبوو لەپاش راپەڕینى 1991 وە شێخ جەعفەر و حاكم قادر و مەلا بەختیار و ... هەتادوایى ئەبوو ئیستا ستۆكببوون و كەس لەو سەردەمەوە ناوى نەبیستبان .
دكتۆر بەرهەمى گەندەڵ كاتێ بەفەرمانى رێكخراوى یەكێتى قوتابیانى حیزبى پارتى بۆ یەك مانگى رەبەق دەوام لەزانكۆكانى هەولێر راگیرا كەرامەت و غیرەتى پووچى ئەم سووكایەتیەیى پێقبوڵكرا لەپێناو پۆستە باڵاحكومیەكەیدا و هیچ هەڵوێستێكى نەبوو .
كۆسرەت رەسوڵ عەلى كە هێندەى بودجەى چوار ساڵى دەوڵەتێكى وەك موزەمبیق پارەى ئەم میللەتە لە جەستەیدا سەرفكراوە كاتێ بریندارەكانى كیمیابارانى هەڵەبجە و بالیسان یەك یەك و دوو دوو بەئازارەوە مرداردەبنەوە ، ئەم كۆسرەتە قومارچیە كاتێ لە سەیتەرەكەى دێگەڵە لەلایەن سێ چوار كارمەندى ئاسایشى پارتی دەمڕووتەوە ئاپۆراى ئوتمبیلە گرانبەهاكانى بەگیان پێدانرا و بەسەرى رووت و پێى پەتى رووە و كۆیە سەرشۆڕانە گەڕاندیانەوە ، كەچى كۆسرەتى تەكەتولچى ئەم حەیاچوونە مەزنەى پێ قبوڵ بوو كە جێگرى بەناو یەكەمى سكرتێرى گشتى یەكێتى و جێگرى بەناو سەرۆكى هەرێم بەفەرمانى ئاسایشى حیزبێكى هاوپەیمان قەدەغە بكرێت لەوەى بچێتە هەولێرى پایتەختەوە ، كەسێ ئەم سووكایەتیە قبوڵ بكات و بێدەنگ بێت بەخوا هەموو سووكایەتیەكى تریش قبوڵ دەكات .
ئەمە نەخشەى سیاسى وڵاتەكەمانە لەسایەیى حیزبى بنەماڵە و بەنەماڵەى حكومەتدا , ئەمە پانۆراماى رووداوە دووبارە و سێبارەكانى مەملەكەتى لەمەڕ خۆمانە ، ئیتر ئایا گوزەر لەم گەندەڵستانەدا بۆخۆى دۆزەخ نیە بۆمان !؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست