بارزانى و مەكتەب سیاسى یەكێتى بە فەرمى خۆیان بۆ قۆناغى پاش مەرگى نزیكى تاڵەبانى ئامادە دەكەن
Monday, 24/12/2012, 12:00
سەرەتا ئەم هەواڵە زۆر سەیر و پڕ پرسیارە لە ماڵپەڕى رووداوى سەر بەنێچیرڤان بخوێننەوە :
http://rudaw.net/kurdish/index.php/news/19073.html ئەم هەواڵە كە تیایدا هاتووە مەسعود بارزانى سەردانى سلێمانى دەكات و سەرپەرشتى كۆبوونەوەیەكى بەرفراوانى مەكتەبى سیاسى دەكات ، لەلایەكەوە خوێندنەوەى ئەم هەواڵە بەبەڵگەى حاشاهەڵنەگرەوە سەلماندى كە مەرگى تاڵەبانى لەئان و ساتدایە و شتێكە بوارى گفتوگۆى تیانەماوە .. لەلایەكى ترەوە بۆهەمووان ئاشكرابوو كە بارودۆخەكە چۆن ئاڵۆزە و چۆن هەمووان ترسى دووبەرەكى و تەنانەت كوشتاریشیان لێنیشتووە لەپێناو كورسیە زێڕینەكەى تاڵەبانیدا ، ئەم هەواڵەش راستەوخۆ پشتڕاستكەرەوەى هەواڵكەى دوێنێى كوردستانپۆستە كە لەزارى گەورە پزیشكى نەخۆشخانەكەى بەرلینەوە هاتووە كە تاڵەبانى چەند هەفتەیەكى لەژیاندا ماوە .
ئەگەر نـــــا خواى ئەمڕۆ ئەو خوایەیە كە مەسعود بارزانى سەرپەرشتى كۆبوونەوەى مەكتەبى سیاسى یەكێتى بكات ؟؟!! ، كۆبوونەوەیەك كە بەدرێژایى مێژووى یەكێتى و پارتى رووینەداوە و ئەوا روویدا ، مەسعود بەوێنەى تەكەتولە پۆستپەرستەكانى ناو یەكێتى ترسى وەرچەرخانێكى لێنیشتووە كە قۆناغى پاش مەرگى تاڵەبانى بەدواى خۆیدا بیهێنێت .. وەرچەرخانێك زیانى هەبێت بۆ رێكەوتنى ستراتیژى بەرژەوەندییە ئابوورى و سیاسیە ستراتیژیەكانى نێوان سەرانى یەكێتى و پارتى ، وەرچەرخانێك كە نەبێتە هۆكارى لاوازبوونى پێگەى پارتى و بەهێزبوونى پێگەى ئوپوسزیۆن .. وەرچەرخانێك كە یەكێتى تیایدا وردوخاش نەبێت لەسەر حسابى بەهێزبوونى بزووتنەوەى گۆڕان و هەر پارتێكى ترى بەشدارنەبوو لە حكومەتدا .
مەسعود بارزانى هێندە بە بچوك و لاواز تەماشاى یەكێتى دەكات كەپێى وایە ئەو دەسەڵات و هەیبەتى ئەوەى هەیە قورسایى هەبێت لــــە دەستنیشانكردنى جێگرەوەكەى جەلال تاڵەبانیدا ، جێگرتنەوەیەك كە زیانى بۆ ئایندەى فەرمانڕەوایى بنەماڵە نەبێت و بەجۆرێ لەجۆرەكان بارودۆخەكە بەوێنەى پێش مەرگى تاڵەبانى بهێڵێتەوە ، بەهیچ جۆرو شێوەیەكیش تانە لەم زاتە مەگرن ، چونكە ئەوە تاوانى مەسعود نیە بەڵكە تاوانى یەكێتى یان روونتر تەكەتوولە بێ كێشەكانى ناو یەكێتیە كە بۆ پۆست و دەسەڵات خۆیان هێندە ریسوا كردووە كە لەریزبەندى پارتى یەكەمى كوردستانەوە رۆژێ لەرۆژان بوون بەپارتێكى نەخۆش و لاواز و كەمئەندام كەئەوەى ناوى قاعیدەى جەماوەرێتى بێت نەیانماوە .
ئەوەى ویستویەتى لەكوردستاندا بۆ مەسعود بارزانى و بنەماڵەكەى هاتۆتە دى ، بەوجۆرەى كە خۆشى خەونى شیرینى پێوە نەدیووە ، لەم روانگەیەوە بەدوورى مەزانن مەسعود یەكێ لەكوڕ و برازاكانى بۆ پۆستى سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان كاندید بكات و ئەندامانى مەكتەبى سیاسیش بەچەپڵە رێزان پێشوازى لەم هەنگاوە بكەن ... ئاییندەى زۆر نزیك دووگیانە بە رووداوى لەمە سەیرتر بۆیە تكایە چاوانواڕبن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست