روونكردنەوەیەك لە نیاز عەبدوڵڵا بۆ ژاڵە سنەیى
Thursday, 12/03/2009, 12:00
لە هەر شوێنێك بتەوێت بە دەنگ قسەكانت وەكو خۆى بڵاودەكەمەوە بەڕێزان بەرلەوەى هەر كەسێك ئەم روونكردنەوەیە بخوێنێتەوە، پێویستە دەقى دیمانەكە لە رێگاى ئەم لینكەوە لە لاپەڕە 13ى ژمارە (379)ى رۆژنامەى (میدیا) بخوێنێتەوە.
http://www.yndk.com/shaxi1.pdf لێرەدا نامەوێ وەكو ئەوەى كە خاتوو ژاڵە سنەیى بە ناوى هونەمەند بوونەوە منى لە كارەكەمدا بە "نەوعێ لە درۆ" وەسف كردووە، منیش بە زمانێكى دوور لە بنەما ئەخلاقییەكانى كارى رۆژنامەوانى وەڵامى بەڕێزیان بدەمەوە.
وەكو ئەوەى كە ژاڵە خان لە دیمانەكەم لەگەڵیدا گوتوویەتى "كەسانێك پێیان گوتم، ئەگەر یەك شەو لەگەڵم بخەوى ئامادەم 500 مەتر زەوى و پارە و یارمەتى وەربگرى"، دەقى قسەكەى ئەوەم وەكو خۆى بڵاوكردووەتەوە، نەك وەكو ئەوەى كە ئەو خاتوونەى خۆى بە هونەرمەندێكى خاوەن پەیام وەسف دەكات، ئەمڕۆ دواى گوتنى قسەكانى نكۆڵى لێبكات و خۆى نەیتوانیبێت دەقى دیمانەكەى خۆى لە رۆژنامەكەدا بخوێنێتەوە، چونكە دڵنیام ئەگەر تاقەتى خوێندنەوەى ئەو دیمانەیەى خۆى هەبوایە لە رێگاى روونكردنەوەكەى دووچارى هەڵەیەكى مێژوویى نەدەبوو.
چونكە هەر بەو چەشنەى كە دیمانەكەم لەگەڵیدا ئەنجامداوە بڵاوم كردووەتەوە، بۆ سەلماندنى ئەم راستییەش ئەگەر ژاڵە خان پێى وایە من دەقى قسەكانى ئەوەم بە "درۆى نەوعى" گواستووەتەوە، ئەوا ئامادەم تەواوى دیمانەكە لە 100% وەكو خۆى لە هەر ماڵپەڕێك كە ئەو دەیەوێت بڵاوبكەمەوە.
سەرەڕاى ئەوەى كە من هیچ كاتێك لە كارەكاندا ئامادەى ئەوە نەبووم كەسێك لە خۆڕا و بەبێ مامەڵەیەكى یاسایى دەنگى كەسەكانى بۆ بگوازرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەى هەموو لایەك لەو قسانە دڵنیا ببنەوە كە ژاڵە خان خۆى گوتوویەتى و ئێستا لێى پەشیمان بووەتەوە، لەسەر داواى خۆى ئەو كارە ئەنجام بدەم.
*بەڕێوەبەرى نووسینى رۆژنامەى میدیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست