دەست لە كاركێشانەوە
Saturday, 16/05/2009, 12:00
وەكو رەوشتێكى كارى رۆژنامەوانى بە پێوستى دەزانم دەست لە كار كێشانەوەم وەكو بەڕێوەبەرى نووسین لە رۆژنامەى (میدیا) بۆ خوێنەران بخەمە روو، چونكە سەرەڕاى ئەوەى بەشێوازێكى زارەكى و نووسراو دەست لە كاركێشانەوەكەم ئاراستەى رۆژنامەى (میدیا)كرد، بەڵام ئەوان دوور لە رەوشتى كارى رۆژنامەوانى نەك هەر بەشێك لە نووسراوى دەست لە كار كێشانەوەكەم بەڵكو تەنیا ناوەكەمیان لابرد و بەهیچ شێوەیەك باسى دەست لە كار كێشانەوەكەیان نەكرد. بۆیە بەو هۆكار و بەهۆى ئەو پەیوەندییە زۆرەى كە بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن خوێنەران و رۆژنامەنووسان و هاوڕێیان بۆ هەمان مەبەست بە من دەكرا بە پێوستم زانى دەقى ئەو دەست لە كار كێشانەوەیەى كە ئاراستەى جێگاى ناوبراوم كردووە بۆ چەند دەزگایەكى بخەمە روو، ئەمەش دەقى دەست لە كار كێشانەوەكەیە.
بۆ بەڕێز خاوەن ئمتیازى ۆژنامەى (میدیا)
بابەت/ دەست لە كاركێشانەوە
دواى كاركردنم وەكو بەڕێوەبەرى نووسینى رۆژنامەى (میدیا) لە ماوەى نزیكەى ساڵ و نیوێك، لەبەر چەندین هۆكارى دوور لە كارى رۆژنامەوانى رۆژنامەكە بڕیارى دەست لە كاركێشانەوەم دا. ئەمە لە كاتێكدا كە بە دەروون ئارامییەكى زۆرەوە ئەو رۆژنامەیە جێدەهێڵم چونكە بە ئەندازەى زیاتر لە پێویست لە هەر ژمارەیەكدا كارەكانى خۆم جێ بەجێ كردووە و هەوڵمداوە جێگاى نەبوونى ستاف و ئەو دەستەى نووسەرانەش پڕ بكەمەوە كە تاوەكو ئەم ساتە هیچ یەكێكیان وەكو رۆژنامەنووسێكى راستەقینە لە هاوكاری كردنم و ئەنجامدانى ئەركى سەر شانیان رۆڵیان نەبینى.
كەچى سەرەڕاى نەبوونى ستافیش كەموكوڕییەكى زۆر لە ئەداى جێ بەجێ كردنى كارى سەرنووسەر هەبووە بەڵام ئامادەبووم بە هێندەى دەرفەتدان بە من كەموكوڕییەكانى ئەویش لە رووى تەحریر و كارى رۆژنامەوانى پڕ بكەمەوە، لە كاتێكدا هەوڵى زۆریشم لەو پێناوەدا كە سەرنووسەرى ئەو رۆژنامەیە تەحەیوز بۆ لایەنێك یان چەند لایەنێك نەكات، بەڵام وا دیارە ئەو هەوڵانە بەفیڕۆ چوون چونكە كارى رۆژنامەوانى بەر لە هەموو شتێك ئەخلاقە و هەر رۆژنامەنووسێكى راستەقینە دەبێ هەڵگرى پێكهاتە و رەفتارەكانى كەسێكى رۆژنامەنووس بێت.
لەو دەمەى لە رۆژنامەى (میدیا) دەست بەكار بووم وەكو رۆژنامەیەكى جددى لێم روانى بۆیە دەست بەكار بووم، بەڵام دواى ئەوەى ئەم رۆژنامەیە ئەو رێككەوتنە ئەخلاقییەى كە بۆ كاركردن لە نێوان هەردوولامان هەبوو لە لایەن سەرنووسەرەوە رەچاو نەكرد و پۆستى سەرنووسەرى رۆژنامەكە بە ناوى ستافى رۆژنامەكەوە بۆ بروسكەى پیرۆزبایى و ماتەمینى لە حیزبە كوردستانییەكان بەكارهات و هەمان پۆست بۆ وەرگرتنى مۆڵەت لە فەرمانگەى كشتوكاڵ كە تیایدا سەرنووسەر فەرمانبەرە و تەكلیف كردن بۆ ئەم مەبەستە لە بەرپرسى لقێك. جگە لەوەش بە هۆى هەست كردن بەكەموكوڕى خودى نەتواندرا دەرفەت بە كەسێكى ئەكادیمى بدرێت و وەكو پێویست سوود لە پێشنیارە جدییەكانى لە بوارى رۆژنامەوانى وەربگیرێت، بۆیە میزاجى شەخسى لە برى كارى ئەكادیمى زیاتر رۆڵیان لە لایەن هەمان كەس لە رۆژنامەكە بینى، بەتایبەت لەم چەند ژمارەیەى رابردوودا زۆر بە روونى بەدى دەكرێت، كە تیایدا بەبێ ئەوەى گرنگى پێگەى خوێنەر لێكبدرێتەوە كارەكان ئەنجامدراون.
لەگەڵ ئەوەش بە هۆكارى ئەم میزاج پەرستى و تەحیوز و ناپرۆفیشناڵیەتە لە لایەن كەسى سەرنووسەر تیراژى ئەم رۆژنامەیە كەم بووە وە، تەنانەت فرۆشى رۆژنامەكەش گەیەندرایە ئاستێكى نزم، كە بە درێژایى ماوەى كاركردنم خودى خاوەن ئمتیاز و سەرنووسەرم لەو كەموكوڕیانە ئاگاداركردەوە كە پێویستە بە ستافى كارا و بەهۆى لێزانین لە كارى رۆژنامەوانى و دەرفەتدان ئەنجام بدرێن، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامدا (میدیا)ى ئێستا دەبیندرێت كە هەیە، تەنانەت بەپێى ستانداردى جیهانى هەر سەرنووسەرێك كە ئاراستەى باشى رۆژنامەكەى بەرەو خراپى برد و تیایدا سەركەوتوو نەبوو دەست لە كار دەكێشێتەوە و بوارەكە بۆ كەسانى پرۆفیشناڵ بۆ بەرەو پێش بردنى رۆژنامەكە چۆڵ دەكات، لەگەڵ ئەوەش هەر كاتێك رۆژنامەیەك لە 15% تا 20%ى لێنەفرۆشرا ئەوا رۆژنامەكە دادەخرێت یان بە دیوێكى تر هەوڵى چاككردنى دەدرێت چونكە ئەو رۆژنامەیە دووچارى ئیفلاسى ماددى دەبێتەوە، بۆیە بەپێى ئێستاى فرۆشى (میدیا) پێویستە چاوێك بەو خاڵانەدا بخشێندرێتەوە كە كارى رۆژنامەوانى لەو رۆژنامەیەدا بەرو پێش دەبات.
من لە 2 ژمارەى رابردووەوە كارێكم لەو رۆژنامەیەدا نەكردووە بەناوى بەڕێوەبەرى نووسین، چونكە لە ژمارە (385)دا بابەتەكانم لە لایەن سەرنووسەر بەشێوەیەكى نائەخلاقیانە و دوور لە كارى سەرنووسەرێك و كەسێكى رۆژنامەنووس لێشاردرایەوە، كە ئەمە جگە لە گوزارشت كردن لە نەزانین، گوزارشت كردن بوو لە پابەندنەبوون بەو بەڵێنەى كە لە نێوان ئێمە دا هەبوو، ئەگەر هەر بیانوویەكیش بۆ ئەمە هەبووبێت دەبێ ئەوە زۆر باش بزاندرێت كە كارەكە تەنیا ئەوەندەبوو خودى ئەو هەستى بە بچوكى دەكرد بۆیە پێى وابوو ئەگەر كەسێك دایكى نەخۆشبێت و ماوەى بە جددى كاركردنى ساڵ و نیوێك نەكاتە رەچاوى تەندروستى مرۆڤێك و تاكە گلەیى سەرنووسەر ئەوە بێت بڵێت نایەت و حیساب بۆ من ناكات و من بە موقەبا دەزانێت... (خودى ئەم قسانە لە زارى خاوەن ئمتیازەوە بە من گەیەندرا)، كە ئەمە جگە لە خۆ بە بچوك زانین و هەرەس هێنان لە كار شتێكى دیكە نییە، بۆیە 2 رۆژ كە بریتى بوون لە رۆژانى چوارشەممەو پێنج شەممە و كاتى دەرچوونى رۆژنامەكەش نەبوو و من نەمتوانى لەو 2 رۆژەدا سەردانى نووسینگە بكەم، ئەمە لە لایەن ئەو تەنیا هەست كردن بوو بەو بۆشاییەى كە لە خود و كاركردنیدا هەیە. ئەمە لە كاتێكدا من تاكە كەس بووم لە ستافى ئەو رۆژنامەیە بە درێژایى كاركردنم لەوێ مۆڵەتى بێ مووچەم وەرگرتبێت و لەبەر كارى رۆژنامەكە لە داهاتى شوێنێكى ترم خۆش بووبم كە خودى سەرنووسەر ئامادەى ئەم بەخششە نەبوو.
هەر چەندە لە زۆر ژمارەى تریشدا بەهۆى دەرفەتنەدانى ناوبراو هەندێك بابەت بەبێ كارى وردبینى و تەحریرى من رۆیشتوون كە دواتر رەنگدانەى ناشرین و پڕ لە هەڵەیان بەسەر رۆژنامەكەوە پێوە دیار بووە، تەنانەت لە ژمارە (386)دا دیمانەكەى د.نیكۆلاوس لە لایەن سەرنووسەرەوە مسوەدەكەى ئەو دیمانەیە لەسەر رووپەڕى رۆژنامەكە داندرابوو، ئەمە لە كاتێكدا سەرەڕاى وازهێنانم لە رۆژنامەكە بەڵام وەك كارێكى ئەخلاقى بەشى دووەمم بۆ ناردبوو كە دەقە تەحریر كراوەكە.
بۆیە دووپاتى دەكەمەوە كە من بە هیچ شێوەیەك لەو 2 ژمارەیەى رابردووى رۆژنامەكە بەرپرس نیم و دەمەوێ لەم ژمارەیەوە ناو و ژمارە تەلەفۆن و ئیمێلەكەم لەسەر ئەو رۆژنامەیە هەڵبگیرێت و من چى دى بەڕێوەبەرى نووسینى ئەو رۆژنامەیە نیم.
بەڵام ئومێدى سەركەوتن و باش بوون بۆ ئەو رۆژنامەیە دەخوازم و من بۆ لەمەودوا هەوڵدەدەم وەكو خوێنەرێك ئەو رۆژنامەیە بەهى خۆم بزانم.
لەگەڵ رێزم
نیاز عەبدوڵڵا
4/5/2009
وێنەیەك بۆ
رۆژنامەى (میدیا)
دۆسیەى تایبەتى خۆم
سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان
دەزگا راگەیاندنەكان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست